کێ بە دڵی دەسەڵاتە ، گیرفانی پڕ لە خەڵاتە
Saturday, 23/07/2011, 12:00
من ئاشقی هەڵوێستی ئەو نوسەرانەم کە بێباکن لە چارەنوسیان ، بێباکن لە هەڕەشەی جەلادەکان و قامچی بەدەستەکان ، ئەو نوسەرانەی کە ماندوو نابن ، ئەو نوسەرانەی کە گەندەڵی و زوڵم لە هەر کوێ بێت قبوڵ ناکەن ، تەمەنێکە دەزگا حوکمی و حیزبیەکان ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لایەنەکان ، باسی وشیاری تاکی کورد ئەکەن ، لە دیدی هەموو لایەکەوە دەبێت پێش هەموو شتێک تاکی کوردی ڕۆشنبیر بکرێت ، پێش ئەوەی هەنگاو بنرێت بۆ هەر گۆڕانکاری و چاکسازیەک دەبێت دەرگاکانی تێگەیاندنی هاوڵاتیان لەسەر پشت بن ، هەموو لایەک لەسەر ئەمانە ڕێکن ، جگە لە هەردوو حیزبی دەسەڵات ، ئەم قسانە دەبنە درووشم و قسەی سەرزارەکی و وەک بەفری هاوین ئەتوێتەوە ئەگەر هاتوو زەرەری دەسەڵاتی تیابوو ! واتە دەسەڵاتی کوردی نوسەرێکی ئەوێت هەر بە شان و باڵی حیزبی دەسەڵات و حوکمەتدا هەڵ بات ! مامۆستایەکی زانکۆی ئەوێت کە کۆڕی وشیار کردنەوەی گەنجانی بۆ نەبەسرێت و نەبێتە مەشخەڵی ڕێی ئازادی ، ئەندام پەڕلەمانێکی ئەوێت کە وەک توتی قسەی ساحێبەکەی بڵێتەوە ، مەلایەکی ئەوێت کە شەرع هەڵگێڕێتەوە ، گەنجێکی سەرمەستی ئەوێت کە دوونیا ئاو بیبات ئەو بە بای خەیاڵیا نەیەت ، کۆمەڵگایەکی چەقبەستوی مەییوی ئەوێت ، خەڵکێکی ئەوێت کە لەو بازنەیە نەیەنە دەرەوە کە خۆی بۆی کێشاون ، دەسەڵاتی سەوز و زەرد ، حاکمێکیان ئەوێت وەک ناحاکم ئاراس کە بەد ڕەوشتیەکەی گەشتۆتە ئەو ئاستەی هەموو کەس تف و نەعلەتی لێ ئەکات ، خوا پەردەی لەسەر هەڵماڵی تۆسقاڵێک حەیای بۆ نەماوەتەوە ، بەناو مەلایەکی ئەوێت وەک عومەر چنگیانی کە بە بزەیەکی پڕ لە جەهالەت خۆی ئەکاتە دەروێشی بارەگای بارزانی ! ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەوێت کە ڕکوع بەرێت بۆ ڕەسمە بێ ڕۆح و گیانەکەی مەلا مێتەفا ، کۆمەڵگایەکی ئەوێت خۆڵی مردووی کرابیت بەسەردا
حکومەتێکی کارتۆنی و دەسەڵاتێکی خۆسەپێن ئەم فەزاحەتەی خولقاندوە ، لەهەمان کاتیشدا خۆیان لە بەرگی دیموکراسی خواز و نیشتمان پەروەدا نیشان ئەدەن ، بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین ئەکەن لە کاتێکا خودی ئەم دوو پارتە دەسەڵاتدارە خۆیان بونەتە ڤایرۆسی دوونیای ئازادی ، و بوون بە مۆتەکە و لە خەویشدا واز ناهێنن
بەڵگەیەکی زیندوو باس ئەکەم لەسەر دڕندەگەری دەسەڵات بەرامبەر بە نوسەران ڕۆشنبیران ئازادی خوازان ، ڕێبین هەردی کەسایەتیەکی ناودار و نوسەر و ڕۆشنبیرێکی لێهاتووی گەلەکەمانە ، تەنها لەبەر ئەوەی وەک ڕۆشنبیرێک وتاری دا و لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بەشخوراوی کوردستان بوو ، دەستگیر کرا ، دارکاری کرا زیندانی کرا ، هەموو کەسێک ئەم نوسەرە ئەناسێت کە هەمیشە لە ڕێگەی نوسینەوە خزمەتی کردوە ، یان مامۆستاکانی سەر میمبەر کە تەنها لەبەر ئەوەی وتاری هەینیان ئەبردە سەرای ئازادی و وتاریان ئەدا ، ئەمری گرتنیان بۆ دەر ئەچوو بە تێکدەر و تیرۆریست ناو ئەبران ! لەکاتێکا خودی ئەو کەسایەتیانە دوونیایەکن لە مەعریفە ، پرسیار ئەوەیە ئایا " لای دەسەڵات ئەمە پێشێل کاری و دەمکوتت کردن نیە ئەی چیە ؟
جگە لەمانە دەیان شەهیدی قەڵەممان هەیە ، بۆچی شەهید کران ؟ ئەمە پرسیاریکە و هەمیشە ئەیدەین بە گوێی دەسەڵاتدا بۆ ئەوەی دڕندەی خۆیان بیر بکەوێتەوە ، چونکە سەرباری ئەمانەش ئەوان خۆیان بە فریاد رەس ئەزانن
بەرپەرسێک هەیە لەناو ئەو دوو حیزبەی دەسەڵاتدا کە تێوە نەگلابێت بە گەندەڵی ؟؟؟ ئەمە پرسیارێکە و لە خوارەوە بۆ سەرەوەی ئەو دوو حیزبەی ئەکەم ، دڵنیاشم تا قیامەت وەڵامیان پێ نیە ، چونکە تەمەنێکە ئەم دوو حیزبە کۆمەڵگا ئەبەن بەرەو فەسادی ئیداری ئەخلاقی سیاسی .
[email protected] سوید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست