ژن کوشتن تاوان نیه!
Thursday, 22/10/2009, 12:00
یه‌که‌م ڕوداوی ژن کوشتن که گوێبیستی بووم به‌سه‌رهاتێكی سه‌ره‌تای په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردو بوو که دایکم به مناڵی بۆی ئه‌گێڕاینه‌وه، دایکم ئه‌یووت: چونکه باوکتان فه‌رمانبه‌ر بوو زۆرجار له‌م شار بۆ ئه‌و شار نه‌قڵ ئه‌بوین، ئه‌وساڵانه‌ی که له‌هه‌ڵه‌بجه بوین، له‌ناو بیری ئاوی یه‌کێ له ماڵه ناوداره‌کانی شاردا. ته‌رمی کچه ئیشکه‌ره‌که‌یان دۆزرایه‌وه، دوای پشکنینی پزیشکی ده‌رکه‌وتبوو که کچه‌که سکی پڕبوه! سه‌رباری ئه‌وه‌ی پۆلیس لێکۆڵینه‌وه‌ی له ڕوداوه‌که نه‌کرد له شاریشدا وابڵاو ببوه‌وه که کچه‌که پاش ئه‌وه‌ی که‌تنی کردوه خۆی فڕی داوه‌ته ناو بیره‌که‌وه!
ئه‌م کاره‌ساته له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونمدا زۆر کاری ئه‌کرده سه‌ر بیر‌و هۆشم و ده‌یان پرسیاری له مێشکمدا دروست ئه‌کرد! چونکه تاوان له‌وه ڕون و ئاشکراتر نابێ! که‌چی که‌س به‌دوادا چونی بۆ نه‌کردوه‌و که‌سیش له‌سه‌ری سزا نه‌دراوه! به‌بیری خۆم ئه‌مووت ئه‌وکاته دیاره کۆمه‌ڵگا دواکه‌وتووبون، ماڵه‌که‌ش خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون و کچه به‌سه‌زمانه‌که‌ش بێکه‌س بوه. ئیتر له‌وکاته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو بیستنی ژن کوشتنێکدا وه‌ك خه‌نجه‌ر بکه‌ن به دڵما وایه جا ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه هه‌ڵه‌یه‌کیشی کردبێت هه‌ر پێم ناخۆشه! بۆیه که له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو، به‌رامبه‌ر ماڵمان ژنێك کوژرا به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌منه‌کاندا تێکه‌ڵکردوه‌و ئه‌وانیش بۆ جاسوسی به‌کاریان هێناوه، به‌بینینی لاشه‌که‌ی به‌جله کوردیه‌کانی و عه‌باکه‌یه‌وه دڵم داچڵه‌کاو چه‌ندین شه‌و بوه مۆته‌که‌و خه‌وی له چاوم بڕی!
ئه‌گه‌ر پێش ڕاپه‌ڕین جارجاره ده‌مان بیست ژنێك بکوژرایه و به‌چالاکی پێشمه‌رگانه پاساوی ئه‌درایه‌وه، ئه‌وا دوای ڕاپه‌ڕین ژن کوشتن بوو به کارێکی ئاسایی!! بوو به‌دیارده!! بوو به باو!!
دوای ڕاپه‌ڕین یه‌که‌م ژن کوشتن که بیستم کچێکی دائیره‌که‌ی خۆمان بوو، ئه‌م کچه هه‌ندێك به‌ته‌مه‌ن بوو، خه‌ڵکی شاری خۆشمان نه‌بوو بۆیه زاتی کردبوو ببێت به زابت‌ئه‌من، خۆشتان ده‌زانن زابت‌ئه‌منه‌کان کاریان ئه‌وه بوو که ته‌قریر له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌کان بده‌ن، خۆم یه‌کێ بووم له‌و که‌سانه‌ی که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێکی پله‌یه‌کم پێشمه‌رگه‌بوو له ده‌مه‌وه‌ی دابووم، له ئه‌نجامیشدا له خانوی حکومی ده‌رکرام و چه‌ندین جاریش بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر که‌س‌و‌کارم بۆ ئه‌منه سوره‌که بانگ کرام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئه‌م کچه به‌شه‌خسی زیانی به‌من گه‌یاندبوو به‌ڵام بڕوابکه‌ن که کوشتیان پڕ به‌دڵ پێم ناخۆش بوو! ئاخر خه‌ڵکینه کوشتن سزادانێکی زۆر گه‌وره‌یه، به‌تایبه‌تی گه‌ر کوشتنه‌که بێ دادگایی کردن بێت!
پاش ئه‌مه ژن کوشتن په‌ره‌ی سه‌ندو بوو به دیارده‌یه‌کی ترسناکی ناو کۆمه‌ڵگا! که‌سێك کتێبه‌که‌ی خاتو خه‌ندان حه‌مه جه‌زا (ئۆقیانوسێك له تاوان) ی خوێندبێته‌وه تێئه‌گات که له وڵاتی خۆمان ژنان له‌به‌رامبه‌ر چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدی و ئه‌تککردندان! کار به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا که به‌دزیه‌وه بیان کوژن و ته‌رمه‌کانیان له‌ملاوئه‌ولا فڕێ بده‌ن به‌ڵکو دیمان به‌سه‌دان دڕنده که‌وتنه گیانی کیژۆڵه‌یه‌کی ناسکۆڵه‌و به‌به‌رد و بلۆك سه‌ریان پان کرده‌وه بێ‌ئه‌وه‌ی ببینین که‌س له‌سه‌ری هه‌ڵبداتی! لێشاوی ئه‌م ژن کوشتنه گه‌ییه کورده کۆچبه‌ره‌کانی هه‌نده‌رانیش! ئه‌وه‌بوو بیستمان یه‌کێك به چه‌قۆ کچکه‌ی خۆی دا پاچی و یه‌کێكی تر دوو بۆره زه‌لامی نارده ماڵێکه‌وه که کچه‌که‌ی بکوژن و به‌لاشیه‌وه گرنگ نه‌بوو پێش کوشتن چی لێده‌که‌ن! ده‌یان کوشتنی به‌م شێوه‌یه‌ش دووباره‌بوه‌وه به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ڕوداوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌دواداچونی بۆ ئه‌کرێت و له‌که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنه‌کان و هه‌موو ڕۆژنامه‌کاندا به‌وردی باس ئه‌کرێن و هه‌موشمان ئه‌زانین که بکوژی ئه‌و کچانه ئێسته له به‌ندیخانه‌دان و سزای خۆیان وه‌رگرتوه. به‌ڵام کوشتنه‌کانی ناو کوردستان هه‌ر به لغز ده‌مێننه‌وه‌و که‌سیش نازانێ تاوان باره‌کان چیان لێبه‌سه‌ر دێت؟ بۆیه ئێمه‌ش ده‌یان پرسیار له مێشکماندا بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه.
بۆچی ئه‌م تاوانانه که‌س به‌دواچونی بۆ ناکات؟! بۆچی نابینین یه‌کێك له‌سه‌ر ژن کوشتن بگیرێت؟! بۆچی هه‌ر کچێك بکوژرێت یان خۆی بکوژێت یه‌کسه‌ر تاوانی شه‌ره‌فی ده‌خه‌نه پاڵ؟! بۆچی هه‌رگیز نابیستین که نێرینه‌یه‌ك له‌سه‌ر شه‌ره‌ف بکوژرێت له کاتێکدا کوشتنی مێینه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف نه‌ك حه‌ڵاڵه به‌ڵکه بکوژه‌که‌ی خۆشی به‌سه‌ربه‌رز ده‌زانێت؟! بۆچی ئه‌و که‌سانه‌ی ناویان له‌گه‌ڵ کوشتنه‌کاندا ده‌هێنرێت وه‌ك به‌رزه‌کی‌بانان بۆی ده‌رده‌چن؟! بۆچی ڕۆژنامه کوردیه‌کان هه‌واڵه‌کان بۆ یه‌ك جار بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌و ئیتر به‌دواداچونی بۆ ناکه‌ن؟! بۆ وێنه‌ی ئه‌و ژن کوژانه نابێت ده‌رکه‌وێت و که‌سیش نازانێ ئایا دادگایی کران یان نا؟! بۆچی هه‌ندێ جار ژنیش له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دایه‌و هه‌ندێ جاریش ده‌بنه هۆی کوشتنه‌که؟! ئه‌م پرسیارانه‌و ده‌یانی تر، به‌داخه‌وه پاش چه‌ندین ساڵ وه‌ڵامه‌کانیم وه‌رگرته‌وه
له ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ژن کوشتن تاوان نیه!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست