کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ بارزانی بەڕاست پەرۆشی مێژووی پێشمەرگایەتی یە؟

Saturday, 23/07/2011, 12:00





مەسعود بارزانی سەروژێری زمانی پارێزگاریکردنە لە مێژووی پێشمەرگایەتی، تا کار گەیشتە ئەوەی فتوای دەرکردنی عەدنان عوسمانی دا و وتی لە کوردستان جێی نابێتەوە لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی بە میلیشیا ناوبردووە.

هەمومان دەزانین کە پێشمەرگە وەکو ناو یان سیفەت هێمایە بۆ ئەو کەسەی لەبەر سۆزی نیشتیمان و نەتەوە گوێ بە مەرگی خۆی نادات و، پێش مەرگ دەکەوێت.
دەشزانین کە مەسعود و حیزبەکەی تەنیا تاکە لایەن نەبوون کە لاوانی کورد پەیوەندییان پێوە کردوون و چونەتە ڕیزەکانیانەوە بۆ ئەوەی مەرگی خۆیان بە ئاوات بخوازن لە پێناوی کوردستان و کورد دا. دەشزانین کە بارزانی (بە باوک و کوڕەوە) لەناو پارتیدا نەیانتوانیوە هەموو لاوان و خەباتگێڕانی کورد لەخۆ بگرن و بیانکەن بە پێشمەرگە. دەشزانین کە لە کێشمەکێشی حیزبایەتیاندا لە بەرانبەر حیزبەکانی تردا هەزاران لاویان بەیەکتر بەکوشت داوە و لەبەر خواستی باڵادەستییان و کۆنترۆڵ کردنی کوردستان بە تەنیا گوێیان بە ژیانی گەنجان و پێشمەرگەکان نەداوە. دەشزانین کە چەندان پێشمەرگەی حیزبەکانی تریان کوشتووە و بە جاش و ئەڵقە لەگوێی جەلال و کێ و کێیان ناوبردوون.

باشە دەکرێت بپرسین ئایا مەسعود بارزانی کە ئەوەندە خۆی بە پەرۆشی پێشمەرگە و ناوی پێشمەرگە دادەنێت مەبەستی چەکدار و خۆ فیداکاری کام حیزب و لایەنە؟ ئایا تەنیا مەبەستی چەکدارەکانی حیزبەکەی خۆیەتی لە پێش ١٩٩١ دا؟ مەبەستی چەکدارەاکنی حیزبەکانی تریشە لە پێش ٩١ دا، کەواتە گەر مەبەستی ئەوانیش بێت دەشێت بپرسین ئایا بۆچی چەکدارەکانی خۆی دەکرد بە گژیاندا و دەیکوشتن گەر ئەو ئەوەندە پەرۆشی پێشمەرگەبوو؟

جەوهەر نامیق جارێک لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن وتی کە "سەرۆک زۆر حەساسە بەرانبەر ناوی پێشمەرگە"، باشە گەر ئەوەندە حەساسە بۆچی هەزاران مرۆڤی کوردی بەیەکتر بەکوشتدا و ئەوکات ئەوەندە پەرۆشی ئەو پێشمەرگانە و ژیانیان نەبوو؟ ئایا ژیان گرنگترە یان ناو!

گەر بێینە دوای ڕاپەڕینیش هەمان پرسیارەکانی سەرەوە خۆیان فەرز دەکەن و ناچارمان دەکەن بپرسین گەر ئەو ئەوەندە پەرۆشی پێشمەرگە و ناوی پێشمەرگە بووە بۆچی شەڕی ناوخۆی کرد و بەو پەڕی پێداگرییەوە ئامادە نەبوو شەڕ ڕابگرێت بۆ ئەوەی نەک ناو بەڵکو ژیانی هەزاران پێشمەرگە بپاریزێت و بە خۆڕایی لە ڕۆشنایی دنیا بێبەشیان نەکات؟

ئەو خۆشی نازانێت چۆن قەناعەتمان پێبکات پێناسەی پێشمەرگە لای ئەو چییە!

لە دوای ڕاپەڕینی نەوەدویەکەوە هەموو پێناسەیەکی پێشمەرگەی ئاوەژووکردەوە و وای لێهات پێشمەرگە کوژەکانی کرد بە برای خۆی و تەنانەت تەحسین شاوەیسی بکوژی قارەمانترین پێشمەرگەی کوردستانی بە برای خۆی و بە کوڕی بارزانی ناوبرد، کەواتە پێمان ناڵێت مەبەستی لە پێشمەرگە چییە؟ گەر مەبەستی تەحسین و بایز ئاغا و جاشە ئەنفالچییەکانە ئەوا داوامان لێنەکات ڕێزیان بگرین چونکە ئەوانە دوژمنی سەرسەختی کورد و کوردستان بوون و سەدان پێشمەرگەی یەکێتی و لایەنەکانی تر و خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە و ئەنفال کردووە.

ئەو دەڵێت کە گەنجەکان نابێت خەباتی پێشمەرگە لە یاد بکەن و ئەوەشی سوکایەتی بە پێشمەرگە و بە ناوی پێشمەرگە بکات شاربەدەری دەکات. دەپرسم ئایا ئەوە گەنجەکانن سوکایەتی بە ناوی پێشمەرگە دەکەن یان خودی خۆیەتی! ئەو کە پێشمەرگەی لایەنەکانی تری کوشتووە و تەحسینەکانی کردۆتە سەریان بە کام ڕوو بەرگری لە ناوی پێشمەرگە دەکات؟

ئەرێ گەنجەکان مێژووی کام جۆر لە پێشمەرگە لە یاد نەکەن، مێژووی چەکدارەکانی پارتی کە پێش پاسدارەکانی ئێران دەکەوتن و نەغەدە و سەقز و خانە و شوێنەکانی تریان لە پێشمەرگەکانی دیموکرات چۆڵ دەکرد بۆ ئێران، یان مێژووی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە یاد نەکەن کە چەکدارەکانی پارتییان ڕاو دەناو دەیان کردن بە دیوی ئێراندا؟ مێژووی پێشمەرگەکانی حیسک و پاسۆک لە یاد نەکەن یان مەبەستی چییە؟

بەڕاستی ئەوە ئەرکێکی زۆر گرانە ئەو دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر گەنجەکاندا. گەنجەکان بە سەری کێ سوێند بخۆن و بە کێ بڵێن ئەشەدوبیلا؟

دیارە مەسعود بارزانی تەنیا مەبەستی لە چەکدارەکانی پارتییە کە بە ڕاستی گەر لە پێش نەوەدویەکدا پێشمەرگەش بووبن ئەوا ئەمڕۆ پێشمەرگە نین. ئەوان پێشمەرگایەتییەکەیان لە زەمەنی پێش ڕاپەڕیندا لەژێر پرسیار و گوماندایە. ئەوان کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی حیزبەکانی تریان شەهید و قەتڵوعام کردووە بۆ دوژمەنەکانی کورد ئیتر چۆن لەگەل پێناسەی پێشمەرگەدا دەگونجێن؟

بارزانی داوای شتێک لە گەنجەکان دەکات کە مەحاڵە. ئەو خۆی پێناسە کۆنەکەی پێشمەرگەی تێکداوە و تەحسین و مامە ڕیشەی لێکردوین بە هاو پێشمەرگە ئیتر ئێمە و گەنجان نازانین ڕێز لە کامیان بگرین!

ئایا مەبەستی مەسعود لە پێشمەرگە تەقەکەر و بکوژەکانی بەردەم لقی چواریشە کە لە ١٧ ی شوباتدا گەنجەکانیان کوشت و بریندارکرد؟ گەر مەبەستی ئەوانە من یەک داوای لێدەکەم بچێتەوە بۆ دواوە و بڕوات بۆ سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول و بزانێت ئەوکات پارتی بە کێی دەوت پێشمەرگە و کام سیفاتانەی بۆ پێشمەرگە دانابوو؟ بێگومان شیوی قازیش پێشینەی لقی چوارەکان بووە!

بارزانی خۆشی نازانێت داوای چیمان لێدەکات. ئەو تەنیا یەک شت دەزانێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی گەنجان داوای دەکەن لە کەرامەت و لە حورمەت و لە ماف پاراستنیان بە سودی مانەوەی خۆی و بنەماڵەکەی لە دەسەڵاتدا نییە بۆیە ئەو بیانووەیان پێدەگرێت. ئەو ئامادەیە گەر گەنجەکان بەدڵی ئەو نەکەن و ڕێز لە خەباتی ئەو پێشمەرگایەتییە نەگرن کە ئەو مەبەستییەتی ئەوا وەکو گەنجەکانی بەردەم لقی چوار فەرمانی کوشتن و شار بەدەر کردنیان دەردەکات.

ئەم داوایەی مەسعود زۆر هەڵدەگرێت بەڵام کۆتاییەکەی بێ ئەنجام دەردەچێت، بۆیە گەنجەکان نازانن سوێند بەسەری کام پێشمەرگە بخۆن!

ئەمڕۆ دەبینین سەدان پێشمەرگەی دێرین تەنیا لەبەر ئەوەی لە ژێر باڵی ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتیدا نین سوکایەتییان پێدەکرێت و نانبڕاو دەکرێن. ئایا مەسعود مەبەستی لە پێشمەرگە چییە؟


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە