پێشنیارێك بۆ سەرۆك! بارزانی و پارتی بنەماڵە
Sunday, 20/06/2010, 12:00
بەرێز جەنابی سەرۆك! وەكو خۆتان دەزانن پارتی دیموكراتی كوردوستان وا پێ دەنێتە 65 هەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە و نزیكەی 60 ساڵ دەبێت بەبەردەوامی پارێزگاری تان لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەم حیزبە بەدەست سەرانی بنەماڵەكەتانەوە كردووە . هەروەكو خۆتان دەزانن باوكە نەمرەكەتان! هەر لەساڵی 1963 وە ئاگری شەری براكوژی لەم پێناوەدا هەڵگیر ساندووە و هەروەك شۆرشێكی چواردە ساڵیشی ئاش بەتاڵ پێ كرد هەر لەپێناوی مانەوەی خۆیاندا بوو ئیتر ئەو خەڵكانەی لەو شۆرشەدا تێدا چووبوون یان ماڵ وێران و دەربەدەربوون چشیان لێ كرا بوونە قوربانی سەلامەتی ئەو باوكە نەمرەتان گرنگ ئەوەبوو ئەو سەركردە مێژوویی یە ماندوو نەبێت و لە ناو شارەكانی كەرەج و تهرانەوە ئاوارەی شاخەكانی كوردوستان نەبێت وەكو ئەو پێشمەرگە قیروسیایی یانە شاخەو شاخ نەكات نەكا دڕكێك بەبنی پێ یەكانیدا بچەقێت بۆیە پشت هەڵكردن لە چواردەساڵ خەڵك بەكوشتن دان لەبەرژەوەندی ئەودا بوو نەك درێژەدان بە خەبات تاكو تەنها چوارساڵ پاش ئاش بەتاڵە پڕسەروەری یەكەی لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لە ههندهران گیانی ئامانەتی لێ وەردەگیرێتەوە ، ئەو 14 ساڵەی شۆرشەكەی ئەیلولیش هەروەكو سەردەمی ئێستای بەرێزتان پڕبوو لەهێڵی سوور لەسەرهێڵەسوورەكانی ئەو سەردەمەش گەلێك كەس بەنهێنی تیایدا بوون بەتڕی بن گۆم و كەس نەیزانی چۆن لەناو چوون و سەریان بن گۆم خرا لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی سەركردایەتی كردنی حیزب بەدەست ئەو باوكە ! رۆحی یەی بارزانی یەكانەوە ، جەنابی سەرۆك! خۆ بابۆ تان ناحەقی نەبوو چوونكە ئەو زۆر بە مورتاحی بۆ خۆی لەرووسیا پاڵی لێدابووە وە و هیچ ئاگایەكی لە كورد و كوردوستان نەمابوو ، هیچ ئاگاداری یەكی لە دامەزراندن و دروست بوونی ئەم پارتی دیموكراتی كوردوستانە نەبوو ، بەڵام دامەزرێنەرە بێ ئینساف و بێ ئەمەكەكانی پارتی دیموكراتی كوردوستان كەوتنە ژێر پێی بابۆتان و هێنایانەوە بۆ كوردوستان و نەیان هێشت هەروا بە مورتاحی پاڵی لێبداتەوە ، لەوێ زۆر موعەزەز و موكەرەم سیخورێكی دڵسۆزی روسیاو داپڵۆسێنەرێكی ئازا و قارەمانی تواندنەوەی شۆرشەكانی كەمەنەتەوایەتی یەكانی ژێر دەستەڵاتی روسەكان بوو , بۆ خۆی هەروەكو پادشا دەژیا . كەچی ئەو بێئینسافانە یاری یەكەیان لێ تێكدا گەروەها نەبووایە نەك ژەنەراڵ بەڵكو زۆر لەوە پایەدارتر دەبوو. جەنابی سەرۆك! ئێستا بائێمە واز لە بابۆی نەمرتان بهێنین چونكە وەكو دەڵێن ئەو چووە جێگەی حەقی خۆی .ئیتر ئەو چۆن رقەكانی خۆیی بەسەر سۆرانی یەكان (خۆتان واتەنی سۆرە) دا هەڵڕشتووە ئەوە شتێكی ترە و مانەوەی ئەو نەمرە لە سەركردایەتی حیزبدا ئەو جۆرە ڕقانەی پێویستە چوونكە هەر بەو جۆرە حیزب گەیشتە ئەم سەردەمەی ئێستای و بوو بە حیزبی بنەماڵەكەتان و شەرەفی سەركردایەتی كردنیشی گەیشتە دەستی تۆ . جەنابی سەرۆك! ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە پێشنیارێكی زۆر بچكۆلانەیە بۆ خۆت و بناماڵەكەت و حیزبەكەتان تۆزێكیش خەڵك زیادتر ئاشنا دەكات بە هێڵە سوورەكانتان و ئیتر ئەوەندە ئەو هێڵانە نابەزێندرێن و ئێوەش وەكو ئەم خوێنڕێژەی ئێستاكە لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئابرووتان ناچێت بەكورتی یەكەی من دەمەوێت كەمێك ئابروت بۆ بكڕمەوە و لەو سووكایەتیانە كەم بكەمەوە كەبەهۆی خوێن رێژی یەكانتەوە پێتان دەكرێت ئیتر چ بەئاشكرا یاخوود بەنهێنی ، با درێژەی نەدەینێ ، بەكورتی ئەمەی خوارەوە پێشنیارەكەی ئێمەیە بۆ بەرێزتان :
1- بە فەرمی هەموو هێڵە سوورەكان ئاشكرا بكەن و بۆ خەڵكی روون بكەنەوە چی و چیتر هێڵی سوورن با كەس خۆی لەقەرەیان نەدات و پاشان ئێوەش ناچارنەبن دەستە جوانەكانتان خوێناوی بكەن و پەپوولەیەك لەناو بەرن .
2- من پێم باشە هێڵە سوورەكانتان لەناو دروشم (لۆگۆ) ی حیزبەكەتاندا رەنگ بداتەوە بۆ ئەوەی خەڵك باشتر بیان ناسن و هەر بەناو هێنانی ئەو حیزبە یان بینینی دروشمەكەی ترس و هەڵسڵەمینەوەیەك هەبێت ئەو كاتە بەزاندنی ئەو هێڵانە كەمتر دەبێت بۆیە پێشنیاردەكەم دروشمی پارتەكەتان بەم شێوازە بێت :
دروشمەكە پێك هاتبێت لە كۆمەڵێك خەڵكی ڕەش و رووت بەدەوریاندا چەند هێلێكی سوور كێشرابێت لەدیوی دەرەوەی هێڵەكان چەند كەسێك بە جەمەدانی سوور و تفەنگ و خەنجەرەوە راوەستابن و لەبەرپێشیاندا چەند چەنازەیەك راكشابن وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو كەسانەی كە ئەو هێڵانە دەبەزێنن و بەو دەردە دەبرێن .
من دڵنیاتان دەكەم زۆر سوود لەم پێشنیارەی من وەردەگرن و بەم شێوەیە كەس هێڵە سوورەكان نابەزێنێت و تاكو دنیاماوە هەموو سەرۆك!ایەتی یەكانی وەكو (سەرۆكایەتی پارتی بنەماڵەكەتان ، سەرۆكایەتی بەناو هەرێم و سەرۆكایەتی وەزیران و هەتاكو دەگاتە سەرۆكایەتی شارەوانی یەكانیش هەر بەدەست بنەماڵەكەی ئێوە و نەوەكانی بارزانی نەمرەوە ! دەبێت ، دەی كەواتە بۆ واناكەن .
لە كۆتایی دا هیوادارم پێشنیارەكەم جێگەی رەزامەندی بەرێزتان بێت و سوودێكیشی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەبێت .
باقی والسلام
دڵسۆزتان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست