کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ کاك نه‌وشیروان

Thursday, 07/01/2010, 12:00


دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ت بۆ بابه‌ته‌که‌ی تاڵه‌بانی ، به‌پێوستم زانی ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنوسم، به‌و هیوایه‌ی جێی سه‌رنجت بێ. له‌ڕاستیدا گه‌ر به‌ووردی سه‌یری ووتاره‌که‌ی تاڵه‌بانی بکه‌ی که‌له‌ پلینێۆمی چواره‌مدا پێشکه‌شی کرد، گه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوبێ له‌هیچ له‌و ئاکام و ئه‌نجامانه‌ی که‌ئه‌بوو وه‌ك پلینێۆم بکرێ، ئه‌وا حه‌تمه‌ن گه‌لێ سه‌رکه‌وتووبوه‌ له‌ به‌ئه‌فراندن و ئه‌هریمه‌نکردنی نه‌یاره‌کانی ئه‌مڕۆو هاوسه‌نگه‌رو هاوڕێیانی دوێنێ. ئه‌مه‌ش سیاسه‌ته‌، لای دیکتاتۆره‌کان مۆڕاڵ بوونی نیه‌، گه‌ر یه‌کێ له‌بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆشی هه‌مان ڕووداوی وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆی به‌سه‌ر بێنێ، ئه‌وا بێ شك و بێ یه‌ك ودوو هه‌مان مامه‌ڵه‌ی تۆی له‌گه‌ڵدا ئه‌کا. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیاری مێژووییه‌وه‌، باشتر وایه‌ ئه‌م ڕێچکه‌یه‌ی نوێ که‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، له‌ئه‌نجامی دروست بوونی ئه‌و باروودۆخه‌ بارگاوی و ناشایسته‌یه‌ی ئێستا، که‌هه‌ر خودی تاڵه‌بانی لێی به‌رپرسیاره‌، باشتره‌ هه‌ندێ تێبینی نوێ ، هه‌ندێ میکانیزمی نوێ پێڕه‌و بکرێ سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌شه‌ نه‌ویستراوه‌ ناهه‌مواره‌دا. لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ووتاره‌که‌ی تاڵه‌بانی ئه‌ده‌ین که‌ وه‌ك ئاشکرایه‌ له‌و ووتاره‌دا هیچ دژ به‌گۆڕان و گۆڕانکاری نابینرێ، تاڵه‌بانی خۆی به‌پێشه‌نگی گۆڕان و گۆڕانخوازان ئه‌دا، ئه‌و خۆی پرۆژه‌یه‌کی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خسته‌ به‌رده‌ستی م.س و خودی به‌ڕێزت، تۆش پێت باش بوه‌و یارمه‌تی وهاوکاریت کردوه‌. که‌واته‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ ڕاگرتنی دڵی هه‌وادارن وخوازیارانی گۆڕانه‌، تاڵه‌بانی به‌ئاشکرا دژایه‌تی که‌سایه‌تی تۆی کردوه‌، نه‌وه‌ك گۆڕان. که‌واته‌ کێشه‌که‌ی تاڵه‌بانی که‌سێتیه‌، نه‌ك ڕێبازو بیرکردنه‌وه‌یه‌کی سیاسی دیاریکراو، بۆیه‌ باشتر بوو، سه‌کۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌کارنه‌هێنرێ بۆ مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌و هه‌ر شتێکی تری که‌سێتی، جا به‌ئه‌و که‌سێتیه‌ به‌ڕێزیشت بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هی جه‌ماوه‌ره‌، بۆیه‌ گه‌ر زۆر ئاره‌زووت هه‌ر به‌و جۆره‌ بوایه‌ له‌بڵاوکردنه‌وه‌ی ووتاره‌که‌ت، باشتر بوو ڕاپرسیه‌ك بکه‌یت و ڕای بزووتنه‌وه‌که‌ وه‌ربگریت. لێره‌دا ئاسانتر بوو گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ت هه‌ر بۆ ئه‌و شوێنه‌ بناردایه‌ که‌ بابه‌ته‌که‌ی تاڵه‌بانیان لێوه‌ بڵاو کردۆته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر نا ، ئه‌وا ئه‌شتوانرا له‌یه‌کێ له‌و سایت و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنانه‌ی تر ئه‌م کاره‌ بکرایه‌. هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه‌ی ووتاره‌که‌ت له‌ سایتی سبه‌ی و به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ تێچینێك گه‌لێ له‌نرخی بابه‌ته‌که‌ که‌م ئه‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا بۆ هه‌موو بابه‌ت و ووتارێك بواری تێچین کراوه‌یه‌، وه‌یان له‌کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێك هه‌ندێ جار به‌شێوه‌ی نیوه‌ ناچڵ بڵاو ئه‌کرێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ نه‌یاره‌کان به‌دووفاقی ئه‌یشبوهێنن.

نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕه‌نگه‌ زۆریان نه‌ك هه‌ر سه‌ر له‌م جنجاڵیه‌تی سیاسه‌ت وکێشانه‌ی دوێنێ وپێری نازانن، به‌ڵکه‌ به‌دووری مه‌زانه‌ ، ناشیانه‌وێ بیزانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وان زیاتر بۆ ئه‌مڕۆو بایه‌نیه‌، نه‌ك بۆ ئه‌مرۆ و دوێنێ. ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ پرۆسه‌ی گۆڕانکاری به‌ پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه‌ نازانێ، به‌ڵکه‌ ئه‌وان شتێکیان ئه‌وێ ، که‌له‌گه‌ڵ ئاوات وبۆچوونه‌کانی ئه‌واندا بگونجێ. له‌وانه‌ گه‌نجی 18 ساڵ که‌زۆربه‌یان ده‌نگیان داویتێ چی داوه‌ به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ کۆتایی هه‌فتاکاندا چه‌ند که‌سێ کوژران، که‌ڕه‌نگه‌ هه‌ندێکیان له‌به‌رئه‌وه‌ بوبێ که‌ته‌نها پاره‌ی شۆڕشیان خواردبێ، ئه‌وان ، واته‌ ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ی که‌ده‌نگیان دا به‌گۆڕان ، ئه‌یانه‌وێ بزانن بزووتنه‌وه‌که‌یان چه‌ند کورسی زیاتر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتودا په‌لکێش ئه‌که‌ن، ئه‌یانه‌وێ بزانن سنووری کوردستان تا کوێ ئه‌ڕوا، ئه‌یانه‌وێ بزانن که‌ی پێوست به‌ فیزاو پاسپۆرت نامێنێ تا به‌ئاسانی سه‌ردانی پارچه‌کانی تری کوردستان بکه‌ن. ئه‌م گێژاوه‌ی تاڵه‌بانی دروستی کرد، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌دژی به‌ڕێزتان له‌پلینێۆمدا ووراژاندنی ،ئامانجه‌کانی لانی که‌م که‌مکردنه‌وه‌و هێواشکردنه‌وه‌ی خێرای شه‌پۆلی سه‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گشتی و ڕه‌وتی به‌رهه‌ڵستکاره‌ له‌ڕۆژه‌ڤی کوردستان به‌تایبه‌تی. به‌م کاره‌ی سه‌رقاڵتان ئه‌کا به‌وه‌ی نه‌ختێ له‌و به‌رنامانه‌‌تان لابده‌ن وجۆرێك له‌شپرزه‌یی له‌ڕوخسارتان له‌میدیاکاندا ببینرێ.

یه‌که‌م هه‌نگاوی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێستای ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش دروست بوونی لیستی گۆڕان، که‌وه‌ك خۆی پێی ووتبوی ، گه‌ر نه‌وشیروان ئه‌یه‌وێ من یارمه‌تی ئه‌ده‌م با پارتێ دروست بکا، ئاخر تاڵه‌بانی ئه‌زانێ گه‌ر تۆ حزب دروست بکه‌یت، ئه‌وا به‌و کاره‌ت ته‌نها (په‌یست وکۆپی)کاره‌کانی ئه‌وانه‌. بۆیه‌ ڕاپێچکردنی تۆ بۆ ئه‌و داوایه‌ی تاڵه‌بانی ، حه‌تمه‌ن گۆڕان ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی به‌ده‌ست نه‌ئه‌هێنا، که‌خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و جاره‌ نه‌که‌وتیته‌ ئه‌و تۆڕه‌وه‌. لێ هه‌نووکه‌ وا هه‌ست ئه‌که‌ین بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌ریکه‌ له‌ڕێڕه‌و به‌رنامه‌کانی خۆی لابدات وبکه‌وێته‌ کێشه‌یه‌ك که‌ ئه‌توانرێ خۆی لێ قووتاربکرێ. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ندین قۆناغی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی بڕیوه‌، وا ئێستا له‌ قۆناغی ئاماده‌یی وزانکۆییدایه‌، جا بڕوا ناکه‌ین گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ قۆناغه‌کانی پێشوو که‌ڵکمان پێبگه‌یه‌نێ. به‌ترساندن وکوشتن وتیرۆکردن و چه‌ند هه‌وڵێك له‌م شێوه‌یه‌ نه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆتایی دێت، وه‌ نه‌ جه‌لالیه‌کان جارێکی تر ئه‌توانن ئه‌و به‌شه‌ دۆڕاوانه‌ی له‌کیسیان چوه‌ له‌حیمی بکه‌نه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە