شەرمە بارزانی و تاڵەبانی تۆمەتی بەعسی بوون دەخنە پاڵ بزوتنەوەی گۆڕان وعەدنان عوسمان
Wednesday, 24/02/2010, 12:00
یەكێتی و پارتی واتا هەردوو سەرۆك خیڵەكە و چەند دەست و پەیوەندیەكیان 19 ساڵە بازرگانی بە كەس و كارو شەهید ئەنفالەكانمانەوە دەكەن، خەڵكی كوردستانیان ئەوندە زەلیل كردبوو كوشتنی براكانیان بە دەستی یەكتری حەڵاڵ كردبوو، بەبێ ئەوەی بزانن ئەو شەڕەیە لە پێناوی چیدایە پێیان دەكرێت. بە هەزاران پێشمەرگەی هەردوو حیزبەكە تاوەكو ئێستا كەس نازانێت ئیسك و پروسكیان لە چ چاڵێكدایە، مەگەر تەنها ئەو جەلادانە بزانن كە بە خوت و خۆڕای شەهیدیان كردوون،ئێستاش دەیانەوێت كوردستان بەرەو ئەو ڕۆژە ڕەشانەی شەڕی براكوژی ببەنەوە كە تەنها لە قازانجی مانەوەی گەندەڵكارانە لە سەر حوكم. هەردوو سەرۆك خێڵكە ئەوندە سوكایتیان بە پێشمەرگە كردووە بە هەژمار ناكرێت لە نوسینێكی لەم جۆرەدا. ئەپرسێن ئایە كێن پێشمەرگەیان كردووە بە میلیشیا و سوكیانی كردووە؟
لە وڵامدا دەڵێن: ئەوە هەردوو سەرۆك خێڵەكە بوون كە هەر ڕۆژەو پێشمەرگەیان دەكردە كەواسوری بەر لەشكرو تانك و تۆپ و دەبابەكانی بەوعس و تورك و فارس. ئەوندە بەسە كە خەڵكی بزانن كێن ئەوانەی سوكایەتی بە پێشمەرگە و شەهید و ئەنفالەكانی ئێمە دەكەن.
لەم دوو ڕۆژەی هەڵای ڕاگەیاندنە چەواشەكارو جوێن فرۆشەكەی یەكێتی كردیان. شتێكی زۆر سەیرو سەمەرەم بیست. كابرایەك هەیە لە گەرمیان پێشمەرگەی دێرینی یەكیتیە، ئەو پێشمەرگە دێرینە چەند ساڵێك پێش ئێستا چەند ڕۆژێك مانی لە خواردن گرت. لەبەر ئەوەی خۆی وەتەنی موچەكەی بێوەژنانەی بۆ بڕدرابوەوە، لە هەمان كاتدا خەڵكانی تەواری و جاش لە هەمان دەزگا كە ئەو موچەی تیادا وەردەگرت زیاتر لە ملێۆنێك دیناری وەردەگرت.
ئەوكاتە كە ئەو پێشمەرگە دێرینە مانی لە خواردن گرتبوو، برادەرێك تەلەفۆنی بۆ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد كە شتێكی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی مانگرتنەكەی بشكێنێت. بەرپرسە باڵاكە لە وڵامدا وتی: وازی لێبینە ئەوە هەر كەرە با بە كەری خۆی بمێنێتەوە. كەچی ئەوەی سەیر بوو بەلای منەوە ئەو پێشمەرگە دێرینە بە فیتی ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە بە كەری ناو دەبرد دژی عەدنان عوسمان قسەی بۆ ڕادوی یەكێتی دەكرد.سەیركەن چۆن خەڵكیان بە پارە كۆیلە كردووە. هەموو سوكایتییەكیان پێ قەبووڵە پێیان بكرێت.
ئەو نمونەیەم بۆ ئەوە هێنایەوە كە ئەوە عەدنان عوسمان نیە بە پێشمەرگەی دێرین بڵێت كەر. بەڵكو ئەوە بەرپرسەكانی یەكێتین بە پێشمەرگەی دێرین دەڵێت كەر.
ئەوە عەدنان عوسمانە كار دەكات ژیان و گوزەرانی ماڵ و منداڵی پێشمەرگە چاك بكرێت و لە دەستی چەند كەسێكی بازرگان ڕزگاریان بكات. لە كەسانی كۆیلەوە بیان كات بە كەسانی ئازاد و ئازا.
بەڕاستی ڕۆژگار گۆڕاوە ئەنفالچی و ئەمن و تەواری و تەلبڕ و بەعسی بەناوی پێشمەرگە و برای شەهید و كەم ئەندامی سەنگەرەوە دژی پێشمەرگەی دێرین و ڕاستەقینەكان خۆپیشاندان دەكات.
ئەمڕۆ چەند كەسێك دژی عەدنان عوسمان قسەیان دەكرد لە گەرمیان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین كەم ئەندامی سەنگەر. باوەڕتان هەبێت لە كاتی بەعسدا تەواری و جاش بوون. ئەوانەی كە دژی عەدنان عوسمان خۆپیشاندان كردووە، ئەگەر زەڕەیەك خیرەتیان هەیەو هەست دەكەن بێڕێزی بە پێشمەرگەی دێرین و كەم ئەندامی سەنگەر و شەهید و ئەنفالكراوە ڕاستەقینەكان كراوە. ئەی بۆ بێ دەنگ بوون بەرامبەر بە ئازادكردنی فڕۆكەوانەكە و بەرگریكردنی تاڵەبانی و بارزانی و فوئاد مەعسوم لە نزار خزرەجی تاوانباری ئەنفال و ئیمزانەكردنی لە سیدارەدانی تاوانبارانی ئەنفال و كیمیاباران؟ ئەی بۆ بێ دەنگ بوون كاتێك تاڵەبانی لە سەر گۆڕەكەی ئەتاتورك وتی: دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە و pkk تیرۆرستە؟ئەی بۆ بێ دەنگ بوون كاتێك تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ كەناڵی حوڕە دەڵێت: سەید المرحوم (برزان تكریتی)؟ ئەی بۆ ئەو هەموو سوكایتیە بۆ نەهاتنە دەنگ ئەگەر ئێوە كۆیلە و زلیل نین؟
لێرەوە بە عەدنان عوسمانی هەڵگری خەم و ئازاری گەرمیانیە ئەنفالكراو شەهیدستانەكەی دەستی دەسەڵاتی بەعسی و دەسەڵاتی كوردی دەڵێم: بەڕاستی خۆت و هاوڕیەكانت لە فراكسوێنی گۆڕان سەلمانتان ئێوەن خەمخۆری خاك و گەل و نیشتمان و پێشمەرگە و كەس و كاری شەهید و ئەنفالكراوەكان و هەژارانن. ئەوە ئەوانن كە دژی گەل و خاك و نیشتمان و پێشمەرگە و كەس و كاری شەهیدو ئەنفالكراوەكان و هەژارانن.
ئەم هەڵایەی كە دەزگای ڕاگەیاندنەكەی یەكێتی و پارتی كە تینون بە خوێن ڕشتنی لاوانی كورد بە دەستی یەكتری كە كردیان. نیشانەی ئیفلاسی سیاسیان نەبێت هیچی تر نیە. چونكە ئەوندە بەڵێن و درۆ و وەعدی نابەجێیان داوەو جەێی بەجێیان نەكردووە، ئیستا دەزانن خەڵك بەو چەواشەكاری و درۆ و دەلەسانیانی زانیەو باوەڕیان پێ ناكات.لەبەر ئەوەی بێبەرنامەن بۆ خزمەتكردنی خەڵك. هیچیان بەدەستەوە نەماوە كە خەڵكی پێ چەواشەو گەوج بكەن، بۆیە هاتوون لە ڕیگای جوڵاندنی سۆزو عاتیفەی خەڵكەوە دژی لیستی گۆڕان ئەندام پەرلەمانەكانی، ئەیانەوێت متمانەی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ خەڵك. مەسعودبارزانی 31 ئابی لە بیر چووە كە دەبابەی بەعسی هێنایە ناو حەرەمی پەرلەمانەوە. هاتووە ئیەوێت خۆیمان لێبكات بە كورد پەروەرو لیستی گۆڕانیش بە جاشی بەعسیەكان كە خۆی تاڵەبانی بەرگریان لە ساڵح مەتڵەگی بەعسی دەكرد. بەڕاستی كاتێك هەردوو سەرۆك خێڵكە خەڵك بە بەعسی و تۆرانی تۆمەت بار دەكەن من شەرم دەمگرێت كە لە ڕویان دێت و جورئەت دەكەن ئەو قسەیە بكەن. چونكە مێژووی ئەو دوو سەرۆك خێڵە ئەوەندە پیسە مرۆڤ لە ڕۆی نایەت لاپەڕەكانی بۆ نەوەی داهاتوو بخوێنێتەوە و بنوسێت. لەبەر ئەوەی ئەوانیش پێ نەنێنە شوێن پێی ئەواندا و ڕێبازە پڕ لە شەرمەزاریەكانی ئەواندا. لە 7/3/ 2010 كە یادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمانەو قەڵای زۆرداری بەعسی ڕووخاند ئاواش قەڵای زۆرداری و چواشەكاری هەردوو سەرۆك خێڵكەو موریدەكانی دێت. سەر كەوتنیش بۆ بەرەی گەل دەبێت، نەك بۆ بەرەی زوڵم زۆرداری ناعەدالەتی سیاسەتكارانی گەوجاندنی خەڵك.من لای خۆمەوە ڕایەدەگەینم هەتا سەر ئێسقان وەكو كەس و كارێكی شەهید و ئەنفال پشتگیری تەواوی عەدنان عوسمان و هاوڕیەكانی دەكەم. تا ئەو كاتەی ئاوا داكۆكی لە مافی هەموو چین توێژەكانی كۆمەڵگەبكەن لە پەرلەمانی كوردستان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست