ناڕازیبونمان لە گۆڕاندا.. بۆچی؟
Tuesday, 15/07/2014, 12:00
1349 بینراوە
لەدوای حزباندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبزوتنەوەیەكی جەماوەرییەوە بۆ حزبێكی سیاسی نوێ ی ناتەقلیدی، لەناوەڕاستی ساڵی 2010 دا، بەبانگەشەی ڕون و ئاشكرا بۆ حزبێكی مۆدرن دور لەبنەماكانی: بنەماڵەیی، ناشەفایەت لەبڕیاردان و پەیوەندییە سیاسی و داراییەكان، دێواندنی سەركردەكان، گەوجاندن، تاریكاندن، بازرگانی و ئیحتیكاری حزبی لە بازاڕەكان، گەندەڵیی دارایی و ئیداریی، ناعەدالەتیی كۆمەڵایەتی، ڕیكخستنی چەپ و حزبی ستالینی هەرەمی، میدیای حزبیی، كادری زۆروزەوەندی حزبی موچەو ئیمتیازدار... تاد.
هەر بەزویی و لەدوای ئەو مێژوەوە دیاردەكان دەلالەتیان لەئایندەیەكی تەمومژاوی ئەكرد، دەستەمۆكردن و كۆنترۆڵكردنی تەواوی "بزوتنەوەی گۆڕان" بە خوڵقاندنی ململانێ ی دەستكردی ناتەندروست و نامۆ لەژێر ناوی جیاجیا وەك مللامنێ نەوەكان "كۆن ونوێ"، توێژە مرۆییەكان "گەنج و پیر" دور لەبنەما فیكری و ڕۆشنبیریی و زانستییەكان سەرەتایەك بو، كەبەدوایدا هەموو سەرەتاكانی هاتنە كایەی گۆڕان بەئاڕاستەیەكی پێچەوانە و پاشگەزبونەوە ڕەوتیان ئەكرد، ئەمجارەش مێژوی ئەحزابی تەقلیدی بەئیبداعەوە دوبارەكرایەوە.. تەواوی ئەم پرۆسەیەش لەژێر باڵی تاكڕەوانەی ڕێكخەری گشتی و لەسایەی بڕیارەكانیدا بەڕێوەچوون.. سەیرو سەمەرەش ئەوەیە كە هەندێك دەنگی نامۆ بە"نوێگەری" ئەبیستین، بەئاڕاستەی "بەڵێ بۆ تاكڕەوی".. ئێمەش لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێ كەیەكەمین گروپی ناڕازیبوین و پێشەنگیی ئەو ناڕەزایەتیانەمان كرد و بەئاشكراو بەكردەوە دەنگی "نەو" مان دا بەڕوی ئەو پرۆسەیەدا، بەتایبەت لەگەڵ تەعیینكردنی "جڤاتە نیشتمانییەكە"..
ئێمەو هاوڕێكانیشمان سەربەرزو ئاسودەین، كەهیچمان بۆ خۆمان "وەك تاك" ویست نەبوەو ڕاستگۆ بوین لەگەڵ بڕواو ویژدان و خوداو گۆڕانخوازان و گەلەكەمان.. منەت ناكەین و باجی قورس و گرانمان لەو پێناوەدا بەخشیوە و ئەبەخشین.. دڵنیاین ئێمە باجی ڕاستگۆیی و بۆچونە جیاوازەكانمان ئەدەین، هەربۆیە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە تەواوی گۆڕانخوازان بەوردی ئاگاداری ئەو مەسەلانە بن كەساڵانێكە لەتاریكیدا تێپەڕ ئەكرێن..
لەم نوسینە هەوڵ ئەدەم تیشك بخەمە سەر سەرنج و ڕەخنەكانمان لەچەند ساڵی ڕابردودا .. گرنگە خەڵك بزانێت، ئێمە لەچی ناڕازی بوین؟
"تاكڕەوی لەبڕیاردان"
مەسەلەی بڕیاردان وەك پرۆسەیەكی زانستی، لەبزوتنەوەكەدا بونی نەبووەو نییە. . ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەش لەم فۆرمەی ئێستادا بە "جڤاتە نیشتمانییەكە"شەوە كارتۆنییە.. جگە لەیەك كەس، كەسی ڕێكخەری گشتی بووە، كەسی تر بڕیار بەدەست نەبووە.. واتە ئەزمەی ناوەندی بڕیارو پرۆسەی وەرگرتنی بڕیار قەیرانەو سەركردایەتیكردنی بەكۆمەڵ لەبزوتنەوەوی گۆڕاندا وەهمە.
"شەفافییەت"
شەفافییەت، لەهەمو كەمپەین و موناسەبەیەك ببوە سەرەڕمی كوشندەو بەرامبەر دەسەڵات ئاڕاستە ئەكرا، بەڵام شەفافییەت لەناوخۆی بزوتنەوەكە لەكام كایەدا پەیڕەوكراوە؟ بڕیارە چارەنوسسازەكان؟ ئیدارەدانی ناوخۆیی؟ پەیوەندییە سیاسییەكان؟ دابەشكردنی كارە حزبیەكان؟ كاندید كردن بۆ جومگەكانی دەسەڵات؟ یان لیستە پەرلەمانییەكان؟ لەشەفافییەتی دارایی حزب "جگە لە سلفەی حكومەت" باس لەچ داهاتێكی تر ئەكرێ؟ بەكورتی شەفافییەت لەژێر پرسیاردایە.
"میدیای ئازاد یان میدیای حزب"
كار بۆ ئەوە ئەكرا میدیاكانی كۆمپانیای وشە، جیا لەمیدیا كانی تری حزب ئەركی خۆی ڕاپەڕێنێ، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەست ئەكرا كەكەناڵەكان لەلایەن یەك كەسەوە بەتەنها ئاڕاستە ئەكرێن، لەدواقۆناغدا بوو بەكۆپییەكی زەقی ڕاگەیاندنە حزبییەكانی تر لەكوردستان، تەنانەت دەوری خراپی بینی لەكرداری "دێواندن" ی هەندێك كاراكتەر بەمەبەستێكی دیاریكراو، وای لێهاتبو شەوانە وێنەو ڕیپۆرتینگی كۆبونەوە حزبییەكانیش بەشێك بون لەمەهامەكانی.. ئەوەش پاشگەزبونەوەیەكی زەق بوو لەبنەماكانی میدیای ئازاد!
"ڕێكخستن"
بزوتنەوەكە بەئاشكرا ئیدیعای ئەكرد ڕێكخستنێكی "فەرشی" و نوێ بونیات ئەنێین، بەڵام وا دەرنەچوو! بەویستی شەخسی، ئۆرگانەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە تەواو هەرەمی ڕێكخرانەوە: "ڕێكخەری گشتی، خانەی ڕاپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ئەنجومەنی قەزا، ئەنجومەنی بازنە، بنكەو ناوەندەكانی دەنگدان" یەك لەدوای یەك لە"ی.ن.ك" بەنمونە ئەهێنمەوە بەرامبەر بە "سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسی، كۆمیتەی سەركردایەتی، ئەنجومەنی ناوەندیی، مەڵبەند، كۆمیتە، كەرت و پۆل" دێن!
ژورەكانیش بەهەمان شێوە "توێژینەوەی سیاسی، هەڵبژاردن، دارایی و بەڕێوەبردن، پەیجوری، ڕۆژنامەوانی،و ..تاد" بەرامبەر بەمەكتەبەكانی "ی.ن.ك" دێن وەك "مەڵبەند یان سەنتەری دیراساتی گشتی لێكۆڵینەوەی سترایژی، مەكتەب یان دەزگای هەڵبژاردن، مەكتەبی دارایی و ئیدارە، مەكتەبی ڕێكخستن، مەكتەبی ڕاگەیاندن، و.. تاد". . زۆربەی ژورەكانیش مەخابن لەسكرتاریەتێك یان ڕاوێژكارییەك زیاتر نەبون بۆ ڕێكخەری گشتی.. زۆربەشیان خەڵكی شیاو نەبون بۆ ئەوپۆستانە كەئەبو خەڵكی تەكنۆكرات و موختەێ بن بەپێ ی مەهامەكانیان بەڵام "پارێزەر" بۆ "دارایی" و "زمانەوان" بۆ "ئابوری" و ..تاد دانران. پرسیار ئەوەیە : نوێگەری لەكوێدایە؟
بنكەی ڕێكخستن بەبێ موبالەغە زیاتر لەتەجەموعاتی بەشەری ئەچون وەك لەوەی ئۆرگانی ڕێكخستنێكی فەرشی بن، بنەماش بۆ ئیستیقگابكردن زیاتر خزمایەتی و تەبەعییەت بون، مەبەست لێیان سەرخستنی هەندێك كاراكتەر و هەڵسوڕاو بون بۆ بەرپرسیارێتیی لەو ئۆرگانانە.
"ڕێكخراوە پیشەییەكان وڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی"
خاڵی لاوازی ئەو ڕێكخراوانە بەحزبیكردنیان بوو، كەهەیمەنەی یەكێتی و پارتییان لەسەر بوو، هەندێكیشیان دوكەرت كرابون وەك دوو ئیدارەكە.. بەڵام گۆڕان بۆ چنینەوەی دەنگە خۆڵەمێشییەكان، دیسانەوە بەرامبەر زۆربەیان ڕایەڵەی پێكهێنا وەك " ڕایەڵەی مامۆستایان، ڕایەڵەی پزیشكان یان تەندروستكاران، ڕایەڵەیی پارێزەران، ڕایەڵەی ئەندازیاران".. هەریەك لەوانە بەرامبەر ڕێكخراوەكانی "مامۆستیان، سەندیكای پزیشكان و سەندیكای تەندروستی، سەندیكای پارێزەران، سەندیكای ئەندازیاران" بوون ، دواتریش ناچار بو لیست و كاندیدی حزبییش ناوكێش بكات بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەو ڕێكخراوانە... ئەم خاڵە بەڕای من خاڵی بنەڕەتی وەرچەرخان بو بەئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ دواوە!
"دەستوەردان و سەرمایەگوزاریی حزبیی لەبازاڕدا"
هۆكارێكی گرنگ بۆ داتەپینی ئابوری و بازاڕ لەكوردستان، دەستوەردان و سەرمایەگوزاری حزب و ئیحتكاركردنی كۆمپانیاكانی حزب بون لەبازاڕدا، لەهەردوو زۆنەكە، بەڵام هەر زو دەنگۆی سوپەرماركێت و كارگەی چیمەنتۆو ئەملاك و پیاوانی وەسیگ لەنێوان بەڵێندەران و پیاوانی سەرمایە لەكوردستان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ڕیز كران.. كەتا ئێستا بەموبهەمین و كەس پرسیاریان لێوە ناكات.. ئەوەش سەرەتای بارگاوی بونە بەبەرژەوەندییەكان.
"گەنجان" و "ژنان"
گەنجان بەهەردو ڕەگەزەكەوە لەسەرەتای پێكهێنانی لیستی گۆڕانەوە، بەهێزو تەوژمێكی سەرنجڕاكێشەوە پاڵپشتی لیستەكەیان كردو پاش سزادراوە سیاسییەكان ئەوان قەڵغان و سەنگەری یەكەم بون، كەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و لێدان و ڕاوەدونان، بەڵام بزوتنەوەكە پاش 25/7 و بردنەوەی 25 كورسی، ئیتر چالاكترین و بەجورئەتترینی ئەو گەنجانەی خستە پەراوێزەوە، لەهەنگاوەكانی یەكەمی ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەدا ئیتر تەرە كران، بەپێچەوانەوە كاراكتەرە بێپێزەكان لەشوێنیان زەقكرانەوە..
توێژی ژنان دوو جار پەراوێزخراون لەم پرۆسەیەدا، جارێك وەك گەنجان، دوهەم جاریش وەك كاراكتەری ژن كەبەشدارییان پێ نەئەكرا لەبڕیاردان لەسایەی نەبونی ناوەندی فەرمی ڕێكخراوەیی بۆ بڕیاردان، ئێستا لاوازی ئەو دو توێژە "گەنجان، ژنان" لەناو خودی بزوتنەوەكە هۆكارێكی گرنگی لاوازی بزوتنەوەكەیە...!! "هەڵبەت لەدیدی من گەنج بەمانا فیزیكیكە نیەو گەنج لەلای من ئەو كاراكتەرە چالاكەیە كە لەبیركردنەوەدا گەنجانە بێت، نەك لەجەستەدا"، داهێنەرو یاخی بێت نە ك چاولێكەرو كۆیلە.
"پەروەردەكردن و ئامادەكردنی هەڵسوڕاوان"
گەشەپێدانی مرۆیی یان "پەروەردەكردنی هەڵسوڕاوی گۆڕانخواز"و ئامادەكردنیان بۆ قۆناغەكانی دوایی، زۆر جێ ی تێڕامانە كە بەهیچ شێوەیەك كاری لەسەر نەكرا، باسكردن لەم پرۆسەیە زۆر بەچاوێكی گومان و لاسایی كردنەوەی حزبە كۆنەكانەوە سەیر ئەكراو بەدۆگمابون لەقەڵەم ئەدرا، بەڵام دەركەوت ئەوە كەموكورتیی بزوتنەوەكەبو كەنەیتوانی گۆڕانخوازی قاڵبو و كارا ئامادەبكات، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەی گۆڕانكاریی لەهەرێمەكە، ڕاستاندنی ئەم مەسەلەیەش لاوازیی كاراكتەرەكانی گۆڕانە لەناوەندەكانی دەسەڵات و حوكمداری لەم قۆناغە كەزۆر بەرچاوە!
بەدیۆێكی تریشدا ئەو هەلەی بۆ گۆڕان لەبەردەست بوو لەگەڵ پێكهێنانی لیستی گۆڕان ، بەهاتنە ناوەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لەگەنجان و چالاكانی سیاسی و ئیداری بەئەزمون لەبوارە جیاجیاكان لەپارتە سیاسیەكانی ترەوە، بەتایبەت باڵی ڕیفۆرم، بۆ هیچ پارت و بزوتنەوەیەكی سیاسی لەم هەرێمە هەڵنەكەوتبو، كەسەرمایەی بنیاتنانی پارتێكی كاراو تۆكمە بون، بەڵام بێمنەتی و تەعامولێكی نادروست و دور لەمەنتیقی بزوتنەوەكە بەرامبەریان، ئەو هەلەی بۆ هەتا هەتایە لەدەست دا! زۆربەی ئەوانەش كەناوی دیارو ناسراوبون ئێستا لەدەرەوەی گۆڕانن.
هەڵسوڕاو، ئێستا لەسەر زەمینی واقیع تەنها ئەبێ ڕۆبۆتێك بێ بۆ جێبەجێكردن، لەهەڵبژاردن و دەنگدانە ناوخۆیی و گشتییەكان و ئیستیعرازە سیاسییەكاندا "ئەندەر كۆڵ" بێت، ئیرادەی ناوێ!.
"بێمنەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بەهەڵسوڕاوەكانی"
ئەم خاڵە، بەتەواوی خەسڵەتی بزوتنەوەكەیە، ئەم حاڵەتە لەسەری بزوتنەوەكەوە كەڕێكخەری گشتییەتی كراوەتە دیاردە، بۆتە پەند كەئەڵێن "گۆڕان بێمنتە بەرامبەر بەهەڵسوڕاوەكانی"، تەنها وشەیەكی "نەو" بەسە بۆ كەنارخستن و لادان و سفركردنەوەی هەڵسوڕاو، ئەو "نەو"ە كەم كەس ئەتوانێ دەریبڕێ و دژ بەئاڕاستەی شەپۆلەكان مەلە بكات.. ئەوانەی خاوەنی ئەم وشەیەبن لەناو بزوتنەوەكە، پاڵەوانن.. هەڵسوڕاو نابێ موناقەشە بكات تەنها جێ بەجێ ئەكات.. لەبنەما سەربازییەكانی سوپادا ئەوترێ ئەفسەرو پلەدار فەرمان جێ بەجێ ئەكەن دواتر موناقەشەی ئەكەن، لەگۆڕاندا موناقەشەكردنیشی تیا نیە.. گۆڕان لەپاش سەركەوتنی لیستەكەی، بەبێمنەتی و تەهمیشكردن، سەدان هەڵوسڕاوی كارای خۆی كوشت، بەڵام "كوشتنێكی مەعنەوی".. هاوڕێیەكمان جوانی وتبو "شۆڕشەكان دوای سەركەوتن شۆڕشگێڕەكانیان ئەكوژن ولەناویان ئەبەن".. گۆڕانیش ئەیانكاتە پشت تەلبەنی گردەكەو لەناویان ئەبات، بەڵام مەعنەوییانە ..!!
25/7 چەند هەزار كەس سزادران لەسەر ئینتیما و دەنگدان بۆ گۆڕان، چەندین خێزان سەرچاوەی داهات و دارایی و وەزیفەیان وشك كرا بۆ ماوەی زیاتر لەدوو ساڵ ، هەندێكیشیان تا ئەم چركەساتە كەگۆڕان دەسەڵاتدارە، هەر لەژێر سزادا ژیان گوزەر ئەكەن، كێ بینی، كێ بیستی؟ لەڕێكخەری گشتی تا ئەندامێكی جڤاتەكە، لەموناسەبەیەكدا، سوپاس و تەقدیری ئەو بەرخودانەی ئەو خێزانانە بكات.. كەبەدڵنیایەوە تەنها تەقدیرێكی مەعنەویی ئەبو كەنەیانكردو بێمنەت بون!.
لەلایەكی ترەوە، زۆربەی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت لەگەرمیان، گۆڕان سەركەوتنی لیستەكەی بەدەیان هەزار دەنگی ئەو ناوچە ئەنفالكراوانە بەدەستهێنا، كەخاوەن سەدان هەزار شەهیدی ئەنفال و هەزاران شەهیدی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیین، بۆ بانگەشەو دەنگ چنینەوەو موزایەدەكردن لەهەڵمەتەكانی بانگەشەدا ناوبەناو ئەكرانە مادەی ئیعلامی، بەڵام كێ بیستی، كێ بینی؟ بەیەك وشە لەكۆنگرە ئیستیعرازییەكەی هەولێردا ناوی شەهیدان یان ئەنفال ببرێ؟ بیانوش تەنها دەرچون بوو لەتەقلید..
چیتر ناكرێ بزوتنەوەی گۆڕان بەم ئاستە لەهەمومان بێمنەت بێ.
"كۆنگرە"
كۆنگرەی هەولێر، لەو ئان وساتەدا، جگە لەمیهرەجانێك و نمایشێكی سیاسی شتێكی تر نەبو، بەداخەوە. كۆنگرە ئەبو شوێنی یەكخستنی مینبەرەكان بوایە، پرۆژەی بەدیلی لێ قبوڵ بكرایە، نەك تەنها پرۆژەیەك كەپرۆژەی رێكخەری گشتی بێت، ئالیەتی موناقەشەكردنەكانیش سەرەتایی و فەوزاوی بون، سێكتەرو دیبەیتەكانیش لەهۆڵی لەیەك دابڕاودابون و لەیەك مەودای زەمەنی 48 كاتژمێرییدا تێپەڕكران.. هیچ بوارو كەناڵێك بۆ بیرو بۆچونی جیاواز ڕێگەی پێ نەدرا، كەڕێزگرتن لەبیروبۆچونی ئازاد و دیالۆگ گۆڕان و پێشڤەچون ئەخوڵقێنێ، كۆنگرە تەنها بەڵێ و بەیعەت بو بەو پرۆژەیە، بەسەرەتایەكی خراپمان زانی و پێشبینیكراو بو لامان، ئێمەش بایكۆتمان كرد.
بەداخەوە كۆنگرەی تەئسیسی گۆڕان لێكترازانەكانی فراوانترو زەقترو گەورەتر كرد، ئەوانەش كە ڕەخنەیان لەكۆنگرەكەو ئالییەت و بەرنامەكەی گرت بەكۆنەپارێزو دواكەوتو درانە قەڵەم.!
بەڕای من بەرنامەو پێڕەوی زۆربەی پارتە سیاسیە كوردیەكان جوان وپەسەندن، بەڵام تەنها مەرەكەبی سەر لاپەڕەكانیان زیاتر نین، كاریان پێناكرێ! ئەوەش كرۆكی فەسادە لەكایەی ئەحزابی سیاسی و ڕەنگدانەوە خراپەكانیشی لەكایەكانی دەسەڵاتدا لەم وڵاتە نەخشی ئەبێ.
"جڤاتە نیشتمانییەكە"
جڤاتی نیشتمانی، وەك سەرەتا باسی لێكرا كەناوەندی بڕیاردان ئەبێ لەناو گۆڕان، بەڵام ئەویش وا دەرنەچو، ئەوەی ئاگای لەبڕیاردان و ئیدارەدانی بزوتنەوەكە نەبێ جڤاتی نیشتمانییە.
جڤاتەكە سەرەتا بەشێوازێكی كتوپڕ ڕاگەیەندرا، كەزۆربەی ئەندامانی جڤات لەو كۆبونەوەیە زانیان كەئەندامی جڤاتن و لەئۆرگانی سەركردایەتیكردنن!، جڤات نزیكەی سێیەكی تەعیین كراون "لەسەرەوە"، لەوانە ڕێكخەری هەندێك لەژورەكانی تێدایە كەبەرامبەر بەعەقدێك و بەموچەیەك دانرابون بۆ بەڕێوەبردنی ژورێك و هیچ ئەزمونێكی سیاسیان نەبو، بەڵام لەشەوو ڕۆژێكدا كرانە سەركردەی بزوتنەوەكە، ئیتر لێرەوە جڤات بێ هەیبەت كرا، بەكردەوە بەشدار نەكرا لەبڕیاردان ، هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاو باژێڕڤانەكان دوبارەش كرانەوە بۆ تێپەڕاندن، بەڵام جڤات هەر جڤاتێكی بێ ڕۆح بوو.
"ژورە تاریكەكان"
یەكێك لەئامانجە سەرەتاییەكانمان، نەهێشتنی بڕیاری نێو ژورە تاریكەكان بو، كەزۆر مەسەلەی ژیاریی خەڵك و خاك بونە قوربانی دەستی سیاسەتی ناو ژورەتاریكەكان، بەڵام بەداخەوە هەر زوو ئەو حاڵەتە لەسیاسەتی دەرەوەی بزوتنەوەكە سەری هەڵداو چەند بارە كرایەوە، بەنمونەی كۆبونەوە دوقۆڵییەكان، كەتا ئێستا هیچیان لەبارەوە نادركێنرێ، بێدەنگی زۆربەی كاربەدەستانی ناو بزوتنەوەكە، ڕێگەی بۆ بەردەوامی "تاریكاندن" خۆش كردوە.
"مەحسوبییەت"
مەحسوبیەت بۆتە دیاردە، بەتەواوی لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتی و ناوخۆییەكانی ناوگۆڕان زەق ئەبێتەوە، ئەمجارەش ئەگەر دیققەت لەو ناوانە بدەین كەبۆ پۆستە باڵاكان دیاری ئەكرێن، ئاشكرایەو مەحسوبیەتیان پێوە ئەبینین! ئەم خاڵە یەكسانیی و ڕەخساندنی دەرەفەتی یەكسان بۆ كاندیدو ركابەرەكان لەمونافەسەدا ئەخاتە ژێر پرسیار، كەبنەمایەكە بو پاڵاوتن و دانانی كەسانی شیاو لەشوێنی شیاو.
بەكورتی.. "ئۆ كەی" یەكەی سەرەوە كەبنەمای مەحسوبیەتە، زامنی سەرخستنی تاكەكانە بۆ جومگەكانی حزب و حكومەت، ئەوەش لەئایندەدا گۆڕان بەدەردی ئەو حزبانە ئەبات كەئێستا كەوتونەتە "فی خبر كان".
"چونە دەسەڵات"
هەمو هاوڕاین، بۆ هەمو پارت و بزوتنەوە بەرهەڵستكارەكان دوا قۆناغ "قۆناغی گرتنەدەستی دەسەڵاتە"، بەڵام كام دەسەڵات؟ دەسەڵات لەژێر باڵی پارتی، یان یەكێتی؟ یان سیستمێكی دیموكرات لەسەر بنەمای هاونیشتمانی بون، لەنیشتمانێكدا خاكی كراوەو ئازاد بێت بەڕوی هەموان یان پاوانكراو بەزۆنەكان "سەوزو زەرد"!؟ بەشداریكردن یان شەریكایەتی؟ چونە دەسەڵات یان گرتنە دەستی دەسەڵات؟ دەسەڵاتداری یان بێدەسەڵاتی؟
گۆڕان ئەمجارە تەواو نەفەس كورت بوو، بەسانایی چوە ژێر باری دەسەڵاتێك كەلێوان لێوە لەناڕازیبونی خەڵك، ناشەفافیەت، هەیمەنەی بنەماڵەكان و هەیمەنەی حزبی و تا بینەقاقا نوقم بو لەقەیراندا، ئەپرسین.. كام لەم وەزارەتانە گۆڕانكاری پێ ئەكرێ؟ دارایی بەچەندین ملیار دۆلار كورتهێنانەوە، بەقاێەی بەتاڵ و قەرزێكی زۆرەوە، داراییەك بەبێ حساباتی خاڵە سنورییەكان، بەبێ حساباتی داهاتەكانی نەوت؟ "وەزارەتی پێشمەرگە" لەسایەی دوو لەشكری تەواو جودا و ناكۆكی حزبی، مەگەر حەقیبەی وەزارەتێك بێت "بەبێ پێشمەرگە".. بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.. كام بازرگانی؟ كام پیشەسازی؟ وەزارەتێك بەناوی ئەوقاف لەگەڵ حورمەتم، ئیێلاح لەكوێی ئەم وەزراتەدا بەرنامە ڕێژی ئەكەن؟ بۆیە بەبڕوای من ئەم وەزیرانەی بزوتنەوەكە "لەگەڵ ڕێزم"، تەنها گۆڕانێك كەبۆیان بكرێت، گۆڕینی ئۆفیسەكانیان ئەبێ!.
ئالیەتی دانانی ئەو كاراكتەرانە، لای ئێمە سەیرە! لەبەر دانانەكەیان نا لەلایەن تاكەكەس، بەڵكو لەبەر دو هۆكار: یەكەمیان ئەوەیە بواری پسپۆڕییان شیاو و گونجاو نین بۆ مەهامەكانیان لەگەڵ ڕێزمان بۆ ئەو هاوڕێیانە، دوهەمیان بەهەمان شێوەی پارتەكانی دەسەڵات كەئەندامانی مەكتەبی سیاسیان بۆ ئەو پۆستانە دیاری ئەكرد بەبیانوی ئەوەی پۆستی سیادین، بەهەمان شێوە سەرجەم وەزیرەكانی گۆڕان كەبەشدارن لەكابینەی هەشت "ئەندامی جڤات"ەكەن!. ئایا ئەمە تەقلید نیە؟
"نەبونی ئایدیایەكی ڕون"
یەكێك لەگرفتەكان لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەكە، مەسەلەی ئایدۆلۆجیا بوو، ئێستا ئەو تێكەڵەیە لەعیلمانیەت و ئیخوانیەت و ئیسلامی و نەتەوەیی و چەپەكان، قەیران ئەخولقێنێ، بیركردنەوە بەچەمكی نەتەوەیی یان چەپگەری مایەی ڕەخنە ئەبێت، بەچەمكی عیلمانیش قبوڵ ناكرێ، بەبیانوی ڕەنجاندنی ئیسلامییەكان و تەرەبونی دەنگەكانیان، پرسیاری مەنتیقی ئەوەیە: بۆ مەسەلەكانی چاكسازی لەبواری مافەكانی "ژنان، ئەحوالی شەخسی" كام فەلسەفەو بیر ئەكرێتە بنەما؟ فەلسەفەی عیلمانیەكان و مافەمانی مرۆڤ؟ یان شەریعەتی ئیسلام؟ بۆ چاكسازی ئابوری، بنەمای تێڕوانین بۆ ئابوری وڵات چەمكی ئابوری سەرمایەداریی و یاساكانیەتی؟ یان چەمكی سۆسیالیزم؟ بۆ چاكسازی سیاسی، بنەمای دەوڵەتداری دیموكراتی و عیلمانیەتە؟ یان حوكمی شەریعەتی ئیسلام و خەلافەت؟ كاراكتەرەكانی گۆڕان لەحكومەت و پەرلەمان لەسەر چ بنەمایەك كار ئەكەن؟ ئەكرێ هەركەس بۆ خۆی بێت؟! چەمكی "نیشتمایی"بونیش ئەكرێ لەسەر ئاستی وڵاتێك و نیشتمانێك هەندێك كۆدەنگی لەسەر بێ بۆ هەندێك مەسەلەی دیاریكراو، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی حزبێكی سیاسی یان بزوتنەوەیەك وەك گۆڕان، مەحاڵە بەئاسانی و بێ گرفت گوزەر بكات و كۆدەنگ بین لەسەری .
بۆیە نەبونی ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەی گۆڕان، بۆشایی گەورە لەنێوان تێڕوانینەكان ئەخوڵقێنێ.
ئەوەی لەم نوسینە نیشانەم پێدا، مشتێك بون لەو هۆكارانەی ناڕەزایەتییەكانی ئێمە سەرچاوەیان لێوە گرت.. هاوڕێیانمان بەئەزمون بون و بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە هەر لەسەرەتاوە مامەڵەیان كرد، دور بوین لەدەستەگەری و مەحسوبیەت بۆ ئەم و ئەو، هەمو ئالییەتەكانی ناڕازیبونمان گرتە بەر، لەداواكردن بۆ كۆبونەوە، بایكۆتی كۆبونەوە، نامەنوسین و چەند یاداشتێكی چڕوپڕو، كۆبونەوەی داخراو و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕێكخەری گشتی، بایكۆتی هەڵبژاردنە ناوخۆیی و كۆنفراسە محەلییەكان، دواتریش كۆنگرە، دواهەمین قۆناغیش بووە نوسین بەوتارو بابەتی ڕۆژنامەوانی، بەڵام بەبێ هیچ ئەنجام و وەڵامێك، جگە لە"بێمنەتی".
ماوەتەوە بڵێین هاوڕێیانی ناڕازی و ڕەخنەگرەكانمان لەم گروپە پێشەنگەدا كێبون؟ بێگومان هەریەكەیان لەنمونەی هەڵسوڕاوی چالاك و قیادی و هوشیاربون، هیچیان خاوەنی ڕابردو فایلی پیس و گەندەڵی نەبون، خاوەنی كۆمپانیاو باخ و ڤێللاو بەرژەوەندی شەخسی و هاوبەش نەبون، لەهەڵپەی پۆست و پلەو پایە نەبون، ، كاڵای فرۆشتن و سەوداو "نرخ لەسەر دانراو" نەبون.. پێچەوانە، خاوەنی بیری تیژو ڕابردوی پڕ سەروەری و خوێندەوارو هەڵگری بڕوانامەو زمان زان بون ، بەڵام هوشیارو یاخی و ناڕازیبون، خۆ نەویست بون...
گرنگە سوپاسی هەمو ئەو كەسانەش بكەین كەبێئاگایانە، بەزمانی زبرو نابەجێ و تۆمەتی خۆفرۆشی ودەستی دەرەكی و بەرژەوەندی "لایەنێكی دیاریكراو"، وەڵامیان ئەداینەوە چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەگردەكەوە، یان ناڕاستەوخۆو بەدەمامكەوە لەمیدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئێمە ئەوە بەبۆچونی تایبەتی خۆیان ئەزانین و ڕێزیان لێ ئەگرین.. ئاشكرایە تەنها شتێك بزوتنەوەكە كاری لەسەر نەكردبێ تائەمڕۆ "پەروەردەكردنی هەڵسوڕاوەكانیەتی"، جێ ی ئەسەفە كەتەنها "ڕۆبۆت"ی بەرهەم هێناوە، ڕونەو بێ ئیرادە هەڵئەسوڕێن.!
ئێمە چاوەڕوانی زەمەن بوین، كە ئەمڕۆ زۆر لەوانەی بەرەنگارمان ئەبونەوە ئێستا لایان ڕونە، بۆچی ناڕازیبوین، دڵنیاین ئەوانەش كەهێشتا بە گومانەوە لێمان ئەڕوانن، ڕۆژێك دێ ئەوانیش تێبگەن.
جێ ی خۆشیەتی ئەوپەندە ئەغریقییە كۆنە وەك هۆشدارییەك بۆ گۆڕانخوازان و ئایندەی ڕێكخراوەكە بهێنینەوە، كەئەڵێ:
"قەڵاكان مرۆڤەكان دروستیان ئەكەن، بەڵام زەمەن ئەیانڕوخێنێ".
ئامانج شێخ نوری
1 ی تەمموزی 2014
"پرۆفایل"
ئامانج شێخ نوری
لەدایك بوی، 1968 سلێمانی.
بڕوانامە، بكالۆریۆس ئامار لەزانكۆی موسڵ 1990.
زمانزانی، عەرەبی و ئینگلیزی.
پیشە، ئابوریناس و چالاكی سیاسی.
كاری سیاسی، 1983 تا 2009 كادری یەكێتی ، 2009 هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان، 2010 كاندید بوە بۆ پەرلەمانی عیراق و لەدەستەی دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە.
***