بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ئێرە سلێمانییە بزانە چی تێدا دەگوزەرێت! (بەشی یەکەم)

Sunday, 09/11/2014, 12:00


ئێرە سلێمانییە: شار بە دار و بەردییەوە هاوار دەکات بیکەنە خاتری مێژووەکەی من هەناسەم بۆ نادرێت، بەرۆکم بەربدەن.
ئێوارەیە بەشەقامە کورت و جنجیاڵاکەی مەولەویدا سەردەکەوم بەرەو مزگەوتی گەورە، ئەو شەقامەی ئۆکسجینی تێدا نەماوە، ئەو شەقامەی جادە قیرەکەی دیار نییە و هەموو شتێک ڕەش دەچێتەوە ، قەرەباڵغی ئەم ناوە لەڕۆژی مەحشەر دەچێت ، دەستفرۆشەکان بەتۆپزی شەقامەکەیان مۆنۆپۆڵ کردوە . تەزبێحفرۆشەکان بیر هەڵکەنەکان ،زێراب دەرەکان کرێکارانی ئەسمەری عەرەب بەڕیشە بۆزەکەیانەوە ، سواڵکەرەکان کە کۆڵێک سوراو و سپیاویان کردوەو لەچکێکیشیان بۆ ڕازی بوونی خێرکەرەکان بەستوە و دەپاڕێنەوە، لەهەموو بەردەم داشقەیەک دەنگێکی ناساز دێت ، یان لەبڵندگۆیەکی تۆمار کردووەوە بانگەوازی فرۆشنی کاڵاکانیان دەکەن ، کاڵاکانیش هەمووی تورکی و ئێرانی و ئیماراتیین.

میوە و سەوزە خۆماڵییەکان دەڵێیت تاپڕی بەرکەوتووە، هەرزان لەو ناوەدا کەوتووە کەس ئاوڕیان لێناداتەوە، ووڵاتێک و شارێک سەوزەی ڕۆژانەش لەووڵاتانەوە بۆ دێت ، جل و بەرگ و قوماش و فەرش و نایلۆن و پێڵاو دەرپێ و گۆرەوی و دەستەسڕەکانیش هەر یەکەیان چیرۆکی کارگەیەکی ئەو دیوو سنورەکانمان بۆ دەگێڕنەوە.

ئێرە ئەو جێگەیەیە کە ژیان تێیدا لە هەڵپەیەکی بێمانا دەچێت تێیدا، هەموو شتێک چڵکنە، هەموو شتێک ناسازە. ناوەکان هەمووی بەتێکشکاوی بەکوردی کراون، ئێوارەیە و لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەوە دەنگی مەلایەک دێ بەعەرەبی بانگ دەدات، بانگەکە ژیانی خەڵکی هیچ ناگۆڕێت ، هەر هەڵپەیە دەکرێ بۆ فرۆشتنی کاڵاکان و ڕێبوارەکانیش چەندین کیسەی نایلۆنیان بەدەستەوەیە و هەر یەکەیان پڕوپاگەندە بۆ کۆمپانیایەک و کۆگایەک دەکەن. لێرە هەموو کەسەکان پەلەیانە و دەیانەوێت بڕۆنەوە بەرەو ماڵەکانیان، ڕیزی ئۆتۆمبێل و تاکسیەکانیش کە بێگڵۆپ داگیرسان وەک ڕەشمارێکی خوار و خێچ دێن و دەچن، گوێکانت پڕ دەبێت لە دەنگی هۆڕنەکان کە بەهەق و ناهەق لێدەدرێت . چەند پۆلیسێکی گوندی لەسەر داشقەی خواردەنەکان سەرگەرمی سک پڕکردنن .
عەرەب ژمارەیان هێندە لەم شەقامەدا زۆرە هەر مەپرسن ، هەربۆیە ئێرە لەگەڕەکێکی چڵکنی قاهیرە ، یان بەغداد دەچێت و ئەوان بێمنەتن بەدەنگی بەرز قسە دەکەن و دزداشەکانی بەریشیان پێمان دەڵێن ئێرەش شارێکە لە نیشتمانی عەرەب، وەک ئەوەی ئێمە ئەنفال نەکرابین و ئەوان نەبوون کە بەعسی بوون و بەر لە ٢٣ساڵ ئەم شارەیان لە کون نابوو . هەمووشمان دەشزانین هیچ کەسێک " بە لوتبەرزی و نەژاد پەرستی لەدایک نابێت". بەڵام ئەم عەرەبانە پێمان دەڵێن کە ئێمە چ گەلێکین و چۆن وەک وەفایەک بۆ گیانی قوربانییەکان ڕێز لەم میوانانە ئەگرین کە نیازیان نییە، بگەڕێنەوەو سبینێ دەبنە عەرەبی ڕەسەن و سلێمانیش دەبێت بە موسڵ و کەرکوکی لەدەست چومان .

هەناری پیاوانە بەتوێکڵەکەیا دیارە" ئەمە دەنگی ئەو پیاوە گوندییە بوو، کە ئەنفال لەجێگەی خۆی هەڵی کەندوە و ئێستا بەنیاز نییە بگەڕێتەوە، خۆی ووتەنی بۆ لێقەومان لەگوندەکەیان خانویان کردوە و شاری پێخۆشە چونکە موچەی بندیواریشی هەیە، خۆی و کوڕ و کچ و هەموو کەسەکانی ژنەکەشی بە ژنی شاخ خانەنشین کراون، ئەو ناگەڕێتەوەو ئێرەی پێخۆشە.

ئەم ئێوارەیە شارم بۆ دەرکەوت لەبەردەم چ نەشتەر گەرییەکدایە! ئەوەی لە غەریبی دێتەوە بۆ شار دەزانێ چۆن ئەم پارتانە ئەم شارەیان بە پەند کردووە، دەسەڵاتە خۆماڵیە دەیەوێت پێمان بڵێت کە مێژوو درۆیە و "مێژوو لەئێمەوە دەست پێدەکات" بۆ نمونە ئەوە "دائیرەی معاریفە" ئێستا ژێرەکەی بووە بەپارکی ئۆتۆمۆبیل و خۆشی بەپەند کراوە بووە بە بازاڕێکی چینی کوردی کە ژمارەی لەچک بەسەرەکان لە ژمارەی کڕیارەکان زۆرترە ، سینەماکانیش وەک سینەمای دڵشاد و ڕەشید بوونەتە بازاڕێکی زەبەلاح و مێژووی ئەم دوو سینەمایەشیان سوتاندوە، سینەما سیروانیش لە غەریب دەچی، نەدەنگی زەنگە گەورەکەی لێدەدات نە فلیمەکانی "دارامەندەر" وەک جاران خۆشی خۆی نەماوە ، دەستفرۆش و منداڵە جوێن فرۆشەکانیش هەموو پیر بوون و کەس نایان بینێت. قوتابخانەی گۆیژە و سەلاحەدینیش بەهەمان شێوە بووە بەبازاڕێکی ناشرین و پیس و چووە بەئاسماندا. بەردەرکی سەراش تەلبەند کراوە بەناوی نۆژەندکردنەوە هەر خەریکن و دەیانویست ئەوێش حەپەلۆش بکەن، بەڵام ١٧ی شوبات ڕێگری کرد لێیان و ئێستا خەریکن نۆژەنی دەکەنەوە.

ماوێتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە