سه‌رکه‌وتن گۆڕی شۆڕشه

Sunday, 10/01/2010, 12:00



هۆشه‌نگ ڤاری ا‌

سه‌رکه‌وتن گۆڕی شۆڕشه - الانتێار مقبرە الپورە‌ - ئه‌م ووته‌ سیاسیه‌ پێمان ده‌ڵێ ، زۆر جار سه‌رکه‌وتنی شۆڕشێک به‌ شۆڕشێکی تر زینده‌ به‌ چاڵ کراوه‌ و کۆتایی پێ هاتووه‌، که‌ ده‌ڵێین شۆڕشێکی تر، مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین هاتنه‌ ئاراوه‌ی سه‌رده‌مێکی تر و پێویست بوون به‌ گۆڕانێکی تر، به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵته‌کاندنی سه‌رله‌به‌ری کایه‌ جیاجیاکانی ئه‌و سیستمه‌ حوکمڕانیه‌ فاشیله‌ی به‌رهه‌می شۆڕشی پێشوتره‌، که‌ له‌ ده‌ره‌نجامی لاوازی ئا‌دا و گه‌نده‌ڵی و خیانه‌ت و ....هتد شکستی هێناوه‌.
دیاره‌ له‌ دایک بوونی هه‌ر شۆڕشێکی سیاسی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌و شۆڕشه‌ زاده‌ی هه‌ناوی کۆمه‌ڵێک ئێش و ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ بووه‌، هه‌ر شۆڕشێکیش ئاوێته‌یه‌ به‌ خه‌بات و تێکۆشان بۆ وه‌دیهێنانی خواست و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ، بۆیه‌ هه‌ر شۆڕشێک له‌ بنه‌مادا، بیروباوه‌ڕێکی دیاریکراو له‌ باوه‌ش ده‌گرێ، هه‌ڵگرانی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ش هه‌ڵقوڵاوی ناو جه‌رگه‌ی جه‌ماوه‌رن و به‌بێ ئه‌وان ئه‌سته‌مه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێت، چونکه‌ شۆڕشگێڕ چیه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ندامێکی پێکهاته‌ی جه‌ماوه‌ریی ئۆرگانیزه‌کراو، بۆیه‌ ئه‌وه‌ خواست و داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ره‌، به‌رگی شۆڕشگێڕیی به‌ به‌ر که‌سی شۆڕشگێڕدا ده‌بڕێ.
ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ره‌ به‌و ده‌ڵێ تۆ ڕۆڵه‌ی منی و ده‌بێت له‌ پێناو ئامانجه‌کانی مندا تێبکۆشی ، چونکه‌ جه‌ماوه‌ر دایکی شۆڕشگێڕه‌ ، هه‌ر شۆڕشگێڕێکیش به‌ ڕۆڵه‌ی خۆی ده‌زانێ و به‌ مه‌به‌ستی تێکۆشان و وه‌ده‌ستهینانی مافه‌ ڕه‌واکانی خۆی پێی گه‌یاندووه‌، تاوه‌کو له‌ به‌ری ڕه‌نجی خه‌بات و تێکۆشانی بخوا و له‌ سایه‌یدا بحه‌سێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌سڵه‌تی وه‌فاداریی لای که‌سی شۆڕشگێڕ بۆ ئه‌و جه‌ماوه‌ری دایکه‌ ، به‌شێکه‌ له‌ ئه‌خلاقیاتی جوان و ناسنامه‌ی شۆڕشگێڕیی ئه‌و.
به‌ دیوێکی تردا،که‌سی شۆڕشگێڕ ده‌بێت وه‌فادار بێت له‌ ئاست به‌ڵین و په‌یمانه‌کانی به‌ خاک و گه‌ل و نیشتیمان، له‌ چوارچێوه‌ی شۆڕشێکدا تێبکۆشێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی گه‌ل ، تاوه‌کو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانێت سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێ و سه‌ره‌نجامیش به‌ری خه‌بات و تێکۆشانه‌که‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر، چونکه‌ له‌ باوه‌شی ئه‌ودا په‌روه‌رده‌ کراوه‌و له‌ پێناوی ئه‌ویشدا خه‌باتی کردووه‌، وه‌لێ هه‌ر بێ وه‌فایی نواندنێک له‌ ئاست جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانیدا، ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی لێ ده‌سێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که‌ هه‌موو هه‌وڵ و ماندووبونێکی ئه‌و، له‌ پیناو وه‌ده‌ست هێنانی خواست و ئاره‌زووه‌ که‌سی و تایبه‌تیه‌کانی خۆی بووه‌.
له‌م حاڵه‌ته‌شدا ناکرێت وه‌ک شۆڕشگێرێک ناوی ببه‌ین ،چونکه‌ به‌ له‌ده‌ست دانی ناسنامه‌که‌ی ،ڕووی دووه‌می ئه‌و کائینه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌بێ . لێره‌شدا به‌ گه‌یشتنی ئه‌و به‌ ده‌سه‌ڵات و پشتکردنی له‌ جه‌ماوه‌ر، ده‌بیته‌ هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی پێشوو که‌ شۆڕشه‌كه‌ی له‌ دژ به‌ر پا کراوه‌.ئه‌م جێگره‌وه‌یه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ که‌سی وتایبه‌تییه‌کانی خۆی به‌ کار ده‌هێنێ، بۆیه‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی جارێکی تر شۆڕشێکی تر ،له‌ لایه‌ن نه‌وه‌یه‌کی تر و بۆ گۆڕانێکی تر به‌رپابیته‌وه‌، جا ئه‌و شۆڕشه‌ چه‌کداری بێ یاخود دیموکراسی له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.
ئالێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ، ترسی ئه‌م دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشه‌ به‌سه‌ر ئه‌م کائینه‌ بێ وه‌فایه‌، زۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدار ناچار ده‌کات ، جارێکی تر خۆی نوێ بکاته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ هه‌ر ته‌وژم وشه‌پۆلێکی تازه‌ی گۆڕانی سه‌رده‌مدا خۆی بگونجێنێ، دوباره‌ له‌ به‌رده‌م دایکی جه‌ماوه‌ردا چۆک دابداو ده‌ستی ڕه‌زامه‌ند بونی ماچ بکات و ملکه‌چی سه‌رجه‌م خواسته‌کانی بێت، هه‌ر هه‌وڵێکی تریش به‌ده‌ر له‌م ملکه‌چ بوونه‌ ، ناچاری ده‌کات گۆڕێک له‌ ته‌نیشت کورسی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه‌ هه‌ڵبکه‌نێ و دره‌نگ و زووش چاوه‌ڕوانی شۆڕشێکی تر بێت، ئه‌و شۆڕشه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ڕق وکینه‌و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ره‌، له‌م جاره‌شیاندا له‌ بری په‌ڕه‌ی زێڕینی مێژوو، ده‌خرێته‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌.
به‌ که‌مێک گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژوو ده‌بینین که‌ له‌ شۆڕشه‌کانی شاخدا جه‌ماوه‌ر چه‌نده‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی بینیوه‌و له‌ پشت گڕ و تین و حه‌ماسه‌تی شۆڕشگێڕه‌وه‌ بووه‌. شۆڕشگێڕیش به‌بێ جه‌ماوه‌ر جه‌سته‌یه‌کی بی گیان بووه‌،چونکه‌ ئه‌وه‌ خواستی جه‌ماوه‌ر بوو ببوه‌ داینه‌مۆی گیان به‌خشین به‌ به‌ر که‌سی شۆڕشگێڕدا ، ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر بو به‌ له‌تکه‌ نان خورما پێی گه‌یاند، ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر بو له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ و له‌ کاتی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشدا ، یه‌ک دڵ و یه‌ک بڕوا شان به‌ شانی ئه‌و ڕاپه‌ڕی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا جه‌ماوه‌ر دیدێکی دیکه‌ی بۆ ئه‌م زاته‌ لا دروست بوو، چونکه‌ ده‌بینێ ئه‌وه‌ی دوێنێ ناسنامه‌ی شۆڕشگێڕیی هه‌ڵگرتبو و سوێندی به‌ خاک ونیشتیمان و خوێنی شه‌هیدان ده‌خوارد که‌ وه‌دیهێنه‌ری سه‌رجه‌م خواست و داخوازییه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ سته‌م دیده‌یه‌ بێ، ئه‌مرۆ بێ به‌ڵێن و بێ وه‌فا له‌ ئاست کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌رده‌که‌وێ.ئه‌وه‌ی دوێنێ قاره‌مانی ناو سه‌نگه‌ر بوو و له‌ دژی زوڵم و سته‌م ده‌جه‌نگی، ئه‌مرۆ خۆی فه‌رمانده‌ی زوڵم و سته‌مه .ئه‌وه‌ی دوێنێ نه‌وه‌ی چه‌وساوه‌ی گه‌ل بوو، ئه‌مڕۆ خۆی چه‌وسێنه‌ری گه‌له‌ . ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ پیناو پارێزگاری کردن له‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م خاکه‌ تێده‌کۆشا ، ئه‌مرۆ خۆی بۆته‌ دزی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ . ئه‌وه‌ی دوێنێ خۆی به‌ قه‌رزاری جه‌ماوه‌ر ده‌زانی ، ئه‌مڕۆ منه‌تی به‌ سه‌ردا ده‌کات. ئه‌وه‌ی دوێنێ لێی رازیبون ، ئه‌مڕۆ لێی نا ڕازین . ئه‌وه‌ی دوێنێ ........ ئه‌مڕۆ........
هه‌موو ئه‌و پیرۆزییه‌ی دوێنێ و قێزه‌وه‌نییه‌ی ئه‌مڕۆ(به‌ تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌می گڵۆباڵ و کرانه‌وه‌یه‌دا) زه‌مینه‌ی خۆش کرد له‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر و نه‌وه‌ی نوێدا که‌ بیر له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ ئه‌م سیسته‌می حوکمرانییه‌ بکه‌نه‌وه‌ ،که‌ جێبه‌جێکه‌ری راسته‌قینه‌ی داواکاریه‌کانیان بێ ، چونکه‌ چیتر ئه‌م دۆخه‌یان پێ هه‌رس ناکرێ و قبوڵی ناکه‌ن.ئه‌و دۆخه‌شی که‌ له‌ 25/7/2009 هاته‌ ئاراوه‌ ، په‌یامیکی تری جه‌ماوه‌ر بوو که‌ پێیان ده‌ڵێ سه‌رکه‌وتنی دوێنێی شۆڕشتان گۆڕی ئه‌مڕۆ شۆڕشتانه‌.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە