کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناڕەزایەتیەکانی چۆمان‌ ئەزمونێکی نوێ دژی بێدادی

Wednesday, 08/02/2012, 12:00





هاوڵاتیانی چۆمان‌و دواتریش خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی بە هەق سەربەرزی‌و سەرفرازیەکی بێهاوتایان بۆ خۆیان‌و بۆ خەڵکی کوردستان تۆمار کرد، کاتێک بە یەک دەنگ هەزارانیان ڕژانە مەیدان‌و لە هاوشانی خانەوادەی جوانەمەرگدا نایەکی گەلێک مەزنیان بەرامبەر بە تاوانی کوشتنی کاکە (ڕێباز) بەرزکردەوە. نایەک کە ناوەرۆکەکەی پەیامێکی هەڵگرتووەو بە دەسەڵاتداران ئەڵێت؛ ئیتر بەسەو لێتان قبوڵ ناکەین ئەو ڕەوشە بەردەوام بێت! بەخۆتاندا بچنەوەو لێرە بەدواوە ڕێگانادەین ئەم زوڵـ‌م‌و بێدادیە لە ناوچەکەماندا درێژەی پێبدرێت! هەیمەنەو چەپۆکی حزبەکان دەبێت کۆتاییان بێت‌و ئیتر نۆرەی سەروەری یاساو بەرپابوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیە. لەژێر هیچ ناوێک‌و لەژێر هیچ پاساوێکدا هیچ کەس‌و هێزو لایەنێک بۆی نیە ڕەواڵی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان بشێوێنێ‌و دەستدریژی بکاتە سەر ژیان‌و کەسایەتی‌و بەهای هیچ کەسێک. بۆ پاڵپشتی ئەم ئامانجەش ئێمە باشترین شێوازی مەدەنیمان بەدەستەوە گرتووەو درێژە بە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیەکانمان ئەدەین هەتا تەواوی دۆسێکانی پێشووتریش لەگەڵ پەروەندەی کاکە ڕێبازدا لە دادگایەکی عادلانەدا یەکاڵا ئەکرێنەوەو بکوژان‌و تێوەگلاوانی ئەم تاوانانە بە سزای یاسایی خۆیان ئەگەیەنرێن.



هاوڵاتیانی دەڤەر بۆیە دەنگی ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرزکردەوەو خستیانە پاڵ دەنگی هاوارو ناسۆری پڕ لە ژانی بنەماڵەی کاکە (ڕێباز)ی جوانەمەرگ، چونکە نادادپەروەری‌و تاوانکاری‌و بێسەروشوێن کردنی هاوڵاتیان لە دەڤەرەکەیاندا بۆتە دیاردەو کوژرانی بەناهەقی کاکە (ڕێباز) سێهەم تاوانی لەوجۆرەیە لە ماوەی ٣سێ ساڵی ڕابردوودا بێئەوەی دەزگای دادوەری کوردستان توانیبێتی ڕۆڵی ئاسایی خۆی ببینێت، سەرەڕای دەیان تاوانی دیکەی لەو جۆرە لە سەرانسەری کوردستاندا. ئەم هاتنەمەیدانەو ئەم ڕاوەستانەوە دلێرانەیەی خەڵکی چۆمان‌و دەڤەری باڵەکایەتی بەرامبەر بە خوێنڕشتنی مرۆڤ‌و لێسەندنەوەی ژیان، بەتەنهاو بێ پێشگرو پاشگر خۆی جگە لە ڕاچەنێنێکی کۆمەڵایەتی هیچ ناوێکی دیکەو هیچ چوارچێوەیەکی تر نایگرێتەوە. ڕاچڵەکینی هاوڵاتیانی چۆمان‌و باڵەکایەتی وەستانەوەیەکی دڵخۆشکەرەو هەنگاوێکی بەرهەڵستکارانەو بەرپرسیارانەو بوێرانەیە بەرامبەر بە ژیان‌، بەرامبەر بە کەسایەتی‌و ڕێزو حورمەتی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکەیان، سەرەنجام نیشاندانی ئارەزوویەکی قووڵی خەڵکی ناوچەکەیە بۆ گرنگیی سەقامگیری‌و ئاسایش‌و بەرپابوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی. سەدجار دەستتان خۆش‌و هەزار کەڕەت ئیرادەی یەکگرتووتان پتەوتر بێت! ئەم شێوازەی بەرهەڵستکاریتان بەرامبەر بە بێدادی‌و لەدژی نائارامی‌و نەبوونی ئاسایش شێوازێکی سەردەمیانەو نەریتێکی بەرهەڵستکارانەیە کە هەمیشە ئەکرێ‌و ئەتوانرێت بۆ بەرگری لە خۆتان‌و لە ماف‌و داخوازیەکانتان بەدەستیەوەی بگرن.



کاتێک دەسەڵاتی دادوەری‌و ئیعتیباری یاساو دامەزراوەی دەوڵەتی لەجیاتی ئەوەی بەشیوەی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەمی هاوڵاتیان بکاو ئارامی‌و ئاسایش بەرقەرار بکات، ئەگۆڕێن بۆ ئامڕازی دەستی حزبەکان‌و بەرپرسە دەوڵەمەندەکان‌و ئەچێتە خزمەتی بەرژەوەندی کەمایەتیەکی مشەخۆری نێو حزبەکانی دەسەڵات، هاوڵاتیان ناچارن خۆیان قۆڵی خەباتی لێهەڵماڵن‌و بۆ بەرپاکردنی عەدالەت‌و سەروەری یاسا ئیرادەی ڕاستەوخۆی خۆیان وەکو دەستێکی پۆڵایین بکەنە هێزو دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرقەرار بکەن. لە نەبوونی دەسەڵاتێکی مۆدێرنی سەر بە جەماوەردا خەڵکی سڤیل ئیتر پەی بەو ڕاستیە ئەبەن کە پێویستە بۆ بەرگری لە خۆیان‌و لە ئاییندەیان‌و لە ئەمن‌و ئاسایشی ژیانیان‌و لەپێناو سەلامەتی‌و کەرامەتی ڕۆڵەکانیان، وە بۆ بەرگری لە واتاکانی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیان یەکگرتووییان لە دەوری کۆمەڵێک خواست‌و ئامانجی فەوری گرنگی پەیدا ئەکات‌و وەکو ئۆکسژین پێویستیان پێی هەیە. دەربڕینی ناڕەزایەتی جەماوەری‌و بەکۆمەڵ شێوازێکی مەدەنی‌و مۆدێرن‌و هاوچەرخە بۆ پێداگرتن لەسەر خواست‌و ماف‌و چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیان. هەر بۆیەش شایستەی هەموو جۆرە هاوکاری‌و پشتیوانی لێکردنێکە. کاناڵی تەندروستی بەرپاکردنی سەروەری یاساو دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرجەستەبوونی ئیرادەی ئازادانەو ڕاستەوخۆی جەماوەری ناڕازیە. گردبوونەوەو خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان مافێکی سروشتی‌و بێئەملاولای هاوڵاتیانەو گردبوونەوەی پێنج ڕۆژەی خەڵکی چۆمان‌و باڵەکایەتیش بە مەبەستی ڕەتکردنەوەی ناهەقیەک‌و بۆ ئیدانەی تاوانێک مومارەسەیان کردووە.



گردبوونەوەی جەماوەری توڕەی چۆمان‌و باڵەکایەتی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی تەواو ڕاستەوخۆ بەدوای شەوی تاوانی ٣١/١دا کە کاکە ڕێبازی تێدا بووە قوربانی، وە لەگەڵ پێشڕەوی داخستنی پردی پەڕینەوەی دەروازەی بازرگانی حاجی هۆمەراندا، ئەو داهێنانە بوو کە ڕاچەنینی ئێوە بە ئامانجی ناچارکردنی دەسەڵات بەدەستیەوە گرتبوو، وە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی ناچارکرد بەخێرایی‌و دەسبەجێ بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵتان. نوێنەریان ناردە لاتان، پەیامیان بۆ ناردن بەڵێنی دووبارەیان پێدانەوەو دەرەنجام پاشنیوەڕۆی پێنجەم ڕۆژی خۆپیشاندانتان، ئەویش پاش گەڕانەوەی نوێنەرانتان لەلای بەرهەم ساڵح‌و پاشانیش بە دەنگدان‌و ڕاپرسیەکی ڕاستەوخۆو ئازادانە دوای وەرگرتنی بەڵێن‌و گەرەنتی بەدواداچوونی فەوری بۆ کەیسی کوژرانی کاکە ڕێبازو لێکۆڵینەوەی ووردیش بۆ هەردوو دۆسێکەی پێشوو تریش، بەشێوەیەکی کاتی وەکو مەرجی جێبەجێبوونی داواکانتان ڕێگای مەرزی سەرسنوورتان کردەوە. ئەم هەنگاوەتان سەرکەوتنێکی گەورەیەو جێگای شانازی هاوڵاتیانی قەزای چۆمان‌و دەڤەری باڵەکایەتیە. بەڵام هەموو شت نیەو ڕێگای زۆرتان لەپێشدایە.



مەخابن دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبەردەم یەکپارچەیی خەبات‌و ناڕەزایەتی ئێوەدا سازشیان کردوەو تائێستاش هەنگاوەکان لە ئاستی بەڵێن تێنەپەڕیون. دوور نیە دەسەڵات‌ یاری لەسەر کاتکوشتن نەکات وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی، بەمەبەستی کۆنکردنی تاوانەکە، وە لە ڕێگای دانی وەعدو بەڵێن بکەوێتە هەوڵی شێواندنی ڕیزی یەکپارچەییتان‌و بیر لە ویژدان کڕین‌و بەگەڕخستنی ڕوخسارە حزبیەکانی بکاتەوە بۆ نانەوەی دوبەرەکی‌و ئاژاوەو پەرتەوازەیی لەنێو ڕیزی دەنگی ڕەساو بەرهەقی ناڕەزایەتی ئێوەدا. تەنانەت حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیەو چاوەڕوانی لێیان هەستیارو مەترسیدارە بۆ پاشەکشەی ڕاوەستاوی‌و ئیرادەی ڕاستەوخۆتان. پارلەمان‌و پارلەمانتارانیش ئامڕازی دەستی حزبەکانن بە دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنەوەو خۆشباوەڕبوون بەمانە کوشندەیە. چونکە زیاد لە ٢ دوو ساڵە پارلەمان لەکاردایەو ئۆپۆزیسیۆنیش لەمەیداندایە، بۆچی لە دەڤەری ئێوەدا ئەم بێدادی‌و نائارامیە پێشهاتووە، یاخود ڕۆڵی تائێستایان کامەیە!؟ ئەم پرسیارە لە خۆتان‌و نوێنەرەکانتان‌و پارلەمانیش بکەن!



ئێوە دەبێت باگا بن‌و ڕیزی یەکگرتوویی‌و ڕاوەستاویتان گەرم ڕاگرن. بەڵام چۆن ئەکرێت ئەم کارە سەرکەوتوو بێت!؟ بەڕای من ئەگەر کارساز بێت بۆتان هەر هەفتەی ڕۆژێک دابنێن بۆ گردبوونەوەی جەماوەری لە مەیدانی سەرەکی قەزای چۆمان یان هەر مەیدانێکی دیکەی ناوچەکە هەتا لەگەڵ نوێنەرانتان کۆبوونەوە سازبکەن‌و هەواڵی بەرەوپێشچوونی پرۆسێسی لێکۆڵینەوەکان‌و چۆنێتی‌و شێوازی جێبەجێبوونی بەڵێنەکانتان بە شێوەیەکی بەردەوام‌و ڕێکوپێک بۆ ڕوون بکەنەوە. مادام ئیرادەی جەماوەری‌و بەکۆمەڵی ئێوە سەرکەوتنی هەنگاوی یەکەمی لێکەوتەوەو دەسەڵات بەڵێنی جددی پێداون، کەوایە کۆبوونەوەی گشتی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بەتەنیا خۆی ڕەسمیەتی هەیەو ئەکرێت وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی‌و ڕێکخراوەیی بەدەستیەوەی بگرن بۆ درێژەی یەکپارچەیی ئیرادەتان‌و یەکگرتوویی ڕیزەکانتان. هەروەها بۆ لابردن‌و گۆڕینی نوێنەرانێک یاخود زیادکردنی نوێنەری تازە بۆیان، وە بۆ ڕەسمیەت دانەوە بەنوێنەرەکانتان، ئەکرێ‌و واش باشترە جووڵانەوەکەتان ڕێکخراوتر بکەن‌و هەر ئەو کۆبوونەوە گشتیە هەفتانەیە بکەنە نەریتی ئەم دوو مانگەی وا بەڵێنتان لە دەسەڵات وەرگرتووە بۆ بەلاداخستنی دۆسێکانتان. بۆ ئەوەش کە لەئاستی میدیاو ڕاگەیاندنەکاندا ئاسانتر دەربڕی دەنگی ڕەوای خۆتان بەرجەستە بکەن‌و ساناتر دەنگی هەواڵ‌و پێشڕەویەکانتان بە خەڵکی سەرانسەری کوردستان بگات، ئەکرێ کۆبوونەوە گشتیەکانتان کە هەفتانە سازو بەرپای ئەکەن وەکو گردبوونەوەی بەرهەڵستکاری" ناوبەرن‌و بیناسێنن. ملکەچبوون دەسەڵاتی شمولی بەرهەم ئەهێنێت، بەرهەڵستکاری‌و ڕاوەستانەوەش ویستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی پەروەردەو بەرجەستە ئەکات!

٨شوبات٢٠١٢


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە