تكایە هەوڵبدەن ئەزموون لە كارەساتی یەكی شوبات وەربگرن؟!
Monday, 02/02/2009, 12:00
2052 بینراوە
ئەگەر هەر پیلان و گەمەیەكی دوژمنانی كورد تا پێش یەكی شوبات بریتی بووبێت لەوەی كە درزی زیاتر بخەنە نێو ریزەكانی شۆڕشی كوردەوەو بەرپاكردنی شەڕی خۆ كوژی، ئەوا پەیامی یەكی شوبات بە بەراورد لە گەڵ ئەواانی رابردووودا جیاواز بوو؛ جیاوازییەك لە خۆی دەگرێت كە هەموو بەرنامەو پیلانەكانی رابردوو وەلاوە دەخاو دەبێت بە هەڵگری پەیامی راستەقینەی خۆی، كە ئەویش لە دژایەتی و دوژمنایەتی كورد بوون و كووشتنی رۆڵەكانی ئەم میللەتە ستەمدیدەیەدا بە بێ جیاوازی خۆی وێنا دەكات!
گرنگە لێرەدا پرسیاری ئەوە لە خۆمان بكەین، ئایا تەنها بە یاد كردنەوەی كارەساتی شوومی یەكی شوبات دەتوانین بگەین بە مەرامی خۆمان؟ یان یەكی شوبات بۆمان بووە بە ئەزموون و وانەی لێوە فێر بووبین؟!
بێ گوومان ئەگەر بمانەوێت وەڵامی راستەقینەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە، دەبێت زۆر بە راشكاوانە ئەوە بدركیێنین كە نەك نەبووە بە پەند بۆمان بەڵكو یادكردنەوەیشیان تەنها بووە بە شتێكی مەجازییانەو وەكو نۆرمێكی كلاسیكییانە بە بێ ئاوڕدانەوە لە قەبارەی ئەو كارەساتە كە ویژدانی هەموو كوردێكی بە شەرەفی لە ساتی رووداوەكەدا ئاوێتەی كورد بوون كرد ، بەڵام مەخابن لە دووای ماوەیەكی زۆر كەم لە كارەەساتی یەكی شوبات هەمو شتێك لە یاد دەكەین و دەگەڕێینەوە دۆخی جارانی خۆمان و بۆ جارێكی دیكە بێ ئەمەكی خۆمان پێشانی شەهیدەكانی هەردوو بارەگای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیمۆكراتی كوردستان دەدەین و نە هەوڵمان دا بە لۆژیكی ئەقڵ لە رەهەندی دوژمنانی كورد بگەین و نەش لە بارتەقاماندا بوو لە پەیامی ئەو دوو تیرۆریستە خۆ كووژە بگەین كە چەندەها میلیان بڕی بوو لە پێناو ئەوەی بۆنەی جێژن بقۆزنەوەو گەورەترین گوورزی كووشندە ئاراستەی هەردوو حیزبی باڵا بكەن بە بێ جیاوازیی!
بۆیە بە رای من شەهیدەكانی كارەساتی یەكی شوبات پێویستییان بە یاد كردنەوە نییە، بەڵكو پێویستییان بەوە هەیە كە ئەو كارەساتە بۆ ئێمە ببێت بە پەندو ئەزموونی لێ وەربگرین و یەكڕیزیی و تەبایی نێو ئەقڵییەتی حیزبایەتی تەسك بپارێزین و لە هەوڵی ئەوەدا بین خەونی دووژمنانی ئەم گەلە لە گۆڕ بنێین و گۆڕانێكی حەقیقی بەر جەستە بكەین تا رۆژێك زوتر لە كوردستاندا ئاوات و هیوای ئەو پۆلە شەهیدە وەدی بهێنین.