تیرۆر لە كوردستاندا لەكوێوە؟ بەرەو كوێ؟
Wednesday, 12/05/2010, 12:00
ئاشكرایە مێژووى سەرهەڵدان و دەستپێكردنى تیرۆر لە جیهاندا زۆر لەمێژە و یەكەم كارى تیرۆریستیش لەسەر دەستى كوڕەكانى ئادەمەوە ڕویداوە لەسەرەتاى مێژووى مرۆڤایەتیدا و ئیدى كاروانى تیرۆر و تۆقاندن سەرچاوەى گرتوە و سەرتاپاى مێژووى مرۆڤایەتى خوێناوى كردوە.و ئەوەتا لە سەدەى یەكەمى مێژوودا گروپێكى جولەكە دژى ڕۆمانیەكان كارى توندوتیژیان ئەنجام داوە و حەشاشەكان لەسەدەى یانزەهەمدا دژى هاوڵاتیان و دەسەڵات و سەردەمى شۆڕشى فەڕەنساش لەنێوان ساڵانى 1789-1799 كە مێژوونوسان ناوى دەبەن بە ((قۆناغى ترس)) كارى تیرۆریستیان ئەنجام داوە.و لەسەدەى بیست و یەكیشدا و لەم چەند ساڵەى دوایدا دیاردەى تیرۆر بۆتە دیاردەیەكى جیهانى و هەموو كونجێكى دوور و نزیكى ئەم دونیایەى گرتۆتەوە و بۆتە مەترسى و هەڕەشەیەكى جدى بۆ سەر هەموو كۆمەڵگاكان و بۆتە هۆى زیان گەیاندن بە ئابورى جیهان بە ملیارەها دۆلار و گەورەترین كارى تیرۆریستیش بریتى بوو لە كارەساتى 11ى سێپتەمبەرى 2001ى ئەمریكا كە لەلایەن ڕێكخراوى ئەلقاعیدەى توندڕەوەى سەلەفى ئیسلامیەوە ئەنجامدرا.و دواتر كارى تیرۆریستى گەلێك وڵاتانى دونیاى گرتەوە هەر لە یابان و چین و ڕوسیا و پاكستان و هندستان و ئێران و عێراق و ئەفغانستان و سعودیە و ئوردن و میسر و مەغریب و تەنزانیا و كینیا وبەریتانیا و ئیسپانیا و فلیپین و ...هتد.
وشەى تیرۆر لە وشەى ئینگلیزى و ئەێڵى لاتینى terror وە هاتوە وتیرۆریستیش لە terrorism وە.كە ماناى ترس و تۆقاندنى خەڵكانى بێ چەك و مەدەنى دێت بۆ لاوازكردنى ڕۆحى مەعنەوى دوژمن.
كێ دەبێتە تیرۆریست؟
هەندێ پێیان وایە كەسێك یان گروپێك دەبنە تیرۆریست چونكە ناتوانن پڕۆسەى گۆڕان چێ بكەن بەهۆى ئامڕازە ڕەواكانەوە. وەك هۆكارە ئابورى یان ناڕەزایى و داواكارى جەماوەرى بۆ گۆڕان.
جۆرەكانى تیرۆر
تیرۆر و تیرۆریستان چەندین شێواز و تەكنیك و ئامڕازى جۆراوجۆریان بەكارهێناوە بۆ لەناوبردنى دژەكانیان.و دوو جۆرى سەرەكى تیرۆر هەیە:
1. تیرۆرى ڕەوا
وەك كارى شۆڕش و خەبات و بەرگریكارى لە پێناو پاراستنى خاك و مێژوو و كەلتور و وەدەستهێنانى ئازادى و سەربەخۆیى نەتەوەیى. وەك خەباتى ڕەواى چەكدارى و شۆڕشەكانى كورد و فەلەستینیەكان و هەموو نەتەوە ژێر دەستەكانى تر.
2. تیرۆرى ناڕەوا
وەك تیرۆر لەسەر ئاستى ((دەوڵەت و گروپ و مافیا و نێودەوڵەتی و تاكەكەسیش)) پەیڕەو دەكرێت و لەگەڵ پێشكەوتنى تەكنەلۆژیاشدا شێوازى جێبەجێكردنەكانى تیرۆر گۆڕاون و پێشكەوتون و بەشێوازى هەڕەمەكى یان ڕێكخراو پیادەكراون. تیرۆر لە ئێستادا و لەسەردەمى بەجیهانبووندا بۆتە دیاردەیەكى جیهانى و هۆكارى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى لە پشتەوەیە و چەوساندنەوەى كەسەكانە بەبێ جیاوازى ڕەگەز و دین.
پێناسەى تیرۆر:
دەزگا و دەستە و ڕێكخراو و كەسانى نێودەوڵەتى پسپۆڕ لە بوارى لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونى دیاردەى تیرۆردا. زیاد لە 100 پێناسەى جیاوازیان بۆ تیرۆر كردەوە لەوانە:
بریتیە لە و كردارانە كە بە سروشتیان دەبنە هۆى دروستبوونى هەستى ترس و دڵەڕاوكێ لەهەر مەترسیەك بەهەر شێوەیەك بێت.
بریتیە لە ترساندنى كەسەكان بەهۆى كارە توندوتیژیەكانەوە.
بریتیە لە بەكارهێنانى پلان بۆ داڕێژراوو ڕێكخراو بۆ ئەو هۆكارانەى كە دەبنە هۆى دروستبوونى ترس بەمەبەستى وەدیهێنانى ئامانجێكى دیاریكراو.
بریتیە لە كردارێكى بێ بەزەیى و قێزەون.
بریتیە لە كارێك كە پێچەوانەى بەها كۆمەڵایەتیەكانە و دەبێتە هۆى دەست بەسەراگرتنى كەرامەتى مرۆڤ.
لەكوردستانیشدا بەهەمان شێوە تیرۆر مێژوویەكى كۆنى هەیە و لەگەڵ یەكەم دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى میدیادا و لەناو بنەماڵەى فەرمانڕەوادا تیرۆر پیادەكراوە و دواتریش هەموو میرنشین و دەسەڵاتە ناوچەیى و ناوخۆییەكان و شۆڕشەكاندا, دیاردەى تیرۆر بوون و ئامادەگى هەبوە, لەلایەك لەناو چینى دەسەڵاتدا و خودى بنەماڵە فەرمانڕەكاندا لە ئەنجامى ململانێى سەر كورسى و دەسەڵاتیاندا و لەلایەكى تریشەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بەكەسان و گروپ و دەستە و تاقمە دژەكانیان و جۆرەها ئامڕاز و شێوازیشیان گرتۆتە بەر.هەر لە تیرۆركردنى ڕاستەوخۆو ژەهرخواردن و خنكاندن و تەقاندنەوەى ماڵ و ئۆتۆمبێل و ڕفاندنى كەسە نزیكەكانى ڕكابەرەكان و هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و ئەتككردنى ناموس و بڕینى ئەندامەكانى جەستە و سزادان و تواندنەوەى بەمادەى كیمیاوى و پیادەكردنى سیاسەتى كۆمەڵكوژى و لەناوبردن و ڕاگواستن و ئابڵۆقەى ئابورى و بڵاوكردنەوەى دیاردە دزێوەكانى كۆمەڵایەتى و پیادەكردنى سیاسەتى تواندنەوەى نەتەوەیى و زمان و كەلتور و مێژوو و جوگرافیاو ...هتد.
كورد وەك نەتەوە لە مێژە بەدەست تیرۆرى ڕێكخراو و پلان بۆ داڕێژراوى دەوڵەتانى سەردەستى ناوچەكەوە لە تورك و فارس و عەرەب دەناڵێنێت و لەوانیشەوە فێرى تیرۆر و تۆقاندن بوە بەرامبەر تاكەكان و گروپەكان و پارتە سیاسیەكانى سەر گۆڕەپانى سیاسى كوردستان.
بەم شێوەیە دەسەڵات و دەسەڵاتدارانى كوردیش چ لەسەردەمى و قۆناغى شاخ و شۆڕشى چەكداریدا و چ لە قۆناغ و سەردەمى حوكمى مەدەنى و دیموكراسى و پەڕلەمانى و شەرعیەتیشدا بێ بەش نین لە ئەنجامدانى تاوانى تیرۆر و چەسپاندنیشى و قوڵكردنەوەشى و پێشخستنى شێواز و ئامڕازەكانیشى لە كۆمەڵگاى كوردەواریدا. و لەسەردەمى هەردوو شۆڕشى ئەیلول و شۆڕشى نوێى گەلەكەشماندا چەندین تێكۆشەر و كەسایەتى ناسراو لەڕووى سیاسى و ئابورى و ڕۆشنبیریەوە تیرۆركراون لەسەر دەست و فەرمانى شۆڕشگێڕانى دوێنێ و دەسەڵاتدارانى ئەمڕۆدا ولە ئێستاشدا بۆتە دیاردەیەكى مەترسیدار بۆ سەر گیان و مانى تاكەكان و بۆسەر ئازادى و دیموكراسیە ناكامڵەكەى دەسەڵاتى كوردیش و بۆتە زەنگێكى مەترسیداریش بۆ ئایندەیەكى نادیاریش.و ڕۆژ بەڕۆژیش ڕوو لە هەڵكشاندن و زیادبونیشە.نمونە زیندوەكانیش تیرۆركردنى شەهیدانى قەڵەم و وشەن وەك شەهیدان ((د. عبدالستار تاهیر شریف و سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمانى جوانەمەرگ))و كاروانی تیرۆركردنیش هەر بەڕێوەیە...
لێرەدا پرسیار ئەوەیە. ئایا دەسەڵاتدارانى كوردى بە چ نیاز و مەبەستێك تیرۆر پیادە دەكەن؟ بەرامبەر بەكێ ؟ و ئەم دیاردەیەش تاكوێ و بە چ ئاڕاستەیەكیش جێبەجێ دەكرێت و تاكوێ بەردەوام دەبێت؟
سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستیە لە بیر نەكەین كە دیموكراسیەتى دەسەڵاتى كوردى تا ئەو ئاست و خاڵەیە كە مەترسى بۆ سەر دەسەڵاتەكەیان دروست نەكات و دیموكراسیەتێكیشیان گەرەكە كە بەمەرجى خۆیان بێت. چونكە لە بنچینەدا نە بڕوایان بە دیموكراسیەت هەیە و نە ڕاستگۆشن لە پیادەكردنیدا و نە بڕواشیان بەكارى سیاسى و مەدەنى و ئۆپۆزسیۆنبوون و گۆڕانیش هەیە و نایانەوێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتیش بە ئاشتیانە ئەنجام بدرێت وتەنها و تەنها بۆ جوانكردنى ڕووى ڕەشى دەسەڵاتەكەیانە لەبەردەم دەورو جیران و دونیادا.ئەوان بیرچۆتەوە یان لەبیر خۆیانى دەبنەوە كە هەڵگەڕانەوە بەڕووى جەماوەر و میلەتى خۆدا و گوێپێنەدانى داواكارى و خواستەكانیان و پێشێلكردنى مافەكانیان تەنها ڕووخان و سەرنگومبوونى خۆیان و دەسەڵاتەكەیانى لێدەكەوێتەوە چونكە ((دەنگى ناڕەزایى گەل دەنگى ناڕەزایى خوایە)) وەك نوسەرى ئەفریقى((نجوجى واپیونغو)) لە ڕۆمانى ((شیگان على الێلیب))دا دەڵێت.
ئەوان تیرۆر پیادەدەكەن بە نیازى ئەوەى هەموو دەنگە ناڕازیەكان و دژەكانیان كپ بكەن بەمەستى زیاتر چەسپاندنى دەسەڵاتەكانیان و درێژەدان بە مانەوەیان لەسەر كورسى دەسەڵات. بۆ ئەوەى زۆرترین سەروەت و سامانى گەل بدزن و بەهەدەرى بدەن.بەڵام ئەوان بیریان چوە لە ئەنجامى هەر ڕەخنە و جیاوازى ڕایەكدا داهێنانێكى نوێ دەپشكوێت و گۆڕان و پێشكەوتنێكى تازە سەرهەڵدەدات.
ئەوان تیرۆر پیادەكەن بەرامبەر كەسانى سیاسى و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس كە كەسانى مەدەنى و دیموكراسیخوازان. ئەوان نەچەكیان هەڵگرتوە و نەداواى ڕووخاندنى ئەم دەسەڵاتەن و نە بەنیازى كودەتاشن. بەڵكو تەنها و تەنها وشە و قەڵەمیان لەلایە و نیازیان چاكسازى و گەشەكردن و بە مۆدێركردنى ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەن.
ڕەخنەگرانى دەسەڵات. بوێرى و ئازایەتى و نەترسانیان كردۆتە دروشم بۆ ڕووبەڕوبونەوەى دەسەڵات و خوێن و ژیانى خۆیان كردۆتە خەڵات بۆ چەسپاندنى دیموكراسیەت و ئازادیەكان كە ئەم خەباتەى ئەوان هیچى كەمتر نیە لە خەباتى شاخى دەسەڵاتدارانى ئێستا.
گەر ڕێگر و شەپۆلێكى ناڕەزایى سەرتاسەرى و جەماوەرى لە كوردستاندا بە توندى بەر بەم هەڵمەت و نیاز و پلانانەى دەسەڵات و دەزگا نهێنیەكانیان نەگرێت. ئەوا زۆر نزیكە ئەم دیاردەى تیرۆرە زیادە ڕەوى تیادا بكرێت و هێواش هێواش سەردەمى تاك ڕەوى و ترس و تۆقاندنەكانى بەعس ئاسا لە كوردستاندا سەر هەڵبداتەوە و ئیدى تاك و گروپ و پارتە سیاسیەكانیش دڵنیا نەبن و ترس و تۆقاندن باڵ بكێشێت بەسەر كۆمەڵگاكەماندا.
چارەسەریش بەدەنگ هاتنى سەرجەم چین و توێژەكانى گەلە بەڕابەرایەتى هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و ڕاگەیاندنى خۆپیشاندان و ناڕەزایى جەماوەرییە لەسەر شەقامى كوردستاندا و تێگەیاندنى هەموو میدیا و دەسەڵاتەكانى دونیایە لەم كارەسات و ڕەوشە خوێناوى و ترسناكەى كوردستان.
بەهیواى ئەوەى دەسەڵاتى كوردى وەخۆى بێتەوە و بەسەر كارو كردارە هەڵە و نامۆ و نامرۆڤایەتیەكانیدا بچێتەوە.بەرامبەر بەڕۆڵەكانى خۆیدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست