کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەتا وەتبان تكریتیش داوای لێبووردنی لەگەلانی عێراق كرد، ئەی ئەنفالچییە كوردەكان بۆ نایكەن؟!

Tuesday, 21/12/2010, 12:00


دواجار و لەم رۆژانەداو لەبەردەم دادگادا (وەتبان تكریتی)ی كە یەكێكە لە گەورە تاوانبارانی رژێمی پێشوو و لەسەر دۆسییەی بازرگانەكانی عێراق فەرمانی لە سێدارەدانیشی دراوە، چیتر بەرگەی ئازاری ویژدانی خۆی نەگرت و بەوپەڕی راشكاوییەوە داوای لێبوردنی لە گەلانی عێراق كرد، بەوەی كە ئەو حزبەی ئەو لە پێناویدا كاری كردووە، بۆتە هۆی نەهامەتی و ئازارێكی زۆر بۆ گەلانی وڵاتەكەی. ئەم قسانە، ئەگەر هەر بۆ خۆ بە پەشیمان نیشاندەریش كردبێتی، نیشانەی ئەوپەڕی ئازایەتییە، لای ئەو كابرایە، چونكە وەك دەڵێن: دانان بە هەڵەدا، گەورەییە.
خۆ ئەگەر بێین و بەراوردێك لەنێوان ئەم تاوانبارەو تاوانبارە ئەنفالچییەكانی لای خۆمان بكەین، ئەوا بەپێی ئەم هاوكێشەیە، وەتبان لە ئەنفالچییەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێم، بوێرو ئازاترەو ئەگەر لە دوا ساتەكانی ژیانیشیدا بێت، ئەو لایەنە مرۆڤایەتییەی جولاو زۆر لەسەرخۆ، داوای لێبوردنی كرد لەسەرجەم ئەو تاوانانەی ئەنجام دراون و لە ئاوڕدانەوەیەكیشدا گەورە تاوانبارێكی وەكو (تاریق عەزیز) كە زۆرێك لە بەرپرسە گەورەكانی لای خۆمان بە كابرایەكی بێ گوناهی دادەنێن و هەتا داوای ئازادكردنیشی دەكەن، كەچی (وەتبان) تاریق عەزیزی بە ئەندازیاری تاوانەكانی عێراق دایەقەڵەم. مەبەست لەم پێشەكییە ئەوەیە كە تۆ بڵێی ئەنفالچییەكانی لای خۆیشمان كاتێك راپێچی دادگا دەكرێن كە دڵنیام چ زووبێو چ درەنگ، هەردەبێ ئەو تاوانبارانە لەبەردەم دادگادا ئامادەبنو هێزیش نییە، تاسەر بتوانێت داكۆكییان لێبكات-، ئەوانیش وەكو وەتبان، ئەگەر لەدوا ساتەكانی ژیانیشیاندا بێت، ویژدانی مردوویان بجوولێتو بە تەنها رستەیەكیش داوای لێبووردن لە شەرەفی ئەتككراوی كورد بكەن، كە بە داخەوە ئەمڕۆكە دەسەڵاتی حزبی لەناو دەسەڵاتی باشووردا داڵدەیان دەدات و ئامادە نییە، دەسبەرداریان بێت، لێ مانەوەی ئەو موستەشارو جاش و خۆفرۆشە كوردانەی ئەنفالی (182) هەزار مرۆڤی كوردیان كرد و نەوەیەكیان بە نەخوێندەواری و كۆڵەواری هێشتەوەو منداڵەكانی خۆیانیان پێگەیاند، هەتا ئەو رۆژەی دەسەڵاتی حزبی ناو حكومەتی هەرێم بڕیاری راپێچكردنیان دەدات بۆ بەردەم دادگا هەر پەڵەیەكی رەشی سەر رووی ئەوانە دەبن كە داكۆكییان لێدەكەن و ئامادەنین بدرێنە دادگاو بە سزای خۆفرۆشی و كوردفرۆشییان بگەیەنن. ئاخر كەی رەوایە ئەنفالچییەك شانبەشانی شێرەكوڕێكی ئەم باشووری كوردستانە بە بازاڕی شاردا پیاسە بكات و ئەنفالچییەكە های لایڤ بژێت و شێرەكوڕەكەش بەهەزار دەردەسەری بژێوی منداڵە منداڵە نەخوێندەوارەكانی پەیدا بكات؟.. كەی رەوایە ئەنفالچییەك لە هەمان تۆماری شەهیدانی گەلدا ناوی گڵاوی شانبەشانی ناوی پیرۆزی پیرۆزییەكانی نەتەوەیەكدا بنووسرێتەوە، ئەمە لە گرێژنە دەرچوونی راستییەكانەو ئەو رۆژەش زۆر نزیكە هۆشیاریی رۆڵەكانی گەل، وەكو تاوانبارانی مێژوو و ناوی گڵاوی ئەوان تووڕ تووڕ هەڵبدات و تۆماری شەهیدان و دڵسۆزانی گەلیش گڵەشۆر بكرێن و لەو خڵتەو خاشاكە گەنیوە پاكژ بكرێنەوە، دڵنیام ئەو رۆژە زۆر نزیكەو شەقیش مێژووش لە رادەبەردەر ترسناكە بۆ ئەوانەی بە دەستنوێژەوە بۆ نەمری دەژین.

كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە