لە دوای خاوەن شکۆ (تاڵەبانی)، شاژن (هێرۆ)، یەکێتی بەرەو کوێ ئەبات ؟(بەشی 2 کۆتایی)
Thursday, 18/07/2013, 12:00
2069 بینراوە
کەریمی حوسامی ئەڵێت : تاڵەبانی بۆ هەر کوێ بچوایە نەوشیروان مستەفای بە دواوە بوو .
ئەم قسەیە تەواو ڕاستە . تەنانەت هەفتەنامەی (ڕزگاری)ش تالەبانی ناوەکەی لێناو هەر ئەویش ڕەزامەندی درچوونی بۆ وەر گرت لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش (بەعسیە کودەتا چیەکان) و موچی مانگانەشی بۆ وەردەگرتن . کاتێکیش مەلا مستەفا ڕێکەوتنی 11ئازاری 1970 ئیمزا ئەکات لە ناو کەوانەیەک (ئەبێتە جاشی بەعسیەکان) ، ئیدی ئەکەوێتە تۆڵەکردنەوە لێیان و تاڵەبانی دەست بەسەر ئەکات و، لە دوایش بە ناوی نەخۆشی خۆی ڕزگار ئەکات و ئەچێتە دەرەوە . نەوشیروان مستەفاش بە هەمان شێوە دەچیتە ئەردەن و لەوێشەوە بۆ نەمسا . نە تاڵەبانی بێ نەوشیروان دەبوو بەو تالەبانیەی ئێستا ، نە نەوشیروانیش بێ تاڵەبانی ئەبوو بەو نەوشیروانەی ئێستا هەیە . هەمیشە بە ئێستاشەوە پێم وایە ئەم دووانە یەک مرۆڤن لە دوو شەڕواڵی جیادا . لە گەڵ سەرهەڵدانەوەی یاخی بونی چەکداری لە ساڵی (1975) ، نە تاڵەبانی پێگەی جەماوەری هەبوو ، نە نەوشیروان مستەفاش . ئەوە ڕێکەوتەکانی ڕۆژگار بوو کە بە دڵی ئەمان هەڵسوڕاو ئەم دوو کەسە بوون بەو دوو کەسەی ئیستا هەن . ساڵی 1977 کە دەگەڕێنەوە کوردستان 2 کەسی لاواز کە خاوەنی هیچ پێگەیەکی جەماوەری نەبن ئەم دووانەیە . ئەوەی کە خاوەنی پێگەی جەماوەریە (کۆمەڵەی ڕەجدەران و بزوتنەوەی سۆشیالیستە) . قەدەری ڕۆژگار وا ڕوو ئەدات ، سکرتێری کۆمەڵە لە کۆتای مانگی 1 ساڵی 1978 شەهید ئەبێت و ، بە دوایشیدا لە هەکاری(عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) لە مانگی 6 هەمان ساڵ شەهید ئەبن . ئیدی لێرەوە ئەم دووانە ئەسپی خۆیان تاو ئەدەن و مەیدانەکەیان بۆ چۆڵ ئەبێت و دەست بە سەر هەمووشتێکا ئەگرن .
پارتی و یەکێتی لە چەند ساڵی رابردوو لە سەر چی کێشەیان هەبوو ؟
داخوازی و خزمەت کردنی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی سەرچاوەی کێشەکانی ئەمان نەبوون . ئەم هێزانە لە هەناوی یەک هاتونەتە دەرێ و لە یەک سەرچاوە ئاویان خواردۆتەوە . بۆیە باڵادەست بوونی هەر لایەکیان نابێتە هۆی هێنانی ژیانیكی باشتر و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو . هەرچۆن شەڕ هەرگیز بەوانە ناکرێت کە بەهەمان عەقڵیەت پەروەردەبوون . هەر ئەمەشە ململانێی ئەم دوانە نە بۆتە هۆی ، لایەکیان لاواز بن یان لایەکیان بە سەر لایەکیانا زاڵبن . دەکرێت ئەوە ڕوویدابێت بەلام بۆ ماوەیەکی زۆر کورت . ئەوەی ئەم دوو هێزەی هەمیشە با ناکۆکی هێشتبۆوە (سەروەت و سامان و پۆست) بوو . ئەوەی ئەم دوو هێزەی ئیستا تەبا کردووە ڕێکەوتنە لە سەر (سەروەت و سامان و پۆست) . بۆیە هەر هێزێک لە دەرەوەی ئەمانە دروستبێت ئەمان دژی ڕادەوەستن بە یەک دەست بەرەو ڕووی ئەبنەوە . هیرش کردن بۆ سەر پارتی هێرشکردنە بۆ سەر یەکێتی . هەر چۆن بە پێچەوانەکەشیەوە . بۆیە من لە ماوەی ڕابردوو زۆر ڕۆشنبیر و نوسەرم ئەبینی لە (کوردستانپۆست) پێیان وابوو یەکێتی جیاوەزەو هەڵسانەوە ئەکات و هەنگاوەکانی بە قازانجی کۆمەڵگا ئەنێت ! بۆیە تەنها ئەڵیم کوردستانپۆست چونکە ڕۆشنبیر و نوسەرەکانی سایتەکانی تر بەلامەوە گرنگ نیەو دەزانم ئەوان بژێوی ژیانیان لە بەردەوامی ئەم دۆخەدایە و هەمیشە حەز ئەکەن ، بە ئاڕاستەی (پارتی و یەکێتی) بنوسن . بەلام ئەوانەی لە کوردستانپۆست کەوتبوونە ناو ئەو هیوایە نە لە ڕابردوو ئاگادارن نە لە ئیستا و نە ئەتوانن پێشبینی داهاتووش بکەن ، بۆیە پێیان وایە پارتی و یەکێتی جیاوازیان هەیە ! لەم ڕووانگەیەوە دەبێت لەوە دلنیابین ئەوەی لە کوردستان هەیە کۆمپانیای بازرگانیە و کۆمەڵیک مافیا بەڕیوەی ئەبەن ، بۆیە هەمیشە (کۆمپانیای یەکێتی) هەمان هەنگاو ئەنێت بە ئاڕاستەی (کۆمپانیای پارتی) چونکە چارەنوسی مان و نەمانیان پێکەوە . هەر بڕیارێک (هێرۆ) ئەیدات تەواوی دار و دەستەکانیان لەگەڵین و تەنها هەنگاوێکیش ئەوەیە چونە باوەشی (پارتی) بەو هیوایەی بەردەوامی بەم مافیا گەرێتیە بەن .
کۆمپانیای گۆران لەگەڵ یەکێتی لە سەر چی کێشەیان هەیە ؟
لە بەشی یەکەم باسم کرد ، نەوشیروان مستەفا ئەڵێت : نە ئەم زانی سەروەتی یەکێتی چەندە ؟ نە بڕیاری سیاسیشم بەدەست بوو ! کەواتە هەمان کێشەی پارتی و یەکێتی کە لە رابردوو هەیان بوو ئەمانیش هەمان کێشەیان هەیە . ئەسپی خۆیان لە ناو یەکێتی تاودا بە ناوی باڵی ڕیفۆرم لە (2006) دۆراندیان . هەر کەس فلیمی (ئەڵپاچینۆی) بینیبێت ، مافیا گەورەکە بە ئەڵپاچینۆ ئەڵێت : گەورەت ئەکەم بەڵام هەرگیز هەوڵ مەدە دژی من بیت ئاسان لە ناو ئەبەم . نەوشیروان مستەفا تا تاڵەبانی لە ژیان بێت ناتوانێت شەڕی بکات و بە سەریا سەرکەوتن بە دەست بێنێت . لە دوای دۆراندنیان و چونە دەرەوەی لە یەکێتی (10) ملێۆن و (122) دۆنم زەوی پێبەخشرا لە حەقی ماندوو بونی چەند سالەی . دەبیت ئەوەش بڵیم خۆشبەختانە زۆربەی چاوپیکەوتنەکانی (نەوشیروان مستەفا)م لە بەردەستایە کە لەو کاتی لە ناو یەکێتی بوو چۆن بیری کردۆتەوە . لەم ماوەیەی رابردووش یاداشتە (60) لاپەڕەیەکەی بڵاو کردەوە ، لەوێ دەبینن چی بەو کەسانە ئەڵێت کە ئەو کات دژی پارتی و یەکێتی بوون بە کۆلکە نەخوێندەوار و هیچ لە بارە نەبوو وێنەیان ئەکات . ئەوانەشی لە خۆیان نزیکە وەک بلیمەت وێنەی کێشاوون . لەوێ ڕوون دەبێتەوە ئەو هیچ جیاوازی نیە لە گەڵ (مەلا بەختیارەکان و فازیل میرانیەکان) کە ئێستا قسە بەو کەسانە ئەڵێن دژی ئەم مافیاگەرێتیەن .
ئیستا تاڵەبانی کەنفتەو توانای ملمانێی نەماوە ، بۆیە سەرکەوتنی نەوشیروان مستافا زۆر ئاسانە بە سەر یەکێتیدا .
پارتی تا بتوانێت هەوڵ ئەدات یەکێتی لە سەر پێی خۆی ڕابگرێت و بیهێڵێتەوە ، چونکە لە ئێستا یەکێتی هەم پۆستیی کەمی بە دەستە ، هەم سەروەت و سامانێکی زۆر کەمتر لە پارتی وەرئەگرێت . پارتی ئەزانێت یەکێتی بپوکێتەوە ، کۆمپانیای گۆران بەو شێوەیەی یەکێتی ڕازی نابێت ، دەبێت هەم دەسەلاتەکان و هەم هەریسەکە لە نێوان یەکتریدا بە یەکسانی دابەش بکەن . بۆیە پارتی تەواو هەوڵی خۆی ئەدات ئەمە ڕوو نەدات . بەڵام نە پارتی ئەتوانێت ڕێگری لەمە بکات ، نە هیچ کەسیش لە ناو یەکێتی ئەتوانێت بەرەو ڕووی نەوشیروان مستەفا ببێتەوە . قوتدانی یەکێتی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە تەنها پەیوەستە بەکاتەوە ، ڕوودانی شتێکی حەتمەیە .
بەڵام ئەمە نابێتە هۆی هیچ ئاڵوو گۆڕێک لە کوردستان ، ئەو کات کۆمپانیای گۆران و کۆمپانیای پارتی لە ژێر ناوی ڕێکەتننامەی ستراتیژی نا ، بەڵکو لە ژ ێر ناوێکیتردا بەردەوامی بەم دۆخە ئەدەن . چونکە وەک باسمان کرد کێشەی ئەمانە دەسەلات و پارەیە ، نەک شەڕکردن لە سەر خواستەکانی خەڵک .
لە ئیستا هەمان کێشە لە ناو کۆمپانیای گۆران هەیە ، 3 سەرکردەیان تۆراوون و داوای دەسەلاتی بڕیاری سیاسی و زانینی سەروەتی گۆڕان ئەکەن . بەڵام ئەمانە نەک لە ناو گۆران بشچنەوە ناو یەکێتی شەڕی نەوشیروان مستەفایان پێناکرێت . هەرچۆن ئاستەم بوو تا تاڵەبانی بمێنێت نەوشیروان بە سەر یەکێتیدا سەر بکەوێت .
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=af3735c7