ئه‌رکان دارا: له پاڵ شیواشۆكدا نه‌وت نیه بیكه‌ى به زۆپاوه!
Monday, 17/01/2011, 12:00
ئێستا په‌رته‌وازه‌ییه‌كى زۆر ببینرێت له ناو گه‌نجه حزبیه عه‌لمانیه‌كاندا
به‌پرسى وا ده‌ناسم بیست و دوو قوتعه زه‌وى وه‌رگرتووه !!
كه‌م تا زۆڕێك له گه‌نجه سه‌له‌فیه‌كان تێكه‌ڵى كارى حزبى ده‌بن و له هه‌ڵه‌كانى خۆیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه
سه‌له‌فیه‌كان له ڕابردوودا له ته‌كفیر كردنى ئیسلامیه‌كان و ووته‌ى ناشرین به‌رامبه‌ر موسوڵمانان خه‌باتى گه‌وره‌یان كردووه
یه‌كڕیزى موسوڵمانان زۆر له‌وه گه‌وره تره به ووته‌ى سه‌له‌فیه‌كان تێكبچێت
ده‌ستپێکێك بۆ چوونه ناو گفتوگۆکه‌وه
گه‌نجانی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان وه به تایبه‌تی که‌لار له کۆن و نوێ‌دا به گه‌نجانێکی گه‌رم و گوڕ ناسراون، له شۆڕشی شاخدا له پێشه‌وه‌ی هه‌موویه‌وه بوون و زۆرترین قوربانیان داوه، له خه‌باتی ناوشاریشدا جێگه ده‌ستیان جێگه‌ی ئاماژه پێکردنن، زۆرجار ئه‌وه ووتراوه گه‌رمیانیه‌کان هه‌ڵگری هه‌ر فکریه‌ك بن زۆرترین ته‌زحیه‌ی بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌م کار‌و هه‌واڵه زۆرجار به ئه‌رێنی نه‌خشێنراون و به‌نیشانه‌ی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ خوددا ناوی هاتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیاوازیه‌کی زۆر له‌ناو خودی گه‌رمیاندا ده‌بینرێت له ڕووی که‌سه‌کان و هه‌ڵگرێتی جۆریه‌تی ئه‌و فکرانه‌ی که‌وا کاری بۆ ده‌که‌ن، ماڵی وا هه‌یه ئه‌ندامه‌کانی گشت حیزبه کوردیه‌کانی کوردستان پێك ده‌هێنێت، زۆرجار ململانێی نه‌خوازراویش له زه‌مینه‌ی کرداریدا بینراوه، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه له‌م دیمانه‌یه‌دا جۆرێك له په‌رته‌وازه‌ی له‌ناو گه‌نجانی که‌لارداو کاریگه‌ربوونیان بۆ مه‌دره‌سه‌ی جیا جیاوه، هه‌رچه‌ند کاریگه‌ربوون به‌و مه‌دره‌سانه‌وه خۆی بۆ خۆی زۆرجار جێگه‌ی گله‌یی نی یه تا ئه‌وڕاده‌ی نه‌گاته ده‌نگ لێبڕین و دژایه‌تی نه‌خوازراو، ئایا ئه‌و جیاوازیه بۆ؟ ده‌ستی سیاسی له پشتن وه‌یان نا تێگه‌شتنی خوده‌کان بۆ کاره‌کان؟ چ هه‌وڵێکی جدی هه‌یه بۆ ڕێك خستنیان؟ ئاراسته‌که‌ی ئێسته به‌ره‌و کوێیه‌و کێ کاریگه‌ری یه‌که‌می هه‌یه له‌و ڕێكخستنه‌دا؟ پێش بینی چی ده‌کرێت له ئێسته‌دا؟ ئه‌مه‌و چه‌ند پرسیارێکی تر ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م دیمانه‌یه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ گه‌نجێکی که‌لاردا که ئه‌ویش به‌ڕیز ئه‌رکان دارا یه نووسه‌رو ڕۆشنبیرو گه‌نجی خوێن گه‌رمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، به‌م شێوه‌یه ده‌چینه ناو پرسیاره‌کانمانه‌وه.
عومه‌ر عه‌لی: خوێندنه‌وه‌تان بۆ گه‌نجانی که‌لار به گشتی چی یه؟ ئه‌گه‌ر یه‌کێك بپرسێت گه‌نجانی که‌لار چۆنن ئێوه چی ده‌ڵێن؟
ئه‌رکان دارا: ئه‌گه‌ر بێت و به‌راووردێك له نێوان گه‌نجه گه‌رمیانیه‌كان و گه‌نجانى ناوچه‌كانى دیكه‌ى كوردستاندا بكه‌ین ئه‌وا له زۆر ڕووه جیاوازییان تێدا به‌دى ده‌كرێت , گه‌نجه گه‌رمیانیه‌كان به ئیسلامیه‌كان و عه‌لمانیه‌كانیشه‌وه گه‌نجانى خوێن گه‌رم بوون له خه‌باتى شاخ و ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت , بۆ به‌ده‌ست هێنانى مافى خۆیان و به‌رگرى كردن له شه‌ره‌ف و له ووڵات و له‌و مه‌بده‌ئه‌ى كه پێیان بوو زۆرترین قوربانیان دابوو, سته‌م كردنیان له هیچ حكومه‌ت و لایه‌ن و كه‌سێك قه‌بوڵ نه‌كردووه، وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و مه‌بده‌ئه‌یان بوو كه ئێستا گه‌رمیان و گه‌رمیانیه‌كان خاوه‌نى زۆرترین قوربانین و بۆیه ئێستا به هه‌ر كوچه‌و كۆڵانیكى ئه‌م گه‌رمیانه‌دا تێپه‌ڕ ببیت گوێت له سه‌دان و هه‌زاران چیرۆكى پڕ تراژییدیا ده‌بێت كه چۆن گه‌نجانى گه‌رمیانى ده‌یناسورى به‌ناو ئه‌نفال نوقمى خاكى كردن، ئه‌و كچه گه‌نجه جوانه چۆن به به‌رچاوى ده‌زگیرانه‌كه‌یه‌وه كه‌لله‌ى سه‌رى پارچه پارچه كرا , ئه‌و دایكه چۆن كوڕه گه‌نجه‌كه‌ى به به‌رچاویه‌وه زینده به‌چاڵ كرا، بۆیه ئه‌مه پێناسه‌یه بۆ گه‌نجى گه‌رمیانى و گه‌رمیانیه‌كان به گشتى چون گه‌رمیان وه‌ك ناوچه‌ى یه‌كه‌مى زیان لێكه‌وتووى كاره‌ساتى به‌ناو ئه‌نفالى سسێ زۆرترین قوربانى داوه‌و ناوچه‌كه‌ى به ته‌واوه‌تى كاولكرابوو وه هه‌تا ئێستاش كاریگه‌رى ماوه له‌سه‌ر گه‌نجانى ئه‌م ناوچه هه‌موو كاتێك له چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆكاندا من به‌و دێڕانه‌ى سه‌ره‌وه پێناسه‌ى گه‌نجى گه‌رمیانى ده‌كه‌م.
عومه‌ر عه‌لی: چ لایه‌نێك ئێسته کاریگه‌ری یه‌که‌می له‌سه‌ر گه‌نجانی که‌لار هه‌یه‌و تاچه‌ند ئه‌رێنیه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به گشتی و بۆ ده‌ڤه‌ره‌که به تایبه‌تی؟
ئه‌رکان دارا: به گشتى كاریگه‌ر بوون له‌سه‌ر گه‌نجانى گه‌رمیانى و گه‌رمیانیه‌كان به تایبه‌تى به بڕواى من كاڕێكى ئاسان نیه بۆ هه‌ر لایه‌نێك , ئێستا هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت كاریگه‌ر بێت نه‌ك له گه‌رمیاندا به‌ڵكو له هه‌موو كوردستاندا لا ئیرادى و پێش وه‌خت ده‌بێت خۆى بۆ چه‌ند شتێك ئاماده بكات له‌وانه بۆ نمونه بته‌وێت به‌هه‌ر كه‌سێك بڵێى وه‌ره كارم له‌گه‌ڵ بكه یاخود وه‌ره ببه به ئه‌ندامم ده‌بێت به‌لاى ئه‌وه‌وه خاوه‌ن مێژووى پڕ خه‌بات و قوربانى بیت و داكۆكیكارى سه‌ره‌كى مافه‌كانى بیت خۆ من ئێستا هه‌موو حزبه‌كان به یه‌ك چاو ته‌ماشا ناكه‌م ئه‌گه‌ر پارتى بڵێت وه‌ره كارم له‌گه‌ڵ بكه وه‌ڵامێكم بۆى ده‌بێت جیاواز له‌وه‌ى یه‌كێتى بڵێت وه‌ره كارم له‌گه‌ڵ بكه هه‌ردوویان حسابى جیاوازیان هه‌یه و به‌یه‌ك چاو ته‌ماشا ناكرێن و خوێندنه‌وه‌ى جیاوازیان بۆ ده‌كرێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى ئێستاى كوردییه‌وه بۆیه كاریگه‌ر بوون ئێستا له‌سه‌ر گه‌نج ئاسان نیه , مه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نجه خۆى هه‌ڵگرى ئه‌و بیر و بۆچون و مه‌بده‌ئه بێت كه حزبه‌كه یاخود لایه‌نه‌كه هه‌ڵیگرتووه , چونكه ئێستا نه‌ك له گه‌رمیاندا به‌ڵكو له هه‌موو كوردستاندا خه‌ڵك كراوه‌ته‌وه ڕه‌ش و سپى لێك جیاده‌كاته‌وه و ده‌زانن کێ دڵسۆزى ئه‌م كوردستانه‌یه و کێ پارێزه‌رى دین و ڕه‌وشت و ئاكارو ئه‌خلاق و كه‌لتور و كه‌له‌پورى ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له گه‌رمیان و له ناوچه‌كانى سلێمانیدا به ئاشكرا به‌دى ده‌كرێت, چونكه ئه‌زمونی تاڵیان له‌گه‌ڵ دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدا بینیوه , جوان بۆیان ئاشكرا بووه كه تا ئه‌م دوو حزبه له‌سه‌ر ته‌خت و ده‌سه‌ڵات بن خێریان لێنابینن ئه‌مه‌ش به ئاشكرا‌و سه‌ڕاحه‌ته‌ن له زارى گه‌نجانى و خه‌ڵكى هه‌ردوو ناوچه‌كه واته گه‌رمیان و سلێمانیه‌وه ده‌بیستیت له كه‌ناڵه‌كانه‌وه كه سه‌رۆك ته‌نها سه‌رۆكى پارتیه‌و بڕیاڕێكیش كه له مه‌سالحى خه‌ڵكى ئه‌م هه‌رێمه نه‌بێت هه‌رگیز جێبه‌جێى ناكه‌ین , وه من واى بۆ ده‌چم هه‌ر ڕۆژێك بۆیان ڕێك بكه‌وێت ئه‌وه‌ى كه له تونس بینراو كرا له هه‌رێمیش ده‌كرێت و ته‌خت و تاجى ئه‌م حكومه‌ته له ناوده‌به‌ن , بۆیه ئه‌گه‌ر باس له كاریگه‌رى بكه‌ین هه‌ر لایه‌نێك كاریگه‌ر بێت لایه‌نى ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ر نیه له گه‌رمیاندا كه ئه‌نجام بۆ ئۆپۆسزیۆن ده‌مینێته‌وه . به‌ڵام نه‌ك له گه‌رمیانیشدا به‌ڵكو له هه‌موو دونیادا مادده ده‌ورى كاریگه‌رى بینیوه‌و ته‌ئسیراتى له‌سه‌ر گه‌نج و خه‌ڵكى به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌بووه چونكه خه‌ڵكى واهه‌یه یاخوود گه‌نجى داماوى وامان هه‌یه موحتاجه به پاره‌و پاره‌ش لاى دوو حزبى ده‌سه‌ڵات كورد ووته‌نى قه‌مچانى پێده‌كرێت ئه‌وا هه‌رزوو به پاره قاییلى ده‌كه‌ن بۆیه ئه‌گه‌ر زۆر‌و كه‌م كاریگه‌رییان هه‌بێت ئه‌وا بێگومان هى پاره‌كه‌یه نه‌ك فیكر و بۆچوون و ئامانج.
عومه‌ر عه‌لی: هه‌ندێك جار که باس له ته‌زحیه دانی گه‌رمیانیه‌کان ده‌کرێت به نه‌زانیش ناویان براوه، وه‌ڵامی ئێوه بۆ ئه‌و ناوهێنانه چی یه؟
ئه‌رکان دارا: وه‌ڵا پووچه هه‌م قسه‌و هه‌م قسه كه‌ر به جۆڕێك ئیسته‌هه‌ل نیه وه‌ڵامیش بدرێته‌وه، به‌ڵام له ئێتیك و كارى رۆژنامه‌وانیدا نابێت ئه‌وانه‌ت به‌سه‌ره‌وه بچێت و ده‌بێت وه‌ڵامێكى هه‌ر بدرێته‌وه گه‌رمیانیه‌كان ته‌زحیه‌یان بۆ ئه‌و مه‌بده‌ئه داوه كه هه‌ڵیانگرتووه ته‌زحیه‌یان بۆ ئه‌و فیكره داوه كه خاوه‌نى بوون ته‌زحیه‌یان بۆ ئه‌و لۆژیكه داوه كه هه‌ڵگرى بوون ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى ڕاستگۆى و دڵسۆزییه له‌گه‌ڵ خوودى خۆتدا, چونكه زۆر هه‌ن درۆ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خۆشیاندا ده‌كه‌ن كه ئه‌مه به بڕواى من به‌و ڕاده‌یه له هیچ شوێنێكى ئه‌م كوردستانه به‌دى ناكرێت , چونكه گۆشكراون و پاڵه په‌ستۆیه‌كى سیاسى قورسیان له‌سه‌ر كه ئه‌گه‌ر دۆرشت له‌گه‌ڵ خۆتدا كردبێت نه‌خێر بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتارییه نه‌كه‌یت و به باوكى میلله‌تى ناوبه‌ریت و ڕۆژێك له ڕۆژان به زارتا نه‌یه‌ت بڵێى مافم کێ خواردى , كه ئه‌مه‌ش به گه‌رمیانیه‌كان هه‌زم ناكرێت, وه ته‌نها كارێك كه ئێمه‌ى گه‌رمیانى شانازى پێوه بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه پێداگربووین له به‌ده‌ستهێنانى مافى خۆمان زۆرترین قوربانیشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوه‌و سته‌ممان له زلهێزترین حكومه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست قه‌بوڵ نه‌كردووه, ئه‌گه‌ر گه‌رمیانیه‌كان به‌مانه نه‌زان بن , ئاخۆ زانین له چیدا ؟!ئه‌گه‌ر گه‌رمیانیه‌كان به ته‌زحیه‌دان و قوربانى دان بۆ مه‌بده‌ئه‌كه‌یان نه‌زان بن , ئه‌ى زانین له چیدایه ؟! تۆ بڵێى له‌وه‌دا بێت سوجده بۆ شه‌خس به‌ریت ؟ یاخود له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر ئاویش نه‌بێت بۆ خواردنه‌وه بڵێى ئه‌شهه‌دوو دوبه‌ى به تۆزى پاى كوردستاندا ناگات ! كه ئه‌مه‌ش وه‌ك مانگى به‌در ڕوون دیاره كه ئێستاش له پاڵ شیواشۆكدا نه‌وت نیه بیكه‌ى به زۆپاوه , هه‌موو شتێك وه‌ك خۆى دیاره شتێك نیه بشاردرێته‌وه , له‌م رۆژانه‌دا له خانه‌قین ڕاپۆرتێكم بۆ كه‌ناڵێكى ئینگلیزى جیهانى ئاماده‌كرد له‌سه‌ر پیاوێك به ناوى ڕه‌شید باجه‌ڵان كه تا بڵێى داماو و بێكه‌س و پیر و له‌پێكه‌وتبوو له نێو زبڵدانێكدا و له ناو كولانه‌ى سه‌گدا ده‌ژیا هێنده له پێكه‌وتبوو نه‌یده‌توانى هه‌لبسێته سه‌ر پێكانى نان نه‌بوو بیخوات بۆیه مانى له خواردن گرت و ده‌یووت بۆچى په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسان و وه‌زیره‌كان به‌سه‌ر پاره‌وه ده‌ڕۆن كه‌چى منیش نانه ڕه‌قێك كه مشكیش ده‌ستى ده‌كه‌وێت بۆ من نیه بیخۆم وه مانى له خواردن گرت تا مرد دوایش كه هێنایانه نه‌خۆشخانه ته‌نانه‌ت ناویشیان نه‌ده‌زانى به عه‌بدوڵا ناویان ده‌برد , ئاخر له‌م كوردستانه‌دا كه بوجه‌كه‌ى به قه‌د بوودجه‌ى ووڵاتیكى وه‌كو ئوردن ده‌بێت بۆ كه‌سى وا بوونى هه‌بێت بۆ به‌رێوه‌به‌رێتیه‌كى چاودێرى له خانه‌قیندا ناكه‌یه‌وه كه پیرانى له‌م شێوه‌یه له خۆ بگرێت و بیانژێنیت، ڕسوایى نیه كه‌سێك له ووڵاتی تۆدا نان نه‌بێت بیخوات و به‌و هۆیه‌وه بمرێت , ئاخر ئه‌مه له دیدى هه‌ر كه‌سێكدا جێگه‌ى بێته‌وه و لاى هه‌ركه‌سێك هه‌زم بكرێت لاى گه‌رمیانیه‌كان قابیلى ته‌قه‌بول نیه‌و هه‌میشه بۆ مه‌سئه‌له‌ى له‌م شێوه‌یه گه‌رمیانیه‌كان ده‌نگیان به‌رز كردووه‌ته‌وه و هه‌رده‌میش شانازى پێوه ده‌كه‌ین.
عومه‌ر عه‌لی: گه‌نجانی که‌لار له ئێسته‌دا زۆرترین هه‌وڵه‌کانیان ده‌چیته گیرفانی کێوه‌و وه که‌لاری خۆی تاچه‌ند سوودمه‌نده لێی؟
ئه‌رکان دارا: ئه‌وه‌نده‌ى له ناوه‌ڕۆكى پرسیاره‌كه‌ت تێگه‌شتبێتم وه‌ڵامى ئه‌ده‌مه‌وه .. كه‌لار تا دواى ڕوخانى حكومه‌ته‌كه‌ى سه‌ددام و دواتریش له هیچ سودمه‌ند نه‌بوون تا ساڵى 2006 كه ئیهمال كردنى گه‌رمیان و كه‌لار سنورى تێپه‌ڕاند و توڕه‌ییه‌كى زۆرى گه‌رمیانیه‌كانى به دواى خۆیدا هێنا و خۆپێشاندانێكى گه‌وره‌ى به خۆوه بینى كه له مێژووى گه‌رمیاندا خۆپێشاندانى له‌و جۆره ڕووى نه‌داوه كه سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت كه‌وته ژێر ده‌ستى خۆپێشانده‌رانه‌وه و نزیك بوو حكومه‌ت له گه‌رمیان وه‌ده‌رنێن تا هێزى پێشمه‌رگه‌ى بۆ ڕه‌وانه كرا‌و عوسمانى حاجى مه‌حمودى وه‌زیرى ئه‌وكاتى ناوخۆ هاته گه‌رمیان وه له ووته‌یه‌كیدا كه هیچ كات له یادم ناچێته‌وه و هاوڕێیه‌كم بۆیگێڕامه‌وه چونكه ئه‌و كات من له خۆپێشاندانه‌كان ئاماده‌نه‌بووم به‌هۆى خراپى بارى ته‌ندروستیمه‌وه، له ووته‌كه‌یدا ووتبووى ئێوه بیست و دوو كۆمپیوته‌رتان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان سوتاندووه به‌ڵام له وه‌ڵامى ئه‌مه‌دا گه‌نجێك ده‌ڵێت كاك عوسمان ئێمه بیست و دوو كۆمپیوته‌رمان سووتاندووه حه‌ددل ئه‌علا بایى ده‌فته‌ڕێك ده‌بێت به‌ڵام به‌پرسى وا ده‌ناسم بیست و دوو قوتعه زه‌وى وه‌رگرتووه !! له دواى ئه‌و خۆپێشاندانه‌وه گه‌رمیان خزمه‌تى كراوه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه, هه‌رچه‌نده به‌كه‌مى ده‌زانین و چاوه‌ڕوانى خزمه‌تى زیاترین چونكه له ئاستى ئه‌و قوربانیانه‌دا نیه كه گه‌رمیان له ڕابردوودا داویه‌تى , چونكه له ئاست ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌دا نیه بۆ كوردستان دێت , من ناتوانم ده‌قاو ده‌ق وه‌ڵامى به‌شى یه‌كه‌مى پرسیاره‌كه‌تان بده‌مه‌وه چونكه په‌رته‌وازه‌ییه‌ك له نێو ڕیزه‌كانى گه‌نجاندا ده‌بینرێت له ڕووى كاركردنه‌وه ئه‌مه‌ش به بڕواى من لا ئیرادییه و خه‌تایان ناگرم چونكه سروشتى كاره‌كان وا گونجاوه كه ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه دروست ببێت , بۆ نمونه ئێستا ڕیزه‌كانى گه‌نجان ده‌توانم بۆ چه‌ند رێزێك دابه‌ش بكه‌م گه‌نجه سه‌ربه‌خۆكانمان هه‌یه كه ئه‌مانه پشكى شێریان بردووه له زۆری‌دا و زیاتر له قوتابیانى زانكۆ و چینه رۆشه‌نبیره‌كانى كۆمه‌لگه‌ن كاره‌كانیان جۆڕێك له سه‌ربه‌خۆیى پێوه دیاره و یاخود حه‌ز به سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌ن و پێیان باش نیه تێكه‌ڵى حزب و كارى حزبایه‌تى بكه‌ون بۆ نمونه له‌م رۆژانه‌داو له كۆبونه‌وه‌یه‌كمدا له‌گه‌ڵ قوتابیانى زانكۆ و په‌یمانگاكاندا هه‌موویان به كۆى ده‌نگ كارى سه‌ربه‌خۆیان پێباشتر و وه مه‌رجى سه‌ره‌كییان بوو بێئه‌وه‌ى تێكه‌ڵى هیچكام له حزبه عه‌لمانی و ئیسلامیه‌كانیش ببن واته ئێستا ئه‌و چینه سه‌ربه‌خۆییانه زیاتر له قوتابیانى زانكۆ و په‌یمانگاكانن , چینى گه‌نجه حزبیه‌كنیشمان هه‌یه كه ئه‌مانه زیاتر به كارى حزبایه‌تى و خه‌ریكبوونیان به به‌ریوه‌بردنى ئه‌و كاره‌ى كه به بڕێك پاره پێى سپێدراوه سه‌رقاڵن ئه‌مانه‌ش یه‌كێتى و پارتى و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو گۆڕان و هه‌ندێكى دیكه‌ن كه ئه‌مانه‌ش تا راده‌یه‌ك كۆمه‌لێكى له خۆگرتووه , وه گه‌نجه سه‌له‌فیه‌كانیشمان هه‌یه هه‌ر چه‌نده زۆر كه‌من به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م هیچ نه‌بێت كه‌مێك ئاماژه‌ى پێبده‌م ئه‌مانه‌ش له كۆمه‌لێكى كه‌م پێك دێن كه زیاتر به كارى خۆیانه‌وه خه‌ریكن په‌رته‌وازه‌ییه‌ك له ناویاندا به‌دى ده‌كرێت كه به شێوه‌یه‌كى گشتى ڕوون نیه , له سه‌رووى هه‌موویانه‌وه كۆمه‌ڵێكى دیكه هه‌ن كه من ناوى گه‌نجه تێكه‌ڵه‌كانى لێده‌نێم ئه‌مانه‌ش له هه‌موو گه‌نجه سه‌ربه‌خۆكان و حزبیه‌كان و ڕێكخراوه‌ییه‌كان پێك دێت كه كۆمه‌ڵێك كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش پێكه‌وه‌ى به‌ستوون و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هاوبه‌شن له كاركردندا , به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى گشتى گه‌نجى سه‌ربه‌خۆى بێلایه‌ن من وه‌ك خۆم ئێستا زیاتر كار و جووڵه‌یان ده‌بینم.
عومه‌ر حه‌لی: تا چه‌ند لێك نزیك بوونه‌وه‌و تێگه‌شتن له‌ناو گه‌نجانی حیزبه نا ئیسلامیه‌کاندا ده‌بینرێت، یه‌کیه‌تی، پارتی، گۆڕان، شوعی، زه‌حمه‌تکێشان؟
ئه‌رکان دارا: به پێى ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ى یاخود ئه‌و فیكر و لۆژیكه‌ى كه كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌لایه‌ن حزبه عه‌لمانیه‌كانه‌وه كه هه‌ریه‌كه‌یان بۆخۆى خاوه‌نى به‌رنامه‌و پرۆگرامێكى تایبه‌ت به خۆیه‌تى وه خاوه‌نى مێژوویه‌كه ئیتر هه‌رچۆنێك بێت من نامه‌وێت باسى لێوه بكه‌م به پێى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه كه تاڕاده‌یه‌كى زۆر جیاوازن له یه‌كتر ئه‌وا له ڕووى كار كردن و هاوبه‌ش بوونیانیش جیاواز ده‌بن وه‌ك ئێستا له زه‌مینه و واقعدا ده‌بینرێت چونكه ئێستا هه‌ر سێ حزبى عه‌لمانى خاوه‌نى واته گۆڕان و یه‌كێتى و پارتى ناكۆكیه‌ك له نێوانیاندا ده‌بینرێت كه تاڕاده‌یه‌كى زۆر بۆ خواره‌وه شۆڕبوه‌ته‌وه ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى سلبى و نێگه‌تیڤى له‌سه‌ر ئه‌ندامانى خواره‌وه‌یان ده‌بێت ئیدى چ گه‌نج بن یاخود گه‌وره و ته‌نانه‌ت ڕیش سپیش بن كاریگه‌ر ده‌بێت و لێكیان جیا ده‌كاته‌وه هه‌ر ئه‌مه‌ش واى كردووه كه ئێستا په‌رته‌وازه‌ییه‌كى زۆر ببینرێت له ناو گه‌نجه حزبیه عه‌لمانیه‌كاندا.
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌ی ده‌رباره‌ی گه‌نجه ئیسلامیه‌کان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، بزووتنه‌وه، سه‌له‌فیه‌کان ئایا کاریگه‌ری دینی وای کردووه که هه‌وڵه‌کانیان پێوه گرێ بده‌ن؟
ئه‌رکان دارا: به پێى ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ى یاخود ئه‌و فیكر و لۆژیكه‌ى كه كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌لایه‌ن دوو حزبى ئیسلامیه‌وه واته كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كه نزیكبوونه‌وه و تێگه‌یشتنێك له نێونیاندا هه‌یه و به‌دیش ده‌كرێت ئه‌وا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش تێگه‌یشتن و لێك نزیك بوونه‌وه له نێوانیان گه‌نجه‌كانیاندا هه‌یه له گه‌رمیاندا به جۆڕێك كه زۆر جار كار و پرۆژه‌كان پێكه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوودا به‌دى ناكرێت له ناو گه‌نجه ئیسلامیه‌كاندا و هه‌موو پێكه‌وه یه‌ك دید و یه‌ك لۆژیك ده‌یانبه‌ستیت به‌یه‌كه‌وه , تاڕاده‌یه‌كى زۆر هاوكار و ته‌واوكه‌رى یه‌كترن له كار و پرۆژه‌كاندا هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌شه واى له هه‌ندێك گه‌نجى سه‌له‌فیه‌كان كردووه كه بێنه ناو كارى ڕێكخراوه‌یى و حزبییه‌وه و كار له‌گه‌ڵ گه‌نجانى ئه‌و دوو حزبه‌دا بكه‌ن و ته‌نازوولیه‌كى لا ئیرادییان كردووه له‌و فیكر و فه‌توایانه‌ى كه‌له باره‌ى حزب و كارى حزبیدا له پێشدا كردبوویان و به جۆڕێك كه ڕۆژێك براده‌ڕێكى خۆم كه تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه ئیسلامیه‌كاندا ووتى ڕۆژێك برایه‌كى سه‌له‌فى هاته لامان ووتى كاكه ریشیان له قوتابخانه‌كه‌مان قه‌ده‌غه كردووه و نایه‌ڵن نوێژیش بكه‌ین ئه‌م كاره‌ش به ئێوه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت چاره‌سه‌ر نابێت ! وه ووتى دواتر ئێمه‌ش به تلفونێك چاره‌سه‌رمان كردوو شوێنى نوێژیشمان بۆ دابینكردن ئه‌مه‌ش هه‌موو بۆ برایه‌تى و تێگه‌یشتنى نێوان گه‌نجه ئیسلامیه‌كانى گه‌رمیانه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه , به‌ڵام به شیوه‌یه‌كى گشتى ئه‌گه‌ر باسى بكه‌ین سه‌له‌فیه‌كان ئه‌وه‌ى من بزانم و ئاگه‌دار بم كار له‌گه‌ڵ گه‌نجه حزبیه‌كاندا ناكه‌ن به شێوه‌یه‌كى گشتى , هه‌ر چه‌نده به‌م دواییانه هه‌ندێك دانپێدا نانى سه‌له‌فیه‌كان بیستراوه به كارى حزبه ئیسلامیه‌كاندا , به‌ڵام له ئێستادا به شێوه‌یه‌كى گشتى هاوكارییه‌ك نیه له نێوان گه‌نجى ئیسلامى و گه‌نجى سه‌له‌فیدا له گه‌رمیاندا , هه‌ر چه‌نده وه‌ك پێشتریش ووتم و ئاماژه‌م پێدا كه‌م گه‌نجى سه‌له‌فى دێنه ناو كارى ڕێكخراوه‌ییه‌وه و تێكه‌ڵ به حزبه ئیسلامیه‌كان ده‌بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بڵێى هاوكارى و تێگه‌یشتن له نێوان سه‌له‌فیه‌كان و گه‌نجه ئیسلامیه حزبیه‌كاندا هه‌یه، وه به بڕواى خۆم له ماوه‌ى سه‌قفێكى زه‌مه‌نى كه‌مدا زۆڕێك له گه‌نجه سه‌له‌فیه‌كان تێكه‌ڵى كارى حزبى ده‌بن و له هه‌ڵه‌كانى خۆیان په‌شیمان ده‌بنه‌وه و دان به كارى ڕێكخراوه‌یى و حزبیدا ده‌نێن كه چۆن كاریگه‌ر بووه له ماوه‌ى ڕابردوودا..
عومه‌ر عه‌لی: نه‌وه‌ده‌کان ململانیه‌یه‌کی نه‌خوازراو له نێوان سه‌له‌فیه‌کان و حیزبه ئیسلامیه‌کاندا ده‌بینراو زۆر نه‌خوازراو بوو ئایا ئێسته گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه؟
ئه‌رکان دارا: سه‌له‌فیه‌كان له ڕابردوودا له ته‌كفیر كردنى ئیسلامیه‌كان و ووته‌ى ناشرین به‌رامبه‌ر موسوڵمانان خه‌باتى گه‌وره‌یان كردووه، به‌ڵام جێ ده‌سته‌یان دیار نیه , له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كڕیزى موسوڵمانان زۆر له‌وه گه‌وره تره به ووته‌ى سه‌له‌فیه‌كان تێكبچێت , به ملیۆنان دیناریان خه‌رج كردووه بۆ ده‌ركردنى ئه‌و كتێب و نامیلكه‌و گۆڤارانه دژ به موسوڵمانان ووته و قسه‌ى ناشرین و به مامۆستایانى ئاینى ته‌كفیركردنى ئیسلامیه ئوێولیه‌كان و فه‌توا بێبنه‌ماكانیان ئه‌مه كارى سه‌له‌فیه‌كان بووه، خۆیان به‌م كارانه‌وه گرتووه خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و ووزه‌و تاقه‌و مادده زۆره‌یان بۆ خزمه‌تى ئیسلام و موسڵمانان خه‌رج بكردایه ئه‌وا ئێستا شتێكى تر بوو , وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا خه‌ریكن به‌هه‌له‌كانى خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌و كه‌مكه‌م قه‌ناعه‌تیان به كارى ڕێكخراوه‌یی و حزبى كردووه و له‌زۆر حاڵه‌تدا كه كێشه‌یان بۆ دروست بووه په‌نایان بۆ ڕێكخراوه قوتابیه ئیسلامیه‌كانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بردووه كه ئه‌مه‌ش خۆى بۆ خۆى قه‌ناعه‌ت پێكردن و ته‌نازل كردنه بۆ كاره‌كانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو , ئه‌مه‌ش به بڕواى من پێڕه توند ڕه‌وه‌كه‌یه‌تى زیاتر خه‌ریكن به‌م كارانه‌وه , به‌ڵام له ئێستادا وه‌ك ووتم تاڕاده‌یه‌ك تێگه‌یشتنێكى كه‌م له نێوان گه‌نجه سه‌له‌فیه‌كان و گه‌نجه ئیسلامیه‌كاندا هه‌یه به‌ڵام له ئاستێكى نزمدایه و ناكاته ئه‌وه‌ى بڵێى تێگه‌یشتنى كوللى هه‌یه.
عومه‌ر عه‌لی: به‌حه‌رام زانینی حیزبایه‌تی له لایه‌ن سه‌له‌فیه‌کان و ئه‌و ناکۆکیه‌کی که له مه‌ڵبه‌ندی کۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕوویداو هه‌نوکه به‌رده‌وامیشی هه‌یه، ئایا جۆرێك له بێ ئه‌مه‌لی له‌لایه‌ن گه‌نجانی ئیسلامیه‌وه دروست نه‌کردووه؟
ئه‌رکان دارا: كار و فه‌تواى سه‌له‌فیه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك سانسۆرى بۆ كارى ڕێكخراوه‌یى و ئیسلامی دروست نه‌كردووه و دروست ناكات، چونكه كارى ڕێكخراوه‌یى پلان ومیكانیزمى تایبه‌تى هه‌یه و هه‌ركه‌سێك كارێكى پێسپێدراوه و ئیشى خۆى ده‌زانێت, له هه‌ر حزبێكى ئیسلامی و عه‌لمانیشدا كێشه هه‌بێت ئاساییه و كه‌م و كه‌م بێئه‌مه‌لیشى دروست كردبێت شایه‌نى ئه‌وه‌نیه به‌و ڕاده‌یه گه‌وره بكرێت . بۆ كێشه‌كانى ناو كۆمه‌ڵیش من ئاگام لێنیه و په‌یوه‌ندى به منه‌وه نیه
عومه‌ر عه‌لی: ڕادیۆی گه‌رمیانی یه‌کگرتووی ئیسلامی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی فراوانی هه‌یه‌و به ده‌نگێکی ڕاست و جوان وه‌سف ده‌کرێت. ئایا تا چه‌ند کاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌نجان هه‌بووه‌و له چوارچێوه‌ی کاری چاکه‌دا کۆی کردوونه‌ته‌وه؟
ئه‌رکان دارا: كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى خاوه‌نى چه‌ندین كار و پرۆژه‌ى جوان و قه‌شه‌نگن یه‌كێك له‌وانه‌ش ڕادیۆى یه‌كگرتووه له ڕابردوو وه له ئێستاشدا ده‌نگى هه‌بووه و جێ ده‌سته‌یان دیاربووه له خزمه‌تكردن به ئیسلام و موسوڵمانان هه‌زاران بیسه‌رى خۆیان هه‌یه له ناوچه جیاجیاكاندا و به‌خشى ئه‌و ڕادیۆیه‌ش بۆ زۆڕێك له ناوچه‌كانى كوردستان ده‌ڕوات له ئێستادا به یه‌كێك له میدیا ده‌نگیه به هێزه‌كان ناوده‌برێت له كوردستاندا و ئه‌وه‌ش ته‌ئسیراتى خۆى هه‌بووه له‌سه‌ر گه‌نجانى ئه‌م ناوچه بۆ نمونه ئێمه كه 12 كچ و 10 كوڕ بووین كه هه‌موومان گه‌نجى كه‌لار بووین له 2007 خولێكمان له لایه‌ن ڕادیۆى یه‌كگرتووه وه بۆ كراوه له بوارى ڕاگه‌یاندن وپه‌یامنێری و مۆنتێریدا به تیۆرى و پراكتیكى كه 12 رۆژى خایه‌ند له‌لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كى پسپۆڕ له‌و بواره‌دا وانه ده‌ووترایه‌وه و دواتریش بڕوانامه به به‌شداربووان به‌خشرا و من دوو كچى دیكه پله‌ى زۆرباشه‌مان به‌ده‌ستهێنا ئه‌مه‌و چه‌ندین كارى جوانتر له لایه‌ن ئه‌و ڕادیۆیه‌وه به گه‌نجانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌خشراوه وه من لێره‌وه هیواى به‌رده‌ماییان بۆ ده‌خوازم و ده‌ست خۆشییان لێده‌كه‌م
له كاك بێستون ژاڵه‌ییه‌وه تا ده‌گاته پاسه‌وانى به ده‌رگاكه‌ش.
عومه‌ر عه‌لی: ئایا ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان تا چه‌ند جێگه‌ی ده‌ستیان بنیراوه له‌ناو گه‌نجانداو لێکی نزیك کردوونه‌ته‌وه‌و تواناکانی له‌یه‌کتر نزیك کردووه؟
عومه‌ر عه‌لی: تا ڕادده‌یه‌كى باش كاریان كردووه هه‌ر ڕێكخراوێكى مه‌ده‌نى یاخود حزبى ئێستا خاوه‌نى چه‌ندین گه‌نجى به‌توانا و لێهاتوون و له ڕابردووش‌دا كار و پرۆژه‌ى جوانیان ئه‌نجام داوه‌و جى ده‌سته‌یان دیاره له ناوچه‌كه‌دا له كردنه‌وه‌ى خول و به‌ستنى سیمینار و كۆڕ و وۆرك شۆپدا نزیكبوونه‌وه‌ى گه‌نجانیش به‌نده به كاره‌كانیانه‌وه له نێو خوودى ئه‌و ڕێكخراوه‌دا كه كارى تێدا ده‌كه‌ن زۆر كار هه‌یه سروشتى وایه یاخوود زۆر پرۆژه هه‌یه سروشتى تێكه‌ڵ بوون و لێك نزیك بوونه‌وه‌ى هه‌یه و له ئه‌نجامدا تێكه‌ڵاوییه‌كه ده‌سته جه‌معیه‌كه دروست ده‌بێت , به‌ده‌ر له‌مانه وه‌ك ووتم هه‌ر گه‌نجێك ئێستا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كارى ڕێكخراوه‌ییدا بێت ئه‌وا خاوه‌نى كار‌و پۆستێكى دیارى كراوه به خۆى كارى خۆى له‌و چوار چێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه ده‌بات . ئه‌گه‌ر ڕۆژێك بێت و كاره‌كه‌ى نه‌رواته رێوه یاخود سستى تێدا به‌دى بكرێت ئه‌وا خۆى به خۆى ده‌زانێت و ته‌نها خۆى لێى به پرسیاره , ڕێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كانیش به پێى نفوزه‌ى هه‌یانه كاریان كردووه به‌ڵام په‌رته‌وازه‌ییه‌كه وه‌ك ووتم پێشتر ته‌ئسیراتى خۆى هه‌یه و كارى له‌سه‌ر كاره‌كان كردووه.
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌و گه‌نجانه‌ی که له ژێر چه‌تری هیچ لایه‌نێکدا نین تا چه‌ند هه‌وڵی ئه‌وان ئه‌رێنی بینراوه‌و وه له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێکدا نزیكین و کار ده‌که‌ن؟
ئه‌رکان دارا: ئێستا سروشتى كاركردن وایه یاخود كار كردنى گه‌نجان زیاتر شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى وه‌رگرتووه و زۆرینه‌ى هه‌ره زۆرى گه‌نجان سه‌ربه‌خۆى له حزبى بوون به باشتر ده‌بینن وه بڕواى منیش له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌دایه وه نه‌بێت من بڕوام به كارى حزبى نه‌بێت , نا به‌ڵكو بڕوام پێى هه‌یه ده‌ستخۆشى له حزبه ئیسلامیه‌كان و هه‌ندێك كارى یه‌كێتى و پارتیش ده‌كه‌م وه ڕه‌خنه‌شم له كاره‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام من بۆ خودى خۆم له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌و حزبه ئیسلامیانه‌دا نیم , كاریان له‌گه‌ڵدا ناكه‌م , چونكه سروشتى كاره‌كه‌ى من وا ده‌خوازێت دوور بم له هه‌موو حزبایه‌تیه‌كه‌وه , به‌ڵام بانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئێستا حزبه ئیسلامیه‌كان و عه‌لمانیه‌كانیش خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك گه‌نجى به توانا و لێهاتوون هه‌ر ئه‌وانیشن ئێستا خاوه‌نى چه‌ندین پرۆژه‌ى گه‌وره‌و جوانن , به‌ڵام وه‌ك زۆرینه ئێستا گه‌نجى سه‌ربه‌خۆى بێ لایه‌ن زۆرینه‌ن و زیاتر حه‌ز به سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌ن و بڕواشم وایه پرۆژه سه‌ربه‌خۆكان زۆرینه‌یان سه‌ركه‌وتنیان له دواوه بێت، چونكه ئێستا خلوه‌یه‌ك بوونى هه‌یه له نێو قوتابى زانكۆ و په‌یمانگاكاندا گۆڤاڕێك یاخود نامیلكه‌یه‌كى حزبى به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌درێت جۆڕێك مه‌نبووزه به‌لایانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا زه‌مه‌نێكه یاخوود ئان و ساتێكه زیاتر سه‌ربه‌خۆبوون به جوانتر ده‌بینرێت وه‌ك حزبى بوون وه كاتێك داوایان لێده‌كرێت بۆ پرۆژه‌یه‌ك مه‌رجى سه‌ره‌كییان سه‌ربه‌خۆیى پرۆژه‌كه‌یه بیلفعلیش بیركردنه‌وه‌یه‌كى جوانیشه چونكه هه‌ر حزبێك چ ئیسلامى بێت یاخوود عه‌لمانى ئێستا خاوه‌نى كۆمه‌ڵێكى زۆرن له ڕه‌خنه‌و گرفتن و له‌لایه‌ن هه‌وه‌دارانیانه‌وه ڕه‌خنه‌ى توندیان ئاراسته كراوه و بۆ ئه‌و كێشانه‌ى كه له ڕابردوودا دروست بووه وه تا ئێستاش به‌ده‌وامى هه‌یه بووه‌ته هۆى دروست بوونى چه‌ندین كوتله و پێڕو پێڕایه‌تى هه‌ر ئه‌مانه‌شه واى له‌و گه‌نجه خوێن گه‌رمانه كردووه دوور بكه‌ونه‌وه له كارى حزبى و حزبایه‌تی نه‌خێرى بۆ بكه‌ن به‌ڵام وه‌ك ووتم بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئێستا عه‌لمانیه‌كان و ئیسلامیه‌كان خاوه‌نى كۆمه‌ڵێكى گه‌نجى به‌توانا و لێهاتوون هه‌ر ئه‌وانیشن خاوه‌نى چه‌ندین پرۆژه‌ى جوانن.
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌گه‌ر شتێك شایه‌نی ووتن بێت و ئێمه له یادمان نه‌بوو بێت؟
ئه‌رکان دارا: من له كۆتایدا زۆر سوپاسى مامۆستا و براى خۆم مامۆستا عمر ده‌كه‌م , هیوام سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌وامى جه‌نابتانه , حه‌زمكرد چۆن فێركراوم به‌و شێوه بدوێم , هیواشم وایه به‌قه‌ده‌ر خۆى وه‌ڵامتانم دابێته‌وه . دووباره سوپاستان ده‌كه‌م
سوپاس بۆ ئێوه‌ش و به‌هیوای سه‌رکه‌وتن له کاره‌کانتانداو زیاتر خزمه‌ت کردن له‌ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان
پرۆڤایل
ئه‌ركان دارا له ساڵى 1989 له كه‌لار له دایك بووه
خوێندنى سه‌ره‌تاى و ناوه‌ندى و ئاماده‌یى له كه‌لار ته‌واو كردووه
خاوه‌نى چه‌ندین بابه‌ت و ووتار و ڕێپۆرتاجه له رۆژنامه‌و سایته كوردیه‌كاندا
له چه‌ندین خولى تایبه‌ت به كۆمپیوته‌ر و پێگه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن و هه‌واڵنێرى و شارشناسى و پێشكه‌شكاری و كۆمه‌نیكه‌یشندا به‌شدار بووه
به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینى گۆڤارى زه‌نگ ه
ئێستاش له بوارى ڕاگه‌یاندندا كار ده‌كات و په‌یامنێرى كه‌ناڵێكى سه‌ته‌لایتى جیهانیه له گه‌رمیاندا
ئه‌نته‌رڤیو: عومه‌ر عه‌لی
www.omarali.co.uk
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست