کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌خۆڵ و خاشاکی کوردستان..به‌شێکی زۆر له کارەبای هه‌رێم دابین‌دەکرێت

Monday, 31/01/2011, 12:00




کێشه‌ی کارەبا..نه‌ک ته‌نها بێ‌پلانی و خه‌منه‌خواردن و که‌مته‌رخه‌می حکومه‌تی هه‌رێمه،به‌ڵکو دیارترین و گه‌ورەترین نیشانه‌کان و ئاکامه‌کانی گه‌نده‌ڵیی دەسه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانیشه.

چه‌ندین کابینه‌ی حکومه‌ت هاتن و ڕۆشتن..چه‌ندین وەزیری مل‌پانی کاره‌با هاتن و ڕۆشتن..به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه به‌میرات له‌م کابینه‌یه‌وە بۆ ئه‌و کابینه..له‌م وەزیرەوە بۆ ئه‌و وەزیر به‌بێ چارەسه‌ر مایه‌وە.

لێرەدا پرسیارێک دێته‌ئاراوە..ئایا ئه‌م کێشه‌یه هێندە ئاڵۆزە و چارەسه‌رکردنیشی هێندە مه‌حاڵه؟؟

دەسه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی په‌یوەندیدار به‌م کێشه‌یه‌وە، هه‌موو کاتێک (وەکو پیشه‌ی هه‌میشه‌یی‌یان)ئۆباڵی ئه‌م قه‌یرانه دەخه‌نه ئه‌ستۆی خه‌ڵک و خراپی به‌کارهێنانی کارەبا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وە(!) یان وشکه‌ساڵی و که‌م ئاوی به‌نداوەکان یان که‌می سووته‌مه‌نی(!) یان....چه‌ندین هۆکاری تری به‌دەر له‌دەسه‌ڵاتی خۆیان به‌مه‌به‌ستی خۆدەربازکردن له‌ به‌رپرسیارێتی‌یان به‌رامبه‌ر به‌م کێشه هه‌ستیارە.

له‌ڕاستیدا هه‌موو ئه‌و پاساوانه‌ی که‌ئه‌وان دەیهێننه‌وە، هه‌رگیز نامانگه‌‌یه‌نن به‌ڕێگا چارەیه‌ک..چونکه ژمارەی دانیشتوان ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌زیادبووندایه و شارو شارۆچکه‌کانیش به‌هه‌مان شێوە له فراوان‌بوون و ‌گه‌شه‌سه‌ندندان و خواست بۆ به‌کارهێنانی کاره‌باش ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌زیادبووندایه، هه‌روەها به‌دووریش نازانرێت ڕۆژێک له‌ڕۆژان به‌هۆی گۆڕانکاری‌یه‌کانی که‌ش و هه‌وای سه‌ر ڕووی زه‌وی‌یه‌وە، کوردستان تووشی مه‌ترسی که‌م ئاوی ببێته‌وە.

جا ئیتر نازانم حکومه‌تی هه‌رێم تا چه‌ندێک پلانی بۆ ئه‌م پێشهاتانه هه‌یه؟(!!!)

ئایا ئیداره‌یه‌کی وەکو هه‌رێمی کوردستان که‌تاڕادەیه‌کی باش خاوەنی بوودجه و دەسکه‌وتێکی باشی مادی‌یه، هه‌تا که‌ی به‌نیازه درێژە به‌م بارودۆخه ته‌م و مژاوی و نا ته‌ندروست و گه‌نده‌ڵبازی‌یه بدات؟؟! تاکه‌ی بیرێک له‌و خه‌ڵکه ناکه‌نه‌وە؟ ئایا خه‌ڵکی کوردستان شایانی ژیانێکی له‌وەی ئێستا باشتر نین؟

سه‌‌بارەت به کێشه‌ی کارەبا..من لێرەدا به‌شایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان پێشنیارێک ده‌‌که‌م و هه‌رئه‌وخه‌ڵکه‌ش دەکه‌م به‌ حه‌که‌م، دیارە هه‌ر له‌خۆشمه‌وەو بێ بنه‌ما پێشنیار ناکه‌م، به‌ڵکو وەکو ئه‌ندازیارێکی کارەبا و پسپۆڕێکی بواری به‌رهه‌مهێنانی وزە ئه‌و پێشنیارە دەکه‌م...هه‌روەها ئامادەشم ته‌نها له‌ڕێگای (کوردستان پۆست)ی ئازیز و تێکۆشه‌رەوە، لایه‌نی په‌یوەندیداری(دڵسۆز و شارەزا) ی ئه‌م بوارە (نه‌ک دز و گه‌نده‌ڵ) په‌یوەندیم پێوە بکه‌ن و ئاماده‌شم هه‌موو توانای خۆم له‌و بوارەدا بخه‌مه‌ گه‌ڕ.

وەک لای هه‌مووان ئاشکرایه ...وزه‌ی کارەبا به‌چه‌ندین شێوە وەبه‌رهه‌م دێت، ته‌نها له‌به‌نداوەکان و به‌هۆی پرۆژه (کارۆئاوی)یه‌کانه‌وە وەبه‌رهه‌م نایه‌ت، یا ته‌نها ئه‌و پرۆژانه‌ی به سووته‌مه‌نی کاردەکه‌ن، به‌ڵکو زۆر ڕێگه‌ی گونجاوتر هه‌یه، یه‌کێک له‌وانه و گونجاوترینیان بۆ هه‌رێمی کوردستان(پرۆژه‌ هه‌ڵمی‌یه‌کانه) واته: به‌دروستکردنی هه‌ڵمی ئاو له‌ژێر پله‌یه‌کی گه‌رمای به‌رز و په‌ستانێکی به‌رزدا و پاشان تێپه‌ڕکردنی ئه‌و هه‌ڵمه‌گه‌رم و په‌ستێوراوە به‌تۆڕباینه‌کانی وەبه‌رهێنانی وزەی کارەبادا..

لا‌یه‌نێکی تری گرنگی ئه‌م دامه‌زراوە هه‌ڵمی‌یانه ئه‌وەیه که‌هه‌ندێکیان ته‌نها به‌سووتاندنی خۆڵ و خاشاک کاردەکه‌ن، واته هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌ستکه‌وتنی بڕێکی باش له‌وزەی کارەبا،سروشت و ژینگه‌ی کوردستانیش به‌ڕێگایه‌کی زانستی پاک و خاوێن ده‌کرێته‌وه له خۆڵ و خاشاک.

بڕی ئاوی تێچووی ئه‌م جۆرە پرۆژانه‌ش هێندە که‌مه، ته‌نها ‌بڕێکی که‌می ئه‌و ئاو و ئاوەڕۆ زیادانه‌ی ڕۆژانه به‌بێ‌سوود به‌‌ڕووبارەکانی کوردستاندا تێپه‌ڕدەبێت، دەکرێت سه‌دان پرۆژەی وا وەگه‌ڕبخات.

هه‌ڵبه‌ته پاره‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م جۆرە پرۆژانه‌ش له کوردستاندا (گه‌ر حکومه‌تی ڕاسته‌قینه هه‌بێت و که‌سانی شارەزا و خه‌مخۆر هه‌بن) ئه‌وا زۆر ئاسانه و له‌ماوەیه‌کی که‌مدا ده‌کرێت دابمه‌زرێن.

ئه‌و جۆرە دامه‌زراوە هه‌ڵمی‌یانه بۆ ئه‌مڕۆ و داهاتووی کوردستان ،نه‌ک به‌ته‌نها زۆر گونجاون به‌ڵکو بایه‌خێکی هێجگار گه‌ورەی ده‌بێت، پێداویستی‌یه‌کانیشی هێنده ئاسان دەسته‌به‌ر دەکرێت هیچ پێویست به‌وه ناکات‌(وەک پێشتر گوێم لێ بووە) وەزیرێکی گه‌ندەڵ بۆ ئیستیهلاکی محه‌لی بڵێت : چی بکه‌ین وزەی ئه‌تۆممان نیه‌ تا کاره‌بای پێ دروست بکه‌ین!!یا یه‌کێکی تر دەیگووت:ویستمان به‌هه‌وا کارەبا دروست بکه‌ین،به‌ڵام (کرێن)مان ده‌ست نه‌که‌وت پانکه‌کان به‌رز بکاته‌وە بۆ سه‌ر قاعیدەکه‌ی!!

ئه‌گه‌ر نا ..و وەک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییتان گوێ بۆ هیچ پێشنیار و ڕه‌خنه‌یه‌کی دروستکه‌ر ناگرن، ئه‌وا با ئه‌ندامانی ئه‌و حکومه‌ته خه‌منه‌خۆر و گه‌ندەڵه‌ی هه‌رێمی کوردستان له کورسی ده‌سه‌ڵات بێنه خوارەوەو سه‌ری خۆیان هه‌ڵبگرن..حکومه‌ت که‌ڵه‌گایی و نێرەکه‌ری و خۆدەوڵه‌مه‌ندکردن و زوڵم و زۆر نی‌یه له‌خه‌‌ڵکی داماو..حکومه‌تی ڕاسته‌قینه دادپه‌روەری‌یه،حکومه‌تێکه خاوەن که‌سانی شاره‌زاو به‌تواناو دڵسۆز و خزمه‌تگوزار و خه‌مخۆر..حکومه‌تێکه خاوەن نه‌خشه‌و پلان که‌ژیانێکی شایسته‌تر و گونجاوتر بۆ میلله‌ته‌که‌یان دابین بکه‌ن.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە