ده‌ریای خه‌باتی مام جه‌لال به‌ ده‌می كوردستان پۆست و نوسه‌ره‌كانی پشتی پیس نابێت

Sunday, 17/01/2010, 12:00


پێشه‌کییه‌کی کوردستانپۆست:
هه‌فته‌ی ڕابردوو، یه‌کێتیی و گۆڕان شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنیان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کتر ڕاگرت، ده‌زگای ووشه‌ و ڕاگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتیی له‌ شوێنی خۆیانه‌وه‌ بڕیاریان دا، په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه‌‌ بکه‌ن، لێ وه‌کو ئه‌مڕۆ ده‌بینین، یه‌کێتیی له‌ ڕێگای که‌ناڵه‌کانی دیکه‌وه‌ هێرشه‌که‌ی ده‌ست پێکردۆته‌وه‌، به‌و واتایه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌یماننامه‌که‌یان بشکێنن و ده‌ست به‌ هێرشه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی ئه‌مڕۆ دیمانه‌یه‌کی بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ که‌سێکی کۆنه‌ شیوعیی به‌ ناوی ئازاد تۆفیق له‌و دیمانه‌یه‌دا له‌پاڵ هێرشکردن بۆ سه‌ر کوردستانپۆست، نه‌وشیروان موسته‌فاشی تاوانبارکردووه‌ به‌وه‌ی، گوایه‌ به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ بۆ کوردستانپۆستی نووسیوه‌. ئه‌م ئازاد تۆفیقه‌، له‌ سه‌رده‌می بارزانی ئه‌حه‌ کورده‌ ، چه‌ندین جار به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ نووسینی بڵاوکردۆته‌وه‌ (کلیکی ناوه‌که‌ی خۆی بکه‌ن بۆ بۆ بینینی چه‌ند نووسینێکی).
 ئازاد تۆفیقی کۆنه‌ شیوعیی و هاوڕێی حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن،  به‌ شان و باڵی حه‌مه‌ سه‌عیددا هه‌ڵده‌دات، چاو له‌وه‌ ده‌پۆشێت، که‌ حه‌مه‌ سه‌عید یه‌که‌م جنێوفرۆشی سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بوو، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌کار بوونی له‌ تۆڕی ئینته‌رنێتدا، ئه‌و جنێوی داهێنا، ئازاد تۆفیق، (جه‌لالینامه‌که‌ی) حه‌مه‌ سه‌عیدی نه‌خوێندۆته‌وه‌، که‌ چۆن سووکایه‌تی به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو پارتیی  بانگیان کرد و له‌ هه‌ولێر خه‌ڵاتی ئاراسیان پێیدا. دیسان ئازاد تۆفیق پێی وایه‌ حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ به‌عسدا هاریکاریی نه‌کردووه‌. ساڵی 2005 ‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئێمه‌ نامه‌یه‌کی یه‌کێتیی نووسه‌رانمان بڵاوکرده‌وه‌، که‌ هه‌موو نووسه‌ره‌ به‌عسییه‌کان له‌گه‌ڵیاندا حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن، کاتی خۆی نامه‌یه‌کیان بۆ سه‌رۆکی فه‌رمانده‌ سه‌ددام حسێن ناردبوو، ئه‌م حه‌مه‌ سه‌عیده‌ی هاوڕیی ئازاد تۆفیقیش به‌ خه‌تی خۆی ئیمزای له‌سه‌ر کردووه‌(له‌ ده‌رفه‌تێکدا له‌ ئه‌رشیفی کۆندا ده‌گه‌ڕێین و نامه‌که‌تان بۆ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌).
ئیستاش بفه‌رموون له‌گه‌ڵ دیمانه‌که‌ی ئازاد تۆفیق، که‌ بۆ یادگار خستمانه‌ ناو ئه‌رشیفی خۆیه‌وه‌.
**************************************
ده‌ریای خه‌باتی مام جه‌لال به‌ ده‌می كوردستان پۆست و نوسه‌ره‌كانی پشتی پیس نابێت

كاریگه‌ری شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن هیچی له‌ كاریگه‌ری شه‌ڕه‌ تفه‌نگ كه‌متر نییه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، هه‌تا ئه‌م شه‌ڕه‌ قورستر بێت كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا زیاتره‌. له‌وه‌ش قورستر ئه‌وه‌یه‌ هه‌واڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاست بڵاو بكرێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگا چه‌واشه‌ بكات، قێزه‌ونیه‌كه‌شی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵكا خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌پرمان و خۆیان ده‌كه‌نه‌ فریادڕه‌سی كۆمه‌ڵگا، زۆر به‌ترسنۆكانه‌ ده‌چنه‌ پشت سایتێكی ئه‌لكترۆنی و به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ بوختان و جوێن و قسه‌ی ناهه‌ق به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌دات، سنوره‌كان ده‌شكێنێت و ته‌نانه‌ت سنورێك بۆ ئه‌خلاقی 40 ساڵه‌ی هاوڕێیه‌تیشی ناهێڵێته‌وه‌، ئاله‌م كاته‌دا ئه‌و سوپرمانه‌ ده‌بێته‌ سوپرمانێكی كارتۆنی و به‌ بارانێكی حه‌ق ده‌خوسێت و نامێنێت. ئایا له‌ كوردستاندا هیچ ئازادیه‌كی ڕا ده‌ربڕین نییه‌ تا په‌نا ببرێته‌ به‌ر ناوی خوازراو؟ ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌كاندا جوێن ده‌ده‌ن بیر له‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی ناكاته‌وه‌؟ تۆ بڵێی وا سه‌رمه‌ستی ده‌سه‌ڵات و كورسی بوبێت تا هاوڕێیه‌تی 40 ساڵه‌ی له‌به‌رچاو ڕه‌ش بوبێت؟؟ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ و چه‌ند پرسیارێكی تر سایته‌كه‌مان به‌باشی زانی دیدارێكی كراوه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس (ئازاد تۆفیق) ساز بكات. (ئاماده‌کار).

ئا: هاوكار علی




سایتی مه‌ڵبه‌ند: ڕۆژنامه‌ و ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا چ ده‌ور و کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه‌؟

ئازاد تۆفیق: من پێموایه‌ ئه‌مڕۆ كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ نێو میدیادا یه‌كێكه‌ لو كاره‌ هه‌ره‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا ی مرۆڤایه‌تیدا، به‌تایبه‌تی له‌ نێوا وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتا چونكه‌ ئێستا به‌هۆی ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتو له‌ بواری ڕاگه‌یاندندا وایكردووه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵێك له‌ شارێكی وه‌ك به‌غدا پاش چه‌ند خوله‌كێك هه‌مان هه‌واڵ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا ده‌بیسترێت. ئه‌مه‌ باڵاده‌ستی ته‌كنه‌لۆجیای گه‌یاندنمان بۆ ده‌رده‌خات. بۆیه‌ دنیای كردۆته‌ كوندێكی كه‌ونی كه‌ وایكردووه‌ كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری ببێته‌ كارێكی زۆر هه‌ستیار به‌تایبه‌تی له‌م وڵاته‌ی خۆماندا. هه‌ستیاریه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ خه‌ڵك سه‌یری ڕۆژنامه‌ و ته‌له‌فیزیۆن و گوێ‌ له‌ ڕادیۆكان ده‌گرن. ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاك و ڕاو بۆژونیان دروست ده‌كات.له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتا به‌و حكومه‌ی كه‌ خه‌ڵك كه‌متر خوینه‌واری هه‌یه‌، به‌و حوكمه‌ی خه‌ڵی زیاتر به‌هه‌واڵێك سه‌رمه‌ست ده‌بێت و بڕوا ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بینین ده‌وری ڕۆژنامه‌ زیاتر حه‌ساستر ده‌بێت، له‌م كوردستانه‌ی خۆمان هه‌ندێ‌ ڕۆژنامه‌ هه‌یه‌ هه‌واڵا بڵاوده‌كاته‌وه‌ ناتوانیت بڵێیت له‌ ئاستی هه‌واڵدایه‌، هه‌واڵا ده‌بێت سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕاست بێت و بڕواپێكراو بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا كه‌سێك هه‌واڵێك ده‌خوێنێته‌وه‌ یه‌كسه‌ر به‌و هه‌واڵه‌ سه‌رمه‌ست ده‌بێت، ده‌كۆێت ئه‌و هه‌واڵه‌ش ڕاست ده‌بێت مه‌سده‌ری نه‌بێت یان هه‌ڵبه‌ستراو بێت. بۆیه‌ قسه‌ی ڕۆژنامه‌ نوسێكی به‌ناوبانگ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ((بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی ناڕاست له‌ ڕۆژنامه‌، له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خواردنی ئێكسپایه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگادا كاریگه‌ری زیاتره‌)) بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌سئولیانه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌مه‌زراوه‌ جیهانییه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك. سه‌ره‌نجام ده‌توانم بڵێم میدیا ده‌ورێكی دوولایه‌نه‌ی هه‌یه‌. یان ده‌توانێت به‌شداربێت له‌ فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌شداربێت له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی پانتایی ئازادی به‌شداربێَت له‌ شۆڕبونه‌وه‌ی دیموكراسی بۆسه‌رجه‌م خانه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، یان ده‌توانێت ببێته‌ ئاوێك و بچێته‌ ناو ئاشی ئاژاوه‌گێڕییه‌وه‌، ببێته‌ ده‌ستێك و بچێته‌ نێو دنیای چه‌واشه‌كارییه‌وه‌. بۆیه‌ هیوادارم ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ ئاست ئه‌و مه‌سولیه‌ته‌ دایمه‌ له‌ هاوكێشه‌كه‌ی ئێمه‌ لایه‌نی یه‌كه‌می وه‌ربگرن و په‌یڕه‌وی بكه‌ن.

سایتی مه‌ڵبه‌ند: ئێستا كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌ی ئه‌له‌كترۆنی هه‌یه‌، ئه‌م ڕۆژنامانه‌ ده‌كرێت به‌یاسایی بكرێت؟؟ له‌ ڕووی یاساو كاریگه‌ریانه‌وه‌ ده‌كرێت وه‌ك ڕۆژنامه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌ز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت؟
ئازاد تۆفیق: ڕۆژنامه‌ی ئه‌له‌كترۆنی ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌گه‌وره‌كانی جیهان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، ڕۆژنامه‌ی ئه‌له‌كترۆنی پێشكه‌وتنێكی تری میدیایه‌ پێشكه‌وتنێكی وه‌سائیله‌كانی ته‌كنه‌لۆجیای گه‌یاندن، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ وڵاتی ئێمه‌شی كرتۆته‌وه‌، ده‌توانین به‌ باره‌ پۆزه‌نیفه‌كه‌یدا سودی لێببینین. به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ به‌ناو ڕۆژنامه‌ی ئه‌لكتۆۆنی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، بۆنموونه‌ كوردستان پۆست. ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ خزكه‌ت به‌ ڕه‌وتی ئازادی و مه‌فه‌كانی مرۆڤ و خزمه‌ت به‌ ئاینده‌ی وڵات گه‌لێك ناكات. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌و ڕۆژنامه‌یه‌دا ده‌نوسن هه‌مووی ته‌شهر و نه‌هوینه‌ هه‌مووی غه‌در و ناهه‌قییه‌ ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌ ده‌نوسن ئه‌گه‌ر سه‌د كه‌سبن نه‌وه‌ت و پێنج كه‌سیان به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ ده‌نوسن، دوای ئه‌وه‌ كوردستان پۆست سایتێكه‌ ئه‌وانه‌ی تێدا ده‌نوسن نوسه‌ر نین، بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌وكه‌سه‌ی له‌ناو سایتێك ده‌نوسێت كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ زمانی زبربێت كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ پێویسته‌ باگراوندكێكی مه‌عریفی باگراوندێكی ئه‌ده‌بی له‌ڕووی میدیاییه‌وه‌ هه‌بێت، ناتقی كوردی هه‌یه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌نێو پانتایی میدیای كوردیدا شت ده‌نوسێت. بۆنموونه‌ (حمه‌ سعید حسن) كه‌سێكی به‌توانا و به‌ ئه‌زموونه‌. یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی توانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، وه‌ ئه‌م نوسه‌ره‌ مه‌شوره‌ كه‌ له‌ نوسینه‌كه‌یدا زمانێكی زبر و ڕه‌قی هه‌یه‌، به‌ڵام پاشخانی فكری و مه‌عریفی و سیاسی و هۆشیاری هه‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ خودی حمه‌سعید حسن یه‌كێك بووه‌ له‌وكه‌سانه‌ی له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ڕۆڵێكی قاره‌مانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌داگیركه‌ران هه‌بووه‌، كه‌واته‌ ڕه‌خنه‌و پێشنیار و گله‌ییه‌كانی لێوه‌رده‌گیرێت، به‌س كه‌سێك له‌ ژیانیدا دێڕێك یان ستونێكی نه‌نوسیوه‌ ئێستا له‌ كوردستان پۆستدا به‌ناوی نه‌خوازراوه‌وه‌ خۆی وه‌ك قاره‌مانێك ده‌ناسێنێت، بۆیه‌ من وایده‌بینم كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مانه‌ ناچنه‌ ناو میدیاوه‌، وه‌ میدیاری كوردی بێبه‌رییه‌ له‌وجۆره‌ سایتانه‌، ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌ خزمه‌تكردنی دووژمنانی كورد ناتوانن هیچ سودێك به‌به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌مان بگه‌یه‌نن.

سایتی مه‌ڵبه‌ند: له‌م دواییانه‌دا به‌به‌ڵگه‌وه‌ ئاشكرابوو نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌ له‌ نیو كوردستان پۆستدا، نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كی تێكۆشه‌ربوو، نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه‌ و فكرێكی سیاسی تایبه‌تی هه‌یه‌، بۆ ئه‌م پیاوه‌ چووه‌ كوردستان پۆسته‌وه‌ و به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ ده‌نوسێت و قسه‌و جوێن به‌ سه‌ركرده‌كان ده‌ده‌ت و هیچ مه‌ودایه‌كی بۆ ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌گه‌ری و نوسین و خوێندنه‌وه‌ له‌م سایته‌دا نه‌هێشتۆته‌وه‌؟
ئازاد تۆفیق: من پێم حه‌یفه‌ كه‌ كه‌سێكی وه‌ك سه‌رۆكی كۆمپانیای وشه‌ كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌ك كورد و عه‌جه‌م كه‌ خاوه‌نی كتێبی قه‌ڵه‌م و سه‌رده‌می مراجعات، هه‌ڵده‌ستێت له‌پشت كوردستان پۆسته‌وه‌ ده‌نوسێت، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ هه‌ق نییه‌. ئه‌وه‌ تاسه‌ر ئێسقان منی توشی شۆك و ئێش و ئازار و سه‌رسوڕمان كرد، ئه‌و به‌ڕێزه‌ خۆی كاریزمایه‌ له‌ نیو سیاسی كورددا، به‌ڵام به‌ چوونه‌ ناو ئه‌و گه‌مه‌یه‌وه‌ كه‌ گه‌مه‌یه‌كی زۆر ناشرینه‌، پێموایه‌ له‌ كاریزمایی و گه‌وره‌یی خۆی ده‌ده‌به‌زێت، چونكه‌ ئه‌و وه‌سایلی زۆری له‌به‌رده‌ستدایه‌، ئه‌و سه‌رباره‌ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی كه‌ناڵێكی ئاسمانی و ڕۆژنامه‌یه‌ك و ڕادیۆیه‌ك و سایتێكی خۆیه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌ و گۆڤار كه‌له‌م شاره‌دا ده‌رده‌چن هه‌ربه‌ناو سه‌ربه‌خۆن، به‌ڕاستی هه‌موویان ڕۆژنامه‌ و سایتی گرده‌كه‌ن و ئاڕاسته‌كانیان به‌ره‌و ئه‌وان ده‌ڕوات وه‌ ڕێنمای له‌وان وه‌رده‌گرن، بۆ دڵنیایش، له‌ دوایین وه‌ڵامدا كه‌ بۆ مام جه‌لالی نوسی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ و سبه‌ی داینه‌به‌زاند؟ بۆ یه‌كسه‌ر له‌ هاوڵاتیدا دابه‌زی؟؟ یا ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ هاوڵاتی سه‌ر به‌گرده‌كه‌ی نه‌وشیروانه‌. وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستناكات بچێت په‌نا بباته‌ به‌ر كوردستان پۆست، كه‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی مایه‌ی داخه‌ كاری هه‌رزه‌كارێك و مراهقێكی سیاسیه‌ نه‌ كارزمایه‌كی سیاسی.

سایتی مه‌ڵبه‌ند: په‌یوه‌ندی 40ساڵه‌ی هاوڕێیه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، نه‌وشیروان گه‌یاندییه‌ جوێندان، به‌بۆچونی خۆت تۆ ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گێڕیته‌وه‌؟
ئازاد تۆفیق: پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ساڵی 2004 یاداشتێك نوسراوه‌ و دراوه‌ مام جه‌لال، ئه‌و یاداشته‌ به‌ قه‌له‌می سه‌رۆكی كۆمپانیای وشه‌ نوسرا وه‌ یاداشته‌كه‌ به‌م جمله‌یه‌ نوسراوه‌ ده‌ڵێت : (مام جه‌لال به‌ڕێزتان ئیرهابی فكری ده‌كه‌یت) دیاره‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئیرهاوشه‌یه‌كی نه‌شیاوه‌ ئه‌مڕۆ له‌ناو مه‌فحه‌ری نێوده‌وڵه‌تیا كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ری كه‌ دژایه‌تی ده‌كرێت، وه‌ ئیرهاب به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ ده‌به‌ن. ڕاسته‌ ئیرهاب له‌ مێژودا و له‌ یۆنانی كۆنه‌وه‌ ناشرینه‌، به‌ڵام له‌دوای 2001وه‌ ئیرهاب زۆر ناشرین بووه‌، ئیرهاب له‌دوای خێڵی حه‌مه‌وه‌ زۆر ناشرین بووه‌، پێموایه‌ هه‌ندێ‌ له‌ هێزه‌ ئیسلامی سیاسیه‌كان كه‌ هێزێكی سه‌له‌فین، ئه‌مڕۆ پێیان بڵێیت ئیرهابن لێت قبوڵ ناكه‌ن، چ جا به‌ كه‌سێكی وه‌ك مام جه‌لال بڵێیت بۆ ئیرهابی فیكری ده‌كه‌یت، به‌شه‌رتێك نه‌ پێویستی به‌ مام جه‌لاله‌ نه‌ مساوه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، بۆخۆشی ده‌ڵێت من پێم خۆشه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ك مام جه‌لال دانیشتوم ڕه‌سم ده‌گرم له‌ په‌نجاساڵ ته‌مه‌نی خۆی له‌ پێناو دیموكراسی و مافی مرۆڤدا به‌خشیوه‌. ئێ باشه‌ تۆ به‌كه‌سێكی وا ده‌ڵێیت ئیرهابی فكری ده‌كه‌یت ئه‌مه‌ قورسه‌. دوای ئه‌وه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال له‌ مانگی 10/2004 وه‌ چ له‌ كوردستان پۆست چ له‌ گرده‌كه‌ چ له‌ كه‌ی ئێن ئێن ‌ چ له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ چ له‌ ته‌بلیغاتی هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ ناو شار و شارۆچكه‌كان قسه‌ به‌ خودی مام جه‌لال ده‌وترێت، به‌س مام جه‌لال تا پلینۆم كه‌ ویزگه‌یه‌كی ڕه‌سمی و شوێنی تایبه‌تی باسكردنی كێشه‌كانه‌، یه‌ك كه‌لیمه‌ یه‌ك قسه‌ی نه‌وتووه‌، ڕۆژی 25/7 گۆڕان كه‌ ئه‌و نه‌تیجه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی هێنا، مام جه‌لال نه‌هات قسه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌وان بڵێت. مام جه‌لال له‌ 29و30و31دا كه‌ پلینۆم به‌سترا له‌وێدا قسه‌ده‌كات. ئه‌مه‌ مۆڕاڵی سیاسیه‌، ئه‌مه‌ ئه‌ته‌كیه‌تی كه‌سانی سیاسیه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چه‌ندساڵێك ئه‌وان درێژه‌یان پێداوه‌. وه‌ ئه‌خیرجار كه‌ده‌بینین وه‌ڵامی مام جه‌لال ده‌داته‌وه‌ قسه‌ی زۆر ناشرین ده‌كات و به‌ ئاغای تاڵه‌بانی باسی ده‌كات، من پێم خۆشنه‌بوو بگاته‌ ئه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی دوژمنان نه‌بێت كه‌س سودی لێنابینێت.

سایتی مه‌ڵبه‌ند: ئه‌م كێشمه‌كێش و شه‌ڕه‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردی، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
ئازاد تۆفیق: ڕاگه‌یاندنی كوردی پێویسته‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌موو نه‌هامه‌تی و هه‌موو سلبیاته‌كان بكات، به‌ڵام به‌ شه‌خسه‌نه‌ی نه‌كات، بۆ نموونه‌: سیستمی سیاسی وایه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وایه‌، ئۆپۆزسیۆن وایه‌، فڵان حزبی سیاسی وایه‌، فڵان بیركردنه‌وه‌ وایه‌. به‌ڵام ڕاگه‌یاندنه‌كان و به‌تایبه‌تی به‌ناو ئه‌هلیه‌كان هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر شه‌خس، بۆیه‌ من پێم وایه‌ میدیای كوردی بۆئه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت و خزمه‌تێكی زیاتر پێشكه‌ش به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و ئازادی و كۆمه‌ڵگه‌ بكات، پێویسته‌ بچێته‌ سه‌ر سكه‌ی خۆی و كێشه‌كان به‌شه‌خسه‌نه‌ نه‌كات و كێشه‌كان له‌ ده‌روازه‌ی شه‌خس ده‌ربكات، و قسه‌ له‌سه‌ر كۆی سیستمی و ئازادی و ئۆپۆزسیۆن بكات. ئه‌وكات ڕأگه‌یاندنێكی ته‌ندروستمان ده‌بێت.

سایتی مه‌ڵبه‌ند: وه‌ك ئاشكرابوو كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌ پشت كوردستان پۆست، وه‌ له‌و سایته‌دا چه‌ندین هێرشی ناڕوا و ناهه‌ق كراوه‌، ئایا یه‌كێتی نیشتمانی و خودی مام جه‌لال ڕه‌تفعلیان چی ده‌بێت به‌رامبه‌ریان؟؟ ئایا ده‌یانداته‌ دادگا؟
ئازاد تۆفیق: مام جه‌لال زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ تا وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، ئه‌و پیاوێكی قانونییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پیاوێكی گه‌وره‌ و سنگ فراوانه‌ بڕواناكه‌م مام جه‌ل گوێیان لێبگرێت و گرنگیان پێبدات، ئه‌و قسه‌یه‌شی كردوه‌ ئه‌وه‌ پلینۆمه‌ و شوێنی قسه‌كه‌كردن و باسكردنی ڕاستییه‌كان، به‌ڵام سه‌رۆكی كۆمپانیای وشه‌ له‌وه‌وه‌ گڕی گرتووه‌ كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵێك ڕاستی باسكردووه‌ و سنوری بۆ نه‌وشیروان دانا. وه‌ من له‌ كۆتایدا ده‌ڵێم (ده‌ریای خه‌باتی مام جه‌لال به‌ ده‌می كوردستان پۆست و نوسه‌ره‌كانی پشتی پیس نابێت).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە