کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌ك له‌ ژنێکی له‌نده‌نه‌وه‌ بۆ به‌ڕێز شۆخان فه‌ره‌ج ئێمه‌ نابێت هه‌نگاومان کورت بێت

Wednesday, 31/03/2010, 12:00


به‌ڕێز شۆخان فه‌ره‌ج، ئه‌م کاته‌و گشت کاتێکت باش
له‌م نامه‌یه‌دا‌ نه‌ به‌رگری له‌گۆڕان ده‌که‌م و نه‌ هه‌قیشم به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ ده‌زانم هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك بێ که‌م‌وکوڕی نابێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌که‌ت بۆسه‌ر ژنان، ناتوانم بێده‌نگ ببم، چونکه‌ تۆش وه‌ك مێینه‌یه‌ك که‌وتویته‌ مه‌یدان و به‌هیوای ئێوه‌ین که‌ بکه‌ونه‌ خۆتان و جێی ئه‌و ژنانه‌ بگرنه‌وه‌ که‌ خۆتان ڕه‌خنه‌تان لێگرتوون. له‌سه‌ره‌تاشدا ده‌مه‌وێت بیرت بخه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و ژنانه‌ بوون که‌ هاوشانی باوك و براو هاوسه‌ره‌کانیان، ناخۆشترین ژیانیان برده‌ سه‌ر و هه‌تاکو ژیانی سه‌ختی شاخیشیان ته‌حه‌مول کرد! به‌ڵام ئه‌و کاته‌و ئه‌و شوێنه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ له‌نده‌ن و ئه‌وروپا، خۆشت ده‌بێ بزانیت که‌ ژیانی ئه‌م وڵاته‌ وه‌ك کوردستان نیه‌! پاش ئه‌وه‌ جه‌نابت ده‌ڵێیت که‌ له‌مناڵیه‌وه‌ براکه‌ت هه‌وڵی له‌گه‌ڵ داویت، به‌مه‌ش ده‌ته‌وێت بڵێیت که‌ گوایه‌ ئه‌و ژنانه‌ هه‌میشه‌ دووره‌و په‌رێز بوون بۆیه‌ ئێسته‌ ناتوانن بێنه‌ کۆبه‌نه‌وه‌! به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م نمونه‌ی خۆمت بۆ باسبکه‌م. من له‌مناڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ براکانم هه‌ڵماتێن و کۆلاره‌مان دروست ده‌کرد و جاری وا هه‌بوو له‌ چیمه‌نه‌که‌ی ماڵی خۆمان دووگۆڵیشمان له‌گه‌ڵ ده‌کردن، که‌ گه‌وره‌ش بوین نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵکو دایکیشم له‌گه‌ڵ براکانم که‌وته‌ ناو سیاسه‌ت و هه‌موو جارێك که‌ براکه‌م له‌ماڵ ده‌چوه‌ ده‌رێ کاغه‌زێکی لوولکراوی ده‌دایه‌ ده‌ست دایکم و پێی ده‌وت: که‌ فڵانه‌ هاوڕێم هات ئه‌مه‌ی بده‌رێ. ئه‌ویش هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌گۆڕی، ده‌یخسته‌ گیرفانی که‌واکه‌یه‌وه‌و ده‌یووت: باشه‌ ناترسی به‌م ڕه‌حه‌ته‌ل‌قومه‌وه‌ بمگرن و ناوی هه‌موتان بڵێم. براکه‌شم به‌پێکه‌نینه‌وه‌ پێێ ده‌وت: دایه‌گیان ده‌تکه‌ین به‌ دایکه‌که‌ی مه‌کسیم گۆرکی.
ئیتر پاش ڕاپه‌ڕینیش، له‌ سه‌ندیکایه‌کی پیشه‌ییدا، شانبه‌شانی پیاوان کارم ده‌کرد و هه‌رگیزیش حه‌زم له‌ یه‌کێتی ژنان و ئافره‌ت نه‌بوه‌ و کارم تێدا نه‌کردون و حه‌زناکه‌م خه‌باتی ژن و پیاو له‌یه‌ك جیا بکرێنه‌وه‌. به‌ڵام ئێسته‌ له‌له‌نده‌ن ناتوانم بۆ هیچ کۆبه‌نه‌وه‌یه‌ك ئاماده‌ ببم، چونکه‌ هاوسه‌ره‌که‌م ڕۆژانه‌ یانزه‌ سه‌عات له‌ ئیشه‌و ویکئێنده‌کانیش له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌کی کورددا ئاماده‌یه‌ و هه‌ردوکیشمان حه‌ز ئه‌که‌ین پێکه‌وه‌ بین، به‌ڵام ده‌بێت مناڵه‌کان به‌سه‌ر کێدا به‌جێ بهێڵین گه‌ر هه‌ردوکمان پێکه‌وه‌ له‌ماڵ بچینه‌ ده‌رێ؟ بۆیه‌ ده‌بێت بزانیت که‌ دیار نه‌بونی ژنان، که‌مته‌رخه‌می نیه‌و باری گرانی ئه‌م وڵاته‌یه‌. به‌ڵام ده‌بێت له‌م زروفه‌دا ژنان چی بکه‌ن؟ باش وایه‌ خۆیان له‌ بارو دۆخه‌که‌ دوور نه‌خه‌نه‌وه‌و په‌ره‌ بده‌ن به‌ ئاستی ڕۆشنبیریان و گه‌ر بتوانن ڕێکخراوی ژنانیش بکه‌ن و له‌و کاتانه‌ی هاوسه‌ره‌کانیان له‌ماڵن ئه‌وان چالاکیه‌کانیان به‌ڕێوه‌ به‌رن هیچ خراپ نییه‌!. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته،‌ یه‌ك جار چومه‌ ئه‌و کۆبونه‌وه‌ی ژنانه‌ی که‌ تۆی تو‌شی شۆك کردوه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بزانم چیه‌ و بۆچی زۆر که‌س پێێ سه‌غڵه‌ت بوون! ئه‌وی بینیشم که‌س نه‌بوه‌ به‌ لێپرسراو، ژنی هیچ مه‌سئولێکیش تاجی نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر! به‌ڵکو بینیم چه‌ند ژنێك هه‌وڵی خۆیان یه‌ك خستوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌پێێ توانای خۆیان شتێك بکه‌ن و زه‌میری خۆیانی پێ ئاسوده‌ بکه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ گۆڕان ئیش ده‌که‌ن به‌ ڤۆله‌نتیره‌و که‌سیش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی سه‌یر ناکات، ئیتر نازانم بۆچی خه‌ڵك واز ناهێنن و له‌هه‌موو شتێك ده‌خوێنن!!
کچی خۆم، له‌وه‌ ده‌چێت خه‌باتی درێژ خایه‌ن له‌ ناوچه‌وانی کورد نوسرابێت! بۆیه‌ ده‌بێت هه‌نگاومان کورت نه‌بێت، یه‌کێکی وه‌کو تۆش که‌ ڕۆشنبیریت و کاتت هه‌یه‌، قۆڵتی لێهه‌ڵماڵه‌ و به‌ بینینی که‌م‌وکورتیه‌ك مه‌ڕوخێ و پاشه‌کشه‌ مه‌که‌. ئێوه‌ ده‌بێت نه‌فه‌س درێژ بن و کۆڵنه‌یه‌ن چونکه‌ ووڵاته‌که‌مان که‌وتۆته‌ ده‌ست حوت! ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ش بێت ده‌یان ڕێگه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌وڵبده‌ین، تا بتوانین به‌هه‌مومان کوردستان له‌م ته‌نگانه‌یه‌ ڕزگار بکه‌ین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە