تكایە جەنابی سەرۆك سكاڵایەكیش لەدژی هۆشیار تۆماربكە!
Monday, 24/01/2011, 12:00
ماوەێك بوو سەرۆك و بەرپرسانی پارتی سكاڵایان لەسەر نووسەرو رۆشنبیران تۆماردەكرد، بەبیانوی ناوزڕاندن و لەكەدار كردنی كەسایەتیان، ئەمشیان وەكو مافی بەرگریكردن لەخۆیان بەناودەكرد، ئەو یاسا بەستەزمانەی كە خۆیان دایاناوەو خۆیان هەمواری دەكەنەوە بەمەش هەرجار بەملیۆنان دینار لەبەرژەوەندی ئەوانەوە دەشكایەوە.
دەكرێ جەنابی سەرۆك و برادەرانی دەوروبەری لەدژی ناوزڕاندنی خۆیان سكاڵایان لەسەر خەڵك تۆماردەكرد، بەڵام ئەم جارە هاوڕێیە هەرە نزیكەكەی سەرۆك و كوڕی خاڵی تاوانبار نیشاندەدرێت، ئایا سەرۆك و برادەرانی پارتی لەسەر ئەویش سكاڵا پێشكەشی دادگاكانیان دەكەن؟ تاوانی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی و نوێنەریان لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق و كوڕی خاڵی سەرۆك تاوانێكی نەتەوەییە. یان پارتیەكان بەناوی ئەوەی جەنابیان وەزیری دەرەوەی عێراقە بۆیە لەو پێگەیەوە قسەكردن نابێ لێ بگیردرێت، كاتێك هێلی سووری نەتەوەیی تێپەڕێنێ و كێشەنییە چی بەكێ دەڵێت.!
جەنابی سەرۆك نازانم چەند ئاگاداری ئەوەن كەكۆماری سێداری ئێران لاوانی ئێمەی خستۆتە سرەوەو هەر رۆژ دانەیەكیان لێ زوحاك ئاسا لەسێدارەدەدات. بۆیە دەڵێم لەوانەیە ئاگادار نەبیت چونكە راگەیاندنەكانی ئێوە مێشی لێ میوان نییەو بەقسەی وەزیر دەرەوەش كەئەندامی سەركردایەتی لەوانەیە ئێستا م.س بێت و لە لیستی ئێوەی پەرلەمان و لەبەشی ئێوەش وە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پێدراوە، ئەو كوردانەی پارچەكانی تر كەئەمڕۆ لەسەرهلداندان (تیرۆریستن).
تیرۆیست بوون دەكەوێتە خانەی ناوزڕاندن و لەكەداركردن و تاوانبار و بكوژی مرۆڤە بێتاوانەكان، بۆیە ئەو ئەندامەتان تاوانبارە. ئەگەر ئەو وەزیر و ئەندامەی ئێوە بۆ بەرژەوەندی عەرەب و فارس و تورك لەوێیە تاكو بزانیین، نا ئەگەر بۆ بەرژەوەندی كوردان لەوێیە ئەوا بەرژەوەندی كورد لەوەدانییە كەبزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد لەرۆژهەڵاتی وڵات بەتیرۆریست بەناو بكەن، هەمانكات ئەوا مافداركردنی داگیركەرانە تاكو بەئارەزووی خۆیان بەسەر رۆڵە راپەڕیوەكانماندا بچن لەو پارچەیەی كوردستان.
جەنابی سەرۆك ئێمە لەو رۆژەوەی هۆشیار ئەو قسەیەیی كردوە ئارامان لێ بڕاوە، دوای ئەوەی رژێمی سێدارەش حسێن خزریان لەسێدارەدا ئەوەندی لەئێران بێزارین ئەوەندەش لەو ئەندامەی ئێوە، چونكە زانیمان ئێران داگیركەر و دوژمن، ئەی هۆشیار لەپای چی وادەكات؟ هەموو رای شەقامی كوردیش لەگەلأ ئەوەیە ئەو لێدوانەی هۆشیار جەسارەتی داوەتە سێدارەچیەكان تاكو حسێن لەسێدارەبدەن، چونكە ئەو رووداوە دوای هاتنی "ناساڵحی" بۆ عێراق ئەنجامدراوە.
من لەلای خۆمەوە داوادەكەم سەرۆك یان ئەندامەكانی سەركردایەتی پارتی سكاڵاێك تۆماربكەن لەداداگاكەی خۆیان، یان ئەوەتا بانگی بكەن و فێری بكەن چۆن بەهۆشیاری قسەبكات لەسەر پرسە نەتەوەیەكان، كەئەمڕۆ بەكاتێكی هەستیاردا دەربازدەبن و ئیدی پرسەكەمان گەیشتۆتە ئاستێك كەدەبێ چارەسەر بێت. بۆیە ئەو جۆرە كەسانە بەو لێدوانانە باچیتر دایك و خوشكانی وڵاتەكەمان ئازارنەدەن، ئەگەر ئەمەش ناكەن ئەوا بەناوی پارتەكەتانەوە داوای لێبوردن لەگەلی كورد بەگشتی و لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەپەژاك بكەن، چونكە ئەگەر وانەبێ دیارە رەخنەدانەكەی كۆنگرەتان بۆ شەڕی ناوخۆ و دروشمی مافی چارەی خۆنووسینتان هەر بۆ گەرمكردنی هۆلی كۆنگرەبووەو بەس، چونكە هێشتا شاییولۆغانی كۆنگرەكەتان سارد نەبۆتەوە ئەندامانی سەركردایەتیتان بەو شێوەیە قسەدەكەن. باشتریش وایە بۆ ئەوەی هۆشیار زێباری باش ئاقلأ بێت سكاڵایەكی لەدژ تۆماربكەن، چونكە حەقی كردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست