کورد و گۆڕانکارییەکان
Wednesday, 04/01/2012, 12:00
دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا وعێراق و پاشان ڕوخانی ڕژێمی سەدام ، دەرفەتێکی ئێجگار باشبوو بۆ کورد تا پێگەی خۆی لەڕوویی سەربازی و ئابورییەوە ، لەوەی کە هەیەتی زیاتر پتە و بەهێزتری بکات ، پاشان گەرانتی ئەوەیش وەربگرێت ، ناوچە دابڕاوەکان بگەڕێنێتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان ، بەڵام بەپێچەوانەوە ، لەوسەروبەندەدا کورد خۆی کرد بە قوربانی سیاسەتی بەرژەوەند خوازانەی ئەمریکا ، لەو نێوەدا کورد سەربازێکی بەهێزی دژە تیرۆر و دۆستی ئەمریکا و بێدەنگ و ماف خوراو بوو .
لەو دەمەدا لەپێناو هێوەرکردنەوەی جەنگی سونە و شیعەی عەرەبی ، کورد هەمیشە قوربانی سەرەکی بوو بۆ ئاشتی ئەو دولایەنە ، بەولۆژیکەی کورد نەبێتە لایەنێک لە کێشەکان ، هەر بۆیە دەسەڵاتداران و نوێنەرانی کورد ، هەمیشە بێدەنگ بوون ، بەڵام بێدەنگییەکی نالۆژیکی بوو ، چوون لەهەموو کات و زەمانێكدا ، لەتاکێكەوە ، بگرە بۆ گەلێک ، گەر لە ئاست داوا و وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیدا بێدەنگ بوو ، جگە لە گەمژەییەی و گەلحۆی شتێکیتر نیە جێگای ئەوە بگرێتەوە ، سەدرییەکان لەسەرەتای هاتنی ئەمریکاوە ، تا کۆتای ڕاستەو خۆ جەنگ و دژایەتی ئەمریکایان دەکرد ، بەڵام جگەلەوە نفوسیان لە عێراق زیادی کرد ، سەنگێکی قورسیشیان لەکن ئەمریکییەکان هەبوو ، نوێنەران و بەرپرسانی کورد بەپێچەوانەی ئەوان بوون . لەکاتێکدا کورد بۆخۆی هێزێکی گەورەی پرۆسەت سیاسی و دروستکردنی سوپای عێراقیش بوو ، بەڵام هەمیشە خۆی بەکەم دەردەخست . هەر بۆیە تا نوکە گەلی کورد مافی لەدەستدا ، مافی بەدەست نەهێنا .
لەدووای ڕژێمی سەدام دەرفەتەکان رەخسابوون ، بەڵام وەک لەسەرەوە قسەم لەسەرکرد نالۆژیکی نوێنەرانی کورد ، پێشەڤەچوون ، ستۆپی کرد ، لەو ئان و ساتەدا دەتووانرا ژێرخانی ئابوری کوردستان بەباشی پتەو بکرێت ، دەتووانرا شورایەک بنیاتبنرێت ، کە بەرلە دوبارە بونەوەی کۆڕوە و ئەنفالێکیتر و کیمابارانێکیتر بگرێت ، وەک ئەوەی ئێستا دەبینین لە قەرەتەپە و سەعدیە و جەلەولا ، جارێکیتر راگواستن و ئەنفال لەبەرگێکیتردا خۆی دەبینێتەوە ، بەڵام مل ملانێی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەری نێگەتیڤی هەبوو لەسەر خواستەکانی گەلی کورد ، لەبری ئەوەی ئەرکە نەتەوەی و نیشتیمانییەکان لەپێشەوەی هەمووکارەکانیان بێت ، جارێکیتر مل ملانێکان گەیشتە بەغداد ، گەرانەوە بۆ جەنگی پۆست و پارە بۆ حیزبەکانیان ، ئەوەی کە زۆر کۆمیدیی بوو ، بەپێی ڕێکەوتنی ستراتیجی و ئاڵۆ گۆڕی حکومەت ، گۆڕانکارییەکان تەنها لەهەولێر نەدەبوو ، بەڵکو ڕاستە خۆ ، بەغدادی پایتەختی عێراقیشی دەگرتەوە ، ئەمە لەکاتێکدا لە میدییاکانی خۆیاندا نوێنەرەکانیان بە نوێنەری هەموو کرد دەناساند ، ئەویش تەنها تیۆرێك بوو بۆ هەڵگۆزینی پارە و سامانی نیشتیمان بۆ حیزبەکانیان ، بەڵام لەهەمان میدیادا ، پراکتیکی دەسەڵاتی نیشاندەداین ، لەکاتی ئاڵو گۆڕی حکومەتدا ، پێیان دەگوتینەوە ،ئەوانەی لەبەغدادن ، نوێنەری کورد نین ، بەڵکو نوێنەری دوو پارتی کوردین .
ئەوەی کەچووە ، من بۆ ڕستەکانی خۆم دەیان کەم بە ئەزموون ، دەسەڵاتداران و نوێنەرانی کوردیش ، ئامۆژگاری دەکەم ، گەر دەیانەوێت خزمەت بە ئەمڕۆ بکەن ، ئەزموون بکەن بەسەرمەشقی کار و پلانەکانیان ، گەر وەک جاران پێ بەسەر ئەزموونەکاندا بنێنەوە ، باشتروایە خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورد نەبەنەوە بۆ خاڵی (سفر) لەو جێگایەی کە تووانای چونە پێشەوەیان نیە ، گرێیەکی لێبدەن و بەرپرسیاریەتییەکە ڕادەستی گەنجانی کارامە و ئەکتیڤی وڵاتەکەمان بکەن ، چوون ئەمڕۆ نەوەیەک هەیە تووانا و هێزی لەنەوەکانی دوێنێ باشترە و ... دەکارن سەرکردایەتی وڵات لەئەستۆبگرن .
ئەکرێت بێژم ئەو باهۆزەی لەعەرەب نشینەوە هەڵیکرد ، هەنووکە بەهارەکەی و شەپۆلە هەقیقیەکەی لە کوردستانە ، ئۆپۆزسیۆنی کوردیش هیچی کەمتر نیە لەوەی کە ئەمڕۆ لە تونس و میسر و لیبیا و سوریا هەیە .
مێژوو پێمان دەڵێت : کە هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکەر ناتووانێت ، بەردەوامی هەبێت ، گەر ئاوەڕێک لە مێژووی پێش زاینی بدەینەوەنەوە ، لەم ناوچەیەدا ، هەقیقەتی ئەمڕۆ و سبەینێمان بۆ دەردەکەوێت ، ئمپراتۆریەتی ئاشورییەکان ، ستەمکارترین دەسەڵاتداری ناوچەکە بوون ، لەوکات و سەردەمەدا کە سەرانەیان لە زاگرۆس نشینەکان و بابلییەکان و ...هتد .. دەوروبەری خۆیان وەر دەگرت ، هەر لەوکەتەدا گەلێ گران بوو ، باسی لە ناوچونی ڕەگی لەشکری ئاشور و ئاشورییەکان بکرابایە ، بەڵام سەرنجام باپیرانی نوکەی کورد ڕەگی زوڵم و ستەمیان لەبن دەرهێنا ، دوواتر خۆش بڕووای کورد ، کە ئەوکات (ماد)ەکان بوون ، ئیمپراتۆرێکی مەزنیان لەدەستدا ، ئەمە نمونەیەکبوو لە مێژوو ، لە دووای 2003 ، ناچالاکی سەرانی کورد ، لەبەر بەڵێن و خۆش بڕوواییان بە سەرانی ئەمریکا ، زۆر دەسکەوتی مەزنیان لەدەستدا ، ئەوەی کە هەمیشە بۆ کورد دوبارە دەبێتەوە مێژووە تاڵەکانیەتی ، لەبەر ئەوەی زوو ئەزموون لەبیر دەکات .
بە کورتی ئەوەی ماوە باسی لێوە بکەم ، باهۆز و گەردەلولی گۆڕانکارییەکانە، ناوچەکەدا و ، بەتایبەت ڕۆژ هەڵاتی ناوین ، لە ئێستا و ڕابردودا ، بە گوێرەی کات و سەردەم گۆڕانکارییەکان لەدەسەڵاتەکاندا هە بووە و دەبێت. دیارترینیان مرۆڤێك بوو لە تونسەوە بڵێسەی جەستەی ئەو گەنجە ، دیکتاتۆرەکانی کرد بە سوتوو . کاتێك سەرەتایترین گەردەلولی گۆڕنکارییەکان لە جەستەی محمد بو عزیز هەڵی کرد ، لەو ئان و ساتەدا لە زمانی کەسایەتییە سیاسییەکان باس کردن لە ڕوخانی ڕژێمێکی وەک قەزافی ، یان موبارەک بۆ ئەوان جێگای گومان بوو ، چونکی دەنگی ئەوان هەمان ئاوازی ئەمان بوو . ئەم باهۆزی گۆڕانە کە نووکە ناوچەکەی گرتووەتەوە ، ناو خێڵ و بنەماڵە و پارە و پول نابینێت ، ئەوەی پێشەوایەتی ئەو باهۆزە دەکات ، دەنگی ئازادی خوازانە ، گۆڕانکارییەکانیش بە خێرای تێدەپەڕن ، کاتیش لەبەرژوەندی دیکتاتۆرە لاسار و ملهوڕەکان نیە ؟! ئەوەی کە لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت ، وازهێنانە لە کاوێژی بنەماڵە و خێڵچیەتی و باسکردن لە ڕابردوو ، هەڵبەت کوردستان بەدەر نیە لەو گۆڕانکاریانە ، دەسەڵاتدارەکان ،بەدەر نین ، لەکاوێژی خێڵچییەتی و فرۆشتنەوەی شۆڕش بە ((گەل)) و بەتایبەت نەوەی نوێ .
لە ئێستادا من دەپرسم ، دەسەڵاتدار و نوێنەرانی کورد ، پلانیان چییە بۆ داهاتوو ؟ گارانتی هەیە هەرێمی کوردستان نەبێتەوە بە (شیمال) حبیب ؟ لە گۆڕانکارییەکاندا کورد چی دەست کەوت ؟ چی لەدەستدا ؟ پلانی کورد چیە ؟ کورد تا نوکە پلانی ستراتیجی نەتەوەی هەیە ؟ .. چی ؟ چی کراوە بۆ ئەنفال و کیمیاباران تا دوبارە نەبێتەوە ؟ هێزی پێشمەرگەیان پڕچەککردووە بۆ پێشهاتە نەخوازراوەکان ؟ سەرانی کورد تا نوکە پرس و ڕاوێژ بەسەرانی ئەمریکا دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی گەلی کورد ؟ لە ئێستادا یەک خستنەوەی نێوماڵی کورد زەرورە یان نێوماڵی عەرەبی لەبەغداد ؟ لەم کاتە ناسکەدا هێنانەوەی مەلا کرێکار خزمەت بە ماڵی کوردی دەکات ؟ لەکاتێکدا تەواوی دوژمنانی ئەزمونەکەمان دەست بەسەریدا دێنن ، تاوانبارانی 17ی شوبات کێوچون ؟ نووکە لەهەرێمی کوردستاندا ژیانی سیاسی لە قەیراندایە ، ڕوداوەکان ، گۆڕانکارییەکان ، بە خێرای گوزەر دەکەن ، گەر کورد ماڵی خۆی یەک نەخات ، محاڵە بتووانێت ، بەرگەی شەپۆلێک بگرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست