Friday, 29/03/2013, 12:00
که‌مال جه‌مال موختار سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی کوردستانپۆست له وڵاتی سوید ده‌ژی. کوردستانپۆست وه‌ک یه‌کێک له پڕخوێنه‌رترین ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کان دێته ژماردن، چه‌ندین بابه‌ت و دۆسییه‌ی هه‌ستیاریان تێدا وروژاندووه، له ژێر دروشمی (ره‌خنه به زمانی چه‌کوش) که به زمانێکی توند و ره‌خنه ئامێزانه بابه‌ته‌کانی بڵاوده‌که‌نه‌وه. به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ره‌که پێیان وایه زمانی گوڵ زمانی لوس و رۆمانسیه‌ت بێت. ده‌سه‌لاتی کوردی له‌و زمانه تێناگات، گه‌رچی هه‌مووان وایان ده‌زانی که کوردستانپۆست گۆڕان و به‌رپرسه‌کانی گۆڕان ئاڕاسته‌ی ده‌که‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه (که‌مال جه‌مال موختار) پێی وایه نه‌وشیروان موسته‌فا و دروستکردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه هۆی دامرکانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه ناڕه‌زاییه‌ی له ناو کوردستان دروست بوو، که ئاماده‌بوو بۆ پیشاندانی ناره‌زایی به‌رامبه‌ر پارتی و یه‌کێتی و پێی وابووه ئه‌و دوو حیزبه له کوردستان وه‌ده‌رنێن، به بۆچوونی که‌مال جه‌مال موختار، نه‌وشیروان مسته‌فا به دروستکردنی گۆڕان ئه‌و خه‌ونه‌ی هاوڵاتیانی له ناوبردووه. سه‌ره‌تا که په‌یوه‌ندییمان پێوه‌کرد، وتی: ده‌بێت پرس به براده‌رانی کوردستانپۆست بکه‌م، که‌مال جه‌مال موختار دڵنیا نه‌بوو له گۆڤاره‌که‌مان، وای ده‌زانی سێبه‌رین، یان به شێوه‌یه‌ک سه‌ر به دهسهڵاتیین، یان پێیان وتبوو، ئیتر ئه‌وه قه‌ناعه‌تی ئه‌و بوو، به‌ڵام له دوای ئیمهیل کردنی ژماره‌یه‌کی گۆڤاری هۆنیا هه‌موو شتێکی بۆ روون بوویه‌وه و ئه‌و گومانه‌ی نه‌ما، فه‌رموون ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی دیمانه‌که‌یه (دیمانه: ئارامی مه‌لا محه‌مه‌د/ گۆڤاری هۆنیا):
- لەبەر ئەوەی یەكەم جارە دیمانەت له‌گه‌ڵدا دەكەین، له دوو- سێ دیمانه و چاوپێکه‌وتنی گۆڤاره‌کانی تردا خۆتان و ئه‌ندامانی ستافی کوردستانپۆست وه‌ڵامتان به کۆمه‌ڵێک پرسیار داوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار و وه‌ڵامه‌کان دووباره نه‌بنه‌وه، ئه‌وه‌ی تا ئیستا نه‌وتراوه با لێره‌دا کورتیان بکه‌ینه‌وه! دوای ئه‌وه ده‌چینه سه‌ر باس و خواسی تر: سه‌ره‌تا بیوگراف و پێناسه خۆتانمان بۆ باس بکه، به دوایدا با بزانین ئامانجتان له دانانی ماڵپه‌ڕی کوردستانپۆست چیی بوو؟ ئەگەر ئامانجێکی لە پشتەوە بووبێت، تاچه‌ند به‌و ئامانجه گه‌یشتوون؟ له سه‌ر هاککردنی کوردستانپۆست، چه‌ند جار تا ئیستا هاککراوه؟ چه‌ند داوای یاسایی له سه‌رتان تۆمارکراوه؟ ئایا راسته ئێوه به‌بێ سانسۆر و بێ فلته‌ر هه‌ر نووسین و هه‌واڵێک بگاته ده‌ستتان بڵاویده‌که‌نه‌وه؟ تکایه وه‌ڵامی ئه‌و کۆمه‌ڵه پرسیاره به کورتی بده‌نه‌وه؟
- پێشه‌کی ده‌توانم به‌م شێوه‌یه خۆمتان پێ بناسێنم: كەمال جەمال موختار.. له‌دایکبووی ساڵی 1948 - سلێمانی (گەڕەکی دەرگەزێن) و ده‌رچووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی به‌غدا ساڵی 1973، وه‌ک نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس سه‌ره‌تای کارکردنم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1970، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خوێندنی زانکۆ‌دا لای خوالێخۆشبوو مامۆستا ره‌فیق چالاک له رۆژنامه‌ی برایه‌تی له به‌غدا کارم ده‌کرد. ساڵی 1974 چوومه‌ته ده‌رێ و له‌گه‌ڵ جه‌لال میرزا که‌ریم و سه‌ڵاح شوان گۆڤاری (ده‌نگی پێشمه‌رگه)مان له حاجی هۆمه‌ران ده‌رده‌کرد، به دوایدا له ئیستگه‌ی ده‌نگی کوردستانی عێراق (له چوارتا) تا ئاشبه‌تاڵه‌که له‌وێش کارم کرد. ساڵی 1981 سلێمانییم جێهێشت و بۆ جارێکی تر چۆمهتهوه ده‌رێ، تا شه‌هیدکردنی جه‌مالی عه‌لی باپیر له توژه‌ڵه ماومه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی زانیم، ئه‌میش ته‌واوکه‌ریی سیاسه‌ت و عه‌قڵی ئاشبه‌تاڵێکی تره، ئیدی کوردستانم بۆ ئه‌وان جێهێشت و رووم له وڵاتی سوید کرد، له سوید زیاتر له 10 ساڵ له بواری ته‌کنیکی کۆمپیوته‌ر و دیجیتاڵ و به‌شه‌کانی تری ئینته‌رنێت خوێندوومه، ساڵی 1997 بۆمه‌ته ئه‌ندامی پرۆژه‌ی کۆنتراکت، ئه‌ویش ده‌رکردنی 4 ژماره‌ی گۆڤارێک بوو، بۆ خوێندنه‌وه‌ی گۆڤاری کۆنتراکت کلیکی ئه‌و ژمارانه بکه (1،2،3،4) دوای کۆتایی ئه‌و پرۆژه‌یه بۆ خۆم یه‌که‌م سایتی کوردییم له سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت به‌ناوی (کوردستانی ئه‌مڕۆ)م ده‌رکرد، دوایی ناوهکهییمان گۆڕی بۆ (کوردستانپۆست). له‌و ماوه‌یه‌دا 7- 8 جار هه‌وڵی هاککردنی کوردستانپۆست دراوه، سێ جار هەوڵەکانیان سەریگرتووە، سەبارەت بە داوای یاسایی، ئەمیش سێ داوای یاساییمان له‌سه‌ر تۆمار کراوه، ئیستاش هیچ داوایه‌کمان له‌سه‌ر نییە، ئێمه پابه‌ندیین به یاسا و رێساکانی ئه‌وروپی و په‌خشی تۆڕی ئینته‌رنێت، له‌و باره‌یه‌وه هەر پرۆپاگاندەیەک دژمان ده‌کرێت، راست نیین، من ره‌تیان ده‌که‌مه‌وه، سه‌باره‌ت به ئامانجه‌کانی دانانی کوردستانپۆست، هه‌ڵبه‌ته سایتی کوردستانپۆست هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئامانجێکی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه، ئێمه کاتێک باس له ئامانجیش ده‌که‌ین، وه‌ک راگه‌یاندنێک ده‌توانم وه‌ڵام بده‌مه‌وه و بڵێم: به‌ڵی به‌شێکی زۆر له ئامانجه‌کانی خۆمان پێکاوه، له‌وانه توانیومانه پیرۆزیی سه‌رکرده‌ی حیزبه کوردییه‌کان، که به ناوی کورد و رزگارکردنی کوردستانه‌وه نیوە سەدەیەک وەک مۆتەکە سواری بیر و هزری کورد بووبوون، وەکو کەسایەتییەکی تایبەت کە سروشت تەنها بۆ کوردی دروستکردبن، ئێمه تێکی بشکێنین و نهیهێڵیین، راستییه‌کانیان بخه‌ینه به‌رچاوی خه‌ڵکی و بۆیان روون بکه‌ینه‌وه، ئەوانە سیمبوڵی نەهامەتیی و خیانەتن، نەک پێچەوانەکەی!، جگە لەوەیش دەرگای ئه‌و دوکانه سیاسییانه‌مان بۆ خه‌ڵکی خسته سه‌رپشت، وتمان سەیر بکەن، لە ناو ئەو دوکانەدا چ مێژوویەکی پیس خۆی نمایش دەکات و بازرگانە نەگریسەکان کامانەن! ئه‌مه گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن بووه، له ماوه‌ی 12 ساڵی رابردوودا کارمان له سه‌ر کردووه، فێریشمان کردوون، ره‌خنه‌گرتن نابێت نه‌رم و شله‌تێن بێت، ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ده‌کرێت و رووده‌دات، ده‌بێت بە ئاشکرا باسی لێوەبکرێت، ده‌ست بۆ تاوان و خودی تاوانکاران و سیاسییه‌کانی کوردیش رابکێشرێت، ئه‌وان تاوانبار و تاوانکاریی سه‌ره‌کیی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیی و روودانی کارهساتهکانەن! جگه له‌وه ئێمه توانیمان زۆربه‌ی نووسه‌ر و خه‌ڵک وشیار بکه‌ینه‌وه، مانایه‌کی جوان به تووڕه‌بوون بده‌ین، توانیمان فێری ئازایه‌تیی و نهترسییان بکه‌ین، به داخه‌وه پاش دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێڕه‌ویی ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه تووڕهبووانه گۆڕدران، به‌لایه‌کی تردا ئاڕاسته‌کران، زۆر له ده‌نگه‌کان ده‌سته‌مۆبوون، ده‌موچاوه توڕه‌بووه‌کان، روویان گۆڕا و بوونه زه‌رده‌خه‌نه! له تووره‌یی و خۆ ئاماده‌کردن بۆ شه‌ڕی ده‌ست و ئێخه بوو به ره‌خنه به زمانی گوڵ، له لابردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه، بوو به داخوازیی و ریفۆرم، له داخوازیی گه‌وره‌ی نیشتیمانییه‌وه بوو به داخوازیی شه‌خسیی بۆ پۆست و پله و پایه، له ده‌ربڕین و په‌یامی شه‌قامه‌وه، بردیانه نێو هۆڵه‌کانی په‌رله‌مان، له کڕینه‌وه‌ی که‌رامه‌تی میلله‌تێکه‌وه بوو به سهدوداو مامه‌ڵه‌کردن و فرۆشتنی که‌رامه‌تیی تاک به تاکی کورد، ئۆپۆزیسیۆنبوون هیچ مانایه‌کی جوانیی تێدا نه‌ما، جگه له لاشه‌یه‌کی سست و بێ ئه‌رزش له به‌ر ده‌می حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا کەوت و دەستی گرتەوە، هه‌موو ئه‌مانه به پلان و به خیانه‌تمان بینی، به واتایه‌کی تر ئه‌و بازرگانه سیاسییانه‌ی خۆیان ناوه ئۆپۆزیسیۆن، خه‌ڵکیان له ده‌رگایه‌کی تره‌وه برده‌وه نێو باوه‌شی ده‌سه‌ڵات. ئێمه هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه ده‌رفه‌تمان به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دا و ئه‌و شانسه‌مان خسته به‌رده‌میان، تا بزانین بۆ گۆڕانکاریی و بۆ گۆڕینی بیچمی ده‌سه‌ڵات چی له هه‌ناویاندایه، به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشبینیشمان کرد وه‌ها ده‌رچوو، هه‌رچه‌نده گه‌لێک جار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و لایهنگرهکانییانهوه ئێمه‌یان به پاشکۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش داده‌نا. ئه‌مه ته‌نها بۆ ناشرینکردن و بێ ئه‌رزشکردنی ده‌نگی توڕه‌ی ئەو خه‌ڵکه دڵسۆزانه بوو، که بە دوای گۆڕانکاریی راستەقینەوە بوون، بۆ کەویکردنی ئەوانەبوو، کە تا ئیستا ماونه‌ته‌وه و ته‌سلیم نه‌بوون.
له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئۆپۆزیسیۆنیش، ئێمه پێناسه‌ی تایبه‌تی خۆمان بۆی هه‌یه، (گۆڕان) و (کۆمه‌ڵ) و (یه‌کگرتوو) ئۆپۆزیسیۆن نیین، ئه‌مانه له فۆڕمێکی تردا دیوێکی تری ده‌سه‌ڵاتن، لای ئه‌وان رێگاپێدراون تا له ده‌ره‌وه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی، بۆڵه‌بۆڵ و باس له‌سه‌ر چاکسازیی و مانه‌وه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی بکه‌ن، له جه‌وهه‌ریشدا رۆڵی راوێژکاری ده‌سه‌ڵات ده‌بینن. هیوادارم ئه‌م کورته وه‌ڵامه به‌س بێت بۆ ئه‌و پرسیاره چڕ و پڕه‌ی به‌ره‌و رووتان کردووینه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یشم له‌بیر چوو، باسی لێوه‌بکه‌م، جێی خۆشێتی وه‌ڵام به‌و بوختانه به‌تاڵانه‌ش بده‌مه‌وه، گوایه قادری حاجی عه‌لی و نه‌وشیروان مسته‌فا له پشتمانه‌وه بوون، ئێمه که‌سانێکی ئازادین، نه ده‌چینه پشتی هیچ که‌س، نه رازیشین که‌س له پشتمانه‌وه بوه‌ستێت، هیچی شاراوەشمان نییه، تا له پشته‌وه حه‌شاری بده‌ین، جگه له خۆشه‌ویستیی بۆ نه‌ته‌وه و بۆ خاکه‌که‌مان هیچی ترمان لە هەناودا نییە! ئێمە خاوەنی بەهرەی خۆشەویستییین، ئه‌و به‌هره‌یه گەلەکەمان پێمانی به‌خشیوە، هه‌ر کوردێک له‌و به‌هه‌ره پڕ له خۆشه‌ویستیی و وه‌فایه‌ی تێدابێت، ئێمه له‌به‌ر ده‌م خۆماندا ده‌یبینینه‌وه و بۆشی دەنوشتێینەوە، نه‌ک له پشت خۆمانەوە بیشارینەوە.
- باستان لەوە کرد کە هەندێک لایەن ئێوەیان به پاشکۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش داده‌نا، باشە خۆ (د. کەمال سید قادر) سەر بە هیچ لەو لایەنە گومانلێکراوانەش نییە، کەچی تا ئیستا لە دوو سێ راگەیاندندا باس لەوە دەکات کە کوردستانپۆست لایەنداری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و منیش بڕیارم داوە نووسینەکانم لەویدا بڵاونەکەمەوە! ئەی وەڵامت بۆ ئەمە چییە؟
- کەسایەتیی کورد کەسایەتییەکی تێکشکاوە! زۆر لە رووناک‌بیر و نووسەرانی کوردیش، بەر تەوژمی ئەو تێکشکاندنە کەوتوون، دوژمنان و دەسەڵاتی کوردی کاریان لەسەر ئەمە کردووە، ئەوانە کەوتوونەتە ژێرباری فشارێکی توند و نەخۆشیی دەروونییەکی سەختەوە، بۆیە ئەوەی دەیڵێن، یان دەینووسن، تەنها بۆ کردنەوەی گرێ دەروونییهکانی خۆیان و شاردنەوەی کەموکورییەکانە، ئەو را و بۆچوونانەی لە سەر گۆڕانم نووسیوە، ئەو بوختانانە بەتاڵ و پووچ دەکاتەوە، ئەمە وەڵامیکشە بۆ ئەم پرسیارە. لەگەڵ ریزم بۆ ئەو کەسەی ناوتان هێناوە، من وەک قوربانییەکیش دەیبینم.
- ئایا بەنیاز نیین بگەڕێنەوە بۆ كوردستان و ماڵپەڕەكەتان لە ژێر فلتەری قانونییدا کار پێبکه‌ن؟
- ئێوه باس له فلته‌ر ده‌که‌ن و خۆشتان بە کەسانێکی ئازاد دادەنێن! نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس، چۆن دەبێت بەم شێوەیە، خۆی بکات بە ناو فلتەردا؟ کەسی ئازاد خۆی لە فلتەرێک نادات کە دەسەڵاتێک بۆی دانابێت و تا بە دڵی ئەو ئامادەبێت بیربکاتەوە! بە پێچەوانەوە ئەوەی کە خرایە ناو فلتەرێکەوە، دەبێت هەوڵ بدات لە لای ئەوانەوە لێی دەرنەچێت، ئازادیی چ مانایەکی هەیە تۆ بەناو فلتەری دەسەڵاتدا بڕوێت لەو سەریشەوە بڵێی من ئازادانە پێیدا تێپەڕبووم؟ ئه‌م پرسیارەی ئێوە ئەو دیمەنە دەخاتەوە یادم، کە کۆیله‌یه‌ک ئازادی دەکەن، کەچی دوایی خۆی دەچێت و ئازادیی لە خۆی دەسەنێتەوە، دەبێتەوە بە کۆیلە و خزمەتکاری ئاغاکەی! لەسەر مەسەلەی گەڕانەوەمان، جارێ زه‌نگی گه‌ڕانه‌وه لێی نه‌داوه. ئەمەش پلان و کاتی گونجاوی دەوێت، هه‌ڵبه‌ته له کاتژمێری سفردا بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه، کوردستانپۆستیش ته‌نها من نییم، باوەڕێک و کۆمەڵێک کەس بەڕێوەی دەبەن، زۆربەیان لە کوردستانن، ئێمە ناتوانین لەو کوردستانەدا راگەیاندنێک بهێنینە ژیانەوە و پەیڕەوی یاسایەک بکەین، کە دەسەڵاتی ستەمکار بۆی دانابین. کاتی خۆی ئینگلیزه‌کان شێخ مه‌حمودی حه‌فید ده‌گرن و لە کاتی دادگاییکردنییدا، رووی ده‌میان تێده‌کات و پێیان ده‌ڵێت: ئێوه داگیرکه‌رن، بۆتان نییه له وڵاتی خۆمدا دادگاییم بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش گه‌ڕاینه‌وه و لە کوردستاندا به‌ره‌و رووی دادگایه‌کی وا بووینه‌وه، هه‌ر وه‌ک شێخ مه‌حمودی حه‌فید وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه!
- سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنه‌کانی کوردستان چی ده‌ڵێیت، ئایا رۆڵی خۆیان بینیوه؟
- وه‌ک پێویست راگه‌یاندنه‌کانی کوردستان نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان ببینن. لە دیدارێکی ترمدا باسم لە سیسته‌می سیاسیی کردووە، مەبەستم لە پایه سه‌ره‌کییه‌کانی بە ده‌وڵه‌ت بوونە، وه‌ک ده‌ستور، جیاکردنه‌وه‌ی دهستهڵاتهکان، دیارییکردنی ڕۆڵ و ئه‌رکی سیاسیی ده‌زگا حکومیی و مه‌ده‌نییه‌کان.
دیسان لەویدا باسم لە ده‌سته‌ڵاتی سیاسییش کردووە، واتە هه‌ر سێ ده‌زگای بڕیادان، جێبه‌جێ کردن و یاسا، که به‌پێی سیسته‌مه سیاسییه‌که سنور و ئاڕاسته‌کانیان دیاری ده‌کرێت. لە هەرێمی کوردستاندا چونکە سیستەمێکی سیاسیی نییە، ئەوەی هەیە حوکمی تاقم و ده‌سته‌گه‌ریی و سه‌رۆکایه‌تیی خێڵه، بۆیه له ناو دنیای دەسەڵاتێکی سیاسیی ئاوادا کاری راگه‌یاندن سه‌ختە، بە پێچەوانەی وڵاته دیموکراته‌کان، سیسته‌می سیاسیی، کە لەلایەن دەسەلاتە سیاسییەکەوە بەڕێوە دەبرێت، رۆڵ و ئه‌رکی بەڕێوەبردن، کەوتۆتە سەر شانی دەزگا حکومییەکان و ئەوان بەڕێوەی دەبەن، لە کوردستاندا، بە پراکتیک ئەو رۆڵە، سەرۆک و بەرپرسی حیزبی و سەرۆک عەشرەتەکان بەڕێوەی دەبەن، لە وڵاتە دیمەکراتییەکانەدا، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک تاوانێک بکات، پۆلیس تاوانکار دەگرێت، بەپێی یاسا دادگا بڕیاری بەسەردا دەدات، راگەیاندنەکان رووداوەکە و بڕیاری دادگا رادەگەیەنن و دەیگێڕنەوە و بۆیان نییە ناوی تاوانکار بهێنن، تەنها ئەو کاتە بۆیان هەیە ئەمە بکەن، بزانن ئەو کەسە لە دەست یاسا رایکردووە و خۆی شاردۆتەوە، دەبێتە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا، لێرەدا خەڵکی لێ‌ئاگادار دەکرێتەوە، له کوردستانی باشووردا، زۆربەی تاوانکارەکان خوودی دەسەڵات و پیاوەکانێتی، لەبەر ئەوەی یاسا سه‌ره‌وه‌ر نییه و تاوانکارەکان بۆ خۆیان یاسا بەڕێوەدەبەن، بە ئارەزووی خۆیان دەسوڕێنیەوە، بۆیه بە ناچاریی ئەرکێکی دیکە بۆ راگەیاندنەکان زیاد دەبێت و پێویستە ناوەکان بۆ خەڵکی ئاشکرا بکرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌مه کار و ئەرکێکی سه‌خته، به‌ڵام که ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی خۆی تاوانکارەکە بوو، سەرەنجام وای لێدێت، خەڵکەکە خۆیان ئه‌رکی جێبه‌جێکردنی یاسا دەگرنە ئەستۆ، خۆیان پاریزگاریی له ئاسایش و ژیان و ماڵی خۆیان دەکه‌ن، دەبنه پۆلیسی به‌ر ماڵی خۆیان، ئا لێرەشەوەیە، کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە بەرەو سیستەمی خێڵ و زیندوو ده‌بێته‌وه، بۆ خۆیان رۆڵی پۆلیس و دادگاش ده‌بینن. راگه‌یاندن و میدیاکانی کوردستان، کە ناتوانن وه‌ک پێویست بە ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵبستن، هۆکارێکی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه، چونکه زیاتر له 30% خه‌ڵک نه‌خوێنده‌واره، ئه‌وه‌ی خوێنده‌واریشه زۆربه‌یان پشتیان له خوێندنه‌وە و خۆپه‌روه‌رده‌کردن و وه‌رگرتنی زانست کردووه، بە دانپێدانانی دەسەڵات، زیاتر له 1000 رۆژنامه و گۆڤار و ته‌له‌فیزیۆن و رادیو له کوردستاندا هه‌یه، بۆیه ناچار ئێمه‌ش ده‌گه‌یته ئه‌و بڕوایه بڵێین لەو ووڵاتەی ئێمەدا راگه‌یاندن بێ‌مانا کراوه، ئه‌و بێماناییهش ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به مه‌به‌ست کاری له‌سه‌ر کردووه.
- بۆچی زۆربەی هەرە زۆری بابەتەكان لە سەر بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە؟ مەبەستیشتان چییە لە رەخنە بە زمانی چەكوش؟
- چونکە ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه ده‌سه‌ڵاتییان به ده‌سته و زۆربه‌ی تاوان و هه‌ڵه و پیسخۆرییهکان ئه‌مان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، خه‌ڵک و نووسه‌ره‌کانیش زیاتر له‌مانه تووڕه‌ن! جگه له‌وه‌یش ئێوه بۆ خۆتان وەڵامی خۆتان داوەتەوە، خۆ ئێمە ناچین بابەت لەسەر وڵاتێکی دیکە بنووسین و بڵاوبکەینەوە، لە کاتێکدا ئێمە خەڵکی ئەو ووڵاتەین و کێشەمان لەگەڵ ئەو دوو بنەماڵەیەدا هەیە. زمانی چه‌کووش واته زمانی تووڕەبوون، ئەمەش پێچه‌وانه‌ی زمانی گوڵه، زمانی رەخنە وەکو گوڵ، ناسک وەک پەڕی پەپولە، تەنها بۆ رۆمان‌نووسین و هۆنراوە بەکار دەهێنرێت، نابێت لەگەڵ دەسەلاتێکی بێگوێ و بێ باکدا بەکار بهێنرێت، رەخنە بە زمانی گوڵ، بە واتا زمانی لووس و سازشکردن و پاڕانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزی به‌رامبه‌ر پاروویەک بکات به ده‌مته‌وه، کاتێکیش بهرامبهرەکەت گوێ بۆ رهخنەکانت ناگرێت، ناچار ده‌بیت زمانت تیژتر بکه‌یتەوە. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە کۆمەڵگای کوردییشەوە لە گۆمێکی مەنگ دەچێت، بۆ ئەوەی بۆگەن نەکات، پێویستی بە بایەک هەیە تا جوڵەی تێبخات. "نیکۆس کازانزاکی" ئاوا دەڵێت: گەر ئێمەش بە زمانی داکوتان نووسینەکانمان نەنووسین گۆمەکەمان زیاتر و زووتر بۆگەنیان لێدێت، ئەوەتانێ هەزاران میدیای کوردی بە زمانی گوڵ دەنووسن، دەسەڵات چی گۆڕیوە؟ ئەی ئێمەش چیمان پێ دەگۆڕدرێت، ئەگەر بەزمانی ئەو هەموو میدیایانەی کوردستان بنووسین؟ بۆیە مەبەستی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە و نەمان شاردۆتەوە، دەسەڵات زمانێکی دەوێت، ئەویش زمانی چەکوشی کوردستانپۆستە. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەگوزەرێت وای کردووە بڵێین زمانی چەکوشیش بەسەر چووە، ئیتر خەڵکی دەبێت لە بری چەکوش، ئامرازێکی تر بەکاربهێنێت!
- لەكاتی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییدا هەموو یار و نەیارەكانی هیوای چاك بوونەوەی دەكەن، بەڵام ئێوە بە پێچەوانەوە بۆچی؟
- مردن گەڕانەوەیە بۆ سروشت، من وەک نووستنێکیش دەیبینم، ئارامیی و رزگاربوونیشە لە ئازار و ئەشکەنجە، من هیوادارم تالەبانی تا 50 ساڵی دیکەش بژیی، بۆ ئەوەی سەرەنجامی ئەو کارانەی کردوویەتیی بە چاوی خۆی بیبینێت، تا بزانیت چ زوڵمێکی لە نەتەوەکەی خۆی کردووە، ئێمە هیوای مردن بۆ هیچ کەس ناخوازیین، بەڵام دەمانەوێت گەلی کوردیش وەک گەلی فەڕەنسا بێت، چۆن دوای سەرکەوتنی شۆڕش دادگایی ئێسک و پروسکی "میرابۆ"یان کرد! ئێمەش بۆ وا نەبین؟ بەر لە هەفتەیەک، پێش ئەوەی تاڵەبانی جەڵدەی مێشک لێی بدات، لە ڕۆژنامەیەکی کوێتیدا ووتی ئەو کوردەی بیر لە ئازادیی دەکاتەوە بێمێشکە. جگە لە قسەکانی تری. ئێمە سیاسەت دەکەین نەک یاری، کەسێک ئاوا هەڵوێستی بێت بەرامبەر بەگەلەکەی خۆی، دەبێت ئەو کەلتورە لە بناغەوە تێک بدەین، ئەوەی لە کوردستانپۆستدا لەسەریشی نووسراوە، غەدر و ناهەقی بەرامبەر نەکراوە، تەنها گەڕانەوەیە بۆ رابردووی خۆی، ئەو خەڵکە کە بیرکردنەوەیان کورتە، دەبێت بە بیریان بهێنینەوە، ئەمڕۆ گەنجێکی زۆر ئاگاداری مێژووی گەلەکەی خۆیان نیین، کارێکی باشە ئەو مێژووە بخوێننەوە. سەبارەت بە نەخۆشییەکەی تالەبانیی، کە جەڵتەی مێشک لێیداوە، هەرکەسێک یەک ملم لە خانەی مێشکی پەکی بکەوێت، ئیتر ناتوانێت، کار و ئەرکی رۆژانەی خۆی بەجێبهێنێت، ئەگەر تالەبانی لە ژیاندا مابێت، نابێتەوە بەو تالەبانییەی بە بیرکردنەوەش بزانێت که خۆی خۆیەتی، پارتیی و یەکێتیی ئەمەیان لە خەڵکەکە شاردۆتەوە! ئەگەر دڵیشی لێبدات، ئەو تازە نەماوە. ئەم مناوەرەیەی ئەمڕۆ یەکێتیی دەیکات، هەمووی تاکتیکە، حساب بۆ نەمانی دوای تالەبانی دەکەن و لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان رێکبخەنەوە! ئەمە پرسیارێکە ئایا هیچیان پێ دەکرێت؟!
- ئایا مردنی مام جەلال زیان بە میللەتی کورد دەگەیەنێت؟
- کورد بەردەوام زیانی کردووە، مردنی تالەبانی هیچ ناخاتە سەر خەرمانەی زیان و قازانجه‌کان، بە داخەوە لە دوای تالەبانی دەیان نمونەی تالەبانی دیکە هەن! مێژووی مرۆڤایەتیش پڕێتی لە مردنی کەسەکان، ئێمە ناتوانین بڵێین ئەگەر نیڵسۆن ماندێلا سبەی بمرێ ئیتر گەلی ئەفەریقای خواروو زیانی لێدەکەوێت، بە داخەوە ئەوە پرسیارێکە لەناو گەلی ئێمەدا زۆر باوە، چونکە دەسەڵاتدارەکان ڕۆژانە دەیڵێن و دەیڵێنەوە، نووسەر و پیسخۆرەکانیش ئەیجونەوە، ئەوانە گەلێکی خانەنشیین و کەمئەندامیان دروست کردووە، تا هەمیشە چاوی لە دەستی سەرۆکەکەی بێت، پێی وابیت، لە دوای مردنی ئەو، گەلەکەش بە دوایدا دەمرێت! من بیرمە لە31 ئابدا کە پارتی هێرشی بردە سەر سلێمانی، تاڵەبانی له نیوەشەودا له پێش هەمووانەوە ڕای‌کرد، ئیستاش هەر وایە، ئەم دوو مانگەی لە کۆمادا ماوەتەوە چی ڕووی داوە؟ دوای مردنیشی هەر ئەوە ڕوودەدات.
- پێشنیار و راتان چییە بۆ داهاتوو و پاشەرۆژی کورد؟ ئایا نەوشیروان مستەفا بە ئەڵتەرناتیڤی دوای تالەبانی دەزانن؟
- ئەم بیست و دوو ساڵەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە کورد تا ئیستا خاوەنی رێکخراو و حیزبێکی سیاسیی خۆی نییە، ئەوەی هەیە بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بۆ ئامانج و خواستەکانی نەتەوەی ژێردەسته‌ی کورد دروست نەبوون. لەسەر ئەمە قسەی زۆرکراوە، تەنها ئەوە نەبێت، کە بڵێم ئێمە پێویستمان بە خۆکۆکردنەوە و خۆرێکخستنە، پێویستمان بە دروستکردنی رێکخراو و بزوتنەوەیەکە، هیچ کام لە سەرانی پارتیی و ئەم حیزبانەی تر رابەرایەتیی تێدا نەکەن، پێویستمان بە رابەر و سەرکردەیەکی ئازایە، هەرچی خەسلەت و سیمای بارزانیی و تالەبانیی و سیاسییەکانی ئەم حیزبانە هەیە تێیاندا نەبێت، ئەوەی دەبێتە رابەر و سەرکردەمان، دڵسۆز و ئازا بێت.
نەوشیروان مستەفا مێژوونووسێکی باش و سەرکەوتووە، ئاگاداری مێژووە، لەناو زۆربەی رووداوەکانی نیو سەدەدا ژیاوە، ئەو دەتوانێت ئەو خزمەتە بکات و بە راستگۆیانە ئەو مێژووە بنووسێتەوە. ئەو کە لە ناو کۆمەڵە و یەکێتییدا رۆڵی سەرەکیی تێدا بینیوە، زۆر نهێنی دەزانێت و شاردوویەتەوە، با بە ئەمانەتەوە بیانگێڕێتەوە. پێش دوو ساڵ نەوشیروان مستەفا وتی مام جەلال بە منی وت: ئاخ بۆ دوو سێ هەڵەبجەی تر! لەو نهێنیانەی زۆر لەلایە، هەرچییەک بگێڕێتەوە و بینووسێتەوە، دەبێتە جێگای بروا، ئەو تازە هیچ شتێکی نەماوە بیدۆڕێنێت، ئەوەی دۆرانی ئەو کاتە بوو، کە هات بزووتنەوەی گۆرانی دروست کرد و خەڵک و گەنجی کوردی بێ هیوا و پاسیڤ کرد. من لێرەوە دا‌و لە کاک نەوشیروان دەکەم، کە چیدی زووترە، هەروەک چۆن کۆمەڵەی رەنجدەرانی هەڵوەشاندنەوە، لێی چووە دەرێ، ئەمڕۆش ئاوا بکات و واز لە بزووتنەوەی گۆران بهێنیت و دەست لەکار بکێشێتەوە، واز لە سیاسەتیش بهێنێت، ببێتەوە بە میژوونووسێک، داوای لێبوردن لە گەلەکەی بکات، لەوەی کە لە رابردوودا رووی داوە، با ئەمەش بکاتە کەلتورێک بۆ لێبوردن و لیخۆشبوون، چونکە مێژووی سەرانی کورد و ئەم حیزبانە پرە لە تاوان و خیانەتی نەتەوەیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست