دیاردەی دەوڵەتی کوردیی و کارەساتێکی مرۆیی!؟
Friday, 20/06/2014, 12:00
1900 بینراوە
لە پیرۆزترین جەنگیشدا، ئەوەندە کاری نابەجێ و نامرۆڤانەی تیدا ڕودەدات، لە کۆتایدا خوزایاری ئەوە دەبیت، کە ئەو جەنگە رووی نەدایە باشتر بوو!
دوای بەدوای هێرشەکانی داعش و ڕزگار کردنی بەشێکی زۆر لە هەرێمی سوننەنشین، کە زۆربەی ئەو ناوچانە خاکی کوردستانیشە و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا عەرەبی تیا نیشتەجێ کرا، ئێستا قسە و باس لەسەر هێرشکردنە سەر بەغدا لە ئارادایە..کە لە زۆر شوین تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورن، ئەوە سەرە ڕای بوونی هەزاران کۆنە بەعسی و شانەی ئامادە کراوی داعش و خێڵەکانی دانیشتووی ناو بەغدا...
لە سەداچلی دانیشتوانی بەغدا، سونە مەزهەبن، خوازیاری هاتنی داعشن بۆ و ڕزگاربوونیان لەدەست مالیکی و حوکمی شیعە.
پرسیار ئەوەیە ئاخۆ لە کات و ساتێكی ئاوا لە ناو شەقامەکانی بەغدا لافاوی خوێن هەڵناستێ و هەزار کەس نابنە قوربانی شەڕی ناو خۆی عەشیرەت و مەزهەب؟
هەڵبەت قوربانیەکان زۆربەی ئەو کەسانە دەبن، کە هیچ قازانجێکیان لەو شەرەدا نییە، سیاسیەکانیش وەک هەمیشە بێتاوان و هەندێکیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و وڵات جێ دەهێڵن..
گەڕانەوەبۆ پێش ڕوداوەکانی گرتنی موسڵ لە مەحاڵیش مەحاڵترەو، تازە بەتازە شتێک نەماوە بەناوی حکومەتی فیدڕاڵ و یەکپارچەیی خاکی عیراق، هەرچەند دوێنی، لەوتارەکەی ئۆباما، چەندین جار پەرۆشی خۆی و وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی عێراق دووبارە دەکردەوە، بەڵام ئۆباما و لەشکرەکەی ئەگەر توانای وەستانی چەند هەزار چەکدارێکی داعشیان نەبێت، ئیتر چۆن دەتوانن، یەکپارچەیی خاکی عێراقێک بپاریزن، کە بەدرێژایی مێژوو بە زەبری ئاگر و ئاسن وەستاوە.
هێزی پێشمەرگە حاڵی حازر زۆربەی زۆری ئەو ناوچانە و خاکەی کەوتۆتەوە دەست، کەچەندین ساڵە داگیرکراوە، دانیشتوانەکەی زۆرترین باجی داگیر کەریان داوە.
دوا بەدوای پێکهێنانەوەی حکومەتی تازەی دوای سەدام و مادە گاڵتە جاڕیەکەی ١٤٠یش.موعانات و کێشەی خەڵکانی کورد هەر ڕوو لە زیاد بوون بووە.
هەموو تاکێکی عێراق ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە چاک دەزانن، کە تاکە چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بە کێشمەکێشمی دەسەڵات، دابەش بوونی عێراقە، بەڵام جگە لە کورد، کێ لەگەڵ ئەوەدایە؟ بێگومان نەک هەر سوننە و شیعە ئەوە قبوڵ ناکەن، بەڵکو دەوڵەتانی دراوسێش دژی ئەوە دەوەستنەوە..
ئەگەر بەغدای پایتەخت بکەێتە دەست داعش و کۆنە بەعسییەکان لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی، ئایا نەک هەر هەرێمی کوردستان بەڵکو وڵاتانی دراوسێش ناگرێتەوە؟
ئەم پرسیار و ئەگەرانە بۆ ڕۆژانی دوایی لێدەگەڕێین...
بەڵام بیرمان نەچێت...هیشتا چارەنووسی کورد بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوە، لەو پیلان و ڕووداوانەی دوایی کە وڵاتانی (سعودیە و قەتەر و تورکیا و بارزانی) ڕۆلی تیا دەبینن، بزانین چارەنوسی ئێمە بەرەو کوێ دەبەن!؟