كوتلەى بەرزانى و نێچیر ئاشكرا دەبێت -عەبدولڕەحمان بێلاف شینى گەڕانەوەیەتى و چەند رۆژنامەنووسێك و شێخێكى عەرەب دەكڕێت
Friday, 13/02/2009, 12:00
1474 بینراوە
دواى ئەوەى كە چەندین گەندەڵى عەبدولڕەحمان بێلافى قائیمقامى قەزاى مەخموور ئاشكرا بوون و پاش تەقینەوەكەى مەخموور لە قائیمقامى دەركرا، ئێستا دەیەوێت بە چەندین جۆر و شێواز رێكلام بۆ خۆى دەكات.
بە پێى ئەو زانیارییەى كە لە یەكێك لە بەرپرسەكانى لقى 23ى پارتى مەخموور بە دەستم گەیشتووە، ئەوەیە كە پێش ئەوەى كە مەسعود بارزانى دیدار لەگەڵ شێخە عەرەب و دانیشتوانەكانى قەزاى مەخموور بكات، بێلافى كۆنە قائیمام دەچێتە لاى چەند كەسایەتیەكى ئەو ناوچەیە و داوایان لێ دەكات كە شەفاعەتى گەڕانەوەى بۆ بكەن لە لاى مەسعود بارزانى، كە دواتر بە وردى دێینە سەرى.
چەند شەوێك دواى دیدارەكەى بارزانى لەگەڵ دانیشتوانى مەخموور، بێلاف لە ماڵى خۆى بێستوون نورى سەرنووسەرى گۆڤارى هەڵبوونى سەر بە دەزگا بەدناوەكەى پاراستن و سەرنووسەرى پێشووى رۆژنامە روو زەردە دۆڕاوەكەى جەماوەر و شێخ غازى كە خەڵكى گوندى عەلیاوەیە داوەت دەكات، چوونكە لە دیدارەكەى بارزانى شێخ غازى بە بارزانى وتبوو یەك داواكاریم هەیە ئەویش ئەوەیە كە عەبدولڕەحمان بێلاف بگەڕێنیتەوە سەر كارەكەى، ئەو راپۆرتەى كە لەم ژمارەى گۆڤارى هەڵبوون كرابوو بە مانشێتى (خەڵكى مەخممور داواى گەڕانەوەى بێلاف دەكەن) بە پێى سەرچاوەیەكى نزیك لە بێلافەوە كە پێى گوتم: ئەو شەوە خواردن و خواردنەوە بۆ میوانەكان ئامادە كرا و تێیدا هەر لەوێندەر بێستون مقابەلەى ئەو شێخەى كرد و یا شێخیش كۆمەڵێك مەدح و سەناى بۆ بێلاف كرد، چونكە تێر خواردن و خواردنەوەى نۆش كردبوو، جیا لەوەى كە بێلاف پێشتر پارەیەكى چاكیشى پێدابوو، بێستوونیش كە هەر لە سەردەمى جەماوەرەوە لە لایەن بێلافەوە كڕدرابوو، ئەویش پاش پارووى چەور گلاندن، ئەو شێخەى دواند، هەمان سەرچاوە وتیشى: ئێمە ئەو شەوەمان ناونا شەوى چراخان كە بە راستى شەوى چراخانیش بوو، چونكە تێچووى خواردن و خواردنەوە و میوەى ئەو شەوە نزیكەى 15 وەرەقەى تێچووبوو.
سەرچاوەیەكى پلەدار لە لقى 23ى مەخموورى پارتیەوە ئەوەى پێ راگەیاندم: ئێمە بێلافمان وا دەرنەكردووە كە جارێكیتر بە قەراخ كورسیەكەشیدا بێتەوە، چونكە ئەو كەسێكى گەندەڵ بوو، بە چاوێكى سوكیشەوە دەیڕوانیە هاووڵاتیان. ئەو سەرچاوەیە باسى لە گەندەڵى بێلاف كرد: 108 سەتوهەشت دەفتەر دۆلار كە ئەمەریكاییەكان دابوویان كە پڕۆژەیەكى 18 كیلۆمەترى قیرتاو بكرێت. بێلاف پارەكەى خوارد و قیرتاوەكەش نەكرا. ئەمەو گەندەڵیەكانى سایلۆكەى مەخموور و چەندانى تر. بەرپرسێكى ترى هەمان لق خۆى پەیوەندى پێوە كردم بۆ ئەوەى لێدوانى لەسەر ئەو بابەتە لێ وەرگرم و گوتى: ئێمە ئاگادار بووین كە پێش چەند رۆژێك لە دیدارەكەى بارزانى لەگڵ دانیشتوانى مەخموور، بێلاف بەمە دەزانێ و بۆ ماوەى دوو رۆژان دێتە مەخموور و دەچێتە لاى چەند كەسێك بۆ ئەوەى شەفاعەتى بۆ بكەن بۆ گەڕانەوەى وەك لە كوردەكان حاجى فازل سەرۆك هۆزى باجەلان كە كۆنە بەعسیە و خۆى كردووە بە عەرەب لە هۆزى لهێب و ئێستا كادیرى كۆمەڵایەتى پارتیە و كوڕێكیشى پاڵێوراوى یەكێتیە بۆ ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ، هەروەها چۆتە ماڵى مەجید حامدى براگەورەى هۆزى ئۆمەربل لەگەڵ ماڵى مەلا رەسوڵ بندیان، لە ماڵە عەرەبەكانیش چۆتە ماڵى شێخ غازى و شێخ عەبدولڕەحمان مەرعىو سەید فاروق كە داواى لێكردوون شەفاعەتى بۆ بكەن لاى بەرزانى.
هەمان سەرچاوە ئاژەى بەوەشدا كە ئەو كەسانە پێشتر لەسەردەمى بێلافدا لە قائیماقى بێلاف سوكایەتى پێكردوون بۆیە داوەكەى رەت دەكەنەوە، تەنها شێخ غازى داواكەى قبوڵ دەكاتن بۆیە لەكاتى دیدارەكەى بەرزانیدا داواى لێكردووە كە بێلاف وەكو قائیماق بگەڕێنرێتەوە.
(س) كە لە پەیوەندیەكیدا بە گریانەوە بە منەوە وتى: بێلاف هەردەم منى بە شیرین ناو دەبرد ئاخر بەس بە من بڵێن ئەوانە كێن كە دەڵێن بێلاف بگەڕێتەوە لە سەردەمى ئەو كێ هەبوو لە لایەن بێلافەوە پەلامار نەدرابێت. ئەگەر من بوختان دەكەم ئەوەتا دەنگى بێلافم تەسجیل كردووە كە چۆن لێم دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەى سێكسم لەگەڵ بكات، بێلاف پێم دەڵێ خۆشم دەوێیت تەنها بۆ سێكس و رابواردن نەك بۆ هێنان.
لەو راپۆرتەى گۆڤارى هەڵبوون بڵاوبۆتەو و قسەكەرەكان داواى راپرسى دەكەن، بەڵام یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانى ناو لقى 23 بە پێكەنینەوە وتى: راپرسى چى خۆ ئەو قائیقامەى ئێستاش كە بەرزانى سەید كاكەیە ئەوەندەى نەماوە، لەوەش دڵنیابن كە جارێكى تر بێلاف خۆشى لە قەراغى ئەو پۆستە ناداتەوە، بێلاف لە كاتى قائیمقامیدا هەردەم دەیگوت هەردوو بەرزانى واتە مەسعود و نێچیر منیان داناوە و فیل ناتوانێ من لابباتن. بەڵام دواى دیمانەكەى مامۆستا گۆرانى بەرپرسى پێشووى لقى 23 كە لە رۆژنامە دۆڕاوەكەى جەماوەر بڵاوكرایەوە و راسیەكانى گەندەڵى بێلافى دركاند و بۆ مەسعود بارزانى روونكردەوە كە بێلاف چ كەسێكە، بۆیە نێچیرەڤان بێلافى لە پۆستەكەى لادا و لە بەر دوو كوتلەیى نێوان مەسعود و نێچیر، مەسعودیش لە رقا مامۆستا گۆرانى لە پۆستەكەى لادا، ئەوانە قسەى كادیرێكى پارتى بوو، كە پێشتر پۆستى ئیدارى هەبووە، دەشیوت ئەو رۆژەى دواى تەقینەوەكەـ بێلاف بە نیازى دەوام كردن رۆشتبوو بەرەو مەخموور، رێك لەبەرامبەر ئەو كارگەیەى كە بە گەندەڵى دایمەزرانبوو نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر تەلەفونى بۆ دەكات و پێى دەڵێ كە چیتر ئەو قائیمقام نیە، بۆیە بێلاف دەستى سوكانى سەیارەكەى ناگرێت و بەس ئەوەندە دەڵێ بە یەكێ لە حیمایەكانى كە سەیارەكە لێخوڕێ و بەرەو هەولێر ئینسیحاب بكات، هەتا سێ رۆژیش لەماڵ نایەتە دەرەوە،.
سەرچاوەیەكى نزیك لە كارەكانى بێلافەوە ئەوەى بۆ گێڕامەوەـ لەو رۆژەوەى بێلاف لە كارەكەى لادراوە بەردەوام هەوڵى داوە پێوەندى لەگەڵ خەڵكى مەخموور بە تین بكات، بەتایبەت ئەو كەسانەى كە لە بوارى راگەیاندنا كار دەكەن، لەوانە پەیوەندى بە چەند رۆژنامەنووسێك كردووە وەك : هەریەك لە سەدرەددین قەراجى كە كادێرێكى پارتیشە و زوڕنا ژەنى بنەماڵەیە و ئێستا ئەركى بەڕێوەبردنى راگیاندنى قائیمقامیەت و سەرنووسەرى ئەو رۆژنامەیە كە پێشتر لە مەخموور بێلاف سەرپەرشتى دەكرد و بێستون نورى كە پێشتر سەرنووسەرى جەماوەر و ئێستاش پاراستن لە هەڵبوونى چەقاندووە بە سەرنووسەر و فەیسەڵ خەلیل هەڵگورد سەمەد و بڵند مستەفا و بەختیار پاڵانى. بێلاف هێندە تینیشى بۆ هاتووە پەناشى بردۆتە بەر سالار سیامەند بەرپرسى رێكخراوە جەماوەریەكانى مەلا بەختیار، بەقسەى ئەو سەچاوەیە تەنها بێستون نورى و بڵند مستەفا داواكەى بێلافیان قبوڵ كردووە و خۆیان پێ فرۆشتووە، ئەوانى تر قبوڵیان نەكردووە، بەڵگەش ئەوەتا هەڵبوون و بیستون خۆیان و دەسەكەیان ئاشكرا بوو.
سەرچاوەیەك لە رۆژنامەى جەماوەرى پێشوو ئەوەى پێ راگەیاندم كە كە سەدرەدین قەراجى هەر هەواڵێكى لەمەڕ كەموكورتى و گەندەڵى مەخموور ببردایە بۆ بیستون نورى ئەوا بیستون داینەدەبەزاند و تەلەفۆنى بۆ بێلاف دەكرد و ئاگادارى دەكردەوە، كە ئەوكات سەدرەدین پەیامنێرى جەماوەر بووە.
سەرچاوەیەكیش لە پارێزگاى هەولێرەوە پێى راگەیاندم كە بڵاو بوونەوەى ئەو ماستاوەى كە بۆ بێلاف سارد كرابووەیەوە لە هەڵبوون جەنابى پارێزگار نەوزاد هادى پێى نارەحەتن و زۆرى پێناخۆشبووە، چونكە پێى وایە كێشەكە بەشێوەیەكى تر و ئاقارێكى تر بگرێتەوە و قوڵ ببێتەوە، لە بەرامەبەردا قائیقامى ئێستاى مەخموور بەرزانى سەید كاكە زۆرى لاخۆشە لەسەر قسەكانى هەڵبوون راپرسى بكرێت، تا راستیەكان بۆ خەڵكى ئاشكرا ببن، چونكە ئەو پێى وایە خەڵكى مەخموور دەتوانن وەڵامى هەڵبوون بێلاف بدەنەوە، نەك شێخ غازى و شەوى چراخانى ماڵى بێلاف.
هەولێر