ئیعترافی گەورە بەرپرسێکی داعش لەسەر رۆڵی سوپای تورکیا لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتی ئیسلامی
Sunday, 21/09/2014, 12:00
دەستگیرکردنی یونس ئەلئۆزبەکستانی و سەفقەی ئازادکردنی بارمتەکانی تورکیا؛ بارمتەکان لە کوێ بوون؟
سەرچاوەی زانیارییەکانی میللەت لە رۆژئاوای کوردستان زانیاریی تایبەتیان دەستەبەرکردووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی گەورە بەرپرسێکی دەوڵەتی ئیسلامی لە سنوری کۆبانی.
بەپێی زانیارییەکان رۆژی رابردوو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) گەورە بەرپرسێکی دەوڵەتی ئیسلامییان دەستیگر کردوە کە بە (یونس ئەلئۆزبەکستانی) ناسراوە. بەپێی سەرچاوەیەک، یونس یەکێکە لە ئەندامە باڵاکانی رێکخراوی داعش و زانیاریی زۆری لەبەردەستە سەبارەت بە پێکهاتە و پەیوەندییەکانی داعش لە عێراق و سوریا و تورکیادا.
(یونس ئەلئۆزبەکستانی) لە دانپێدانانەکانیدا کۆمەڵێک زانیاریی ئاشکرا کردووە کە یەکەمجارە بڵاودەکرێتەوە.
یونس لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئەوەی درکاندوە کە لە خاکی تورکیاوە چۆتە سنوری کوبانی و دانیشیبەوەدا ناوە کە سوپای تورکیا هاوکارییان کردوە لەوەی بپەرێتەوە بۆ خاکی سوریا. بە وتەی یونس ئۆزبەکستانی، ئەم هاوکارییە، تەنها بۆ یۆنس نەبووە و زۆربەی ئەندامانی گروپەکەی گرتۆتەوە.
یونس دانی بەوەشدا ناوە کە سوپای تورکیا بە تەواوی خۆی بۆ هاوکاریکردنی دەوڵەتی ئیسلامی تەرخانکردوە و چەکی سوک و چەکی قورس و تەقەمەنی و موجاهیدیشی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە سنوری تەل ئەبیەز و کۆبانی گواستۆتەوە.
یونس سەبارەت بە بارمتەکانی تورکیای بەردەست دەوڵەتی ئیسلامی، ئەوەی درکاندوە کە ئەو بارمتانە وەکو بارمتە رەفتاریان لەگەڵدا نەکراوە بەڵکو رێزیان لێ گیراوە و پارێزراو بوون.
لەلایەکی تر بەپێی زانیارییەکانی میللەت، دوو کاژێر لەمەوبەر، (5) ئوتومبیلی بارهەڵگری سەربازیی تورکیا، پڕ لە چەکدار و کەرەستەی سەربازیی هاوکارییان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی گواستۆتەوە و سنوری تورکیایان بەرەو سوریا بڕیوە. بە درێژایی ئەم هەفتەیە، لەرێگەی پاس و ترێلە و شەمەندەفەرەوە، چەک و چەکدار بۆ داعش دژ بە بەردەوامی بۆ کۆبانی گواستراوەتەوە.
سەرچاوەکانی میللەت لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەشیان راگەیاندوە کە هاوڵاتیانی سنوری نێوان تورکیا و سوریا، تەقەیان لەو شەمەندەفەرە کردووە کە ماوەی هەفتەیەکە چەکی قورس و زرێپۆش بۆ داعش دەگوازێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەش کە میللەت لە پەیامنێری موسڵ بەدەستیهێناوە، دەنگۆی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ ئازادکردنی 49 بارمتەکەی تورکیا، کە ئەمڕۆ سەرۆکی تورکیا بڵاویکردەوە، دورە لە راستییەوە. بەڵکو بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، داعش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا ئەو بارمتانەی داوەتەوە بە تورکیا.
پێشتر رۆژنامەی تودەی زەمان، ئەوەی بڵاوکردبۆوە کە کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و متمانەیان بەوە هەبووە کە داعش کاتێک دەچێتە ناو موسڵ زیانیان پێ ناگەیەنێت.
بەپێی ئەو رۆژنامە تورکییە، لە دوو هەفتە پێش داگیرکردنی موسڵ، دەوڵەتی تورکیا زانیارییان هەبوە سەبارەت بە داگیرکردنی موسڵ و داوایان لە کونسوڵخانەکەیان کردووە کە هەموو بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانیان لەناو ببەن. تەنانەت داواشیان کردووە کە کارمەندانی کونسوڵخانەکە، بە ستافی هەواڵگری و ستافی کارگێڕی و دیپلۆماسییەوە، خێزانەکانیان بنێرنەوە تورکیا بەڵام خۆیان لە بینای کونسوڵخانەکەدا بمێننەوە. کاتێکیش داعش دەستیگرت بەسەر کونسوڵخانەکەدا، چەکدارە تورکەکانیان چەک نەکردوە و تەنانەت هەرخۆشیان سەیارەکانیان لێخوڕیوە و بۆ شوێنی تریان گواستونەتەوە.
لە زانیارییەکیشدا کە وەفیق سامەرایی بڵاویکردۆتەوە، هاتوە کە دەوڵەتی تورکیا بەشداربووە لە داگیرکردنی موسڵ و ئەمەش دوای ئەوە هاتوە کە ئەنکەرە دەستی لە کەرکوک هەڵگرتوە و هەوڵیداوە بە بەهێزکردنی سوننە، یەکەمجار موسڵ بخاتە سەر تورکیا نەک کەرکوک. بەڵام داعش ئەمەی بۆ جێ بەجێ نەکرا.
زانیارییەکانی میللەت کە لەسەرچاوە جیاوازەکانەوە بەدەستهاتون، لەم چوارچێوەیەدا ئەوە دەخەنەڕوو کە کونسوڵ و جێگرەکەی، لە ناوشاری موسڵ بون لەلایەن داعش و لە شوێنێکی تایبەت پارێزگارییان لێکراوە. بەڵام پاسەوانەکان و ستافی ئاسایی کونسوڵخانەکە لە دەرەوەی موسڵ بوون و داعش لە بینایەکی جیاواز پاسەوانیی لێکردون. ئەمەش بەپێی سەرچاوەکان ئاماژەیە بە ناراستیی راگەیاندنەکەی تورکیا "چونکە هیچ هێزێکی ئیقلیمی ناتوانێت لە دوو شوێنی جیاوازی ژێر دەستی گروپێکی تیرۆریستیی لە دەوڵەتێکی دراوسێ دا، لە یەک کاتدا کردەوەی رزگارکردن ئەنجامبدات و بەیەکجار 49 بارمەتە، بەبێ زیان رزگار بکات". بەپێی سەرچاوەکان، ئەوەی رویداوە "سەفقەیەکی سیاسی و ئەمنیی بووە لە نێوان ئەنکەرە و رەققەدا کە پایتەختی خەلافەتی ئیسلامییە".
زانیارییەکانی میللەت ئاشکرای دەکەن کە دەوڵەتی تورکیا داوای لە سەرکردایەتی داعش کردووە بارمەتەکان ئازاد بکەن چونکە هێزەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، موسڵیش دەکەنە ئامانج و چیتر ژیانی دیپلۆماتە تورکەکان کەلای داعش پارێزراو بوو، پارێزراو نابێت. نوێنەری تورکیا بە داعشی راگەیاندوە کە ئەنکەرە لە ژێر گوشاردایە و ناتوانێت بە بیانوی بونی بارمتەوە چیتر خۆی لە شەڕکردنی روکەش لەگەڵ داعش بشارێتەوە. لەبەرامبەر ئەمەدا، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆن و کەیسی بارمتەکان، داواکارییەکی داعشیان جێ بەجێ کردووە کە پاراستنیان و کردنەوەی جێ پێی خێرایە لە ناوچەی هاوسنوری تورکیا بەتایبەت لە گردە سپی و کۆبانی. تورکیاش بەم داوایە رازی بووە و هاوکاری سەربازی و گواستنەوە و لۆجستی بۆ دابین کردون.
پێشتر میللەت ئەوەی زانیوە کە سەرکردەکانی داعش موسڵ و رەققە چۆڵ دەکەن و بۆ پەناگەی ئارامتر دەگەرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست