دوێنێ ساماڵ فه‌ره‌ج له به‌غدا چی ووت و ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح و هاوه‌ڵه‌کانی چی ده‌ڵێن!
Tuesday, 10/02/2009, 12:00
له‌وانه‌یه ڕێکه‌وت بێت که دوا وه‌زیری پلاندانانی عێراق به‌ر له که‌وتنی سه‌دام که‌سێکی کورد بوو بێت و خه‌ڵکی سلێمانی بێت و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دکتۆرا بێت ، دوای که‌وتنی سه‌دامیش که‌سێکی کورد که د.به‌رهه‌م ساڵحه ببێته وه‌زیری پلاندانان که ئه‌وێش هه‌ر خه‌ڵکی سلێمانیه، یانی دوو ڕژێمی جیاواز و دوو ته‌کنۆکراتی کورد، به به‌راوردێکی پشت به‌ستوو به هه‌ڵوێست دمه‌وێت تێشکێک بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێک ڕاستی که خوێنه‌ری زیره‌ک خۆی له دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته به سانایی لێی نزیک ده‌بێته‌وه، به هیچ جۆرێکیش له پرینسپی ئه‌زدا نیه و نامه‌وێت بچمه خانه‌ی داکۆکیه‌وه له که‌سانێک که له گه‌ڵ ڕژێمێکدا کاربه‌ده‌ستی باڵا بوون که به ئاگر و ئاسن کاری بۆ سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م کردوه، بۆیه زۆر ناڵێم و ته‌نها ڕووداوێک ده‌گێڕمه‌وه که پاڵه‌وانه‌کانی هه‌ندێکیان چه‌ند ساڵێکه ئه‌م هه‌ساره‌یه‌یان جێهێشتووه.
له دوای داگیرکردنی کوێت و له یه‌کێک له کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا که ئه‌و کاته سه‌عدون حه‌مادی سه‌رۆک وه‌زیران بوو، باس له دواکه‌وتنی کشتوکاڵ و دابه‌زینی به‌روبوومی کشتوکاڵ ده‌کرێت له عێراقدا، به‌راوردی ئه‌وه ده‌کرێت که بۆچی جوتیارێك له کێڵگه‌یه‌کدا که موڵکی خۆیه‌تی به و توانا که‌مه‌ی که هه‌یه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی به‌رهه‌می دێنێت زۆر زیاتره له‌وه‌ی که به‌رهه‌م دێت له کێڵگه یه‌کی مییریدا و به هه‌مان ڕووبه‌ر ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که میری په‌یین و ئامێر دابین ده‌کات و ده‌ستی کارێش زۆرتره تێیدا، زۆر له وه‌زیره‌کان سه‌رنچ و تێبینی خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو به‌ڵام پشکی شێر به‌ر د. ساماڵ مه‌جید (ئه‌و کاته وه‌زیری پلاندانان بوو له عێراقدا) ده‌که‌وێت و ده‌ڵێت: چونکه ئه‌و جوتیاره که کێڵگه‌که هی خۆیه‌تی به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه کار ده‌کات،به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که له کێڵگه‌کانی میریدا کار ده‌که‌ن چه‌ندایه‌تی و چۆنێتی به‌رهه‌م لایان گرنگ نیه ، ئه‌وان مووچه‌ی مانگانه‌ی خۆیان له ده‌وڵت وه‌رده‌گرن، له وڵاته سۆشیالیسته‌کاندا پرنسیپی هاندان و کێبڕكێ په‌یڕه‌و ده‌که‌ن له نێوان کێڵگه حکومیه‌کاندا، بۆیه به‌رهه‌می زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنن، و کرێکاره کشتوکاڵیه‌که‌ش کرێی زۆرتر وه‌رده‌گرێت ، دوای ئه‌م ووتانه حسێن کامیل که وه‌زیری پێشه‌سازی و پیشه‌سازیه سه‌ربازیه‌کان و چاودێری وه‌زاره‌تی نه‌وتیشی ده‌کرد ئه‌و کاته خۆی قیت کرده‌وه‌و به گاڵته پێکردن و پێکه‌نینێکی ژه‌هراویه‌وه و به دیالێکتی تکریتیه‌کان و بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌ت وه‌رگرێت بۆ قسه‌کردن ووتی: دختۆر ساماڵ، ئه‌زانی بۆ ، چونکه تۆ هۆکاریت، تۆ کشتوکاڵت له عێراقدا وێرانکرد، ئێستاش دێیت و وانه‌مان ده‌ده‌یتێ له باره‌ی سۆشیالیسته‌وه، قسه‌کانت به هیچ جۆرێک لۆجیکی تێدا نیه! بێده‌نگی باڵی کێشا به‌سه‌ر هه‌موواندا دوای ئه‌و ووتانه‌ی ئه‌و پیاوه بۆشه که له زمانی جاده زیاتر هیچی تر نازانێت،سه‌رۆکی کۆبونه‌وه‌که ده‌یه‌وێت دانێشتنه‌که کۆتایی پێبهێنێت و داوا ده‌کات که پشوویه‌ک بده‌ن و دوایی ده‌ست به دانیشتن بکه‌نه‌وه، لێره‌دا دکتۆر ساماڵ ده‌ڵێت: بۆ نا به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که وه‌ڵامی فه‌ریق حسێن(وه‌ک توانج و جنێو لێره‌دا فه‌ریقی به‌کارهێناوه) ده‌ده‌مه‌وه پشوو ده‌ده‌ین، ئینجا ڕوو ده‌کاته حسێن کامیل و ڕوو به ڕوو پێی ده‌ڵێت: ئه‌ی چی له‌باره‌ی خۆته‌وه ده‌ڵێێت که یه‌کێکی له کۆڵه‌که‌کانی وێرانکردنی ئابووری عێراق، سه‌یر که ئه‌ی سیاده‌تی فه‌ریق، سوپاس بۆ خوا من هه‌ر کشتوکاڵم تێکداوه، ئه‌ی تۆ چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی چاپکردنی دراوی عێراقی له باخه‌که‌ی خۆتدا، ئایا ئه‌مه ڕاسته یان نا؟!! ئینجا ده‌ڵێت ،ئێستا ده‌توانین به ئاره‌زوویی خۆمان پشوو بده‌ین، ئه‌م ووتانه وه‌ک بروسکه و زه‌وی له‌رزاندن بوو بۆ ئاماده بووان، بۆیه سه‌عدون حه‌مادی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گرژیه تێپه‌ڕینی داوای له هه‌موون کرد که به‌ره‌و کافیتیریاکه بڕۆن، داوای له د.ساماڵیش کرد که داوای لێبوردن له حسێن کامیل بکات و په‌شیمان بێته‌وه، د.ساماڵ ده‌ڵێت:هه‌رچیه‌ک ده‌بێت با ببێت لای من وه‌زاره‌ت گرنگ نیه و داوای لێبووردن ناکه‌م، دوای ئه‌وه‌ی که حسێن کامیل به بیانووی ئه‌وه‌ی که کاری تری هه‌یه ڕۆیشت و ئاماده‌ی ته‌واوکردنی دانیشتنه‌که نه‌بوو، له‌سه‌ره‌تادا سه‌عدون حه‌مادی گله‌یی له د. سامال کرد و پێی ووت : دکتۆر تۆ یاری به ئاگر ده‌که‌یت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی، دوای دوو ڕۆژ هه‌ر یه‌ک له وه‌زیری ئه‌وقاف و ته‌ندروستی و بازرگانی هه‌ر یه‌ک به جیا چوون بۆ لای و داوایان لێکرد که داوای لێبووردن له حسێن کامیل بکات و هه‌ر قایل نه‌بوو، یه‌کێک له وه‌زیره‌کان پێی ووت له ژیانی خۆت و خێزانه‌که‌ت ناترسیت؟ هه‌ر قایل نه‌بوو، دوای ته‌نها یه‌ک هه‌فته دوای ئه‌و ڕووداوه به مه‌رسومێکی کۆماری وه‌زاره‌تی پلاندانان نه‌ما و وه‌زیره‌که‌شی لابرا و کرایه وه‌زیری بێ جانتا(وه‌زیری ده‌وڵه‌ت)، له دانێشتنی داهاتووی ئه‌نجومانی وه‌زیراندا که حسێن کامیل ئاماده بوو به پێکه‌نینێکی زۆره‌وه ده‌ڵێ: (کوا هاوڕێ وه‌زیری پلاندانان؟!!).
هدا مصیر كل وزیر، اللی مایعرف یحچی زین) ، نلغی وزارتوا*
واته: ئه‌مه چاره‌نووسی هه‌ر وه‌زیرێک ده‌بێت که نه‌زانێت با‌ش قسه بکات، وه‌زاره‌ته‌که‌ی ئیلغا ده‌که‌ین، و ده‌ینێرینه ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ ژن و مناڵه‌کانیدا دا‌نیشێت!!
ئیتر له‌و ساڵه‌وه تا ڕووخانی سه‌دام عێراق له سه‌ره‌کترین وه‌زاره‌ت که بڕبڕه‌ی پشتی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کانه بێبه‌ش بوو، پلاندانان نه‌ما، دوای ڕووخانی سه‌دام به ماوه‌ی چه‌ند مانگێک د.ساماڵ له ئیمارات بوو به ژێر ئوتومبێلێکی تیژ ڕه‌وه‌وه ده‌ست به‌جێ گیانی سپارد، ڕوون نیه که ئه‌و ڕووداوه ده‌ستی کێی له پشته‌وه هه‌بووه و چۆن بووه، ته‌رمه‌که‌ی هێنرایه‌وه و له سلێمانی نێژرا، مه‌به‌ست له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکه ئه‌وه‌یه، ئێستا که کاربه‌ده‌ستانی به‌غدا به بڕیاری نهێنی و ژێر به ژێر هه‌ندێک جار و ئاشکرا ش هه‌ندێک جار کار ده‌که‌ن بۆ که‌مکردنه‌وه و ته‌سککردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێم ، ئیتر هه‌ر له ناردنی سوپا و ده‌رکردنی ئه‌فسه‌رانی کورد و په‌کخستنی مادده‌ی 140 و مه‌سه‌له‌ی پاسپۆرت و ڤیزا و چی و چی، به کورتی هه‌وڵدان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک بۆ لێدانی ئه‌وانه‌ی که به‌رپرسانی کورد به ده‌سکه‌وتی داده‌نێن بۆ کورد، ئایا له‌سه‌ر ئه‌م باسانه به‌رهه‌م ساڵح چه‌ند جار ئازایانه ڕوو به ڕووی مالیکی بۆته‌وه تا ئێستا ؟ گه‌ر وایه که‌سێک هه‌یه پێمان بڵێت بۆ که‌رکوک به‌م ده‌رده چوو؟ ئه‌ی فه‌ریقی هه‌ڵکه‌وتووی کورد بابکر زێباری کوا هه‌ڵوێسته‌کانی؟ ئه‌م فه‌ریقی کورده هه‌ڵوێستی چی بوو به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانی سوپای عێراقی فیدراڵ له قه‌ره‌ته‌په و ده‌وروبه‌ری؟ ئایا بیستمان و هه‌ڵکه‌وت یه‌کێک له‌و وه‌زیره کوردانه‌ی ئێستای به‌غدا ئازایانه به گژ مالیکیدا بچێته‌وه و ڕاشکاوانه و ڕوو به ڕوو وه‌ڵامی بداته‌وه و دوو ووشه‌ی ئاڕاسته بکات؟ ئاخۆ حسێن په‌رله‌مان که وه‌کیلی وه‌زیری ناوخۆی عێراقی به‌غدایه، ئێستاش وه‌ک جاران که ئازایانه یه‌کێتیه‌کانی له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا له مه‌رگ نزیک ده‌کرده‌وه، هه‌ر ئاواش له به‌غدا مه‌ردانه ئازاری دوژمنانی کورد ده‌دا! ئایا ئه‌و کاربه‌ده‌سته کوردانه‌ی که ئه‌مڕۆ له به‌غدان به هه‌موویان له سه‌دا ده‌ی ساماڵ فه‌ره‌ج ئازایه‌تیان تێدایه؟ ئه‌و به رامبه‌ر دڕنده‌ترین که‌س که حسێن کامیل بوو مه‌ردانه قسه‌ی خۆی کردوو و باکی نه‌بوو له هیچ ، که‌چی به‌و ده‌وترێت له به‌ره‌ی دوژمنانی کورد بووه و به مانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌وترێت شۆڕشگێڕ و نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی کورد، به‌مان ده‌وترێت سیاسه‌توان و دیپلۆمات به ساماڵ فه‌ره‌جیش ده‌وترێت پیاوی ڕژێم و گیرساوه له‌به‌ره‌ی دوژمنانی کورد و کوردستاندا! بۆیه پێویسته بۆ هه‌ر هه‌ڵوێستێک و زه‌مه‌نێک شیکردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاستگۆیانه‌مان هه‌بێت، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که له زاری ڕاگه‌یاندنه‌کانی دوو بنه‌ماڵه مافیاکه‌وه ده‌یبیستین، پێویسته خۆشمان لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه و جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کان بزانین به تایبه‌تیش که چوار مانگی تر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کرێت.
http://www.aliraqi.org/forums/showthread.php?t=46799*
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست