کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌رله‌مانتار‌و شه‌قام........

Friday, 25/09/2009, 12:00


به‌شداریكردنی‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ خۆپیشاندانی‌ كۆمه‌ڵێك مامۆستای‌ سلێمانی‌ له‌ (14/ 9/ 2009)دا بو به‌ مایه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ له‌ هه‌ندێك میدیای‌ حیزبییه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ حیزبی‌ بوه‌ به‌و ده‌لیله‌ی‌ ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆن به‌شدار بوین‌و وتارمان داوه‌.

له‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ سه‌یرتر قسه‌و باسی‌ به‌ڕێزێك بو له‌ یه‌كێك له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان له‌و باره‌وه‌.
نایشارمه‌وه‌ وته‌كانی‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆ من مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان بو به‌تایبه‌ت كاتێك وتی‌: ئاخر ئه‌وه‌ كه‌ی‌ ئیشی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ به‌شداریی‌ له‌ خۆپیشاندان بكات، شوێنی‌ ئه‌و په‌رله‌مان‌و كاری‌ ئه‌و یاسادانانه‌.

پێموانییه‌ ئه‌و براده‌ره‌ نه‌زانێت كاری‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ته‌نیا یاسادانان نییه‌و شوێنیشی‌ ته‌نیا هۆڵی‌ په‌رله‌مان نییه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌وه‌ به‌شێك بێت له‌ شێوازی‌ بیركردنه‌وه‌و تیڕوانینیی‌ ئه‌وان بۆ ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتی‌‌و سنوری‌ كاركردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان.

به‌ڵێ‌ په‌رله‌مانتار پێویسته‌و گرنگیشه‌ به‌شداریی‌ خۆپیشاندان، مانگرتن، ناڕه‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌، ئیمزاكۆكردنه‌وه‌، به‌یاننامه‌ ده‌ركردن، هه‌ر جۆرێكی‌ دیكه‌ له‌ خۆده‌ربڕینی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بكات‌و ته‌نانه‌ت پێشڕه‌ویشی‌ بكات وه‌یا جۆرێك له‌ لایه‌نگرێتی‌ به‌رامبه‌ریان ده‌رببرێت.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نه‌ك هه‌ر له‌ جێگه‌و رێگه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان كه‌م ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی‌ بناغه‌یی‌ ئه‌ركی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ ده‌بێت به‌شێكی‌ دانه‌بڕاو بێت له‌ خه‌م‌و ناخۆشی‌‌و پێداویستییه‌ رۆژانه‌یی‌ وه‌یا چاره‌نوسسازه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌.

میلله‌ت ده‌نگ به‌ كه‌سانێك نادات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ‌ خۆیان له‌ بورجی‌ عاج دانیشن‌و له‌ هۆڵێكدا خۆیان قه‌تیس بكه‌ن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكیدا بن‌و له‌ ئازاره‌كانیان تێبگه‌ن، هه‌ستی‌ پێبكه‌ن، له‌ ناڕه‌حه‌تیه‌كاندا به‌شداربن، بڕۆنه‌ نێو ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌، بكۆڵنه‌وه‌، هه‌ڵوێست وه‌رگرن‌و به‌شێك بن له‌ ئیراده‌‌و ویژدانی‌ میلله‌ت.

ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان چ به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌رده‌وامی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات، وه‌ چ به‌هۆی‌ ئه‌و لیژنانه‌ی‌ كاری‌ تێدا ده‌كات‌و چ له‌ رێگه‌ی‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌دات دڵه‌ زیندو‌و مێشكه‌ هوشیاره‌كه‌‌و چاوه‌ هه‌میشه‌ كراوه‌كه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر بێت.

یاسادانان چه‌نده‌ كارێكی‌ گرنگه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌شێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ دولایه‌نییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانتار: یاسادانان‌و چاودێریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكار، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ست ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك میدیاوه‌ ته‌نیا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیوه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مانتار ده‌كرێت‌و دیوه‌ هه‌ستیار‌و گرنگه‌كه‌یتری‌ فه‌رامۆش ده‌كرێت وه‌یا له‌ ژێر لێوه‌وه‌ باسده‌كرێت.

ئه‌وه‌ش یا نه‌زانی‌‌و بێ ئاگاییه‌ وه‌یا نمونه‌ی‌ ته‌ماشاكردنی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ بۆ سنوری‌ كاركردنی‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاران.

بۆیه‌ لێره‌دا پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌مان (پێویسته‌ بڵێم هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی‌ دڵسۆز‌و به‌ ویژدان‌و خه‌مخۆر) به‌رده‌وام له‌ هه‌مو بۆنه‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕینێكی‌ یاسایی‌‌و ئسوڵی‌‌و حه‌قخوازانه‌ به‌شداریی‌ چالاكانه‌ ده‌كات.

له‌ كوێره‌ دێیه‌كه‌وه‌ بۆ شارێك، هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی‌ شه‌رعی‌ هه‌بێت ئێمه‌ له‌ وێ‌ ده‌بین‌و هاوخه‌م‌و هاوخه‌باتی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ عه‌داله‌تخواز‌و ئازادیخواز‌و ژیاندۆسته‌ ده‌بین، ئێمه‌ ده‌نگی‌ شه‌قام‌و ترپه‌ی‌ دڵی‌ ماڵانین‌و ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ چۆڵ‌ ناكه‌ین‌و شان به‌شانی‌ مامۆستاو خوێندكارو كاسب‌و سه‌رجه‌م مافخوراوان به‌شێك ده‌بین له‌ خۆپیشاندانه‌كانیان، ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ په‌یوه‌ستبونی‌ ئه‌خلاقیی‌ ئێمه‌ به‌ میلله‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ستبونی‌ یاساییشمان ئه‌و كاته‌یه‌، كه‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵات‌و خه‌بات بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ ده‌كه‌ین.

به‌شداریكردنی‌ ئێمه‌ له‌و خۆپیشاندانه‌و ره‌خنه‌ی‌ چاودێرانمان، به‌شێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌ زنجیره‌ له‌ كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌كه‌ی‌: ئێمه‌و ئه‌وان ناكۆكییه‌كانمان له‌سه‌ر چین!..
---------------

کوردستانپۆست: ئه‌م وتاره‌ی به‌رێز عه‌دنان عوسمان دیاره‌ ته‌واوکه‌ری وتارێکه‌ که‌ به‌ پێنووسی نه‌ژادی حاجی برایم له‌ کوردستانپۆستدا بڵاوبۆوه‌..وێرای ده‌ستخۆشیمان له‌ کاک عه‌دنان ، به‌و هیوایه‌ن که‌ حزوریان هه‌میشه‌ ببینین له‌ نوێنه‌رایه‌تیکردنی ئازاره‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و خسته‌روویان له‌ شه‌قامدا ، که‌ پێمانوایه‌ رووی راسته‌قینه‌ی نوینه‌رایه‌تی گه‌ل به‌خه‌ڵکی نیشانده‌دریت و له‌ گه‌ڵ سۆز و به‌ڵێنه‌کانی هه‌ڵبژاردن یه‌کانگیر ده‌بێت..
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=300c7f46

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە