کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌زموونی کودستانی باشوور ده‌رسێک بۆ پارچه‌کانی تر

Tuesday, 10/11/2009, 12:00


گه‌لی کورد هه‌ر له‌ دوای رووخانی میرنشینه‌کان بووه‌ گه‌لێکی ژێرده‌سه‌ڵاتی داگیر که‌ران ، لێره‌ و له‌وێ ئاگری شۆرشی خوێناویان له‌ دژی داگیرکه‌ران هه‌لگیرساند به‌م هۆیه‌وه‌ جار جارله‌ هه‌ندێ شوێن ده‌رفه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ئه‌ره‌خسا به‌ڵام کات زۆری نه ‌ئه‌برد به‌ هۆی دروست بوونی چه‌ند هۆکارێکی ده‌ره‌کی وناوه‌کی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ کۆتایی پێ ئه‌هات و داگیرکه‌ر باڵی ڕه‌شی زوڵم و زۆرداری به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌ سته‌م دیده‌یه‌ ئه‌سه‌پاند ، دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هاباد و روخاندنی له‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵات و ده‌رچوونی به‌یانی یانزده‌ی ئازاری 1970 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له‌ کوردستانی باشوور گه‌واهی ئه‌م راستیه‌ن که‌ گرنگیه‌کی زۆریشییان هه‌بوو له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی هه‌ موو پارچه‌کانی تری کوردستان.

ئه‌مرۆش که‌ ئه‌زمونێک له‌ کوردستانی باشوورهاتۆته‌ کایه‌وه هه‌موو هه‌نگاو و قۆناغه‌کانی به‌ لایه‌نی سه‌لبی و ئیجابیه‌وه‌ ده‌رسێکن بۆ هه‌موو کوردستانیانی پارچه‌کانی ‌تر،گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ ڕاپه‌رینه‌ گه‌وره‌که‌ی به‌هاری 1991 پارته‌ کوردستانیه‌کانی باشوور له‌ ژێر ناوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ قۆناغێکی شه‌ڕی براکوژی و حزبایه‌تی تێ په‌رین له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر ناچار بوون که‌ کۆتری ئاشتی هه‌ڵبده‌ن و به‌ره‌یه‌ک دروست بکه‌ن به‌ ناوی (به‌ره‌ی کوردستانی) له‌ دووایی دا به‌هۆی تێکچوونی باروودۆخی عیراق ده‌رفه‌تی ڕاپه‌رین و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێم ڕه‌خسا ،به‌ڵام جارێکی تر شه‌ڕ و دووبه‌ره‌کی که‌وتۆوه‌ نێوان پارته‌کان که‌ که‌رت بوونی حکومه‌تی لێ که‌وتۆوه‌ ..............هتد، گه‌لێ جار به‌هۆی ناکۆکی نێوانیان ، ده‌ستکه‌وته‌ شه‌خسی و حزبیه‌کان ئه‌بنه‌ قوربانی ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که‌ تاوه‌کو ئه‌مرۆش ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی بووه‌ته‌ که‌سه‌رێک له‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵک ودروستبوونی دوژمنایه‌تی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌نده‌ڵی که‌ بووه‌ته‌ هۆی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و پیلان بۆ داگیرکه‌ران و دوژمنان بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ دابراوه‌کان نه‌خه‌نه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمی کوردستان.

جا ڕه‌و‌شی پارچه‌کانی تری کوردستان له‌ هه‌مان ڕه‌وشی به‌ر له‌ ڕاپه‌رینی به‌هاری 1991 ی کوردستانی باشووره‌ که‌ لێرانه‌دا من مه‌به‌ستم ڕه‌وش و بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاته‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ لێکترازان و به‌ش به‌ش بونێکی زۆر له‌ نێو پارته‌ ڕۆژ هه‌ڵاتیه‌ کوردستانیه‌کان به‌دی ئه‌کرێت له‌ کاتێکدا گشتیان خاوه‌نی یه‌ک ئامانجی نه‌ته‌وه‌یین وتێ ئه‌کۆشن له‌ پێناوی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یه‌کی ‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رێک که‌ هه‌موو به‌هایه‌کی ئه‌خڵاقی و نه‌ته‌وه‌یی لێ زه‌وت کردووین ، خۆزگه‌ پارته‌ کوردستانیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان بیریان له‌م ده‌رسه‌ی کوردستانی باشوور ئه‌کرده‌وه و به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوویان دروست ئه‌کرد نه‌ک وه‌کو ئێستا له‌ جیاتی یه‌کگرتوویی و برایه‌تی خه‌ریکی یه‌کتری لاوازکردن و دژایه‌تی کردنن که‌ به‌م هۆکاره‌ش دوژمنانی گه‌ل به‌هێز ئه‌که‌ن بائه‌زموونی کوردستانی باشوور ده‌رسێک بێت بۆ کوردستانیانی رۆژهه‌ڵاتی ، له‌ هه‌موو کارکردنه‌کاندا هه‌نگاوه‌ باشه‌کان وه‌ربگرن و هه‌نگاوه‌ خراپه‌کانیش فه‌رامۆش بکه‌ن.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە