کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


موعجیزه‌یه‌ک بۆ قوتار بوون له‌م عه‌زیا دوو سه‌ره‌

Saturday, 21/08/2010, 12:00



19ساڵه‌ ده‌ستێکی ره‌ش خۆی گیر کردووه‌ له‌ قورقوراگه‌مان و ئه‌یه‌وێت تا هێزمان تیایه‌ هاوار بکه‌ین بڵێین توخوا به‌رم ده‌ خنکام، ئیتر من هه‌قی سیاسه‌تم نییه‌،،فه‌رموو عه‌رشی دۆلار و نه‌وت و باروت وخیانه‌ت و که‌للله‌سه‌ری مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌کان بۆ ئیوه‌ و ته‌نیا هه‌ناسه‌ ئازاده‌کانی به‌ مرۆڤ بوونم بده‌نه‌وه‌،، ساته‌ پڕ له‌ به‌رائه‌ته‌کانی گه‌نجییه‌تی و منداڵیه‌ پڕ له‌ مه‌حرومی و سته‌مه‌کانمان بده‌نه‌وه‌ با بۆنێکیان پێوه‌ بکه‌ین و له‌ کفنێکی ئاڵیانه‌وه‌ بپێچین وله‌گه‌ڵ ته‌رمی گریانه‌ بێ ده‌نگه‌کاندا له‌ گۆڕه‌ ونه‌کاندا بیان نێژین،،ئه‌و گۆڕانه‌ی هه‌موو ئه‌و لاوه‌ جوامێرانه‌ی تیا نووستوون که‌ به‌ خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له‌ پشته‌وه‌ لێتان دان و نه‌یانزانی ئێوه‌ بوون! ئێوه‌ش مانه‌وه‌و بوونه‌ سیمبوڵی درۆ و خیانه‌ت و نه‌فرین و هه‌موو قێزه‌ونییه‌ک،، لاتان گرنگ نه‌بوو ئه‌گه‌ر تنۆکێ مۆڕاڵ نه‌مێنێ به‌ ناوچه‌وانی پلاستیکییتانه‌وه‌‌ ته‌نیا بازرگانیه‌کانی کورسیه‌کانتان براوه‌ بێت،، لاتان گرنگ نه‌بوو گه‌ر میلله‌تێک خۆڵ بخوات و مانای زاراوه‌کانی وه‌فاو نیشتمانپه‌روه‌ریی و ویژدان و داد و دڵسۆزییان له‌ بیر بچێته‌وه‌ و ته‌نیا ناوی ئێوه‌یان له‌سه‌ر زار بێت و ناسنامه‌ی ئێوه‌یان پێ بێت تا بژین ،،تا هه‌ناسه‌ بده‌ن،،تا نه‌که‌ونه‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی شه‌للاقه‌و قامچی و به‌رده‌می عه‌زیاکانی ئێوه‌ی زوحاک،،19 ساڵه‌ که‌سایه‌تی و ویژدان و مرۆڤایه‌تی له‌ میلله‌ته‌که‌م دائه‌ماڵن تا شتێیه‌ک نه‌مێنێت پێی بڵێن جورئه‌ت و که‌رامه‌ت،،ئه‌هریمه‌نه‌کان وای لێك ئه‌ده‌نه‌وه‌ هه‌رچی له‌ناو ئه‌و نیشتمانه‌دا هه‌یه‌ موڵکی تاکه‌که‌سیی ئه‌وانه‌ و مافی خۆیانه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بکه‌ن،،ئه‌و پارچه‌ زه‌مینه‌ی ساڵه‌هایه‌ برینه‌ به‌ سوێکانی خوێنی لێ ئه‌چۆڕێ وه‌ک دایکێکی لێو به‌بار که‌ چاوه‌ڕوانی هاتنوه‌ی کوڕه‌که‌ی ئه‌کات تا هه‌واڵی شه‌ڕه‌ نامه‌ردانه‌کانی ئێوه‌ی بۆ بگێڕێته‌وه‌و پێی بڵێ دایه‌ من به‌ گوله‌ی نه‌خشه‌ی شه‌ڕه‌ بی کۆتاییه‌کانی ئه‌و مافیایانه په‌ڕه‌ی ژینم هه‌ڵوه‌ڕی و که‌چی ئه‌وان هه‌ر وه‌کو خۆیان قه‌زه‌من و تانجییه‌کی ترسنۆکن بۆ داگیرکه‌ران و شێرێکی نه‌ڕیشن بۆ گیانی ئێوه‌ی بێ ده‌سه‌ڵات،،ڕاستیان فه‌رمووه‌ یه‌ک سات ژیان به‌ سه‌رفرازیی هه‌زارساڵی سوکایه‌تی ده‌هێنێت..

‌قه‌ده‌ری ئێمه‌ عه‌زیایه‌کی دوو سه‌ره‌ و قه‌د تێر نابێت،،هه‌ر ده‌لورێنێ وه‌کو شه‌وله‌بان و مۆته‌که‌ و ئه‌و خێوانه‌ی له‌ خه‌ویشدا وازمان لێ ناهێنن وده‌ست ئه‌خه‌نه‌ بینه‌ قاقامان و زه‌رده‌خه‌نه‌کانیان بۆ تا ئه‌به‌د له‌سه‌ر زارمان تۆراند،،له‌ چاوه‌ڕوانی موعجیزه‌یه‌کدام بۆیان نازڵ بێت و هه‌موومان قوتار بکات له‌ خه‌مۆکی و دڵه‌ ڕاوکێ و ئازارو سته‌م و جارێکی تر ژیان به‌رگی ئاسایی خۆی له‌به‌ر بکاته‌وه‌ و ئه‌و تۆماره‌ ڕه‌شه‌ی مێژووی شه‌رمهێنی ئه‌و جه‌للادو خوێنخۆرانه‌ بخاته‌ ناو زبڵدانی قه‌ده‌ره‌ تاڵه‌کانه‌وه‌ و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و مرۆڤایه‌تی پشوویه‌کی درێژ بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە