کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


روونکردنەوەیەکی پێویست

Friday, 29/04/2011, 12:00






لە سایتی کوردستانپۆست، ٢٨ی ئەپریڵ واتە دوێنێکە، نوسینێک لەسەر عارف قوربانی داگیراوە لە لایەن "ئیدریس کەرکوکی" ناوێکەوە. چونکە بابەتەکە لەوێدا بلاوبۆتەوە بۆیە بە پێویستی دەزانم هەر بینێرمەوە بۆ کوردستانپۆست. بۆ زۆرێک لەو خەڵکانەی من دەناسن وادەزانن کە ئەو کەسە منم. لە دوێنیەوە تا ئێستا سێ و چوار کەس و برادەر، چ بە ئیمەڵ یان بە تەلەفۆن، دەستخۆشانەیان لێکردوم لەسەر ئەو بابەتەی لەسەر "عارف قوربانی" نووسراوە. من وامزانی گاڵتەم لەگەڵدا دەکەن چونکە بۆ ئەمە دوو گومان هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە من خەڵکی ئەو ناوچەیەم و لەگەڵ عارف قوربانیدا قوتابی بووم، ئەوی تریان ئەوەیە کە جار نا جارێ شت دەنووسم و نووسینەکانیشم رەخنەیە بە بارودۆخی ئێستای کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی خۆزگەم دەخواست بە یادێکی خۆشەوە بگەرامایەتەوە بۆ ساڵانی دێرینی قوتابی و قوتابخانە بەڵام زەروری کرد کە ئەم چەند دێڕە بێ تاقەتیە بنوسم لەو بارەیەوە.
مەبەستم لەم روونکردنەوەیە ئەوە نیە کە ئەو نووسینەم لاپەسەندە یان نا یاخود لەبەرئەوە نیە کە وەک پۆزشێک یان لەبەردڵی عارف قوربانی بێ بەڵکو تەنها دەمەوێ ئەوە بڵێم کە من ئەو کەسە نیم وەک هەندێ وایانزانیوە یان وادەزانن. بەڵام نزیکایەتیەکە لەوەدایە کە من خەڵکی چەمچەماڵم و لە یەکێک لەو قوتابخانانە دەمخوێند کە ئەویش لێی دەخوێند. لە دەوروبەری ساڵانی نیوەی هەشتاکان تاکو کۆتایی هەشتاکان لە ئامادەیی چەمچەماڵ کوڕان قوتابی بووم و عارفیش قوتابی بوو لە چەمچەماڵ. جیاوازی عارف لەگەڵ قوتابی ئاساییدا ئەوە بوو کە ئەو بەعسی بوو، زۆربەی کاتەکانیش قاتێکی زەیتوونی رەفیق حزبیانەی لەبەردەکرد. ئەمە نەک لە رق و توڕەیی و بە روحی تۆڵەوەبڵێم گوایە ئەو ئێستا باشی پێ ناهێژن بەڵکو وەک راستیەک کە هاتۆتە پێش دەیڵێم. سەبارەت بە تۆڵە نەک هەر لەسەر عارف بەڵکو باوەڕم بە رقی تۆڵە نیە بۆ هیچ کەسێک بەڵام وتنی راستی شتیکە گەر ژیانتی بۆ دابنێی جێگەی شانازی و نەمریە.
وەکو هاوقوتابخانەییەکی عارف حەز دەکەم ئەوەی پێبڵێم کە نەدەبوو ئەوە بکا کە وەختی خۆی دەکرد و نەدەبوو ئەوەش بکا کە ئێستاکانێ دەیکات. عارف دەیتوانی کارێک بکات ئەو مێژووە وەلابخات نەک لە دلی خەڵکدا خراپتر زیندووی بکاتەوە. هەڵبژاردنی تر هەبوون عارف دەیتوانی دەستیان بۆ ببات، هەرهیچ نەبێ لەم رووداوانەی دواییدا دەیتوانی قسەی ناخۆش نەکات بە خەڵکی چەمچەماڵ بەتایبەت لە مەسەلەی کوشتنی گەرمیانی روح سوکدا. عارف دەیتوانی دووبارە خۆی نەکاتە داشی دامەی دەسەڵاتەکان، چونکە لەوەئاسانتر نیە ببی بە قەڵەم بەدەستی دەسەلات بەڵام قورسیەکەی لەوەدایە کە زۆر دەکەویت لەسەرت وەک چۆن عارف لە دوای راپەڕینەوە دەیکا. ئێستەشی لەگەدابێ عارف دەتوانێ فریای هەندی شت بکەوێت کە کەمیک خۆی لەو رابردوانە بشواتەوە. دیارە باشترین شت ئەوەیە کە عارف ببێت بە کەسێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە و خەریکی ژیانی خۆی بێت، بەمەش هەم خزمەتێکی شەخسی خۆی دەکا و هەم خەڵکیش. بەخۆداچوونەوە و لێبوردەیی دوو شتی گرنگی مرۆڤن کە هەرگیز نابێ لەیادیان بکات.
دەسەلاتەکان دێن و دەڕۆن بەڵام خەڵک و کۆمەڵگە هەر وەک خۆیان دەمێننەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە