قوربانییەکی تاوانبارکراو
Sunday, 13/01/2013, 12:00
رۆژی چوارشهممە ڕێکەوتی 09/01/2013 بە یەکێک لە ڕۆژە تراژیدیەکان دادەنرێت لە دیرۆکی کورداندا ، لەو ڕۆژەدا دەستی دوژمنان بە خوێکی سێ ژنە تێکۆشەری کورد (سەکینە جانسز"سارا" فیدان دۆغان"ڕۆژبین" - لەیلا سۆیلەمز"ڕۆناهی") ڕەنگین کرا ، دڵتەزێنی ئەم ڕووداوە هاوشێوەی دڵتەزێنی تەواوی ئەو کۆمەڵکوژیانەی ڕابردووە کە نەتەوەکەمان دووچاری هاتووە بە دەستی داگیرکەران و دوژمنانەوە .
گومان لەوەدا نییە کە دوژمنان ناتوانن بەبێ هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری نێونەتەوەیی تراژیدیایەکی وەها مەزن ئەنجام بدەن لە پایتەختێکی ئەوروپی وەکو پاریسدا ، وەکو چۆن لە ڕابردووشدا بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریە نێونەتەوەیەکان توانرا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ڕادەستی سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەمان بکرێتەوە و دکتۆر قاسملوش بخرێتە داوی کۆمەڵە ڕەشەکوژێک لەسەر مێزی وتووێژ .
بۆچی لەم کاتەدا ئەم تراژیدیایە ؟
هەر کاتێک کوردان هەنگاوێک پێش دەکەون و چارەسەریەکان ڕوو لە ئاسانی دەکەن ڕێک لەو کاتەدا پیلانەکانیش ڕوو لە زیادی دەکەن ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەرژەوەندی هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا نییە و هەمیشە هەوڵی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە دەدەن .
بۆ نموونە لە ساڵی 2003دا ، کاتێک عێراق داگیرکرا و هیچ ئاستەنگیەک لەسەر ڕێگەی کوردان نەما بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، ڕێک لەو کاتەدا ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان ئەوە بوو کە هەم بە دەستی سەرانی کورد"بازرگانانی خوێن" هەوڵی سازدانەوەی ماڵی داگیرکەر بدەن و هەم لە ڕێگەی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستانەی عەرەبییەوە هەوڵی پاکتاوکردنی نەژادی کوردان بدەن لە پارێزگاکانی "نەینەوا و کەرکوک و دیالە و بەغدا" ، ئەم پاکتاوکاریە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرا کە عێراق خۆی داگیرکراو بوو و هیچ تروسکاییەکی ڕزگاریش بۆ ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستییەی عەرەبی لە ئارادا نەبوو .
لە سوریای ئیمڕۆشدا ئیخوان الموسلمینی بەگرێگیراو و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان کە هەر پەلەیان بە دەست هێزێکی دەرەکیەوەیە و ڕۆژانەش دووچاری ڕاونان و شپرزەیی دەبن بە دەست ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی ئەسەدەوە کەچی بۆ مەرامی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ یەک چرکە سات چاو لە ڕشتنی خوێنی کوردان لانادەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر کوردان و تیرۆرکردنی کوردانیان کردۆتە سونەتی ژیان .
ئێستاش لە پاش مانگرتنە 68 ڕۆژیەکەی زیندانیە سیاسیەکانی باکووری کوردستان لە لایەک و سەرکەوتنە کەم وێنەکانی گەریلا لە ناوچەکانی شەمزینان لە لایەکی دیکەوە ، دوژمن ناچارکرا کە ڕێگەی ئیمراڵی بگرێتە بەر بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەری ، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجام دەدرێت . کە هیچ گومانم لەوەدا نیە ئەم کۆمەڵکوژییە بە دەستی داگیرکەران و ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان بووە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە .
دووبارە بوونەوەی مێژوو :-
میکاڤیلی دەڵێت [ بۆ سەرکەوتنی پیلانەکەت ، تاوانەکانی خۆت بخە ئەستۆی دوژمنەکەت ] .
لە 27/2/ 1995دا بە پیلانێکی لە پێشدا ئامادەکراو کۆمەڵکوژیەک لە شاری زاخۆ ئەنجامدرا لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ، ئەوەی لەو کۆمەڵکوژیەدا کرایە ئامانج "سندی"یە زەحمەتکێشەکانی شاری زاخۆ بوون "کە نەیاری تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوون" ، کەچی یەک سەعات بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا دەرباز نەببوو کە ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و پارتی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان خستە ئەستۆی سندیەکان (واتە قوربانی ئەو ڕووداوە سندیەکان بوون و ئەوەی تاوانباریش کرا بەو ڕووداوە هەر سندیەکان بوون) ، بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەشەوە سەدان سڤیلی دیکەی سندیەکان کرانە ئامانج و لەلایەن تورکیا و پارتیەوە گیران و کۆمەڵکوژ کران ، تاوانبارکردنەکەش بە دروستکردنی شانۆگەریەک بوو (بە هێنانە سەر تەلەفزیۆنی دوو کەس کە هەردووکیان پاراستنی پارتی بوون و ڕایانگەیاند کە ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە) ، ئەو دوو کەسەش لە جیاتی ئەوەی بگیرێن و بدرێنە دادگا کەچی لە لایەن خودی بارزانیەوە ڕەوانەی وڵاتی کەنەدا کران . پاش ماوەیەک دەرکەوت کە ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەنجامداوە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو بە هاوکاری میتی تورک ، هەم بۆ کوشتنی سندیە نەیارەکانیان و هەم بۆ ناشیرینکردن و تۆمەتبارکردنیشیان .
ئێستاش بە تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە تراژیدیایەکی هێجگار مەزن ئەنجام دراوە دژ بە تەواوی نەتەوەی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی ، کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە یەک سەعات بەسەر تراژیدیەکەدا دەرباز نەببوو کە راگەیاندنەکانی دەولەتی تورک بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک ڕاگەیاندنی ئەوروپی و کۆمەڵێک کوردی کاسەلێس و نۆکەر سیفەتیش هەمان ڕاگەیاندنیان وەک خۆی دووبارە کردەوە (واتە ئەوەی کرایە ئامانج پکک بوو ، ئەوەی هەوڵی تاوانبارکردن و ناوزڕاندنیشی دەدرێت هەر پەکەکەیە) .
لێرەدا گلەیی و گازندە لە داگیرکەر و هێزە ئیمپریالیستیەکان ناکرێت جونکە ئەوانە ئاشکران کە چ پیلانێکی کوشندە و ژەهراویان لەژێر سەردایە دژ بە نەتەوەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان ، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەو کۆمەڵە کوردە خۆفرۆش و نیشتیمانفرۆشەیە کە تووتی ئاسا لێدوانەکانی دوژمنان دووبارە دەکەنەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک ، زۆربەی ئەو کوردە خۆفرۆشانەش لەلایەن هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیەوە گۆش دەکرێن و دەخرێنە خزمەتی داگیرکەران .
سەرنج و تێبینی :-
نووسەری ئەم بابەتە هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ هیچ ئاین و مەزهەبێکدا نییە ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە هەموو نەتەوە مسوڵمانەکاندا هێزە ئیسلامیەکان دەکەونە خزمەتی نەتەوەکەیان و ئاینیش وەکو وەسیلەیەک بەکار دەهێنن بۆ ئامانجە نەتەوایەتیەکانیان ، کەچی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ڕێک ڕەوشەکە پێچەوانەیە ، واتە هێزە ئیسلامیە بەناو کوردیەکان هەمیشە هەوڵیان داوە کە کورد بکەنە وەسیلەیەک و بیانخەنە خزمەتی داگیرکەرانەوە .
تا ئەو ڕۆژەی سەدام و حیزبی بەعس برەویان هەبوو ئەوا کێشی فایلی هەر یەک لە سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە کێشی خودی خۆیان زیاتر بوو ، لە دوای گۆڕکرانی سەدام و بەعسیەکانیش قیبلەی ئەم سەرکردە فایلدارانە لە بەغداوە گۆڕدرا بۆ تاران و بە پۆل پێشمەرگەی لایەنە ڕۆژهەلاتیەکانیان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکردەوە بۆ بەر پەتی سێدارە ، ئێستاش بەهۆی دابڕانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان قیبلەی لایەنە ئیسلامیە بەناو کوردیەکان لە تارانەوە گۆڕدراوە بۆ ئەنقەرە و دەوحە . لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە خلیجیەکان چ داردەستێکی ئەمریکا و هێزە ئیمپریالیستیەکانن .
بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە :-
http://rudaw.net/kurdish/index.php?news=19890 http://www.youtube.com/watch?v=MQrubXmM6SY http://so.firatnews.com/index.php?rupel=nuce&nuceID=10128
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست