خزمەتگوزارى و چاكسازى بەڵێنى چی دا لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەكان دا-ئێستاش چى دەكات؟؟!!
Tuesday, 20/10/2009, 12:00
ژیار
ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى بزوتنەوەى ئیسلامى"
متمانەى) یەكگرتوو ئێستا لە هەموو لایەنەكان بە هێزترە"
پێشكەشكردنى یاداشتنامە دوو ساڵ لەمەو بەر- دواتر ئەو یاداشتنامەیە كرایە پڕۆژەیەكى تۆكمە تا لە هەموو بوارەكاندا حكومەت هەنگاوى بەرەو چاكسازى بنێت- دواى ئەوەى وەڵامى هیچ لە مانە نەدرایەوە هەموو ئەمانە كرانە ڕاپۆرتێكى كەم وێنە بۆ ڕاى گشتى_ كاركردن بەشێوازى ئۆپۆزسیۆن كۆبونەوەى بەردەوام- ئەمەو چەندین كارى ترى بێ وێنە كارى چوار حزبەكە (حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان-سۆسییالستى دیموكراتى كوردستان-یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان- كۆمەڵى ئیسلامى كوردستان) بوون, دواتر بڕیاردرا بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانى و سەرۆكایەتیەكەى هەرێمى كوردستان 25-تموز- بەیەك لیستى هاوبەش بەشدارى بكەن لە ژێر ناوى (لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى) , دروستبونى ئەم لیستە ئاهێك بوو بۆ خەڵكى قوربانى دەستى دەسەڵات لە ماوەى (18) ساڵى فەرمانڕەواى دوو پارتەكە, ئەم لیستە هێندەى ڕۆشنبیرو یاساییەكان تەنانەت خەڵكى گشتیش لە گوتارى چوار سەركردەى ئەم لیستەیان دەخوێندەوە كاركردن بوو بە شێوازى ئپۆزسیۆن, بە جۆرێك لە پەرلەمانى ئایندەدا ببنە چاوى میللەت بە دواى كارەكانى حكومەتەوە. بەڵێنیان دا ببنە نوێنەرى ڕاستەقینە- ببنە دەنگى (نا) ى میللەت بە دواى گەندەڵیەكانى حزبەوە نەك خۆیان دواجار بڕیارى بەشدارى كردن بدەن..ئەوان(چوارسەركردەكە) بە میللەتیان نەوت كاركردنیان تەنها لە ماوەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن دەبێت , وە ئێمە هیچ بەڵگەنامەو نوسراوو بەڵێننامەیەكمان نیە كە دواى هەڵبژاردنەكان كارمان پێكەوە بێـت.!!!!!!!!!!!
پرسیارى خەڵكى لێرەدایە ئایا بەرنامەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى سەرەتا بەم جۆرەى ئێستا بوو ؟؟! ئایا چى لە گوتارى سەركردایەتى ئەم لیستە دەخوێنرایەوە ؟! ئایا لایەنەكانى پێكهێنەرى ئەم لیستە تاچەند ئەوەى لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا دەیانوت ئێستا خۆیان بە خاوەنى ئەو بەڵێنانە دەزانن؟ ئایا بڕیار وابوو كاركردنى هاوبەشى لایەنەكانى لیستى خزمەتگوارى و چاكسازى بە كۆتایى هاتنى هەڵبژاردنەكان كۆتاییان پێ بێت؟؟؟ خەڵكى دەنگى بۆ چى دا ؟!
سەبارەت بە كارى ئەم لیستەو ئاستى جێ بە جێ كردنی بە ڵێنەكانى كاتى بانگەشى هەڵبژاردنەكانیان و بەرنامەى ئێستا و ڕابردووى ئەو لیستە هەریەك لە سەركردایەتى ئەو چوار حزبەى پێكهێنەرانى ئەو لیستە قسەى خۆى هەیە..
سەركردایەتى كۆمەڵى ئیسلامى پێى وایە كە هیچ كام لەو چوار حزبەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى هیچ بەڵگەنامەو بەڵێننامەیەكیان نیە لە نێوانیاندا كە دواى هەڵبژاردنەكانیش پێكەوە كار بكەن..!پێشیان وایە هەریەك لەو حزبانەى كە بڕیارى بەشدارى كردنى داوە لە حكومەت یاخود بەشدارى نەكردنى داوە لە حكومەتدا گەڕاونەتەوە بۆ ڕاپرسى نێو خودى حزبەكەى خۆیان نەك چوار حزبەكە بۆ ئەمەش یەكگرتووى ئیسلامى بە نمونە دەهێننەوە كاتێك بڕیارى بونە ئۆپۆزسیۆن دەدەن دەگەڕێنەوە بۆ ڕاپرسى نێوخۆیى حزب نەك وەرگرتنى بۆچونى چوارحزبەكە.. لەو بارەیەوە (عبدالستار عبدالمجید) وتەبێژى كۆمەڵى ئیسلامى لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ كاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكانى ئەم لیستە و وە تەماشاى بەرنامەى ئەو لیستە بكەین لە هیچ كام لە بەندو پڕۆگرامى ئەو لیستەدا نەهاتووە كە باس لە كارى هاوبەش و بەردەوامى ئەو چوار حزبە بكات لە دواى هەڵبژاردنەكانیشدا , وتیشى : وەهیچ بەڵگەنامەو ڕێكەوتنامەیەك نیە لە نێوان ئەو چوار حزبەدا كە باس لە چۆنیەتى كارى ئەو چوارحزبە بە بەشدارى كردن یاخود بەشدارى نەكردن لە حكومەت بە بڕیارى هاوبەشى لایەنەكان بێت وە ئەو لایەنانە وتبێتیان دەبینە ئۆپۆزسیۆن لە دواى هەڵبژاردنەكاندا , وتە بێژەكەى كۆمەڵى ئیسلامى ئەوەشى خستەڕوو كە كاتێك هەریەك لەو چوارحزبە بڕیارى بەشدارى كردن یاخود بەشدارى نەكردنى داوە لە حكومەتدا گەڕاونەتەوە بۆ ڕاپرسى نێوخۆیى حزب نەك ڕاوێژى نێو ئەو چوار حزبە . بۆ نمونە كاتێك یەكگرتوو بڕیارى بەشدارى نەكردنى لە حكومەتدا دا گەڕیەوە بۆ ڕاپرسى نێوخۆیى حزبەكەى.دوپاتیشى كردەوە كە ئەوان (چوارحزبەكە بەڵگەنامەو ڕێكەوتنامەیەكى مۆركراویان نیە كە بەشداربن لە حكومەت یاخود بە ئۆپۆزسیۆنى بمێننەوە.!
قەوارەى ئایندە بە سەرۆكایەتى (قادر عزیز) كە یەكێك بوو لە چوار سەركردەكە بەشداربوون هەر لەسەرەتاى كارى ئەم لایەنانە پێكەوە. ئەوان سەرەڕاى باسكردنى بەرنامەى ئەو لیستە كەوا بڕیاریان دابوو وەك ئۆپۆزسیۆن كارەكانى خۆیان بكەن لە پەرلەمانى ئایندەدا , پێیان وایە جێ بە جێ كردنى ئەو بە ڵێنەى كە بە جەماوەرى ئەو لیستەیان داوە لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكاندا بە بەشدارى كردنێكى كارا لە حكومەتدا دەتوانن بەڵێنەكانیان جێ بە جێ بكەن, جەختیش لەسەر بونى ڕێكەوتنامەیەكى واژۆكراو بە واژۆى هەرچوار سەركردەكە دەكەن كە باس لە كارى بەردەوام و هاوبەشى ئەو لایەنانە دەكات لە دواى هەڵبژاردنەكانیش.پێچەوانەى لێدوانى بەرپرسەكەى كۆمەڵى ئیسلامى.
لەو بارەیەوە (فتاح زاخۆیى) ئەندامى مەكتەبى سیاسى زەحمەتكێشانى كوردستان لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " بێ گومان دەبێت دوو حاڵەت لێك جیابكەینەوە .یەكەم ئەو لیستانەى كە زۆرینە بە دەست دەهێنن لە هەڵبژاردنەكاندا دەبنە حكومەت, بەڵام ئەوانەى كە ڕێژەیەكى كەمتر بەدەست دەهێنن ناتوانن حكومەت پێك بهێنن, بێ گومان ناتوانن راستەوخۆ ئەركەكانى جێ بەجێ بكات ,بۆیە ئەم لیستانە وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە لە پەرلەماندا و كارى پێشكەشكردنى پڕۆژە یاساى گونجاوو چاودێرى كردنى كارەكانى حكومەتە.ڕاشیگەیاند : سەبارەت بە ئێمە وەك حزبى زەحمەتكێشان (قەوارەى ئایندە) بەڕاستى بۆ خۆمان تێگەیشتنێكى وامان هەیە ئەگەر بە شێوەیەكى كاراو پراكتیكى بەشدارى بكەین لە حكومەتدا ئەوا دەتوانین بەشێك لەو بەڵێنانە جێ بەجێ بكەین ,هەرچەند تائێستا ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەردوو بەڕێزان (د.بەرهەم و ئازاد بەروارى) بۆ ئەوەى بزانین لەگەڵ مەرجەكانى ئێمە دەگونجێت ئەگەرنا ئێمە لە ئۆپۆزسیۆندا دەمێنینەوە و بەشدارى لە حكومەتدا ناكەین.زاخۆیى وتیشى " كە ئێمە ڕەچاوى دوشت دەكەن لە بەشدارى كردنەكەدا:
1-بەرنامەیەكى نزیك لەو بەرنامەیەى كە ئێمە لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەكاندا خستمانە ڕوو,چونكە پێش هەفتەیەك (د.بەرهەم) بەرنامەى كارى حكومەتەكەى بۆ ناردین,هەست دەكەین تا ڕادەیەك نزیكە.
2-ئایا بەشدارى كردنەكەمان كارا دەبێت یاخو نا!
لە درێژەى لێدوانەكەیدا بۆ سایتى یەكگرتوو (فتاح زاخۆیى) ئەندامى مەكتەب سیاسى كوردستان ئاماژەى دا بە سەرەتاى كارى ئەو چوار حزبە وەهەروەها ڕێكەوتنامە مۆركراوەكەى كارى هاوبەشى نێوانیان, لەو بارەیەوە وتى :" من بۆ خۆم ئەندامى نوسینەوەى ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە بووم كە چوار حزبەكە خستیانە ڕوو بۆ ڕاى گشتى, وە یەك بەڵگەى واژۆكراوى هاوبەشمان هەیە كە واژۆى هەرچوار سەركردەكەى پێوەیە باس لەكارى بەردەوامى هاوبەشى ئەو چوار حزبە دەكات لە دواى هەڵبژاردنەكان بە تایبەت مەسەلەى بەشدارى كردنمان لە حكومەت یاخود بەشدارى نەكردنمان بە ڕاوێژى هەرچوار لایەنەكە دەبێت,بەڵام دواى هەڵبژاردنەكان هەریەك بە پێى بەرژەوەندى خۆى و جەماوەرەكەى ئەو بڕیارەى داوە!
حزبى (سۆسیالستى دیموكراتى كوردستان) بە سەركردایەتى (محمدى حاجى محمود)بەشدارى لە پێكهێنانى ئەو لیستەدا كرد. بەهەمان شێوەى بەرپرسانى باڵاى قەوارەى ئایندەو پێچەوانەى قسەكانى وتەبێژەكەى كۆمەڵى ئیسلامى باس لەوە دەكەن كە بەرنامەو گوتارى ئەو لیستە لە سەرەتادا كاركردن بووە بە شێوازى ئۆپۆزسۆن و جەخت لەسەر بونى ڕێكەوتنامەیەكى هاوبەشى واژۆكراوى نێوان هەرچوار سەركردەكە دەكەنەوە لەو بارەیەوە (عبداللەى حاجى محمود)ئەندامى مەكتەب سیاسى سۆسیالیستى دیموكراتى كوردستان لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " خۆى ڕاستە سەرەتا بەرنامەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى بەو جۆرە بوو كە وەك ئۆپۆزسیۆن كاربكەین , هەرچوار حزبەكە وەك ئۆپۆزسیۆن كاریان دەكرد و بە هەمان شێوەش گوتارى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان بەرەو ئۆپۆزسیۆن بوون دەچوو بە ڵام بە هۆى ئەوەى نەتوانرا ڕێژەى پێویست بە دەست بهێنین نەمان دەتوانى ئەو پڕۆژانە جێ بە جێ بكەین كە خستمانە ڕوو لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا بۆیە هەندێكمان بڕیارى بەشدارى كردنمان دا لە حكومەتدا, وتیشى: ڕێكەوتنامەیەكى واژۆكراو لە نێوان ئەو چوارسەركردە هەیە كە باس بڕیارى هاوبەشى بۆ چونە ناو حكومەت یاخود نەچونە ناو حكومەت بە هاوبەشى بدەن.ئەو ڕێكەوتنامەیە بەروارى 6-5-2009 یە, بەڵام كۆبونەوەى هەرچوار سەركردەكە لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان كە وەك پێویست دەنگمان بە دەست نەهێنا بڕیاردرا بە ئازادكردنى هەر لایەنە بۆ خۆى بۆ بەشدارى كردن لە حكومەت یاخود بەشدارى نەكردن, بۆیە ئەو كۆبونەوەیە هەموو پڕۆژەكانى ڕاگرت,
یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان كە سەركردایەتى ئەو لیستەى دەكرد هەوڵى دا بیروبۆچونە جیاوازەكان لە ژێر چەترى خزمەتكردن بە گەل و چاكسازى كردن لە هەموو بوارە جیاوازەكانى ژیانى كۆمەڵگادا وەك ئەزمونێكى مۆدێرن هەوڵى نزیك كردنەوەو دروستكردنى هاوپەیمانیەك لەسەر بنەماى بەرژەوەندیە باڵاكانى میللەت نەك ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانى ئەو لایەنانە لیستێكى پێكهێنا, ئەگەرچى وەك هەندێك لە شارەزایان و چاودێرانى سیاسى باسیان لە قوربانى دانێكى گەورەى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان دەدا لەو هاوپەیمانێتیەدا, بەڵام وەك سەركردایەتى ئەم حزبە ئاماژەیان پێ دەدا كە گرنترین شت بەلایانەوە بەرژەوەندى باڵاى میللەتە نەك لە دەستدانى چەندكورسیەك . یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان لەسەرەتاو ناوەندو كۆتایى هەڵمەتەكانىى هەڵبژاردندا هەمیشە جەختى لەسەربونى ئۆپۆزسیۆنێكى كاراكردۆتەوەبۆ باشتر كردنى كارەكانى حكومەت و خزمەتكردنى خەڵك. ئەم حزبە ئێستا وەك حزبێكى تاقانەى ناو لیستەكە هەرزوو بڕیارى بەشدارى مەرجدارو بێ مەرجى لە حكومەتدا ڕەتكردەوە, ڕایگەیاند كەئەو خاوەن بەڵێنى خۆیەتى.سەركردایەتى ئەو حزبە باس لە هۆكارى دروستكردنى ئەو لیستە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە تا بۆ یەكەم جار ئۆپۆزسیۆنێكى كاراو كاریگەر لە كوردستاندا دروست ببێت, پێشیان وایە ئامانجى سەرەكى ئەو لیستە بووە دەنا هیچ پێویستى بە لیستى جیاواز نەدەكرد.هەموویان بە هاوبەشى لەگەڵ لیستى كوردستانى بەشداریان لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرد. لەگەڵ ئەوەى ئەندامانى ئەو حزبە هاوبۆچون و هاو قسە لەگەڵ برپرسانى ترى لیستەكە (جگە لە كۆمەڵى ئیسلامى) باس لە بونى ڕێكەوتنامەى واژۆكراوى نێوان چوارسەركردەكە دەكەن بۆ كاركردنى ئەو لیستە بە هاوبەشى بۆ دواى هەڵبژاردنەكانیش بە تایبەت بڕیارى بەشداى كردن لە حكومەت یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون بە كۆدەنگى سەرجەم پێكهاتەكانى ئەو لیست دەبێت, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارى كردنى لایەنەكانى تر لە حكومەتدا بە ئازادیەك بۆ بۆچونى هەریەك لەو حزبانە خۆیان دەگەڕێننەوە.و پێیان وایە كە نابێت هیچ لایەنێك لایەنێكى تر تاوانبار بكات, لەو بارەیەوە (حمە سعید حمە على) ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لەسەر لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى/(یەكگرتووى ئیسلام كوردستان) لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " پێش دوو ساڵ ئەم چوار حزبەى ناو لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى وەك ئۆپۆزسیۆن كاریانكردووە . دواى ئەوەى ئەو لیستەش پێكهێنرا بەرنامەیەك بۆ لیستەكە داڕێژرا كە هەر ڕۆشنبیرێك و سیاسیەك سەیرى بكات دەزانێت كە باس لە ئۆپۆزسیۆن دەكات , وە بە هەمان شێوە لە وتارى هەرچوار سەركردەكەش دەردەكەوت, تەنانەت ئەو رشۆژنامەیەى كە لیستەكە دەرى دەكرد لە ماوەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا هەرچى ئەو ژمارانە بخوێنێتەوە تێدەگات كە بەرنامەى لیستەكە كاركردن بووە وەك ئۆپۆزسیۆنێكى كارا, بەڵام ئێستا هەرلایەنێك لەو لایەنانە ئازادن لە بڕیاردان, ڕونیشیكردەوە: "سەبارەت بەوەى كێ لایداوە لە بەرنامەى لیستەكە ئەوە بابەتێكە نابێت تازە یەكترى لەسەر تاوانباربكەین, ئەو ئەندامەى پەرلەمانى كوردستان ئاماژەى بەوەدا " كەخۆى جیایى لیستەكە بۆ ئەوە بووە كە وەك ئۆپۆزسیۆن بین, ئەگەر بمانویستایە بەشداربین لە دەسەڵات ئەوا ئەوا لەگەڵ لیستى كوردستانى بەشداریمان دەكرد. بۆیە نابێت پاساو بهێنرێتەوە و بە جورئەتەوە دان بە ڕاستیەكاندا بنێن.(م. حمە سعید حمە على) لە كتایى لێدوانە تایبەتیەكەیدا بۆ سایتى یەكگرتوو ئەوەى خستەڕوو كە نوسراوو بەلگەنامەیەكى واژۆكراوى هەرچوار سەركردەكە هەیە لە بەروارى 6-5-2009 كە لە یەكێك لە بەندەكانى ئەو ڕێكەوتنامەیەدا دەڵێت "سەبارەت بە بڕیارى بەشدارى كردن لە حكومەت یاخود بەشدارى نەكردن لە حكومەتدا بەكۆدەنگى هەرچوارلایەنەكە دەبێت," وتیشى:" ئێمە وەك یەكگرتوو لەسەر بەڵێنى خۆمانین. وە لایەنەكانى تریش ئازادن بۆ خۆیان.
بە هەمان شێوەى جەماوەرى لیستى خزمەتگوزارى وچاكسازى لایەنەكانى تریش پێیان وایە كە ئەو بەرنامەیەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى لەسەرەتادا هەموو لایەنەكان بە ئاراستەى ئۆپۆزسیۆن بوون كاریان دەكرد. وە پێیان وایە یەكگرتوو لە ئێستادا میێداقیەتى لە هەموو لایەنەكانى تر بە هێزترە چونكە لە بانگەشەى هەڵبژاردنەكان چ بەڵێنێكى بە جەماوەرەكەى دا ئێستاش هەر خاوەنیەتى و بەردەوامە لە سەرى . لەو بارەیەوە " د.محمد بازیانى) ئەندامى مەكتەب سیاسى بزوتنەوەى كوردستان لە لێدوانێكى تایبەتدا بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " میێداقیەتى (متمانەى) یەكگرتوو ئێستا لە هەموو لایەنەكان بە هێزترە چونكە لەسەر هەڵوێست و بەڵێنى خۆى بەردەوامە ئەوەى لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا بانگەشەى بۆ دەكرد لە چوارچێوەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیدا ئێستا سورە لەسەر جێ بە جێ كردنى و بڕیارى داوە كەوەك ئۆپۆزسیۆن كارەكانى بكات.وتیشى : بۆیە ئەگەر لیستى هاوبەشى ئیسلامى دروست بكەین پێمان وایە هەندێكمان كاریگەریمان لەسەر ئەوانى تر هەبێت بۆ جێ بە جێكردنى بەڵێنەكانى بانگەشەى هەڵبژاردن.رێگە نەدەین هەمان بێ بەڵێنى ناو لیستى خزمەتگوزارى لەو لیستە هاوبەشە ئیسلامیەدا دوبارە ببێتەوە!
یاساناسانیش باس لەو بەر پرسیارێتیە دەكەن كە هەریەك لەو لایەنانە بە هۆى بەڵێنەكانى كاتى هەڵبژاردنەكانەوە بە دەنگدەریان داوە. دەڵێن "ڕاستە سزایەكى تاوانكارى نیە لادان نیە لە بنەمایەكى یاسایى تا سزا تاوانكارییەكان بیانگرێتەوە, بەڵام جۆرێكى تر لە بنە ئەخلاقى (ڕەوشتى) و ویژدانیەكان هەیە كە لادان لێى توشى سزایەكى معنوى دەكەن كە خۆى لە لۆمە كردن و سەرزەنشتكردن دەبینێتەوە لەمەشدا ئەو لایەنانە بەرسزاى گەل دەكەون. لەو بارەیەوە (د.شۆڕش حسن) مامۆستاى كۆلێژى یاساوڕامیارى(بابەتى.ڕێكخراوە سیاسیەكان-یاساى دەستورى(یاساى گشتى)) بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند " سەبارەت بەو لیستانەى كە بەڵێنەكانى كاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكان جێ بەجێ ناكات ڕووبەڕوى سزاى گەل دەبنەوە واتە دەنگدەر جارێكى تر متمانەیان پێ ناكات لە هەڵبژاردنێكى تر و دەنگیان ناداتێ, پسپۆڕەكەى بوارى یاساى گشتى ئەوەشى خستە ڕوو" كە ڕاستە وەك سزاى تاوانكارى- یان سزاى ئیدارى- سزایەك كە سەرپێچى لە یاساى شارستانى بكات یاسا سزاى بۆ داناوە. بەڵام ئێمە جۆرێكى تر لە بنەماى یاسایى هەیە كە سەرپێچى كردن لێیان خاوەنەكانیان ڕووبەڕووى سزاى معنوى دەبنەوە كە بریتىیە لە سەرزەنشتكردن, ئەو بنەمایانەش بنەما ڕەوشتیەكانە, دیارە بەڵێندانیش دەچێتە چواچێوەى ئەو بنەمایانەوە(قواعید الاخلاق) . ڕونیشى كردەوە: كە هەندێ لەو حزبانەى كە ئێستا دەڵێن بەشدارى دەكەین لە حكومەت لە كابینەى پێشوو بە هەمان شێوەى ئێستا نەیانتوانى خۆیان یەكلاى بكەنەوە. ئێستاش كە باس لە بەشدارى مەرجدار دەكەن هیچ جیاوازیەك نیە لە پێشتر وەك ئەوە وایە پێیەكت اە حكومەت پێەكەى تر لە ئۆپۆزسیۆن. ئاشكراشى كرد" كە گوتارى ئەو چوار سەركردە لە كاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا بە ئاشكرا بە ئاراستەى ئۆپۆزسیۆن دەڕۆیشت و وەئەوەش لە بەرنامەكەیان دەخوێنرایەوە. بۆیە ئەمجارە ئەو لایەنانەى كە بەڵێنیان شكاندووە ڕوبەڕووى سزاى گەل دەبنەوە كە متمانەیان لەدەست داوە. بە تایبەت بۆ ئەم هەڵبژاردنانەى پەرلەمانى عیراقى.
رۆشنبیران و نوسەرانیش باس لە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەم لیستە دەكرد پێیان وایە بە هەمان شێوە ئەوەى لە گوتارى ئەو چوارسەركردەو بەرنامەى لیستە دەخوێنرایەوە بریتى بوو لە ئاراستەى ئۆپۆزسیۆن .سەرسوڕمانى خۆشیان دەردەبڕن كە هەندێ لەو حزبانە لە كاتى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا چ بەڵێنێكیان دەدا وە ئێستاش چى دەڵێن؟ّ!پێشیان وایە تاڕادەیەك ئاساییە لەو بەڵێنانە پەشیمان ببیتەوە و لابدەیت كە لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا حزبێك لابدات بە پێى بەرژەوەندى خۆى, بەڵام ئەو شێوازەى ناولیستى خزمەتگوزارى وچاكسازى بە نائاسایى ناودەبەن و دەڵێن ئەو شێوازە زۆر زەق و ناشایستە بوو , ئاماژە بەوەش دەدەن كە لە ڕووى سیاسەوە زیانێكى گەورەیان كردوو, ئەگەرچى هەندێك امتیازات بەدەست بهێنن ئەو لایەنانە!
لەو بارەیەوە نوسەرو ڕۆشنبیر(ئاسۆس هەردى) بەڕێوبەرى كۆمپانیاى ئاوێنە لە لێدوانێكى تایبەت بە سایتى یەكگرتووى ڕاگەیاند "بە بۆچونى من هەندێ لەو حزبانە لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن و تەنانەت پێش ئەوەش باسى لەوە دەكرد كە ئێمە دژى گەندەڵین-ئێمە بەدیلى دەسەڵاتین كۆمەڵێك دروشمى تر . بەڕاستى پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا خەڵك متمانەى بەو حزبە دەمێنێت جارێكى تر؟؟!! وتیشى " ئەوەى من لە گوتارو بەرنامەو ڕاگەیاندنى هەریەك لە حزبەكانى ناو لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى بەدیم دەكرد بەرەو ئۆپۆزسیۆن دەچوو ,
هەردى ئاماژەى بەوەشدا " كە جێگەى سەرسوڕمانە بەلایەوە لەكاتى هەڵبژاردنەكاندا چییان دەوت و ئێستاش چى دەڵین.! هەروەها وتى : ئاساییە هەندێك حزب لەدواى هەڵبژاردنەكان بەرژەوەندى خۆیان لێك دەدەنەوە و جێ بەجێى ناكەن بەڵام كارێك ناكات كە بە پێچەوانەیەكى زەقى لەو جۆرە بێت كە لە هەندێك لە لایەنەكانى ناو لیستى خزمەتگوزارى دەبینین لە بەر وەرگرتنى وەزارەتێك یان چەند امتیازاتێك.
لەكۆتایى لێدوانە تایبەتیەكەیدا بۆ سایتى یەكگرتوو بەڕێوبەرى كۆمپانیاى ئاوێنە ئەوى خستە ڕوو " كە هەموو ئەو لایەنانە لە ڕووى سیاسیەوە زیانێكى گەورەیان بە خۆیان گەیاند و متمانەیان لاى خەڵكى نەما لەبەر وەرگرتنى وەزارەتێك یاخود هەرشتێكى تر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست