کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تکایە گەر ئەم ٣ کەسەتان بینی، زۆر ڕێزیان بگرن

Thursday, 21/07/2011, 12:00


لەدواهەمین دیداری کاك نەوشیروان لەگەڵ کەناڵەکەی خۆیدا، لەپرسی کەئایا ئەمان دژی سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمن وەیان دژی ئەو کەسانەن کە ئەم سیستمە بەڕێوە ئەبەن. لەوەڵامدا ، کاك نەوشیروان بێ هیچ ئەم لاو لایەك ئەڵێ، کێشەی ئێمە لەگەڵ سیستمەکەیەو دژ بەکەساندنی کەیسەکەین و ئەو سێ کەسەش(مەسعود بارزانی، کەمال کەرکوکی و بەرهەم ساڵح) جێگەی ڕێزن . کاك نەوشیروان چونکێ خۆی کەسێکی ڕێزدارە، وا ئەزانێ هەموو کەسیش پێوستە ڕێزی لێبگیرێ، لەکاتێکدا هەندێ لە مرۆڤەکان بەهیچ جۆرێ شایستەی ئەوە نین کە ڕێزیان لێبگیرێ، لەبەرئەوەی ڕێز بۆ کەس دانانێن. جا با بەووردی شرۆڤەیەکی ئەم ٣ زاتە بکەین و بزانین بەحەق پێوستە ڕێزیان بۆ دابنرێن.

0- د.کەمال کەرکوکی: وەك ئاشکرایە ئەم کابرایە ڕابردوویەکی ناشرین و قێزەوەنی هەیە لەبەدیل کوشتنی چەندین سەرکردەی مەزنی وەك عەلی عەسکەری لەشەڕی هەکاری و دەستی سورە بەخوێنی چەندین پێشمەرگەی ئازاو کلك گرێدراوی میتی تورکانە هەر لەسەردەمی هەفتاکانەوەو تا ئێستاش. ئەم کابرایە جگە لەوەی کە ناوی (قادر دوبزیە) و پیشەکەی دکتۆر نیە، هاتوە ناوو ڕەچەڵەکی خۆی گۆڕیوەو ئەیەوێ بە ماسکێکی نوێوە خەڵکی تەفرە بدات، جا گەر یەکێ بەناوو نازناوو پێشەی خۆی پێ نەنگی بێت و بیەوێ خۆی لێ قوتار بکا، ئەوە مانای ئەوە نیە وەك پەندە کوردیەکە ئەڵێ(ڕێوی لەکونی خۆی هەڵگەڕێتەوە گەڕ ئەبێ)، جێگای ڕێز نیە. ئەمە وەك لایەنی کۆمەڵایەتی . گەر سەیری لایەنی دووەمی بکەین وەك سەرۆکی پەرلەمان، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ وەك کەسێکی سیاسی بێلایەن و یاسایی هیچ کاتێك ئامادە نەبوە ئەو ڕۆڵە ببینێ، لەبەرئەوەی ئەو توانایەی نیە، هەر لەیەکەمین ڕۆژی دەسپێکردنی خولی پەرلەمان بڕیاری بەتاریك کردنی دانیشتنەکانی داو میدیاکانی دوور خستەوە، کەئەبوو فراکسوێنی ئۆپۆزیسیۆن بەمە ڕازی نەبوونایە. جگە لەوەش ڕۆژێ لەڕۆژان نەچوە بەردەکی سەرای ئازادی و لەنزیکەوە گوێ لەو گەنجانە بگرێ کەداواکاریان چیە، خۆ ئەوە باس لەوە ناکەین کە نەی توانیوە کەیسی کوژراوان و برینداربوانی دوای ١٧ شوبات گرنگی پێبدات و چەند یاساو ڕێسایەك دابنێت بۆ ئەوەی جارێکی دی کەسی تر فیشەك دژ بە خەڵکی سڤیل بەکار نەهێنێ.

ئەم بەناو سەرۆکی پەرلەمانە هیچ کات ئامادە نەبوە گوێ بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگرێ و کاتی تەواویان بداتێ بۆ باسکردنی کێشەکان، بۆ نمونە تەنها ٥ خولەك ئەدرایە هەر ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەمەڕ باسێکەوە بکرێ، ئەمە لەکاتێکدا چەندین پێشێلکاری لەو دیوەخانەی ئەم ڕوویداوە، وەك داخستنی پەرلەمان لەکاتێکدا ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان لەوێ بوون و حەبسی کردن و هەتا قەدەغەی بەکارهێنانی ئاودەستی لێ کردبوون. ئەندام پەرلەمان لەلایەن پاسەوانەکانی ئەوەوە هێرشیان کردە سەر ئەندام پەرلەمانی لیستی گۆڕان و بەخەستی برینداریان کرد، کەچی ئەم مێش میوانی نەبوو، لەکەلار ئەندام پەرلەمان چەقۆی لێدرا لەلایەن چەتەکانی خولە سمیڵ فش و ئەم بێدەنگی هەڵبژارد. بەواتایەکی تر، ئەم کەسێکی ناشیستەیەو نایەوێ یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێ، کەواتە بەهیچ کلۆجێ شایەنی ڕێز نیەو پێوستە ڕیسوا بکرێ.

0- بەرهەم ساڵح: پەندێکی ئینگلیزی هەیە ئەڵێ(هەر مادیەك بدرەوشێتەوەو ڕەنگی زەرد بێ، ئاڵتون نیە). بەرهەمیش وا ناسێندرا کەوا کەسایەتیەکی فول دیپلۆمات و موتوربە کراوە بە کەلتوورو تەکەنەلۆژیای ڕۆژئاواو بەکاتی بیگبگن قوڕمیش کراوە. گەر ڕۆژێ لەڕۆژان هەلی بۆ هەڵکەوێ، ئەوا کوردستان ئەکا بە نێورك و لەندەن. ئەم کابرایە لەو ڕۆژەی کە ئاڵای کوردستانی تەنها بە پارچەیەك قوماش ناساندو هیچ ڕێزێکی بۆ نەبوو ئەوا ئەبوو هەر ئەو ڕۆژە ئەمە بدرایەتەوە بە ناوچەوانی لەهەر کۆڕو کۆبونەوەیەك بیان تەزانایە. ئاخر گەر یەکێ ڕێز لەئاڵای خۆی نەگرێ، چۆن پێوستە ئەو ئاڵایەی بدەیتێ وەیان پۆستێکی وای بدەیەتێ کە لەژێر ئەو ئاڵایەدا سوێندی درۆ بخوا. وەك ئاشکرایە بەرهەم لەڕێگای سەفارەتی عێراق و بەئیمزاو وواژووی حزبی بەعس توانی خوێندنی لەندەنی تەواو بکا. جا کەسێك فایلی بەعسی هەبێ، خێری بۆ کور ئەبێ؟؟!! ئەم کەسایەتیە کەبە دکتۆر کردار شەرتە ناسراوە، لەکاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکانی شاری سلێمانی و گەرمیان. هەستا داوای هێزی لە پارتی کرد بۆ ئەوەی پارێزگاری لەچەند بکوژێكی شارەکەی خۆی بکا. کێ هەیە بەقەدەر بەرهەم ڕقی لەسلێمانی و خەڵکەکەی بێ، مەگەر جەلال و مەسعود... بەرهەم هەستا بەپێشێل کردنی یاسا و سزا دانی خەڵکی ناڕازی و لەزیندان تووندکردنیان و لەم لاشەوە خەڵات دابەشکردنی بەسەر بکوژ و تەقەکەرانی شار. کەواتە ئەمیش بەهیچ جۆرێ شایەنی ڕیز نیەو پێوستە ڕیسوا بکرێ.

0- مەسعود بارزانی: مەسعود لە ژینگەی ماڵە خاڵوانی پەروەردە بووە کە جگە لەجاشێتی و سەرانە سەندن و ڕاوو و ڕووت نەبێ هیچی تر فێر نەبوە. ئەو ژینگەیە هەرگیز فێری خۆشەویستی نیشتمان و سەربەخۆیی نەکردوە. لەجیاتی ئەمانە فێری دەمارگیری خێڵەکی و جامانەی سوور و خۆبەکەم زانینی کردوە. ئەمە وەك لایەنی کۆمەڵایەتی ، جا وەك لایەنی سیاسی ئەمەندە خۆی بەکورسی سەرۆکی هەرێمەوە گرێداوە، لەترسا نایەوێ جێگریشی هەبێ. ماوەیەك لەمەو پێش لەئیتالیا ووتی، گەر میلەت منی ناوێ و ٥٠ هەزار وواژوو کۆکرایەوە ئەوا من واز دێنم، وا بزانم ئەو ژمارەیە لەسلێمانی بەتەنها لەیەك ڕۆژ بۆی کۆکرایەوە ، کەچی ڕێزی لە ووتەکەی خۆی نەگرت، بۆیە هیچ شایستەی ڕێز نیە، چونکە هەرکەسێ ڕێز لەقسەی خۆی نەگرێ، چۆن ئەبێ ڕێز لەو کەسایەتیە بگیرێ؟؟!! . سەدام حوسێن بەو دکتاتۆریەی خۆی کاتێ سەردانی شاری هەولێری کرد و هەولێر کرا بە پایتەختی هاوینەی عێراق، جلێکی کوردی لەبەرکرد، کەچی مەسعود تا ئێستا جگە لەو جامانە سوورە ئامادە نیە ڕۆژێ گەر بۆ درۆش بێ، جامانەیەکێ تر لەسەر بکا. جا کەواتە ئەم ٣ کەسە هەرگیز شایەنی ڕێز نین چ وەك کەسایەتی سیاسی و چ وەك کەسایەتی کۆمەڵایەتی، ئەبوو کاك نەوشیروان هەنووکە داوای بەدادگایی کردنی ئەم ٣ نالەبارەی بکردایە نەك ، ڕێز و حورمەت بەخشینەوە.

لەکۆتاییدا پێم وایە هەرکەسێ ئامادە بێ خیانەت و بێڕێزی لەگەلی خۆی بکات و ئامادە بێ فیشەك بنێ بەتەختی ناوچەوانی گەنجەکانیەوە ، نەك هەر پێوستە ڕێزیان لێ نەگیرێ، بەڵکە پێوستە دادگایی بکرێن و تۆۆیان لەسەر زەوی نەهێڵدرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە