بنەماڵەى بارزانى و خۆسەپاندنیان بەسەر كوردستان و نەهێشتنى پیرۆزى (پێشمەرگە)
Sunday, 27/09/2009, 12:00
هەر لە سەرەتاى دەسپێكردنى یاخى بوونى بەشێك لە بارزانیەكان، كە ئەوانیش بە سەرپەرشتى بارزانى لە حكومەتى ئەوساى عێراق و بە هۆى ململانێى عەشایەرییەوە و دەرپەڕاندنیان لە خاكى عێراق و راكردنیان بۆ ئێران و خۆ هەڵواسینیان بە شۆڕشى مەزن و كۆمارى مهاباد، كە توانیان لە سایەى ئەو كۆمارەدا خۆیان بگرنەوە، كە ئەمە باسێكە و بۆ كاتێكى تر هەڵیدەگرین و سەرچاوە زۆرە گەر خوێنەر بیەوێت لە راستى دروستبوون و خۆسەپاندنى بنەماڵەى بارزانى بەسەر كوردستاندا بخوێنێتەوە.
ناوى چەكدارەكان بە (پێشمەرگە) ناونرا ئەویش لە دوو وشەى پێكەوە گرێدراو وەك (پێش_مەرگ)، واتا ئەو كەسانەى كە مەرگیان لە پێشە، دوابەدواى هاتنەوەى مەلا مستەفا لە سۆڤیەتەوە بۆ عێراق و دانیشتنى لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم دا، وەك (رەفیق پشدەرى) لە كتێبەكەى بە ناوى (كورد دوژمنى خۆت بناسە)دا دەڵێ: "بازانى بۆ ماوەیەك سەردانى ناوچەى بارزانى كرد، كە گەڕایەوە پێى وتین ئەو شاخەى كە ماوەى چەند ساڵە بەسەریدا سەرنەكەوتووم ئێستا وەك جاران تواناى سەركەوتنم ماوە و وەك جاران پیایدا سەركەوتم"، مەبەستى بارزانى لەو چەند ساڵەى سۆڤیەت بووە، پشدەرى دەڵێ: "ئەوكاتە هەستم بە نیاز خراپى بارزانى كرد"، واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان دەیەوێت دیسان یاخى بێتەوە و كوڕى فەقیر و هەژار بداتەوە بە كوشت، ئەمەش لە پێناو كۆمەڵێك بەرژەوەندى خۆى و بنەماڵەكەى! لە ئەیلولى 1961 یەكەم فیشەكى بەناو شۆڕش تەقێندرا، كورد ئاوارە بوونەوە و كۆمەڵێ گەنجى خوێن گەرم كە بۆ خاكەكەیان هەمیشە تینووى شۆڕشێك بوون تا لە پەنایدا بتوانن خەبات بكەن بارزانى قۆستیەوە، دواتر بە هۆى چەند كەسێكى بە توانا و تێگەیشتوو و سیاسەتمەدار توانرا ئەو یاخى بوونە خێڵەكییە، بكرێتە شۆڕشێك و تەواوى چین و توێژەكانى كوردستانى باشوور لە خۆى بگرێت، بتوانن ئەو شۆڕشە بە شێوەیەكى سیستماتیك و بە دوور لە بڕیارى خێڵەكى و تاك رەئیانە ئاڕاستەیەكى گشتگیر لە پێناو نەتەوەى كورددا بگرێتەبەر، لێ قبوڵنەكردنى رەئى كەسى تر و قبوڵنەكردن و حەزنەكردن بە چارەى كەسە لێهاتوەكانى ناو شۆڕش لە لایەن بارزانیەوە، بووە هۆى لێكترازانى ساڵى 1964 كە تێیدا تایبەتى پێشمەرگە هەژارەكان بوونە قوربانى و بەگشتى میللەتى كوردیش تێیدا زەرەرمەند بوون، ئەوەش گەر خوێنەر بیەوێت لە راستى ئەو لێكترازانە بگات، دەتوانێت كرێس كۆچێرا و چەند كتێبێكى مێژوویى بخوێنێتەوە ئەوكات دەگاتە راستى، نەك ئەو كتێبانەى كە لە لایەن بنەماڵەى بارزانی و قەڵەم خوار و عەقڵ لە قاڵبدراو و كۆیلەكانیان نووسراون، چونكە بەدەر لەوەى كە ویستوویانە لەسەر ئەساسى ناشرینكردنى بەرامبەرەكانیان جوانى بەخۆیان ببەخشن چیتر نییە و جێى باوەڕ نییە، بیرەوەرى هەریەك لە سەرانى بنەماڵەش نابنە نەهج و بەڵگەى مێژوویى تا نەوەكانمان سودمەند بن لێیان، بگرە نەوەكانمان بە لاڕێ و سەرلێتێكدان دەبەن.
دواى لێكترازان و خۆ سەپاندنى بارزانى وردە وردە ناوى پێشمەرگە لەو سەردەمەدا بەرەونەمان دەچوو، لە جێى وشەى پیرۆزى پێشمەرگە (جەلالى و مەلایی) بوونە شوێنگرەوەى ئەو وشە پیرۆزە، هەر لەو سەردەمانەوە وردە وردە هەوڵى ناشرینكردنى ئەو وشە پیرۆزە چ بە راستەوخۆ، چ بە ناڕاستەوخۆ درا، تا گەیشتە ئەمڕۆ كە ساڵى 2009یە، بەرپرسێكى پارتى لەسەر وشەى پێشمەرگە بە پێكەنینەوە وتى: "لە ساڵى 1976ەوە شۆڕش دەكەم بەس بۆ ئەوەى بزانم چ ناوێكى ترمان لێ دەنێن، ئەوەتا ئێستا ناویان لێناین (بێرەبانى) واتە (زێرەڤانى)".
وەك عادەتى پێشوویان ئێستاش تەواوى بوارەكانى ژیانیان لە كوردستاند قۆرخكردووە و ئیسماعیل بەرزنجیش ناتوانێ بڵێ "لەل"*.
ساڵى 1998 و 1999 لە خەڵكى هەولێر لەوپەڕى ناڕەحەتیدا ژیانیان لە ژێر چەپۆكى پارتى دا دەگوزەراند، بۆ نموونە قاڵبێ سەهۆڵ نرخى گەیشتبوویە (100) دینارى سویسرى و بەرپرسەكانى بنەماڵە خۆیان لەگەڵ خاوەن كارگەكانى سەهۆڵ كردبووە شەریكە بەش، بۆ ئەوەى بتوانن لەسەر پێستى خەڵكى شارى هەولێر باخەڵەكانیان پڕكەن، سەهۆڵیان لە هەولێرەوە دەناردە موسڵ، ئەمەش بۆ ئەوەى نرخى سەهۆڵ بەرز بێتەوە، هاوكات لە پەنا گیرفان پڕكردنى بەرپرسان دا بنەماڵەى بارزانى پێشمەرگەكانیان بە گژ هێزەكانى pkk دەكرد، ئەویش وەم پیشەى هەمیشەییان كە ئەوكات بەكرێگیراوى تورك بوون و لەولاشەوە پێشەمەرگە بێ ئاگاكانیان بۆ شەڕى براكانیان دەچوون، وەلێ لەولاوە بارزانى نەخشەى دەوڵەتى كوردى بە تورك فرۆشتبوو و كرێى ئەو بەكرێ گیراویەى خۆیشى لە توركیا وەك پێشەكى وەرگرتبوو، جیا لەوەش خەریكى كاسپى كردن بوو لەسەر حیسابى خەڵكى شارى هەولێر بە پارەى (سەهۆڵ). دەكرێت ئەو بنەماڵەیە بە بازرگان و چەتە و مۆنۆپۆڵكەرى خاكێك و نەتەوەیەك پێناسە بكەین.
ئێستا پێشمەرگەكانى خۆیان بە دوو مانگ جارێ موچەیان دەدرێتێ، لە كاتێكدا زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگەكانیان لە خانووى كرێ دەژین، ئەو موچەیەش كە بنەماڵەى بارزانى وەك بەكرێگیراوێكى خۆیان حیسابیان دەكەن و دەیاندەنێ، بەشى تەنها چەند رۆژێكیان دەكات، ئەوە بەدەر لەوەى كە ئێستا پێشمەرگە چینى خوارەوەى كۆمەڵگاى كوردین لە هەموو روویەكەوە و بە تایبەت لە رووى ئابووریەوە، كەچى مەسعود بارزانى زۆر بێ شەرمانە دەڵێت من پێشمەرگەم، ئایا مەسعود بارزانى ئەوكاتەشى كە لە كەرەج و راژان بووە وەك ئێستاى پێشمەرگەكانى ژیاوە؟! جاش و كۆنە بەعسى نەما لە خۆیى كۆنەكاتەوە و عەلى سیرینى گوتەنى "مێ كێش" نەما لە خۆیى كۆنەكاتەوە و نەیانكاتە خاوەنى باشترین ژیان، هەروەها پێگە و پلەیان بۆ دابین نەكەن، كەچى ئەوەتا پێشمەرگەكانیان كە وەك كۆیلەكانى سەردەمى فیرعەون سەیردەكرێن لە ناسۆرەترین بارودۆخدا ژیان دەگوزەرێنن. هەر بۆ نموونە ئێستا كوڕە پێشمەرگەكانیان نەك توانایان نییە ژیانى هاوسەرى پێكبهێنن، بەڵكو هێندەش سوككراون لەناو كۆمەڵگاكەدا هەر بە بینینیان خەڵكى بە بێزەوە سەیریان دەكەن، رۆژانێك بوو پێشمەرگە جوانترین وشە و پیرۆزترین كەس بوو، پشدەرى لە كتێبەكەیدا دەڵێ: "كە دەچووینە گوندێك خەڵكى باوەشیان پێدا دەكرین و پارچەیەكیان لە پشتوێنەكانمان دەكردەوە و دەیانوت ئەوە مفەڕكە"، لێ ئێستاكە لەسەر حیسابى سوككردنى پێشمەرگە خۆیانیان كردە فیرعەون ئاسا. بەڵام رۆژێك دێت هەر ئەو پێشمەرگانەى كە ئێوە حیسابى بەكرێ گیراویان بۆ دەكەن وەك خۆتان كە بەكرێ گیراوى وڵاتان و دەزگا نهێنیەكانیان نەما نەیكەن، بەر تۆڵە و رقى چەند ساڵەیان دەكەونەوە و، ئەوكات دەزانن ئەو چەندە ساڵەى كارتان بۆ سووككردنى پێشمەرگە و كۆمەڵانى كوردستان كردووە لە پێناو بەرز راگرتنى خۆتان، لە عەرشى خیانەت و دەسەڵاتدارێتیەوە وەك ئاغاكەتان (سەددام) هەمان نسیبتان دەبێت، ئەوكات مێ كێشەكانیشتان جگە لە پێكەنین پێتان چ دەسەڵاتێكیان نابێت.
* لەل: گۆشەیەك بوو ئیسماعیل بەرزنجى لە نەشرەكەى بنەماڵەى بارزانى (خەبات) دەینووسى
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست