کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وای لە نائومێدی ئەم دۆخە!

Sunday, 01/05/2011, 12:00





هاورێیان لیتان ناشارمەوە ماوەیەكی زۆرە لەبەر نائومیدی تاقەتی ئەوەم نەماوە بنوسم،تەنانەت تاقەتی ئەوەشم نەماوە سەیری كەناڵە كوردی و رۆژنامەی كوردی بكەم، لەهەمو شتێك نائومێدم، لەدەسەڵاتێكی گەندەڵ كە چاكسازی بكات و لەئۆپۆزسێونێكی شەرمن و بێ روئیا بۆ داهاتوو، لەوپۆلیس و پێشمەرگەو دژە تیرۆر و زێرەڤانییانەی كە وەك دوژمنێكی گەورەو ترسناكیان دەستگیركردبێت بەبەرچاوی كامێراكانەوە لەو گەنجانە دەدەن كە جگە لەخەونی ژیانێكی باشترو خۆشتر و جوانتر هیچ داواكارییەكیان نیە، لەنوسەرەكانی حزب و ئەو بێژەرانەی كەدەڵێی شەڕی ناوخۆیەو دەقیڕێنن، لەو رۆشنبیرانەی حزب كە هەروەك توتی بەرپرسەكانیان چیان پێ بڵێن ئەمانیش بەدوایانەوە دەیڵێنەوە.
تا ئەو پەڕی نائومێدی لەم دۆخەو لەم راگەیاندنە سەقەتە و لەم دەموچاوەی سەربازییە ناشیرییانەی دەسەڵات بێزارو نائومێدم، لە لێپرسراوە ناسیاسیەكانی ئۆپۆزسیۆن نائومێدم، لەحزبە ئۆپۆزسیۆنەكان نائومێدم، ئاخر ئەوان تا ئەم ساتەش شەرم دەكەن یاخود ناوێرن بڵێن ئێمەبوین خۆپیشاندانمانكرد یاخود دەیكەین،ئەوان زاتیان نەكرد بەرەسمی و بەئاشكرا برۆنە ناوخەڵكەوە وداوای مافەكانی خەڵك بكەن، نەیانتوانی چاو لەیەمەن بكەن كە بەرەسمی رۆشتونەتە ناو ئۆپۆزسێۆنەوە و نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن، من تێناگەم بۆ ئۆپۆزسیۆنی كوردی بەدرێژایی 60 رۆژ زاتی ئەوەیان نەكرد بێنە پاڵ خۆپیشاندانەوە، هەر لەو دورەوە بەشەرم و ترسەوە پشتگیرییان دەكرد.
من لەو رۆشنبیرو نوسەرو رۆماننوسانەش نائومێدم كە هەزارەها گەنج خەونیان پێوەدەبینین و بەهیوابون رێبەرایەتیان بكەن كەچی لەپڕ رایانگەند ئەوان نوێنەرایەتی خۆیانیان پێناكرێت چ جای خەڵكی!!.
ئەم ساتەی تیایدا دەژین ساتێكی نائومێدو كوشندەیە ، ساتێكە ناتوانرێت پێشبینی داهاتوی تیادابكرێت، ئێمە نازانین بەرەو تونس دەرۆین یاخود بەرەو سوریاو لیبیا، بەهەزاران چەكداری حزب رژاونەتە سەر كوچەو كۆڵانەكان، هەریەكەو بەتێڵایەك و تفەنگێكەوە وەستاون و بەردەوام ترس دەبەخشنەوە، ئێمە تارادەیەك هەمومان هیوامان هەبوو بەیەكێتی كە حزبێكی كراوەو دیموكراسی خوازە، كەچی دەموچاوە سەربازییە ناشیرینەكان هەموو هیوایەكیان لەم حزبەدا كوشت، من پێم سەیرە رۆشنبیرەكانی ناو یەكێتی تا ئێستاش بێدەنگن یاخود ئەوانیش بێدەنگ كراون.
لێتان ناشارمەوە نائومێدییەكی زۆرم هەیە، ماوەیەكی زۆرە بریارمداوە ئەوەندەی خەریكی مندالەكانم بم ئەوەنە خوونەدەمە خوێندنەوە و بیركردنەوە لەم دۆخە تاڵە، ئەوەندەی لەبازار نوقڵ و شیرینی بۆ كوڕەكانم بەرمەوە ئەوەندە رۆژنامە و گۆڤاری كوردی نەبەمەوە.
من دڵنیام ئەوانەی لەم دۆخەدا نائومێدن ژمارەیەكی كەم نین، ئەوانەی گەندەڵی سیستەمی سیاسی و ئیداری و دەوڵەمەندبونی رەهای بەرپرسان و سەركوتكردنی خۆپیشاندەكان و ستەمی ستەمكاران بێتاقەت و نائومێدی كردون.
كەم نین ئەوانەی دەنگمان دا بە گۆڕان و گۆڕانكاری لەم وڵاتەدا گەشتوینەتە ئەو بڕوایەی دەنگەكانمان بەهەدەر رۆشت لەپەرلەمانێكی كارتۆنی و حەسیر مەیداندا.
زۆرن ئەوانەی نا بەرنامەیی و بێ روئیایی داهاتوی ئۆپۆزسیۆن توشی كەئابەی كردون و هەستدەكەن ئەو هێزانە لەبازنەیەكی داخراودا دەخولێنەوە.
بەراستی لێتان ناشارمەوە زۆر نائومێدبوم كە ئەم وتارەشم نوسی، بەڵام هاورێیان بەهیوام من هەڵەبم، هەڵەیەكی وەها جارێكی دیكە بەئومێدەوە بگەڕێمەوە بۆ لاتان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە