کوردستانی سوریا: نکوڵی بورهان غەلیۆن و کەمتەرخەمی کورد
Thursday, 19/04/2012, 12:00
ئەوە یەکەم هەڵەی بورهان غەلیۆن نییە بەرامبەر کورد، لەپاش هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی سوریا، کاتێ لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١بورهان غەلیۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەنالی دوتشەڤێلی ئەڵمانی؛ کوردی لە سوریا وەک کۆچبەرانی ئاسیاوی فەرەنسا شوبهاند بە نەفەسێکی شۆڤینی کە ئەوەی غەلیۆن بناسێت توشی ڕاتەکانی دەکات. ئێمە بە حوکمی هاوسۆزیمان لەگەڵ شۆڕشی گەلانی سوریا ئەو لێدوانە زۆر ئازاری داین، بەڵام هێندەی نەبرد لە ٢٨/١٠/٢٠١١ بورهان غەلیۆن لە فەیسبوک وئەنتەرنێتەوە لێبوردن نامەیەکی ئاراستەی کورد کرد لەمەڕ لێدوانەکانی کە ئەو وروژانەی ئەو کاتەی کپ کردەوە، هەرچەندە من نیشانەیەکی پرسیاری گەورە لە زیهنمدا لەسەر ئەو پیاوە دروست بوو.
بەڵام هێشتا ئەوەمان لەبیر نەچۆتەوە وسەرەڕای هاتنیشی بۆ کوردستانی عێڕاق کەچی لە چاوپێکەوتنەکەی [ڕوداو] دا لەو مانگەی ئەپڕیلی ٢٠١٢، ئەگەر ڕاست بێت وبەتۆمارکراوی چاوپێکەوتنەکە هەبێت، ئەوە ئەوەی ئەو وتویەتی لە قسەی نوسەرە موخابەراتەکانی ڕژێمی سوریای وەک منذر الموصلی وئەمسالەکانی دەچێت وەک لەوەی لە قسەی ڕۆشنبیرێکی عەلمانی لیبڕال ودیموکراتخواز، کە سەر زمان وبن زمانی مافی مرۆڤ وباسی عەقڵ ودژایەتی کردنی تێڕوانینە نا دیموکراتیک وسەلەفی وئسوڵیەکانە. بورهان غەلیۆن لەو چاوپێکەوتنەدا دەستەواژەو و ناوی (كوردستانی سووریا)ی قبوڵ نییەو دەڵێ "شتێك نییە بەناوی كوردستانی سووریا، ئەمە گواستنەوەی نموونەی عێراقە. .. سەبارەت بەداواكردنی فیدرالی لەلایەن کوردەکانی سوریاوە وتی "كورد نابێ وابەستەی وەهمی فیدراڵی بێ، چونكە سوودی نییەو وا پیشاندەدات كە كورد داوای جیابوونەوە دەكات". هەروەها دەڵێ ئەوان ئامادەنین دوای رووخانی رژێمی بەشاری ئەسەد ئۆتۆنۆمیش بدەنە كورد "ئێمە ئۆتۆنۆمی قبوڵ ناكەین، چونكە هیچ هەرێمێك نییە لەسووریا كە رێژەی 100%ی دانیشتووانی كوردبن"!! کەوابوو نیمچە فەیلەسوفێکی وا بەو شێوەیە قسە بکات بۆ دەبێت ئەتاتۆرک وژەنەڕاڵە کەمالیستەکان وکەمالیستەی ئاینیەکەی ئۆردۆگان وسەدام وحافز ئەسەد مەعزور نەبن لە چەوساندنەوەی کورد دا؟!
من دەمێکە ئاشنایەتیم لەگەڵ بیر وهزری غەلیۆن دا هەیە لەوەتی بۆ یەکەم جار کتێبی [نقد السياسة: الدولة والدين]م خوێندەوە لە لەندەن پێش نزیکەی ٩ ساڵ، بەڕاستی ئەوەی گوێم لێدەبێت لەسەر دەمی ئەو ڕۆشنبیرە [حداثوی] یە لەوەتی هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا مرۆڤ توشی سەرسوڕمانێك وگومانێکی گەورە دەکات لە بورهان غەلیۆن و لە خودی خۆمیش!
سەرسوڕمانی من لەو کەڵە ڕۆشنبیرە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چۆن سیکیولارستێکی ڕادیکاڵی وخاوەنی ئەو ناونیشانە قەبە وزلانەی وەك:
(المسألة الطائفية ومشكلة الأقليات، ثقافة العولمة وعولمة الثقافة، بيان من أجل الديمقراطية، اغتيال العقل، مجتمع النخبة، نقد السياسة: الدولة والدين) کە بەڕاستی هەمووی کتێبی ناوەرۆکدارن بە دەستی ئەکادیمیەکی گەورە وپسپۆر لە بواری سۆسیۆلۆژیای سیاسی لە زانکۆی سۆربۆن - کە لانکی بیری فەلسەفی ودیموکراتیە لە فەرەنسا- نوسراون، توشی سەرسوڕمان دێت، کە ئەو خاوەن چەندین دکتۆرایە بە زارزمانی نایب عەریفێکی وەك [عەلی حەسەن مەجید] قسە دەکات، بەو پەڕی ناهەستیارانەی نەفامانەوە، بەبێ ئەوەی هەست بەو زامە مێژوویە گەورەیەی کورد بکات لە دەستی سیاسەتە بەد وشۆڤێنیستەکانی ڕژێمی بەعسی بۆگەن کە دەگاتە ئاستی قڕتێخستن وجینۆسایدی مەعنەوی، یان بەبێ ئەوەی هەست بە دزێوی لە دەڕبڕینی ئەو قسانە کە هێشتا تەنها ئۆپزسیۆنێکی دەرەکیە ولە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی ناوەوە وچاوپێکەوتنەکان لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ناوەوە سەدان جوێن وتەوهینی پێدەکرێت لەبەر بەد هەڵسوڕاندنی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەستەنبۆڵی وەک ناحەزانی ناوی دەنێن، چونکە بۆ کورد وزۆر کەسانی تریش ساغ بۆتەوە کە ئەو ئەنجومەنی نیشتیمانی یە سەرەڕای بوونی ڕەگی بەعسیزم لە خودی خۆیان تورکیا وئەردۆغانیش دەرسی شۆڤێنیەتی کەمالیزمیان دادەدەن، وکێشەی کوردی سوریایان بۆ کردونەتە خەتی سور. ئەگەر نا چۆن ڕۆشنبیرێکی سێکیولاریستی نیشتیمان پەروەر دەربارەی کورد دەڵێت: " ئەگەر هاتنە ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی چاکە، گەر نەهاتنیش ئەوە چش!!" وەک کوردەکانی سوریا لێیدەگێڕنەوە.
کە گومانیش لە خۆم دەکەم، تۆ بڵێی ئەو بورهان غەلیۆنەی کە من چەند کتێبێک وچەندین وتاریم خوێندۆتەوە هەمان ئەو بورهان غەلیۆنە بێت کە من بەزۆر لە تەرحەکانی سەرسام دەبووم؟! تۆبڵێی وەک فیلمەکەی عادل ئیمام نەبێت کە دوو دەور بوون، ویەکێکیان تا سەر ئێسقان ڕۆشنبیر وناسک وخاوەن بڕوانامەی بەرز وئاشتی خواز وهەقبێژ وئەوی تریان تا سەر ئێسقان لۆتی وشەڕانگێژ وتاوانکار؟!
شتێکی تریش پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە کوردەکانی سوریا نابێت لەبەر چەندین هۆ و هۆکار هەمان ئەزموونی کوردستانی عێراق بگوێزنەوە بۆ کوردستانی سوریا، چونکە نەك هەر غەلیۆن، بەڵکو ئاپۆ [عەبدوڵڵا ئۆجلان] نیش تا دوا ڕۆژی لە ژێر سایەی موخابەراتی سوریا نکولی لە بوونی کوردستانی سوریا دەکرد و زۆر لە لێکۆڵەرە عەرەبەکان گەواهی بە قسەکانی ئەو دەهێننەوە! خالید بەکداشی دامەزرێنەر وسەرۆکی حزبی شیوعی سوری تا مردن بەهەمان شێوە کێشەی کوردی بە دژی یەکێتی خاکی سوریا وجیاوازی نانەوە دادەنا! بەڕای ئێمە شۆکێکی زۆر گەورەیە بۆ جەوی سیاسی گشتی لە سوریا داوای فیدراڵیەت بکەیت، چاکتر وایە هەوڵی زامنکردنی هەقی یەکسانی مرۆیی وفەرهەنگی نێوان کورد وعەرەب زامن بکرێت لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیەکدا چاکترە لەوەی کورد لەو قۆناغە داببڕێت لە شۆڕشی گەلانی سوریا، چونکە ئەو دابڕانە بە قازانجی ئەسەد وڕژێمەکەی کۆتایی دێت کە لە مەرگ زیاتر هێچی پێ نییە بۆ کورد، لە یادیشیان نەچێت کە کوردستانی عێراقیش دروشمە بەراییەکانی لامەرکەزیەت وئۆتۆنۆمی بوو دوایی باسی فیدراڵیەت هاتە ئاراوە.
کورد لە سوریا پێویستی بە کارێکی زۆر هەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی سوریەکان ونوخبەی رۆشنبیر بۆلای خۆیان، چونکە وەك دەردەکەوێت هەتا غەلیۆنیش شارەزاییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر کورد وکێشەکەی، هەرچەندە پیاوی فیکر و قەڵەمە، بەلکو کەڵە شۆڕشگێڕ ومافناسێک کە زۆربەی ژیانی خۆی لە زیندانەکانی بەعسدا بەسەر بردوە [هەیسەم مالح] بە شۆڤێنی ناوی دەبرێت، ، تۆ بڵێی ئەو جەهل وتەجهیلە خەتای کوردیشی تێدا نەبێت؟ ئەگەر نوخبەکانی سوریا وابن ئەی دەبێت مرۆڤە ئاساییەکان بۆچوونیان چۆن چۆنی بێت.؟!
محەمەد هەریری
١٨/٤/٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست