رێژەی نێرگیلە كێشان لە كەركوك لە هەڵكشاندایە؟!
Wednesday, 23/09/2009, 12:00
بەم دوواییە دیاردەی نێرگیلە كێشان لە شاری كەركوك روو لە زیاد بوونە، روو لە هەر گەڕەكێك دەكەیت دەبینیت جێگایەكی تایبەت بۆ نێرگیلە كێشان لە شێوەی چایخانە درووستكراوە، ئەم دیاردەیەش ئەوە نەبێت كەسانێك كە چووبێتنە نێو ساڵەوە و لە پێناو ئەوەی جگەرە تەرك بدەن پەنای بۆ بەرن، بەڵكو زۆرێك لەو گەنج و خەڵكانەی كە هەر لە بنەڕەتەوە كە جگەرە كێش نین و بە بۆنی جگەرە قەڵس دەبن روویان لە كێشانی نێرگیلە كردووە و هێدی هێدی ئەفسوونی ئەم برا دایكییەی جگەرە لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا خەریكە دەبێت بە نۆرم و شوێنی خۆی دەگرێت!
هەر چەندە وەكو لە زاری زۆربەی ئەو كەسانەوە كە خوویان بە كێشانی نێرگیلەوە گرتووە، ئەوە پشت راستدەكەنەوە كە زەرەرو زیانی نێرگیلە ئەگەر لە جگەرە زیاتر نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە كەمتر نییە، جگە لەوەش ئەو برە پارەی كە لە پێناو كێشانی نێرگیلەیەكدا خەرجی دەكەن، لە هێندێك شوێن دەگات بە حەوت هەزار دیناری بریمەری و لە هێندێكی دیكە پێنج هەزار دینار. كەواتا ئەم جارەیان دوو ئەرك دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی تەندرووستی و پەرلەمانی كوردستان، دەبێت لە پاڵ جگەرەوە حیسابێك بۆ نێرگیلەش بكەن؟! چونكە نێرگیلە لە پاڵ زەرەرە ماددی و جەستەییەكەیەوە زیانی كاتیشی هەیە، كە وا دەخوازێت كەسی نێرگیلە كێش خۆی بۆ تەرخان بكاو پێوەی سەر قاڵ بێت! جگە لەوەش وا باسی لێدەكرێت كە نێرگیلە ئامرازێكی باشە بۆ گەیشتن بە ئاسانترین رێگەی بێ هۆشی یان سەرخۆشی، وەكو قسەی لێدەكەن بە حەبێكی باراسیتۆل دەتوانن یەكێك بە شێوەیەك بێ هۆش بكەن كە نەشتەرگەری بكەن بە خۆی نەزانێت! بەو پێیە نێرگیلە دەبێت و رەنگە بە دووری نەزانین پەنجەرەیەك بێت بۆ ئاشنا كردنی حەشیشەو تریاك و ماددە بێهۆشكەرەكانی تر، چونكە باشترین ئامرازە بۆ ئەوەی مرۆڤەكان بەو شتانە ئاشنا بكات! بۆیە لێرەوە داواكام لە هەموو لایەك كە تیشك بخەنە سەر ئەم دیاردەیە تا نەچووە بچێت؟؟!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست