کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


[دەست لەكارئەكێشنەوە .. دەست لەكارناكێشنەوە] ئەرێ ئەم مەهـزەلـەیـە نەبڕایەوە

Saturday, 28/02/2009, 12:00


هەژدە ساڵە ئەم میللەتە ستەمدیدەیە كۆیلەى هەردووبنەماڵەى مافیائاساى بارزانى و تاڵەبانییە كە سیاسەتیان كردووە بە پرۆژەیەكى بازرگانى بۆ خۆدەوڵەمەندكردن لەرێگاى بەتاڵانبردنى خێروبێرى وڵاتەوە ، بێگومان جلال تاڵەبانى و مسعود بارزانى بێ كۆمەكى راستەوخۆ و ناراستەوخۆى كۆمەڵێ دار و دەستە و چڵكاوخۆر دیكتاتۆریەتى دەسەڵاتى خۆیان و بنەماڵەكانیان بۆناچێتەسەر ، هەر وێنەى بەعسى گۆڕبەگۆڕ جەلال و مەسعودیش پێویستیان بەكۆمەڵێ دەروێش و سۆفى ملهوڕ هەبوو بۆ بەردەوامبوون لەدەسەڵاتى رەهاى تاكڕەویدا ، لەبرى مەجلیسى قیادەى سەورەى جاران ئەمان بەناو مەكتەبى سیاسى و كۆمیتەى ناوەندیان هەیە ، لەبرى سعید سەحاف ئازاد جوندیانى و سەگـــۆ قادر .. لەبرى سوڵتان هاشم زەعیم عەلى و شێخ جەعفەر .. لەبرى عزەت ئیبراهیم دورى و مەلا بەختیار و كۆسرەت و فازڵ میرانى .. هــــتد .

ئیتلاعاتى ئێرانى لە ڤیینا قاسملۆ و هاوەڵەكانیان شەهید كرد ، هەر لەڤیینا مەسرورى كوڕى مەسعودى خائینزادە عودەى ئاسا ویستى د.كەمالى سەید قاد تیرۆر بكات بێ لەوەى پێشتر دەرمانخواردیانكردبوو ، كەواتە دەسەڵاتى جەلال و مەسعود لەڕووى بەراوردى ناوەرۆكى كار و پڕۆگرامەوە بە رژێمى بەعسیان نەوتووە بستێك بچن بەولاوە .

رۆژ بە رۆژ شكست و كەموكوورتییەكانى ئەم دوو پارتە بە پراكتیكى بۆ میللەت ئاشكرا دەبێت ، سەردەمێكى دوورودرێژە پردەكانى بەردەوامبوون لەنێوان دەسەڵات و جەماوەردا هەرەسى هێناوە و ئەمپەڕ بۆ ئەوپەڕ لێكدابڕاون ، نوێترین تاڵانچێتى پارتى و یەكێتى دزینى داهاتەكانى نەوتى كوردستانبوو ، پشكە دزییەكەى یەكێتى هەشت سەد ملێۆن دۆلار بووە ، كـــــە بەوێنەى قوربانى ئەنفالەكان بێسەروشوێن بووە و ئاسەوارى سەنتێكى بەدیارنەماوە ، ئەمە جەردەییە قەترەیەكە لە یەك ئۆقیانووسى ترى ستەم و دزى كە هەژدە ساڵە دەرهەق مافەكانمان .. سامانەكانمان .. بوونمان بە ئاشكرا ئەنجامدەدرێ ، كەچى تازەكێ بەخێرێ سێ و دوو لێرە و لەوێ زۆر شەرمنانە ئەندامەكانى بەناو مەكتەب سیاسیى حیزبەكەى جەلال تاڵەبانى بەحوزنەوە شەو باس لە دەست لەكاركێشانەوە ئەكەن و بۆ بەیانى پەشیمان ئەبنەوە ، لەسلێمانى باڵ فش ئەكەنەوە و دەمارەكانیان گرژ نیشان ئەدەن كەچى لە حـــزوورى خاوەنشكۆدا لە لەقەسرى قەیسەرى بەغداد لەشەرم وشوردا بستێكیان دەمێنێتەوە بە زەوییەوە ، وەك ئەوەى بڵێى چووبنەئاو ، بەم هۆیەشەوە میللەتى داماویان گیرۆدەى ئەم شانۆگەرییە بێ تام و لەزەتە كردووە .

راستییەكان لەتاقى خۆر لەئاسمانا ئاشكرا و دیارترن ، جەلال تاڵەبانى حوكمە قەرەقوشییەكەى شمولى و مەركەزییە ، تەنانەت هەموو ئەو راستییە دەزانن كە هێرۆى ژنى لە هەزارى وەك كۆسرەت و هاوەڵەكانى دەست و دەنگى زیاتر دەڕوات و ناوەندى دەسەڵاتى بەهێزترە ، ئیتر نازانم ئەم برادەرانەى هەر راكە راكەى كۆبوونەوە كارتۆنییەكانى مەكتەب سیاسییانە بەتەمان كێ خەڵەتێنن .. ئێمە یان خـــۆیان ؟؟!! ، لاى هەموو كەس روون و ئاشكرایە ئەوەى ئەندامانى مەكتەب سیاسى قبووڵى دەكەن لە سووكایەتى پێكردن و پەراوێزكردن و بێنرخى و بێكێشى ، مەگەر عوزوى مەجلیس تەشریعى كارتۆنى جاران لە سەرۆكەكەیان قبوڵكردبێ ، ئیتر نازانم ئەم برادەرانە نازونوك و بۆڵەبۆڵى چیدەكەن !؟ ، بەسە ئیتر بەڕاستى خەڵكى حەوسەڵەى ئەم گەمە منداڵانەیەیى نەما : دەست لەكاردەكێشنەوە .. دەست لەكارناكێشنەوە قیر بە قەرەج و بەجەهەنەم چاوتان سپى ئەبوو ، خۆ هیچ نەبێ مێژوو لە ئایندەدا بەزەیى بە بێهەڵوێستى و ترسنۆكى سیاسیتانا دەرهەق بــەو جەورەى لێمان دەكرێ و كــراوە نایەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە