حوكمڕانى باشورى كوردستان و حوكمرانى دەوڵەتشارەكانى یۆنانى كۆن!!
Friday, 29/05/2009, 12:00
بهشی یهکهم :
سەرچاوە مێژووییە جیهانیەكان بە جوانى باس لە مێژووى سەرهەڵدانى سیستەمى دیموكراتى دەكەن،زۆرینەى مێژوونوسان و بیرمەندان لە سەر ئەوە كۆكن كە پێنجسەد ساڵ پێش زاین لە دەوڵەتشارەكانى یۆنانى كۆندا سیستەمى دیموكراتى بە شێوەیەكى سەرەتایى سەریهەڵداوە و گەشەى كردووە،لەو سەردەمەدا بیركردنەوە و بریاردان و دەسەڵاتكردن مافى هەموو تاك وپێكهاتەیەكى كۆمەڵگاى یۆنان نەبووە و دیموكراتیەت لە ناو پێكهاتەیەكى دەسەڵاتداردا سنورداركراوە،تەنها پیاو مافى خۆپالاوتن و دەنگدان و بەرێوەبردنى كار و بارى ولاتى هەبووە،لە ناو پیاوانیشدا تەنها خاوەن كۆیلە و دەسەڵاتدار و شازادەكان ئەو مافانەیان پێدراوە،ژنان مافى خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان نەبووە،كۆیلەكان مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان نەبووە،ئەو خەڵكانەش كە نیشتەجێى یۆنان بوون بەڵام بە ڕەچەڵەك یۆنانى ئەسڵ نەبوون لەسیستەمى دیموكراتى یۆناندا مافى سیاسیان نەبووە،كەوابوو دیموكراتیەتى یۆنانى كۆن تەنها مافى بە پێكهاتەیەكى نێرى دەسەڵاتدارى خاوەن كۆیلەى یۆنانى داوە كە بیربكاتەوە و بڕیار بدات و بۆ بە دەستەوەگرتنى دەسەڵات لە ناو خۆیداكێ بڕكێ بكات،ژنان و كۆیلە و خەڵكى دەرەوەى یۆنان مافى ئەوەیان نەبووە وەك هاوڵاتیەكى پلە یەك لە بریاردان و بەرێوەبردنى وڵاتەكەیاندا بەشدارى بكەن.كەوابوو دیموكراتیەتى دوو هەزارو پێنج ساڵى پێش ئێستەى یۆنان دیموكراتیەتێكى سنوردار و سەرەتایى بووە و تەنها مافى سیاسى و ئابورى و كۆمەلایەتى بە توێژێكى تەسكى دەسەڵاتدارى داوە.
ئەگەر دواى 2500 دوو هەزارو پێنج سەد ساڵ لە پێشكەوتن و گەشەكردنى بەردەوامى سیستەمى دیموكراتى یۆنان و سەركەوتنى ئەو سیستەمە وەك باشترین سیستەمى حوكمرانى جیهان ببینین و لەگەڵ سیستەمى سیاسى ئەمرۆى باشورى كوردستاندا بەراوردى بكەین،لایەنى لە یەك چوونى زۆر لە نێوان سیستەمى سیاسى ئەو كاتەى یۆنان و سیستەمى سیاسى ئێستەى هەرێمى باشورى كوردستاندا هەیە. ئەو دیموكراتیەتەى لە هەرێمى كوردستاندا باسى لێوەدەكرێت زۆر سنوردارە و لە خزمەتى توێژى دەسەلاتدارى باشورى كوردستاندایە،لە بەر ئەوەى لە سنورى دەسەڵاتى هەرێمدا حزب ڕۆڵى پێكهاتەى حوكمران دەبینێت و ئەوەى حزبى نەبێت دەسەڵاتى نیە،دەبوایە حزبى ئەمرۆى باشورى كوردستان رۆڵى پێكهاتەى شازادەكانى سەردەمى یۆنانى كۆن بدیبایە،بەڵام لەبەر ئەوەى لە ناو حزبەكانی باشوردا كڵتورى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان زاڵە و لە ناو ئەو حزبەشدا هەموو تاكێك وەك یەك مافى نیەو بنەماى رێكخراوەیى و پێكهاتەى كۆمەلایەتی ئەم حزبە لە سەر پێوانە و ناسنامەى بنەماڵەو خێزان دارێژراوە، دەتوانین بڵێن دیموكراتیەتى ئەمرۆى ناو پارتى دیموكراتى كوردستان هَیشتا نەگەیشتۆتە ئاستى دیوكراتیەتى 2500 ساڵى پێش ئێستەى دەوڵەتشارەكانى یۆنان چ جاى ئەو دیموكراتیەتەى كە لە كوردستاندا باسى لێوەدەكرێت.
پارتى دیموكراتى كوردستان بە شێوەیەكى گشتى حزبى پیاوانە،ئەگەر رۆژێ لە رۆژان ئەندامێكى ژنیش پلەیەكى حزبى بەرز بە دەست بخات، دەبێت وەك پیاو و بۆ پیاو بیربكاتەوە و بریار بدات،لە ناو پیاوانیشدا دەسەڵاتداران پۆلێنكراون،بەرپرسە پلە یەكەكان لە خێزانى مەسعود بارزانین،ئەم پێكهاتە دەسەڵاتدارە سودیان لە مێژووى تێكۆشانى مەلا مستەفاى بارزانى باوكیان وەرگرتوە و جڵەوى دەسەلاتى پارتى و شۆرشى كورد و حكومەتى هەرێمیان بە دەستەوە گرتوە،دەسەڵاتدارێتى بارزانیەكان ئەو بەرزانیانە ناگرێتەوە كە رەخنە لە دەسەلاتى سەركردایەتى (پ د ك)دەگرن،ئەو عەشیرەتانەى كوردستانیش ناگرێتەوەكە رۆژێك لە رۆژان لەگەڵ عەشیرەتى بەرزان ناكۆكیان بووە و خۆیان بە دەستەوە نەداوە،ئەو رەش و رووتەى كۆمەڵگاى كوردستانیش ناگرێتەوە كە كوێرانە سوجدە بۆ سەركردایەتى بارزانیە دەسەڵاتدارەكان دەبەن.توێژى دەسەلاتدارى عەشیرەتى بارزان لە سێكوچكەى باب و كور و برازا(مەسعودبەرزانى و مەسرور بارزانى و نێچیروان بارزانى) پێكهاتووە،ئەم سیانە بریار لە سەر سیاسەتەكانى پارتى دیموگراتى كوردستان دەدەن وكارەكانى حكومەتى هەرێمى ژێر دەسەلاتى خۆیان بەڕێوەدەبەن و مافى پادشاگەلى كوردستان وەردەگرن،ئەم پێكهاتە خێزانیەى ناو عەشیرەتى بەرزان رۆڵى شازادە دەسەلاتدارەكانى دەوڵەتشارەكانى سەردەمى یۆنانى كۆن دەگێڕن كە لە سیاسەت و بەرێوەبردنى وڵاتداخۆیان هەموو شتێك بوون.لە دواى دەسەڵاتى خێزانى بەرزانیەوە كۆمەڵێك كادرو بەرپرسى حزبى غەیرە بەرزانى (پ د ك) دێن كە تێكۆشانی سیاسیان لە ناو پارتیدا دەستپێكردوە و تا ئێستەش لە تێكۆشاندا بەردەوامن،ئەمانە لە رووى ماف و دەسەڵاتەوە پێكهاتەى پلە دووى حزبن و سنور بۆ كارو چالاكیە هزرى و سیاسیەكانیان دانراوە،مافی سیاسى و دەسەلاتیان لە لایەن پێكهاتەى یەكەمەوە دیارى كراوە و بۆیان نیە داهێنان بكەن و دەست لەو بابەتانە وەربدەن كە ماف و ئەركى بەرزانیەكانە،ئەم توێژە دەسەلاتدارەى ناو پارتى دیموكراتى كوردستان كە فازل میرانى سكرتێرى (پ د ك) نمونەیەكیانە لەو توێژە كۆمەلایەتیەى دەوڵەتشارەكانى سەردەمى یۆنانى كۆن دەچن كە لە بنەرەتدا هاوڵاتى یۆنانى نەبوون بەڵام لە یۆنان دەژیان و تەنها بازرگانیان دەكرد و بۆیان نەبوو لە بریارى سیاسیدا بەشدارى بكەن.لە دواى ئەمانیشەوە پێكهاتەیەكى تر دێن كە بە پێكهاتەى پلە سێهەمى ناو (پ د ك) دەژمێردرێن،ئەمانە لەو كەسانە پێكدێن كە یەكەم جار تێكۆشانیان لە دەرەوەى (پ د ك) دەستپێكردووە،سەرەتا ئەندام و كادرى (ح ش ع) (ى ن ك) (پ ك ك) یان حزبەكانى تربوون،ئەم پێكهاتەیەى ناو(پ د ك) ئەركیان پاراستنى پێكهاتەى پلە یەكى (پ د ك) یەو مافى ئەوەیان نیە دەست لە كار و بارى بەرپرسە پلە یەك و پلەدوەكانى ناو حزبەكەیان وەربدەن و خاوەنى بەرهەم و داهێنان نین،ئەو ئەركانەى بۆیان دیارى دەكرێت جێبەجێیدەكەن و ناتوانن لێى لابدەن،نمونەیەكى ئەم پێكهاتەیەى ناو پارتى دیموكراتى كوردستان سەرۆ قادرى بەرپرسى راگەیاندنى (پ د ك) كە لە رابوردوودا شیوعى بووە.
ئەگەر ئەم دیمەنە كۆمەلایەتیەى ریزەكانى(پ د ك) بخەینە بەرچاوى خۆمان و سەیرى دیمەنى كۆمەلایەتى حزبەكانى ترى باشورى كوردستان بكەین، دەبینین ئەو حزبانەى تریش لە ژێر هەژموونى كۆمەلایەتى و سیاسى(پ د ك) دا دەژین و لە هەوڵى ئەوەدان پێكهاتەى كۆمەلایەتى و رێكخراوەیى خۆیان لە سەر شێوازى (پ د ك) دابڕێژن و هێندەى تر بە پێچەوانەى رەورەوەى مێژوو بۆ دواوە بگەرێنەوە.
ى ن ك،كە لە دواى كارەساتى ساڵى 1975 شۆرشى ئەیلول وەك رێكخراوێكى چەپى مۆدرێن هاتە مەیدانى تێكۆشانەوە و لە سەرەتادا باسى لە سۆسیالیستى دەكرد و (ئێستەش باس لە سۆسیال دیموكراتى دەكات) و دژى بنەماڵەگەرى دەوەستایەوە،پاش ماوەیەك لەو هەڵوێستانەى دووركەوتەوە وخۆى كردەوە بە باوەشى سیستەمى كۆمەلایەتى خیڵ و بنەماڵەدا.جەلال تاڵەبانى درەنگیەتى، فریا ناكەوێت خێزانێكى هاوسەنگى دەسەڵاتدار بۆ بەرێوەبردنى حزبەكەى پێكبهێنێت و پێكهاتە پلە دوو پلە سێكانیش دیارى بكات،بە پەلە پەل بە مەلا بەختیارى خەزووى كورەكەى و دكتورلەتیفى ئاوەڵزاواى و عومەر فەتاحى مێردى كچەپورى ئاوەڵزاواكەى ترى و مناڵەكانى، خێزانێكى ناسرووشتى و ناكامڵى پێكهێناوە و دەیەوێت لە مۆدێلى سیاسى و كۆمەلایەتى بنەماڵەى مەسعود بەرزانى نزیك بێتەوە.حزبە بە ناو نەتەوەیى و لیبراڵەكانى ترى باشورى كوردستانیش هەر هەموویان كار بۆ ئەوە دەكەن سیستەمى كۆمەڵایەتى و پێكهاتەى رێكخستنى خۆیان لە سەر مۆدێلى (پ د ك) دامەزرێننەوە،لەم بوارەدا سەركردایەتى حزبى سۆسیال دیموكراتى كوردستان سەركەوتنیكى باشى بە دەستهێناوە،خێزانى حاجى مەحمود گوڵەخانەلە رێگەى هەردوو براوە كۆنترۆڵى هەر چالاكیەكى حزبى سۆسیال دیموكراتى كوردستانیان كردووە.
لێرەدا دوو پرسیار دێنە پێشەوە،یەكەم پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم دیاردەیەی حزبایەتى و حوكمرانى باشورى كوردستان،كە بنەماڵە و خێزان حزب بەڕێوەدەبەن و حزبیش حكومەت بەرێوەدەبات، دیاردەیەكى ئاسایى و سرووشتیە؟ یان لادانێكە لە رێرەوى گەشەكردنى سرووشتى كۆمەڵگاو سیاسەت و رێكخستن؟ ئەگەر ئەم بارە سیاسیەى باشورى كوردستان سرووشتى نیە و لادانە لە رێرەوى ئاسایى سیاسەت، ئایا ئەم لادانە سیاسیە چۆن سەرراست بكرێتەوە؟ دووەم پرسیار ئەوەیە كە ئایا ئەم مۆدێلە سیاسیە تایبەتەى باشورى كوردستان لە بەرژەوەندى گەلدایە؟ دەتوانینن لە رێگەى ئەم مۆدێلەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین و بگەینە ئاستى تاك و پێكهاتە پێشكەوتوەكانى گەلانى جیهان؟ یان مۆدێلێكى بەسەر چووى سیاسى كۆنە و بەم سەردەمە نامۆیە و دەبێت بگۆڕدرێت؟
فائیق محەمەد گوڵپى9-5-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست