کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەبادینان یان سۆران، بەهار بەرەو پایزو خەزانە

Thursday, 08/12/2011, 12:00






دوای گەیشتنی بەهاری عەرەبی بۆ کوردستان، دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن توانیان نوزە لەشەقام ببڕن و کۆتایی بەو ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەی ناوچەی سۆران بهێنن. ئەگەر چی ئەمە بەشێوەیەکی کاتیش بێ، لێ پەڕینەوەی هەمان ئامانج بۆ ناوچەکانی تر، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخا، کە ئۆپۆزیسیۆن لەهەر کوێیەك بێ، کاری تەواوکەری ئەجنداکانی دەسەڵاتەو دواتر شەقام و دەنگی ناڕەزایی بەرەو کپ کردنەوە ئەبەن.

ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەڤەری سۆران گیڕایان ، دەقاو دەق، ئەو ئەرکە بوو کەدەسەڵات بۆی ئامادە کردبوون. خوا هەڵناگرێ، گەلێ بەباشی و بەئەمانەتەوە ، ئەرکەکانی خۆیان بەجێ هێناو توانیان بەهار بەرەو زەردبوون و هەڵوەرین ببەن.

لەدوای نەمانی سەدام و ڕژێمە تۆتالیتار و دیکتاتۆریەکەی، مەسعود و بنەماڵە هەزار پیاوەکەی، ئەبوو بگەڕێن بەدوای کەسێکی خەمخۆر بۆیان بۆ ئەوەی لەکاتی تەنگانەدا بەفریایان بکەوێ، دیارە هەرزوو توانیان ئەو لایەنە بدۆزنەوەو هەلەکەیان قۆزتەوە. هەڵبەتە ئەو لایەنەش ، تورکیایە. لەدوای ٢٠٠٣ وە، ڕۆڵی تورکیا ئەوەندە کاریگەری هەیە کە لەلایەك بۆتە هۆی بێزارکردنی لایەنەکەی تر، ئەویش ئێرانە. هەڵبەت تورکیا و ئێران خۆیان وەك خاوەن ماڵ بەسەر کوردستانەوە ئەبینن و تا بۆیان کرابێ ئەو جۆرە هاوسەنگیەیان پاراستوە. ئەم راستیەش بەتەواوی دوای ڕوداوەکانی ٣١ ئاب و ڕاپەڕینەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر گەلێ بەباشی دەرکەوتوون.

داڕشتنی سیناریۆی ئەم جارەی دەڤەری بادینان لەلایەن هەریەك لە پارتی و یەکگرتوە هاتۆتە جێ بەجێکردن، ڕەنگە هەندێك پێیان وابێ کەوا ئەمە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، جا بۆیە هەقی خۆیەتی بپرسین ، کەئایا پارتی کەی گوێی داوەتە هەڵبژاردن و ئاکامەکانی. ئەوەتا بەئاشکرا دەنگ تەزوویر ئەکاو کەسیش ناتوانێ بەئەنجامەکەی رازی نەبێ!! هەروەك چۆن تاڵەبانی ووتویەتی ؛ پارتی لە ووڵاتی چینیش هەڵبژاردن بکا، هەر ئەیباتەوە. وەیان هەندێك پێیان وایە کە ئیسلامیەکان لە بادینان لەبرەو گەشە سەندندان و بونەتە مەترسی بۆ سەر پارتی، ئەمەش هەر مایەی گاڵتەجاریە لەکاتێکدا پارتی هەرکاتێ هەستی بەمەترسی کردبێ، ئەوا پەنای بۆ بەر چەتەو تفەنگچیەکانی بردوە.

بەلای تورکیا و ئێران گرنگ نیە چۆن کورد نەمێنێ، هەر لەڕێگای بەکارهێنانی خۆراکی خراپ و ناردنی بەلێشاوو ،هەناردەکردنی دەرمانی بەسەر چوو ئێکسپایەر بۆ هاوڵاتی نەخۆش و بەرزبوونەوەی ڕاددەی نەخۆشی شیرپەنجە و ئایدز،هەروەها بەژەهرکردنی ژینگەکەی،ناردنی نەوت و گازی تێکەڵ بەمادەی قوڕوقشم و ژەهراوی و ئاڵودەکردنی گەنجانی کورد بەمادە هۆشبەرەکان،، سەرەڕای ئەوانە، لەمێژە خەریکی ئەوەن چۆن کورد لەیەکتر هەڵبوەشێننەوەو تەخت تاراجی تێکبدەن، لەهەوڵی بەردەوام دان تا کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، کلتوورە ڕەسەنەکەی، زمان و ئایین و مێژووەکەی بەتەواوی بسڕنەوە. بۆیە ئەوەی دەسەڵاتی ملهوڕی تورکیاو ئێران بەخۆیان بۆیان ناکرێ، توانیویانە لەڕێگای دەسەڵاتی خۆسەپێنەوە بەئەنجامی بگەیەنن. دیارە بۆ ئەوە مەبەستەش دەسەڵات چەندین کەسی کۆیلەو ئەڵقە لەگوێێ خۆی بەناوی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە دروست کردوەو کاریان تەنها خامۆش کردن و دەم داخستنی دەنگە ناڕەزاییەکانە.

بۆیە بەبروای من، ئەوەی لەبادینان ئەگوزەرێ، یەکەم تاوانبار ئەوانەن کەدەنگی ناڕەزایی شەقام کپ ئەکەنەوەو لەم حاڵەتەشدا،جگە لەبکەری سەرەکی کە پارتیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ، یەکگرتووی ئیسلامیە. تازە ئەو ڕاستیە دەرکەوت بۆ هەموان کەئەم ئۆپۆزیسیۆنە بتوانێ متمانەی شەقام بەدەست بێنێ . هەقی خۆیەتی شەقام بەچاوی گومانەوە لەم بەرەیە بڕوانێ و ڕۆژانی دادێ، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخا کە یەکگرتوو هەروەك ساڵی ٢٠٠٥ لەخوێنی شەهیدان و زەرەرمەندانیان خۆش ئەبن و بەچەند پلەو پایەو ڕەشکەیەك دۆلار ئەیقەبڵێنن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە