بابه‌تی بێ مۆڵه‌ت و ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕاگه‌یاندن
Sunday, 22/05/2011, 12:00
وه‌ك بڵێی له كوردستاندا ترست له ڕوودانی هه‌ر ئه‌گه‌رێك بێت ئه‌وا وه‌ك مۆته‌كه پێته‌وه ده‌نوسێت و ڕۆژێك ده‌بێت كه دێته دی. بارودۆخی هه‌رێم وا سه‌ری له دنیا تێك داوه كه ئه‌وه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌وه یه‌كه‌م جار ڕوو ده‌دات. بۆ نمونه، ئه‌سته‌م بوو له دوای شه‌پۆلێكی به‌رفراوانی ناڕه‌زایه‌تی یاسای خۆپیشاندان واژۆ بكرێت كه كرا،ئه‌سته‌م بوو كه ڕۆژنامه‌نوسێك له پای به‌ناو پیرۆزی بنه‌ماڵه‌یه‌ك تیرۆر بكرێت كه كرا،ئه‌سته‌میش بوو له به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ردێك و شكانی شوشه‌ی باره‌گایه‌ك لاوی خوێن گه‌رمی ئه‌م وڵاته بدرێنه به‌ر ده‌ست ڕێژی گولله كه كرا،ئه‌سته‌م بوو كه له دوای دوو مانگ له خۆپیشاندانی هێمنانه سه‌كۆی ئازادی بسوتێنرێت كه سوتێنرا،ئه‌سته‌م بوو كه كه‌ناڵێك له دوای سێ ڕۆژ له په‌خش بسوتێنرێت كه دیسان ئه‌ویش سوتێنرا،ئه‌سته‌م بوو كه وه‌زیرێك هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه له ڕۆژنامه‌نوسێك بكات كه كردی،ئه‌سته‌میش بوو وه‌زیرێك به هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بڵێت پیاو كوژ كه وتی،زۆر له‌وانه ئه‌سته‌متر ئه‌وه بوو كه سه‌رۆكی هه‌رێمێك خه‌فه‌ت بۆ سوتانی پارچه په‌ڕۆیه‌ك بخوات و خوێنی به ناحه‌ق ڕژاوی شه‌هیدانی خۆپیساندان به هه‌ند نه‌گرێت كه ئه‌ویش كردی.
ئه‌وه‌ی كه ئه‌سته‌م نه‌بوو به شێوه‌یه‌ك گۆڕانی به‌سه‌ردا هات كه له ئه‌سته‌م ئه‌سته‌متر و له خه‌یاڵ خه‌یاڵتری لێ هاتوو ئه‌گه‌ری وه‌دی هاتنی خه‌یاڵ پڵاوییه‌كی له گوێی حوشترا خه‌وتن بوو. ئاسایی بوو كه خۆپیشاندان مۆڵه‌تی پێ بدرێت كه نه‌درا، ئاسایی بوو كه تۆمه‌تباران ڕاده‌ستی دادگا بكرێن كه نه‌كران،ئه‌سته‌م نه‌بوو كه له پایته‌ختیش خۆپیشاندان بكرێت كه نه‌كرا، ساده بوو گه‌ر زانكۆ خاوه‌نی حه‌ره‌می خۆی بێت كه نه‌یبوو،ئه‌سته‌م نه‌بوو وه‌زیرێكی گه‌نده‌ڵ له سه‌ر كار لا ببرێت كه نه‌برا. وه‌ك بڵێیت حكومه‌تی هه‌رێم لنگاو قوچ خه‌وتووه و خه‌ونێكی پێچه‌وانه‌ی كێشی زه‌وی به كوردستانه‌وه بینیوه. دڵنیام گه‌ر نیوتن له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستاندا خوازیاری دۆزینه‌وه زانستییه‌كانی بووایه،ئه‌وا هه‌رگیز به‌و ڕاستییانه نه‌ده‌گه‌یشت،چونكه به پێی چاویلكه‌ی ئه‌م حكومه‌ته دوو سه‌ره چوار چاوه ئه‌گه‌ری كه‌وتنه سه‌رزه‌وی سێوێك له سه‌دا سه‌د ئه‌سته‌مه و ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشانی ڕووه و مانگ به هه‌مان هێز و به ئاراسته‌یه‌كی دژ ڕاست و ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه.
له ڕوانگه‌ی ئه‌و گه‌مه سیاسییه‌ی كه دیل به دیلی به ئه‌سته‌م و نائه‌سته‌می كردووه و نه مانگ به شه‌و و نه خۆریش به ڕۆژ ده‌بینرێت، خۆپیشانده‌ر گه‌ر خۆشبه‌ختانه بكوژرایه ئه‌وا به شه‌هیدی پله یه‌ك له قه‌ڵه‌م ده‌درا و گه‌ر له به‌دبه‌ختی خۆی و خێزانه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێ بمایه ئه‌وا ئاژاوه‌گێڕ بوو. بۆیه گه‌ر بێت و گالیسكه‌ی ئه‌م هه‌رێمه به ڕه‌و ڕه‌وه‌ی هه‌مان پێوه‌ره‌كانی پێشوتر بڕوات ئه‌وا بیگومان مێژوی كرد و كوردایه‌تی هه‌ر ڕووی له هه‌ڵدێر ده‌بێت و بۆ هه‌میشه خۆپیشاندانه‌كان بێ مۆڵه‌ت و نزا و پاڕانه‌وه دیسان بێ مۆڵه‌ت و ده‌ست به ئاو كردنیشمان هه‌ر بێ مۆڵه‌ت ده‌بێت.
وا چه‌ند ڕۆژێكیشه باسی گه‌رمی ده‌سه‌ڵات و ڕاگه‌یاندنه‌كان بریتییه له ئه‌نجومه‌نێكی باڵای ڕاگه‌یاندن كه گوایه كاری ڕێكخستن و پاراستنی ڕاگه‌یاندنی كوردییه له‌و پاشا گه‌ردانییه‌ی كه تێیدا گه‌وزاوه! جا گه‌ر بێت و ئه‌مه‌ش به ئه‌سته‌م بزانین،ئه‌وا له داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا پێك ده‌هێنرێت و ده‌بینین باس له بابه‌تی بێ مۆڵه‌تیش ده‌كرێت. ئه‌و كات ده‌بێت چی سه‌رنوسه‌ر و خاوه‌ن ئیمتیازه ئه‌م ژور و ئه‌و ژور بكه‌ن تا به‌ڵكو بابه‌تێك ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان له ئامێز بگرێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له یاد مه‌كه‌ن كه سه‌رۆكی هه‌رێم له كاتی واژۆ كردنی یاسای خۆپیشانداندا گفتی دا كه ئه‌گه‌ر بێت و مۆڵه‌تی خۆپیشاندان نه‌درێت به خۆپیشانده‌ران ئه‌وا خۆی بۆ خۆی له گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا به‌شداری ده‌كات،بینیشمان چۆن گفته‌كه‌ی برده سه‌ر؟! ئێستاش هۆشیار بن به ڕۆژنامه‌نوس و ڕاگه‌یه‌ندكاران نه‌ڵێت گه‌ر مۆڵه‌تی بابه‌ت و هه‌واڵه‌كانیان نه‌دا ئه‌وا گفت بێت لاقیته‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرم و ڕوماڵی هه‌واڵ به هه‌واڵتان بۆ ده‌كه‌م،چونكه ده‌زانین كابرایه‌كه كه سه‌ری بڕوات گفتی ناڕوات! ئه‌و كات خوا ده‌زانێت هه‌واڵی ئه‌و په‌یامنێره نوێیه نرخی چه‌نده و چه‌ند خواستی له‌سه‌ر ده‌بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست