وەڵامێك بۆ محمد فرج... میللەت تیرۆر مەكەن

Monday, 23/05/2011, 12:00


لە ژمارە (1049) ى رۆژى دووشەممەى رۆژنامەى هەولێر لە رێكەوتى (23\4\2011) محمد فرج ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوو زۆر ناواقیعیانە باس لە ڕەوشى هەرێم دەكات و لە هەمان كاتیشدا پێمان دەڵێ كە حیزبەكەی هەوڵى تیرۆركردنى دەنگە ناڕازیەكانى هەرێمى كوردستان دەدات و ئاماژەیەكى ڕوونیش بۆ دەرەنجامە دڵتەزێنەكانى كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكە دەكات.
بەڕێز محمد فەرەج لە كوێى كوردستان زەمینە لەبارە بۆ گفتووگۆ؟ لێرە لە هەولێر هەموو جادە و كووچە و كۆڵانەكان كۆنتڕۆل كراوە لەلایەن پیاوانى ئاسایش و پاراستن بە جلى مەدەنى و تامى ژیان نەماوە, ئەمەیە قەناعەتى دەسەڵات بۆ چاكسازى و نەهێشتنى گەندەڵى؟ دەسەڵات بەم حاڵەوە دەیەوێت كێشەكان لەسەر مێزى گفتوگۆ چارەسەر بكات؟ ئەم دەسەڵاتە هیچ مەجالێكى بۆ گفتوگۆ هێشتۆتەوە؟
سەیرە! ئێوەش خەریكە بارزانیمان لێ دەكەن بە خوا لە كاتێكدا ڕاگەیاندنەكانى خۆیان خەریكى پەرستنى بارزانین! ئێوە بە جۆرێك باسى دەستپێشخەریەكەى بارزانیمان بۆ دەكەن وەك ئەوەى پەیامێكى ئیلاهى بێ! ئەگەر بارزانى تۆزێك نیازى پاك بوایە دەبوایە وازى لە كورسیەكەى هێنابا, كەچى ئێوەش چاك دەزانن كە مەبەستى دەستپێشخەریەكە بۆ ئەوەیە گیرفانتان پڕ بكەن و دەمى خەڵكى پێ دابخەن, بەڵام خۆ خەڵك لە گوێى گا نەنوستووە!
داواكانى خەڵكى كوردستان زۆر سادە و ئاشكران كە داواى وازهێنانى گەندەڵ و دیكتاتۆرەكان دەكەن بە هەمان شێوەى دیكتاتۆرەكانى وڵاتانى عەرەبى, هیچ مێز و گفتووگۆشى ناوێ بەڵكو مانگرتن و یاخى بوونە پێویستە. بەڕاست جەنابت پێت وایە لەسەر مێزى گفتووگۆ ئەم دەسەڵاتە تا سەر ئێسقان گەندەڵ و دیكتاتۆرە كورسیت بۆ چۆل بكا؟ یان وەك خۆشت باش ئاماژەت بۆ كردووە ئەم مێزى گفتووكۆیەى ئەوان بۆ ئەوەیە دەمى ئێوەى پێ چەور بكەن و لە حكومەتێكى بنكە فراواندا چەند كورسیەكى بێ بایەختان پێ بدەن تا ئەو كاتەى بارودۆخەكە ئارام دەبێتەوە؟ پاشان بە شێوەیەكى دڕندانە تر لە ئێستا بكەونە گیانمان و ژیانمان لێ تاڵتر بكەن. پێم ناڵێى چۆن بەم شێوەیە و بە بێ شەرمى دەڵێى بەشدارى لە حكومەتێكى بنكە فراواندا دەكەین؟ چۆن بە بەر چاوى خەڵكى كوردستانەوە جارێكى تر دەبنەوە دەست و پێوەند و پاشكۆى ئەوانەى خوێنى لاوان و منداڵانى شارى سلێمانیان ڕژاند بە ڕۆژى ڕوناك؟
ئێوە وەك یەكگرتوو كە خاوەن پێگە و جەماوەرێكى تایبەتن لە هەولێر بوونە هۆى سەركوتكردنى شۆرشەكەى كوردستان, چونكە وەك جاران شەرمنانە كلاوى خۆتان گرت تا با نەیبا, لە سلێمانى چوونە پاڵ خۆپیشاندەران و لە هەولێریش زاتى ئەوەتان نەبوو خەڵك بڕژێننە سەر شەقام لە كاتێكدا دەیان جار گەنجان و لاوانى چاونەترس هەوڵیاندا و بە دڕندانەترین شێوە سەركوتكران. ئەگەر لە كاتى خۆیدا وەك برا گەورەكانتان لە میسر مەبەستم ئیخوانە خەڵكتان ڕژاندبا سەر شەقام ئێستا ئەم دیكتاتۆرانە لە ژوورە تاریكەكانى زیندان بوون.
شەرمنى ئێوە وەك حیزب هەموو سنوورێكى بەزاند, تەنانەت بۆ تیرۆركردنى چەندان ئەندامتان لە بادینان كە لەناویشیاندا ئەندام مەكتەب سیاسى هەبوو سوڵحى عەشایەریتان لەگەڵ پارتى ئەنجامدا!
تكایە ئەمجارەشیان شەرمنانە هەنگاو مەنێن و میللەت تیرۆر مەكەن, مەبنەوە دەست و پێوەندى دیكتاتۆرەكان, گرەو لەسەر وەرگرتنى حكومەت و سەرۆكایەتى هەرێم بكەن, هەلێكى مێژوییتان لەبەردەمە و میللەتیش بۆ مێژوو چاوەڕێتانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە