بەرەی مەرگ وبەرەی ژیان
Saturday, 17/08/2013, 12:00
1586 بینراوە
سوپایەکی پڕ ڕک وکینە، بەکرێگیراو وخۆفرۆش هێزێکی تیرۆرستی چەپەڵ بە ناوی نوسرە دوور لە هەموو ڕەوشتێکی مرۆڤ ومرۆڤایەتی، وەکوو گەلە گورگێکی برسی وتینووی خوێن ڕووی لە کوردستانی ڕۆژئاوایە مەبەستی ترس چاندنە، سووتاندنی تەڕ ووشکە، دژی هەموو شتێکی جوانە، دژی ژیانە، بۆ وێرانکردنی کوردستانە، داگیرکردنە، کوشتنە وکورد ئەنفالکردنە وجینۆسایدە، گەردەلوولێکی ترسناک ڕووی تێکردووین بێجگە لە مەرگ هیچیتری مەبەست نییە .
لەولاوە میللەتێک بە ژن وپیاوەوە بەگەورە وبچووکەوە ئەفسانە وشانامەیەک تۆماردەکات لە شەڕ ولە خۆشەویستی، خۆشەویستی ژیان وخاکی پیرۆزی کوردستان پاڵی پێوەدەنێت کە ڕووبەڕووی ئەم زریان وگەردەلوولە وێرانکەرە ببنەوە بەخۆڕاگری وورەیەکی بەرزەوە وسەربەرزانە وەکوو چیاکانی کوردستان ڕێیان لێگرتوون وتووشی شۆک وشکستیان دەکەن. ئا ئەمەیە میللەتی کورد، هەریەکێکی دژ بە دەیە بە شەو وڕۆژ بەبێ وچان، با دۆست ونەیاران بیبینن وباشتر بیناسن.
ئەوەی سەیرە ئەمریکا کەخۆی بەنوێنەری دیموکراسی ودۆستی میللەتانی چەوساوە وژێر دەست وهەڵگری ئاڵای دژ بەتیرۆر وقاعدە لە دنیادا دەناسێنێت لایەنگری دەوڵەتی تورکیا دەکات کە دامەزرێنەر وپاڵنەری گرووپی نوسرەیە، کە دەیان تیرۆرست وخوێنڕێژی گەورە لە ئوتێلە دەرەجە یەکەکانی ئەستەنبوول وئەنقەرەدا مێوانن وبۆ شەڕی دژ بە کورد ئامادەدەکرێن.ئەمە دەیان پرسیار دەورووژێنێت لەسەری دەکەوێت ومتمانە وباوەڕی میللەتان دەدۆڕێنێت.
دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات کورد بە ئاگرێک بسووتێنێت کە لەنێوان شیعە وسوننەکان هەڵگیرساوە، بۆیە دەیەوێت کورد دژی بەشارئەسەد لە گەڵ سوپای بەناوی ئازاددا شەڕبکات، بۆیە لە هەوڵی ڕازیکردنی بەڕێز ساڵح موسلیمه بۆ ئەم مەبەستە گڵاوە.
ئەوەی سەیرە دەسەڵات وبەرپرسانی پارتی وبنەماڵە بەبێ شەرم بەشانازییەوە لە سنگ دەدەن وداخستنی سنوور لە نێو دوو پارچەی کوردستان دەگرنە ئەستۆ، ئابلووقەی ئابووری خستۆتە سەر ئەو بەشە بۆ برسی کردنی منداڵانی کورد.
بنەماڵەی بەرزانی ئێستاشی لە گەڵدابێت شانازی بە بەشداری کردنی مەلامستەفا لە کۆماری مەهاباد دەکەن، ئەی مەسعود بە چ ڕوویەکەوە ئەمڕۆ وبەیانی باسی ئەم هەڵوێستە خیانەتکارانەی خۆی بەرانبەر شۆرشی گەلی ڕۆژئاوا دەکات وئارەقی شەرمەزاری دەسڕێتەوە. لە کاتێکدا لایەنگیری بەرەی مەرگ ودژایەتی بەرەی ژیان دەکات بە چ ڕوویەکەوە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکات؟