ئه‌بێت سه‌رۆکی پارتی و مه‌لاکان بدرێنه‌ دادگا

Tuesday, 10/08/2010, 12:00



له‌دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی عیرفانی قانعی فه‌رد له‌ گۆڤاری لڤینی ژماره‌ 134 دا ، ده‌ست به‌جێ له‌لایه‌ن سه‌رۆکی پارتی یه‌وه‌ و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ فتوای له‌خوێن هه‌ڵکێشانی گۆڤارو ستافه‌کانی گۆڤاره‌که‌ به‌ فه‌رمی و ئاشکرا ڕاگه‌یه‌نرا .. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ خۆ لادان له‌ گڕی تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان پارتی به‌باشرتری ئه‌زانێت له‌ڕێ ی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌و ژورنالیسته‌کانیه‌وه‌ ، له‌ڕێ ی مه‌لای کۆنه‌په‌رست و بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی خۆی چرو به‌رفراوان بکاته‌وه‌ له‌دژی ئازادی به‌یان و نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ژێر په‌رده‌ی قێزه‌وون و ڕسوای " به‌رگری له‌سومبولی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی کورد "..

سومبول و پیرۆزی یه‌کانی ناسیونالیزمی کوردو پارته‌کانی جگه‌ له‌ خۆڵ کردنه‌ چاوی خه‌ڵک له‌پێناوی تووندو به‌هێز ڕاگرتنی جێگاو ڕێگای ماددی و مه‌عنه‌وی خۆیان به‌مه‌به‌ستی به‌تاڵان و فه‌رهودی کردنی سامان و موڵک و داهاتی خه‌ڵکی کوردستان ، به‌مه‌به‌ستی خۆ به‌هێز کردن و کۆنترۆڵ کردن و پاوان خوازی هیچی تر نیه‌ ... مێژووی چه‌ندین ساڵه‌و ئێستایان ئیتر هیچ گومانێک ناهێڵێته‌وه.. ئه‌وان ناهه‌قیان نیه‌ و هه‌روا به‌ بێ هۆش نیه‌ که‌ سومبول و ڕموزه‌کانی خۆیانمان به‌ موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵکی کوردستان پێ ئه‌فرۆشنه‌وه‌ و هێڵی سوورمان بۆ دائه‌نێن !! ئه‌وان له‌سایه‌و په‌نای موقه‌ده‌ساتی درۆیینه‌یاندا که‌ ڕه‌مزی چه‌واشه‌کارییه‌کانی ئێمه‌یه‌، له‌ژێر سێبه‌ری هه‌یکه‌لی پاڵه‌وانه‌ درۆزنه‌کانی به‌درێژایی مێژوویاندا هه‌میشه‌ خه‌ڵکی کوردستانیان کردۆته‌ سوته‌مه‌نی و له‌سایه‌ی سه‌رو که‌له‌ و ژیان و گوزه‌رانی ملیۆنه‌ها له‌ خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته‌ ، له‌ڕێ ی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌و دزین و به‌تاڵان بردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان خۆیان و باب و پاپیرانیان بوونه‌ته‌ فیرعه‌ون و به‌یه‌کجاری خه‌ریکن ئه‌و تۆزه‌ش له‌ مافی ژیان و هه‌ناسه‌و ئازادیه‌کان که‌ به‌ چنگه‌ کڕێ له‌لایه‌ن ئازادی خوازانه‌وه‌ به‌ده‌ست هێنراوون له‌ مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بسێننه‌وه‌ ..

په‌لامارو هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌کانی پارتی و پارتی کوردی بۆ سه‌ر ئازادی به‌یان و نووسین و ڕاده‌ربڕین ته‌نهاو به‌ ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ مێژووی تاوان کاری یان له‌به‌رامبه‌ر ئازادی و ئازادی یه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا بۆ خه‌ڵک ڕۆشن نه‌بێته‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا خه‌ڵکی ده‌ست نه‌بات بۆ ڕوماڵ کردنی سڕڕه‌کانی ئه‌وان و لێ ی ئاگادار نه‌بێته‌وه‌ ، تا خه‌ڵکی له‌ بێ ئاگاییدا بژی و ئه‌وانیش به‌ ئیسراحه‌ته‌وه‌ پاڵی لێ بده‌نه‌وه‌ ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی له‌ تاوانکاری ناسیونالیزمی کورد به‌ئاگا بوونه‌وه‌ ئه‌وا گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر پارته‌کانی ئه‌یده‌ن و ئه‌کرێنه‌ په‌ندی زه‌مانه‌ و ئیتر کۆتایی ئه‌هێنرێت به‌بت و وسومبوله‌کانیان .. مێژووی ناسیونالیزمی کورد پڕ پڕه‌ له‌ تاوان کاری و مێژووی بێ ئیراده‌کردنی خه‌ڵکی کورستانه‌ ، مێژووی مه‌رگه‌سات و خوێن و ناعه‌داله‌تی یه‌ ... ئه‌م مێژووه‌ ئه‌بێت کۆتایی پێ بێت ..

جێگای خۆیه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بێنه‌وه‌ مه‌یدان و به‌ڕاستی هۆشداری بداته‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی و سنورێک بۆ ئه‌م فتوای کوشتن و له‌خوێن هه‌ڵکێشانه‌ له‌دژی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ده‌نگی ئازاد دابنێت .. کۆ کردنه‌وه‌ی هه‌ستی دواکه‌وتووی خه‌ڵک له‌ڕێ ی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و مه‌لای کۆنه‌په‌رسته‌وه‌ له‌دژی ئازادی ڕۆژنامه‌وانی و ده‌نگی ئازاد که‌مپینێکی زیکزاکی کورت ماوه‌یه‌ له‌به‌رده‌ستی پارتی و سه‌رۆکه‌که‌یدا ، بۆیه‌ ئه‌بێت هه‌رچی زووتره‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌م که‌مپینه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ مایه‌ پووچ بکرێته‌وه‌ ، به‌ڵکو ئه‌بێت خودی سه‌رۆکی پارتی و مه‌لاو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی پارتیش حه‌واڵه‌ی دادگایه‌کی عادلانه‌ بکرێن له‌سه‌ر هه‌ڵخڕاندن و کۆکردنه‌وه‌ و دنه‌دانی خه‌ڵک بۆ له‌خوێن هه‌ڵکێشانی گۆڤاری لڤین و ستافه‌کانی .. ئه‌مه‌ زه‌نگێکی یه‌کجار پڕ مه‌ترسی یه‌ که‌ سه‌رۆکی پارتی به‌ئاشکرا فتوای کوشتنی له‌سه‌ر ئه‌به‌خشێته‌وه‌ له‌ڕێگای که‌ناڵه‌کانیه‌وه‌ ، دیسانه‌وه‌ ئه‌بێت به‌ په‌له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ته‌وای ڕێکخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان له‌م مه‌ترسی یه‌ ئاگادار بکرێنه‌وه‌ و رێگاو هه‌ڵوێستی پێویست بگیرێته‌ به‌رو یه‌کجێ ته‌کلیفی پارتی له‌ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیدا ڕۆشن بکرێته‌وه‌ ...



 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە