کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەفسانەی راگەیاندنی دەوڵەتەكەی سەرۆك و چارەسەری مێشولە!!!

Saturday, 22/03/2014, 12:00






دەگێڕنەوە كابرایەك بەمیوانی دەچێتە ماڵێك و زۆر ڕێزی لێ دەگرن و لە كاتی نانخواردندا هەست بە شەرمەزاری دەكات كە بێ دیاری هاتوەتە ماڵەكە. دەڵێت ئا وەڵڵا وتم هەندێ خورما بۆ ئەو مناڵانە لە گەڵ دەستم دێنم، بەڵام بیرم چوو،خاوەن ماڵ دەڵێت نا كاكە پێویست بەو ئەزیەتە ناكات و بەخێر بێیت سەرچاوان، كابرای میوان دەڵێت نە بابە ئەزیەتی چی؟ بۆ مناڵەكان چونكە مناڵان حەزیان لە شیرینیە،بخۆن باوكم بخۆن ، لێیان گەڕێ با بیخۆن.
ئەمە دووروو نزیك بە پەیوەندی بەچیرۆكی هەرێمە خنجیلانەكەی خۆمانەوە هەیە گێڕاویانەتەوەو ئێستاش هەر دەگێڕنەوە: هەبوو نەبوو زەمانی زوو لەقاڕەیەكی دوورە دەست هەرێمكی بچوك هەبوو، ئەم هەرێمە هێندە جیاواز بوو یاساكانی لەجیاتی پاشایەك چەندپاشایەكی هەبوو، لەجیاتی پایتەختێ دوو پایتەختی هەبوو، لەجیاتی هێزێكی میلی دوو هێزی هەبوو، لەجیاتی هەموو یەكێك چەندان دوان و سیان و بگرە زیاتری هەبوو، رۆژ هات و چوو ئەم هەرێمە نانی كەوتە نێو رۆنی جیرانەكەیەوە كاتێك جیرانەكەی زانی ئەو هەرێمە پارویەكی چەورە و سەر خاك و بن خاكی پڕە لەنەوتە رەشە و چەندان شتی تر، ئیتر بەم جۆرە ئەم هەرێمە و پاشاكەی بونە پاڵەوانێكی خوازراوی جیران و دۆست و تەنانەت دووژمنەكانیشی. بەهەر حاڵ چیرۆكەكە درێژە بەئەندازەی رۆمانێ رووداوگەلی عەجیب و غەریبی تیایە، بەڵام شتی ناخۆش ئەوەیە ئەم چیرۆكە كارەسات ئامێزە هێشتا كۆتایی نەهاتوەو هەموو كەس بەمەراقی ئەنجامەكەی دۆش داماوە.
لەم هەرێمە هەموو نەورۆزێ بەشیرین كردنی دەوڵەت و ناوكردنی بە بەبەهەشتێكی بێ كێشە موژدەی چونە بەهەشت بەبەندەكانی دەدرێت، بەڵام هەركە وەرز سەری خواركردو لێژ بوەوە بەرەو هاوین و پایز، لەتینی گەرمای كەش و هەواكەی و نەبونی باوەشێنێك بۆ خۆ فێنك كردنەوە، هەموو كەس بەهەشتی بیردەچێت و دەكەوێتە خەیاڵی پەیداكردنی پەناگەیەك تا گەرما و مێشولە و لەزستانیشا تا سەرما پەی پێ نەبات. ئیتر ئەم قەوانە هێندە لێدراوەتەوە پێش ئەوەی سوڵتان دەم بكاتەوە هەر لەمناڵێكی حەوت ساڵی بگرە تا حەفتا ساڵی دەزانێ چی دەڵێت و لەناخی خۆیەوە گاڵتە بەئەقڵی دەكات، و دەڵێت دەك ماڵت بەقوڕ نەگیرێت مام ساڵح(مام ساڵح بەو كەسە دەوترێت بە هەمیشە درۆ پیشەیەتی) تۆ ناتوانی رێگا لەمێشولەكەی هاوین بگری كە نایەڵێت ساتێ بەئارام بخەوین ئیتر چۆن رێگات لەنەیارەكانت پێدەگیرێ.
جا بڵێن چی؟ ماوەیەك پێش ئێستا هێزێكی چاو گەشی ئیمپراتۆری ئوروك(ناوی مێژویی ئێراق) مانۆرێكیان لەبەشێكی بیركاوی ئەم هەرێمە دەست پێكرد، بەئەندازەی هاتنی لافاوەكەی نوح مێشكی سوڵتان و ئەم خەڵكە داماوەی مەشغوڵ كرد. كار گەشتە ئەوەی خەریك بوو شەڕێكی میژویی بەئەندازەی جەنگە بەناوبانگەكەی ئەربیلوای نیوان هاخامو ساسان بقەومێت، جەنابی سوڵتان دوو سێ شازادەی جێ نشینی بە كۆمەڵێك سوار چاكەوە ناردە سەر رێگایان تا بەرەنگاریان بێتەوە، ئیمپراتۆریش فێَڵبازبوو ویستی هێزیان تاقی بكاتەوە تەنها دووان لەسەربازە چەپەڵ و بێ ڕەحمەكانی ناردە گیانیان لەشاری ئاربەخا(كەركوك) رۆژێكی رێك هەموو هێزی سوڵتانی هەرێمەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سوڵتانۆكەكانی ژێر دەسەڵاتی ێەفەویشی مەشغوڵ كرد. دواتر وا باس كرا كە لەئۆپەراسێۆنێكی شۆڕشگێڕیدا توانراوە ئەو دووكەسە بەسزای ناپاكیان بگەیەنن، لەهەموشی خۆشتر تا ئێستاش هەردوولا رێك نەكەوتوون كە شكۆی ئەم شەڕە و پاڵەوانەكەی كێیە، ئێستاش كۆبوونەوەو لێكۆڵینەوەی مێژووی لەبارەی بڕیاردان لەسەر دیاری كردنی قارەمانەكەیەوە دەكرێت.
كە بەهارێكی تەمومژاوی و پڕ یاری جۆراوجۆری ئۆلۆمپیات ئامێز تێپەڕی خەیاڵی دەوڵەت وەكو گیسكەكەی هەیاسی خاسی لێهات نە كێشی زیادی كرد نەكەم، دەوڵەتیش نەدروست بوو نەخەونەكەی لەبارچوو!! هەركە چەند مانگێكی مابوو بۆ دەست پێكردنی وەرزێكی نوێی ئۆڵۆمپاد كە هەر ساڵ سوڵتان وەعدی راگەیاندنی دەوڵەت(ئەمارەت)ی تیادا دووبارە دەكاتەوە، ئیمپراتۆر دەستی كردە ئامادەكاری شەڕێكی ساردوو سڕ كە لەجەنگەكەی ئەمریكا و سۆڤیەتی جاران سارد تر بوو، یاری بەناردنی نەوت دەستی پێكرد كار بەدەستانی ئیمپراتۆریش هەر بۆخۆشی پارەیان لەخەزینەكەی سوڵتان بڕی، جا دوای نەمانی پارە شتی زۆر تراژیدی دەستی پێكرد لەوانە سەربازێكی تازە زاوای داماو ئەڵقەی هاوسەریانی فرۆشت و بەچاوێكی پڕگریانەوە دەیگوت ئەوە فرۆشتم بەڵام بەخوا بەشی خواردنی حەفتەیەك ناكات، سەربازێكی تر بڕیاریدا بەجلی سەربازیەوە دەست بكات بەفرۆشتنی عەلاگە تا خەڵك بەزەیی بەجلەكەیدا بێتەوەو لێیی بكرێت، كۆمەڵێك سەربازی تر نەك وەكو خەمخۆری بەڵكو وەكو شەرمێك كەنەتوانن لەگەڕانەوەیان دڵی مناڵەكانیان خۆش بكەن و كیلۆیە میوەیان بۆببەنەوە بڕیاریاندا گەر كاربەدەستانی سەربازی تێرخۆراكیان بكات ناگەڕێنەوە ماڵ و هەر لەسەر دەوام دەبن. لەهەمووشی ناخۆشتر پیرێكی پشت چەماوی شەست ساڵان كە سی ساڵی تەمەنی خۆی لەخزمەتی سەربازی بەسەر بردبوو لەپێش چاوی دەیان راگەیاندن بە كڵپەی گریانەوە هاواری دەكرد ئێستا من چی بكەم ئەوە چەند مانگە بەچەندین مناڵەوە نەمانتوانیوە لەترسی خاوەن ماڵ و نەبوونی هەناسەیەكی ئازاد بدەین، بەقوڕگێكی پڕگریانەوە تەنها وتنێك كە ئازاد بێت بیڵێت ئەوە بوو خوایە حەقمان بسێنی.
ئەمجار پرسیان كرد باشە چارەسەر چیە؟ وەڵام زۆربوون بەڵام ئەوەی زیاتر لەهەمووی ژیرانە بوو ئەوەبوو كە وتیان بەرد مەهاوێژە ماڵی كەس كەماڵەكەت شێواوەو لەشوشە دروستكراوە، بچۆ وەسێتەكەی شاعیری مەزن سەیدا جگەر خوێن پێك بهێنە كە فەرمووبووی(ئەگەر ئێمە نەبینە یەك لەناودەچین یەك بەیەك) كە ناوخنی ئەم دێرە كورتەدا كۆی ئەو زهنیەتە شاراوایە كە بوەتە سەرچاوەی دروستكردنی هەموو كێشەكان.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە