عومەر فەتاح و كۆسرەت هۆكارى شۆرشەكەى سلێمانین
Sunday, 27/02/2011, 12:00
لەسەرەتاى ڕاپەرین دەسەڵاتى یەكێتى لە ناوچەى سلێمانى و بەشێك لە هەولێریش لە لاى خەڵكى دەسەڵاتێكى موقەدەس بوو هەر ئەوەش واى كرد سەركردەكانى یەكێتى گوێ لە خەڵك نەگرن و بە تەواوەتى خۆیان لە خەڵك جیا بكەنەوە. بەڵام لەبەر ئەوەى كۆسرەت و عومەر فەتاح زیاترین ئەو كاتانە سەرۆك وەزیرانى فیعلى بوون ئەوان بەرپرسیارى سەرەكین، بەرهەم ساڵح هەر چۆنێك بێت كەمێك لەوان باشتر بووە زۆر جار هەوڵى داوە مەسرەفى زیادەى بێ مەعنا بۆ حكومەت بگێرێتەوە، بەڵام ئەویش هەوڵى داوە لە پارەى میلەت نفوز بۆ خۆى پەیدا بكات:
ــ دەربارەى عومەر فتاح دەتوانین بە فاشلترین ئیدارى لە كوردستاندا وەسفى بكەین هەر لە زەمەنى ئەویشدا سلیمانى بو بە كەلاوەو ئەم دەفەرە نەك هەر گەندەڵى تێدا كرا بەڵكو فەرهود و تاڵان كرا، جگە لەوەى ئەوەى ناوى سەلیقە بێت لە ئیدارەدا لەو ماوەیەدا نەبووە.
ــ كۆسرەتیش كارێكى واى كردووە لەوە دەچێت ئیشەكانى ئەو بە ئاسانى بۆ هیچ حكومەتێك چارەسەر نەكرێت، بروا بكەن ئەگەر باشترین شەهادەو توانات هەبوایە بۆ دامەزراندن دەبووایە یەك مانگ بۆ واسیتە بگەڕێیت تا تەعین بویتایە، ئیتر ئەو واسیتەیە كەس و كارى كۆسرەت بوایە، یان پێشمەرگەیەكى كۆن یان كۆنە سەرۆك جاشێك.... هەروەها ناعەدالەتێكى بێ سنوور، بۆ نموونە بەڵێ تەنها بۆ نموونە، خەڵك هەبووە بە واسیتە چووەتە كۆلێژى یاساو جارێ لە پۆلى چوار بووە ناوى بە بەڕێوەبەرى ناحیە دەرچووە، خەڵك هەبووە بە شەش مانگ، هەشە بە پێنج ساڵ خزمەت بووەتە ئەندامى داواكارى گشتى، كەچى لەو كاتەدا دەیان كەسى موستەحەق هەبووە كە هەموو مەرجێكیانیش تێدا بووە كەچى هیچى بۆ نەكراوە، ئێستا جیاوازى موچەكەیان چوار ملیۆن دینارە، من لە كۆسرەت دەپرسم تازە چى حومەتێك دەتوانێت لە وەزارەتى دادا موچەى ئەو فەرمانبەرە یاساییەى كە لەسەر حساب ئەو خەڵكى دیكە بە ناقانونى بووەتە جێگرى داواكارى گشتى یەكسان بكات و جیاوازییەكان كەم بكاتەوە. بێ گومان بە كەس ناكرێت. لە كاتێكدا دەیتوانى بۆ شتى ناقانونى بە یەك (نابێت) زۆر ناعەدالەتى و ئەو خوێنەش كە ئەمرۆ دەرژێت لە كۆڵ خەڵك بكاتەوە. نەهامەتیەكان زۆرن خەڵك هەیە شەش پارچە زەوى وەرگرتووە هەشە هیچ، ماڵ هەیە پێنجى تەعین بووە هەشە هیچ، تا ئێستا لە سنوورى سلێمانیدا رۆژێك نەبوو برێ خانوو بكرێت و بدرێتە كرێچى كەم دەرامەت، لە كاتێكدا هەیە پلە تایبەتە موچەكەى سەرەوەى شەش ملیۆن دینارە شەش سەد مەتر زەوى وەرگرتووەو خانویشى بۆ كراوە، نەهامەتییەكان زۆرن باسى چى بكەم، بە دەیان هەزار خزمى بەرپرس لە لەماڵەوە پاڵ دەدەنەوەو موچەى بەلاش دەخۆن، لە كاتێكدا قایمقامێك لە كاتى بەعسدا یەك سایەقى هەبوو، ئێستا قایمقام دوو سێیەكى هەر چوار مشقى و تەركە، هەروا بەرپرس و كورى بەرپرسە نە قانون دەیگرێتەوەو لە سەرەوەى یاسایە. نەهامەتییەكان ئەوندە زۆرە ئەگەر باسى بكەى چەند كتێبێكى دەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست