هه‌ر حه‌مایل خان مابوو بیکه‌ن به‌دایکی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
Thursday, 28/07/2011, 12:00
ئاینزاکان، باوه‌ڕیان وایه که ته‌واوی به‌شه‌ریه‌ت، له یه‌ك دایك و باوك هاتوونه‌ته به‌رهه‌م که ئه‌وانیش(ئاده‌می باوك و حه‌وای دایك) بوون. پاشان، منداڵه‌کانی ئه‌مانه که نێر و مێ بوون. خوشك و برابوون، له‌یه‌کتری ماره‌کران و ئیتر مرۆڤ ده‌ستیکرد به په‌ره‌سه‌ندن و زیادی کرد.
به‌نده، ناچمه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌م باوه‌ڕه و کێشه‌ی خوشك و برا له‌یه‌کتر ماره‌کردن و هه‌موو شته سه‌رسوڕهێنه‌ره پڕ بڤه‌کانی تر که خه‌تی سورن و نامه‌وێت خۆشم له‌ته‌ڵه‌ی برسێتی ووشکه‌ساڵی بیرکردنه‌وه بده‌م. ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت که ده‌بێژم، ئه‌گه‌ر یه‌ك دایك و باوکی ڕاست بێت، ئه‌وا به‌ناچاری بۆ یه‌ك جار سه‌ری بۆ داده‌نه‌وێنین و ده‌ڵێین؛ ئه‌وه مێژوو بوو و گوزه‌شت. لێ ئیدی له‌دووای ئه‌و قبوڵی هیچ دایك و باوکێکی یه‌کانه ناکه‌ین بۆ هه‌مووان. چونکه هه‌نوکه مێشکی مرۆڤ زۆر پێشکه‌وتووه و شارستانیه‌ت و زانستیش هێند ڕووداوه‌کانی به‌پێشه‌خۆ داون، که که‌س جارێکی تر باوه‌ڕ ناکات، به شتێکی له‌و شێوه‌یه که دووباره ببێته‌وه.
به‌نده، مه‌به‌ستمه بڵێم، زۆرێک، له‌ئه‌ندامه نزم و به‌رزه‌کانی پارتی، له‌هه‌موویان نزیکیتر، ئه‌وانه‌ی ڕه‌شمه‌که‌یان به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا بارزانییه‌وه‌یه و نۆکه‌رێتی ده‌که‌ن، پێیان وایه مسته‌فا بارزانی، باوکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده!.
ئه‌م باوکایه‌تییه، له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌کناگرێته‌وه. ناشچێته عه‌قڵه‌وه که دایکی هه‌موو تاکه‌کانی کوردستان، خێزانی مسته‌فا بارزانی بووبن. ناشکرێت بڵێین ئه‌م جه‌نابی مسته‌فا بارزانییه، ئاده‌می دووه‌م بووه. هه‌ر چۆن ناکرێت بڵێین، حه‌مایل خان دایکی نه‌ته‌وه‌ی کورده که هه‌نوکه له‌گه‌ڵ کۆچه‌که‌یدا، نۆکه‌ره‌کانی ناو پارتی به‌په‌له‌پروسکێ ئه‌و ناوه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. ئه‌و حه‌مائیل خانه، دایکی نه‌ته‌وه‌ی کورد نییه و هه‌ر تاکێك دایك و باوکی خۆی هه‌یه. ناکرێت ئه‌و به‌دبه‌خته که هه‌نوکه لاشه‌یه‌کی بێ گیانه، هاوسه‌ری باوکی هه‌موومان بووبێت.
ئه‌و که‌سه‌ی دایك و باوکی که‌سێکی تره که سپێرمیان تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر بوبێت و پاشان گه‌شه‌یان کردبێت و دووایه‌ش که‌سه‌که چاوی به‌م دنیا فراوان و گه‌رمه‌ی هاوینانی کوردستان که خه‌ڵکه‌که‌ی له‌بێکاره‌باییدا هه‌موو زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون، هه‌ڵهێناوه. هه‌ر ئه‌و کوردستانه‌ی که حه‌مائیل خان، دایکی کوڕه‌که‌ی خۆی مه‌سعود بارزانی که له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا، به‌باری هێستر له‌ساڵی 1975 دا دۆلاره‌کانیان تێدا گواسته‌وه بۆ ئێران و بردیان له‌که‌ره‌ج و شوش، کردیان به کارگه و هۆتێل.
ئه‌وانه‌ی له‌کوردستان ده‌ژین و کوردن، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی تردا، دایکیان هه‌یه و دایکیان مردووه و ده‌مرێت. ئیتر هه‌ندێك به‌هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ره‌وه‌بێت یان نه‌بوونی و بێده‌ره‌تانی. یان به‌هۆی تۆپبارانه‌وه بێت. یان به‌هۆی هه‌ڵاتن له‌ترسی چه‌کداره‌کانی کوڕه‌که‌ی حه‌مائیل خان، یان به‌نه‌خۆشیی درێژخایه‌ن له‌کاتێکدا هیچ فلسێکی له‌و هه‌موو داهاته زۆره‌ی هه‌یه بۆ دابین نه‌کراوه، ده‌مرێت. ئیدی براله هه‌ر مه‌پرسن، چۆن ده‌مرن و بۆچی ده‌مرن! گرنگ ئه‌وه‌یه که‌س و کاره‌که‌ی ناز به‌سه‌ر که‌سدا ناکه‌ن و نایسه‌پێنن به‌سه‌رکه‌سدا که ده‌بێت وه‌کو دایکی ته‌ماشا بکرێت. هیچ کرێگرته و کاسه‌لێس و نۆکه‌رێکیشیان نییه که بۆ له‌ته‌نانێك، ده‌می خۆیان باده‌ن و بڵێن ئه‌مه‌ی که‌مرد، دایکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده!.
هه‌نوکه، خه‌ڵك، له‌ناو زانست و زانیاری‌دا مه‌له‌ی ئازادی ده‌کات. هه‌موو بته‌کان، که‌لـله‌یان ته‌قی و له‌ڕه‌گه‌وه ده‌ریانهێنان. نه مسته‌فا بارزانی ده‌بێته باوکیان و نه حه‌مایل خان‌یش ده‌که‌نه دایکیان. هه‌نوکه، ئازادی و گۆڕانکاری، دایکی داهێنانه‌کانیانه. چیتر کۆمه‌ڵگا نابێته کۆیله‌ی ڕامکرده‌کانی ئه‌وان.
له‌کاتێکدا، سه‌ر سینگی خاکه‌که‌ی دانیشتوانی ئه‌م ووڵاته‌ی کوڕه‌که‌ی حه‌مایل خان، به‌خوێنی لاوه‌کانی سوور ده‌بێت و به‌ئاگری تۆپه‌کانی ئێرانی ئاغایان ده‌بێته ڕه‌ژوو. پاسداری عه‌مامه به‌سه‌ره‌کان، به‌رگه جه‌وهه‌رییه‌که‌ی کون ده‌که‌ن و وه‌کو ڤایرۆس دێنه ژوورێ، ئه‌ویش، به‌دووای بتی ئاینده‌ی کۆیله‌کانی به‌رده‌ستی، به‌گریانه‌وه، به‌کۆستی که‌وتوو و ناخی هه‌ڵقرچاوه‌وه، له‌گه‌ڵ کاروانێکی دوور و درێژ و به‌سه‌دان چه‌رده‌ی دۆلاره‌وه، ده‌سته‌وئه‌ژنۆ، به‌خه‌ونی زیاره‌تگایه‌کی تره‌وه، بۆ پیرۆزکردنی بنه‌ماڵه‌که‌ی، هه‌مووی به‌جێهێشت و ڕۆیشت. ئیدی، به‌ده‌ستی پڕ له‌خێر و به‌ره‌که‌ته‌وه، به‌فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت، به‌ره‌و هه‌ولێر هاتۆته‌وه.
یه‌کێ له یاوه‌رانی، له‌ته‌له‌فۆنییه‌کدا که هه‌واڵه‌که‌ی پێدام ده‌زانن گوتی چی؟
ئه‌و زۆر به‌ساده‌یی و به‌ئارامی وتی" ته‌رمی پیرۆزی حه‌مائیل خان، دایکی نه‌ته‌وه‌ی کوردمان پێیه. به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌ڕۆینه‌وه".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست