دوای نەمانی گومان، ئنجا چی؟
Friday, 22/04/2011, 12:00
زیاد ڕەوی نیە گەر بڵێم ، هیچ نوسەرو ڕوناکبیرو سیاسیەکی ئەم کوردستانە بەقەد نووسەرەکانی کوردستان پۆست لەم دوو بنەمەڵە کوردکوژە گەیشتبن و لەمەترسیەکانی ئەم دوو بنەمەڵەیە زیاترین نووسین و بڵاوکردنەوەی دۆکیومێنت و بەڵگەی نووسراو بینراوی نەخستبێتە بەر دیدی میلەتی کورد. هیچ کات بیرو بۆچوونی کوردستان پۆست و نووسەرانی دوو دڵ نەبوون لەوەی کەئەم دەسەڵاتەی باشوور ئەبێ بڕوخێ و، لەجیاتیشی ،ئەبێ پڕ بکرێتەوە بەسیستەمێکی سیاسی مۆدرێن و دوور لەبنەمای خێڵ و عەشرەتگەری تەسك و تروسك. کەس نەبوە بەقەد نووسەرەکانی ئەم سایتە بوێرو ویژان حەقانە لەسەر ئەم دوو کەسایەتیە ئابڕوبەرانە تیشك بخەنە سەر ڕابردوو وداهاتوویان ، کەبەشێوەیەك لەزۆربەری کاتدا ، ڕەنگە پێوست بوبێ لەوە زیاتریش لەسەر بەیان بکرێت و هاوڵاتی نیشتمانەکەمان لێی ئاگادار کرابێتەوە.. ئەمە نەخۆهەڵکێشانەو نەفوتێکردنەوەو نەپێشبڕکێیەو نەچۆپی کێشانە بۆ ئەوەی بزانین کێێ تر لەوەو پێش بەقەد ئەم سایتە و نووسەرەکانی ئازاو بوێر بوون. دیارە دەسەڵات زۆر لەم سایتە نیگەران بوەو چەندین جار هاکی کردوەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەشدایە لەکاری بخات، وە ڕەنگە ئەم کارەشی بۆ بچێتە سەر، لێ ئەوە گەلێ گرنگ نیە ، لەبەرئەوەی ئەم سەکۆیە گەر نەیتوانیبێ دەسەڵات بڕوخێنێ، لێ توانیوەیەتی بناغەی شۆڕشی نێرگز داڕێژێ و ڕێگای سەرکەوتنیشی بۆ دەست نیشان بکات.
دوای ڕووداوەکانی ئەم ٣ ڕۆژەی ڕابردوو ، وە داگیرکردنەوەی سلێمانی لەلایەن هەردوو بنەمەڵەوە، ئەو گومانەی لای کەس نەهێشت ، کەئەمانە بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن هەموو کات میلەتی کورد قەتڵ وعام بکەن و داهاتووی بخەنە ژێر مەترسیەوە.. ئەمانە هیچ کات باکیان بەکەس نەبوەو ڕێزیان بۆ کەس دانەناوە جگە لە داگیرکەرانی میلەتەکەمان.. هەردەم بەچاوی سووك سەیری هاوڕێ و ئەندامان و هەواداران و سەراپای کۆمەڵگای کوردیان کردوەو هیچ کات دوو دڵ نەبوون لەوەی هێز بەکاربێنن دژیان و لەناویان بەرن.. مێژووی ئەم دوو بنەمەڵەیە ئەو راستیانەمان نیشان ئەدات.
لەدوای ١٧ شوباتەوە ، شەقام توانی دیواری ترس بڕوخێنێ و ئامادەباشی نواند لەوەی کەبەگژ ئەم دوو بنەمەڵەیەدا بچێ، لێ هەر ٣ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ، ئێشتا نەگەیشتبونە قۆناغی بیرکردنەوەی شەقام و باسی یاساو سەروەری یاسا و پەرلەمانیان ئەکرد و داوای چاکسازیان ئەکرد.. ئەم بیرکردنەوەیان گەلێ ناوەخت بوو، بۆیە لەدوای ١٩/٤ وە شتێ نەماوە ناوی لێ بنرێ یاسا و پەرلەمان و وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوەی هەنووکە لەئارادایە تەنها و تەنها هێزی میلیشاو چەتەو مێرسنەریەکانە.. ئەوەبوو دەسەڵاتی چەوت و چێڵی باشوور چاوەڕوانی ٣ مانگەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی نەکرد کەوەك وادەیەك دایان نابوو بۆ چاکسازی و بەخۆداچوونەوە، وەیا بزانێ چی ئەبێ و چی نابێ. تازە دەسەڵات ئەو ڕاستیەی لای ڕێبین هەردی و ئەو ١٢ کەسەی کە واژووی ئەو موناجاتەیان بۆ ئاغای تاڵەبانی ناردبوو دەرخست کە تاڵەبانی و بارزانی پیاوی قسەی خۆش نین و بزەی سەرلێویان گۆڕاوە بۆ هەڕەشەو گەڵتە پێکردنی میلەت ،وە چیتر دیموکراسیمان پێ نافرۆشنەوەو لەبری ئەوە، تەنها زمانی زەبرو زەنگمان ئەدەن بە گوێماندا ، لەو بڕوایەدا نیم ، ئێدی هیچ کەس و لایەن هەبن باسی زمانی گوڵ و گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ ئەمانە بکات.. تاڵەبانی و بارزانی ئەوەی هەیانە بۆ میلەت و شەقام و ئۆپۆزیسیۆن ، تەنها زمانی توندوتیژی و تفەنگچێتیە.
بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیاری مێژوویی، پێوستە دۆخەکە بەم شێوەیە وەربگیرێ و چی تر داوا لەدەسەڵات نەکرێ کە چاکسازی بکاو لەکاتی تەنگژەکاندا پەنا نەبرێ بۆ یاسا و پەرلەمان.
هەروەها پێوستە چی تر داوا لەگەنجان نەکرێ ، خۆپیشاندانی سەردەمیانە و مانگرتنی هێمنانەو ڕێپوانی مەدەنیانە بەئەنجام بگەیەنن، بۆ ئەوەی تووشی گرتن و ئیهانە کردن و کۆشتن نەبنەوە.. گەر پەیامی لەوە جیاوازتریان هەیە، ئەوە تەنها ئەوەیە ، شەقام و ئۆپۆزیسیۆن پێوستە بەهەمان میتۆدی دەسەڵات بەرنگاریان ببنەوەو پێش ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بن ، فیشەکی دەسەڵات سنگیان بکەنە ئامانج،ئەوا ئەبێ بەهەمان شێوە وەڵامی دەسەڵات بدەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست