کوشتنی بدێوی، خەڵکانی تر! لە ئەستۆی تاڵەبانیە، بە مردوویش!!!
Tuesday, 25/03/2014, 12:00
لە رۆژی شەمە ٢٢/٣/٢٠١٤ لە ناوچەی چاردریە بەغداد محەمەد بدێوی، مامۆستای بەشی راگەیاندن لەزانكۆی موستەنسرییەو بەرپرسی رادیۆی عێراقی ئازاد لەخاڵێكی پشكنینی سەر بەلیوایەكی پارێزگاری سەرۆك كۆمار لەلایەن، ئەحمەد ئیبراهیم، بە رەگەز کورد و ئەفسەر لەو لیوایە کوژرا.
پێش هەموو شتیک کەدەبێ ئاماژەی پێبدرێ ئەوەیە، ئەنجامدانی هەر تاوانێک و کوشتنێک بەرامبەر هەر مرۆڤێک بێت، لە هەر شوێنێک و رەگەزێک بێت، پێویستە عدالەتی داد و یاسا سەرۆک و بڕیار بەدەست بێت، وە نابێ بکرێ بە چەکێک بۆ هەڵنانەوەی فیتنەی شەری مەدەنی و تێکبەردانی نەتەوەکان لە عیراق بە تایبەتی نەتەوەی کوردو عەرەب.
بە گوێرەی میدیا کوردی و عەرەبیەکان ،کە ووردەکاری ئەو رووداوەیان کردۆتە ریپۆرتاژ، یان وەکو هەواڵ بڵاویان کردۆتەوە، گەڵاڵەی زانیاری هەموو سەرچاوە میدیکان و لایەنە حزبیەکان ئەنجامێکی داوەتە دەست و زانراوە کە کێ تاوانبارە.
ئەم رووداوە، هەڵوێستی توندی لێکەوتۆتەوە لە ناوەراست و باشوری عیراق لە سەر ئاستی حکومەت و شەقام. بەڵام لەهەرێم تەنیا لەسەر ئاستی پارتە سیاسیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم، کاردانەوەی زبری پێوە دیارە لە لێدوانەکان و هەڵوێستی فەرمی حکومەتی هەریێم و پارتە سیاسیەکان و هەندێ لە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی ناو یەکیتی.
زۆربەی لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، بە تایبەتی لێپرسراوەکانی ناو یەکیتی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەڕۆک وەزیرانی عیراق ئەو روداوە وەکو چەکێک بەکاردەهێنێ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و خوڵقاندنی فیتنەی نەتەوەیی.
وەکو کاردانەوەیەک بۆ ئەوە، لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی، دەستیان پێکردەوە، لە میدیا حزبیەکانی خۆیان وهەندێ میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ، بۆ تاوانبارکردنی حکومەتی مالکی، هەندێ وێنە و ناوی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان بڵاودەکەنەوە، وەکو دۆکیمێنتێک و بەڵگە بە دەستیانەوە، لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە عیراق ئەنجامدراوە، بەرامبەر خەڵکی بێ تاوان و کوشتنی سەدان رۆژنامەنووس، کە بێدەنگی لێکراوە و هیچ بەدواداچونێکی یاسای بۆ نەکراوە، لەلایەن جیهەتە فەرمیەکانی کۆماری عیراقی فیدراڵ!!!
لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی ناو یەکێتی لەیادی خۆیان بردۆتەوە!! کە ئەو تاوانانە ئەنجامداراون کاتێ سکرتێتری گشتی ئەو پارتە سەرۆک کۆمار بووە، تاوکو ئیمرۆش هەر سەڕۆک کۆماری عیراقی فیدراڵە!! کە جومگەیەکی سەرەکی بووە و دەورێکی سەرەکی هەبووە لە بڕیاردان.
ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر مرۆڤی بێتاوان ئەنجامدراوە لە عیراق، تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی گشت لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی، بە تایبەتی ئەوانەی لە بەغداد دەسەڵاتدارن و دەسەڵاتدار بوونە، دەوریان هەبووە لە ناوەندی بڕیاڕدان، چ لەسەر ئاستی وەزیر و جێگری وەزیرو پەرلەمانتارو گەلی پۆستی سیادی تر لە بەغداد ، بۆچی تاوکو ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردبوو بەرامبەر ئەو تاوانانە!! لە کاتێکدا خاوەن ئەو هەموو دۆکیومێنت و بەڵگەن؟ ئەی تاوەکو ئێستا بۆچی ویژادانی یەکێکتان لەسەر ئاستی شەخسی نەجوڵاو هەڵوێستێکی مرۆڤایەتیتان نەنواند؟؟ بەلای کەمی نووسینی ئیستقالەیەک!!!
خۆ ئەگەر رۆژێ لە رۆژان ئەو تاوانانە بدرێن بە دادگای نێو دەوڵەتی، هەتا ئەگەر ئەوان تاوانبارو ئەنجامدەری راستەو خۆ نەبن، بەڵام خۆ پرشکێکی ئەنجامدان و پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانە بەر خۆیان دەکەوێ! بەوەی کە ئەو حیزبە و گەلێ لە ئەندامەکانی بەشێکی گرنگی ئەو پێکهاتە سیاسیەی عیراق پێکدەهێنن و پێکهێناوە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ٢٠٠٣ لە لایەن ئەمریکاوە ، ئەوەی شایەنی باسکردن بێت زۆر جار لە میدیاکان بەو پۆستە سیاسیانە لە سەر ئاستی عیراق ، خۆیانیان هەڵكێش و داکێشش کردوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست