کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ژده‌ ڕۆژی ئۆباما و هه‌ژده‌ ساڵی ڕاپه‌ڕین

Saturday, 07/03/2009, 12:00


باراک ئۆبامای سه‌رۆکی تازه‌ هه‌ڵبژێرراوی ئه‌مریکا، له‌ هه‌ژده‌هه‌مین ڕۆژی ده‌ست به‌کاربونیدا وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌مریکا، سه‌ره‌تای قسه‌کانی به‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و گوتی (کاتی قسه‌کردن ته‌واو بو ئێستا کاتی جوڵه‌ و ئیشکردنه‌) ئێمه‌ی کوردیش له‌م کاته‌دا یادی هه‌ژده‌هه‌مین ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌، جێی خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر گوته‌ و کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بکه‌ینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا، تاچه‌ند توانیویانه‌ په‌یامی ڕاپه‌ڕین بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و جێیه‌ی له‌ ئاست خواست و داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا بێت، نامه‌وێ لێره‌دا دروست کوردستان هاوشانی وڵاتێکی وه‌کو ئه‌مریکا تێی بڕوانم و به‌ دو هێڵی هاوشێوه‌ ته‌ریبیان بکه‌م،مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم لێره‌دا ڕاستگۆیی و که‌سێتی که‌سانی ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ کوردستاندا، که‌ چۆن له‌ یاد و بۆنه‌کاندا، له‌ به‌رده‌م میدیاکاندا ده‌مامکی به‌خشنده‌یی و دڵسۆزی ده‌که‌نه‌ ڕوی خۆیان، که‌ چۆن هه‌ژده‌ ساڵه‌ کۆمه‌ڵێک ڕسته‌ و قسه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێن و ده‌ڵێنه‌وه‌، بێئه‌وه‌ی ڕۆژێکیش به‌ کردا له‌ قسه‌ و به‌ڵێنه‌کانیان بباننه‌وه‌،ئۆباماش له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی کردوه‌ له‌ ماوه‌ی دو هه‌ژده‌ ڕۆژیدا پراکتیکانه‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ سه‌ره‌تای جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانی، گرنگترینیشیان باری ئابوری ئه‌مریکایه‌ ،که‌ هه‌میشه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی ئه‌مریکا،ئێستاش ده‌بینن له‌ نوکه‌وه‌ به‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌نیه‌کانی خۆیدا چۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان،تازه‌ترین هه‌وڵیش له‌م بواره‌دا ڕێکخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکایه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رسه‌ختترین ڕکابه‌ریان، که‌ ئه‌ویش وڵاتی ڕوسیایه‌،هیلاری کلینتۆن به‌ ڕاشکاوی گوتی ئێمه‌ په‌ڕه‌یه‌کی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ ڕوسیادا هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌،هه‌روه‌ها بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئێراک،هێورکردنه‌وه‌ی گرژیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌ردانی هیلاری کلینتۆن بۆ ناوچه‌که‌، ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک نمونه‌ی دیار و زیندوی سه‌رۆکێکی تازه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌،به‌ پێی تازه‌ترین ڕاپرسیش زیاتر له‌ سه‌دا هه‌شتای هاوڵاتیانی ئه‌مریکا گه‌شبینن به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئۆباما و ڕاستکردنه‌وه‌ی باری که‌وتوی ئه‌مریکا.
ئه‌گه‌ر بێین کۆی گوته‌ و به‌ڵێنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده‌ ساڵه‌دا بخه‌ینه‌وه‌ ڕو،ته‌واو نابێت و لێره‌دا جێی نابێته‌وه‌، چونکه‌ هیچ سیاسیه‌ک نیه‌ له‌م جیهانه‌دا به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وان شاره‌زای هونه‌ری به‌ڵێن و قسه‌ی ڕه‌نگاڵه‌یی بێت،که‌سێکیش نیه‌ له‌م جیهانه‌دا به‌قه‌ده‌ر ئه‌وان سه‌قه‌ت و شکست خواردو بێت له‌ بواری سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری هاوڵاتیاندا، له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده‌ ساڵه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵکی کوردستان هه‌نگاوی ناوه‌، به‌ زه‌کاتی ئه‌وه‌ش به‌ ئاراسته‌ی خواست و داواکاریه‌کانی خه‌ڵک هه‌نگاوی نه‌ناوه‌، ڕاستی ئه‌و بۆچونه‌ش وه‌ک ڕۆژی ڕون دیاره‌،که‌ ئه‌ویش ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکه‌ ، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ زاره‌کیه‌ی ئه‌وانه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵه‌ وه‌کو مۆرانه‌ خستویانه‌ته‌ هزر و جه‌سته‌ی سه‌رجه‌م تاکه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.ده‌بێت خه‌ڵک وشیار بێته‌وه‌،پرسیار له‌ خۆی بکات، ئایا؟ بۆچی ڕاپه‌ڕینیان کرد،بۆچی له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا متمانه‌یان دا به‌و دو حزبه‌؟ بۆچی له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌و دو حزبه‌ بوران و جارێکی دی متمانه‌یان پێدانه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به‌و لۆژیکه‌ پرسیار له‌خۆی بکات، به‌ ئاسانی وه‌ڵامه‌که‌شیان لای خۆیانه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌وێت و هه‌ر خۆشیان ده‌کارن به‌و وه‌ڵامه‌ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا به‌رۆکی هه‌موانی گرتوه‌ بیگۆڕن، له‌ شێوه‌ ڕاپه‌ڕینێکی تردا دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و خۆپه‌رستانه‌،به‌ڵام ڕاپه‌ڕین له‌ فۆڕمێکی تردا، نه‌ک به‌ هه‌مان شێوه‌ی ڕاپه‌ڕینی ئازاری ساڵی 1991،چونکه‌ هه‌ر ڕاپه‌ڕینێک که‌ ده‌کرێت ده‌بێ پێشتر زه‌مینه‌ی بۆڕه‌خسابێ، به‌ پێی زه‌مینه‌که‌ش ڕاپه‌ڕین چوارچێوه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستانیش هه‌لێکی له‌بار ڕه‌خساوه‌ بۆ ڕاپه‌ڕینێکی دیکه‌،ئه‌ویش نزیک بونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیه‌ له‌ کوردستان و ئێراکدا، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی ئه‌مساڵ له‌ یادی ڕاپه‌ڕیندا، خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان له‌ به‌رده‌م سندوقه‌کانی ده‌نگداندا،له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستان ڕابپه‌ڕن و ده‌نگیان پێنه‌ده‌نه‌وه‌، نه‌وه‌ک وه‌ک هه‌مو ساڵانی دی به‌ نوسراوی سه‌ر دارو دیوار و قسه‌و گفته‌ سواوه‌که‌نیان فریو بخۆن و بڵێن یادی ڕاپه‌ڕینمان بۆ کردنه‌وه‌،پێویسته‌ ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵکی کوردستان بۆخۆیان یادی ڕاپه‌ڕین به‌ ڕاپه‌ڕین بکه‌نه‌وه‌ و له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و بێ ئه‌زمونه‌ش سڵنه‌که‌نه‌وه‌ ، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاو سورکردنه‌وه‌ و موچه‌ بڕین،چونکه‌ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌یان له‌ بیر نه‌چێت که‌ توانیان ڕژێمێکی دیکتاتۆری وه‌کو به‌عس له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا له‌ کوردستاندا ڕابماڵن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن ئه‌و گه‌نده‌ڵ بازرگانانه‌ی سیاسی له‌ سه‌رکورسی ده‌سه‌ڵات بهێننه‌ خواره‌وه‌ ، ئه‌و موچه‌یه‌ش که‌ خه‌ڵک وه‌ریده‌گرێت له‌ باخه‌ڵی ئه‌وان نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ نه‌بن مافی زۆر له‌وه‌ زیاترتان هه‌یه‌ و ئه‌و موچه‌یه‌ش سامانی نیشتمانی خۆتانه‌ ، ده‌بێ هه‌ر بۆ ئێوه‌ و له‌ خزمه‌تی ئێوه‌دابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە