کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیرەوەریەکانم زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیى 1943ــ 1977 (بــەشـى هه‌شته‌م)

Sunday, 16/09/2012, 12:00


سـەرهەڵدانى شۆڕشى ئەیلول ساڵى 1961

لە ناوەڕاستى ساڵى (1961) جموجۆڵى ئاغایەكان ئەوانەى خاوەن بەرژەوەندى زەوىو زار بوون لە كوردستان یەكیان گرتەوە جموجۆڵەكەیان پەرەى سەند، ئەوە بوو لە زۆر شوێن جوتیارەكان كەوتنە ژێر زەبرو مەترسى دەست درێژى نۆكەرانى خاوەن زەوىو زارەكان. ئەوەى دیار بوو لەگەڵ سەرهەڵدانى شۆڕشى ئەیلول زۆرى نەخایاند بڕیارێك دەرچوو بە بەدوور خستنەوەى ئەو بارزانیانەى لە سۆڤیەت گەڕابونەوەو لە سەركار دامەزرا بوون لە دامو دەزگاكانى حكومەت، منیش وەبەر ئەو بڕیارە كەوتمو لەكار دوور خرامەوە، ناچار كەوتمە بیركردنەوە بۆ دۆزینەوەى كارێك كە بتوانم ژیانى خۆمو ماڵو منداڵمى پێ دابین بكەم، ماوەیەك بەبێ كارى تەواو پەرێشان بوومو بیرم لە كۆمەڵێك كاركردەوە، لە سەرەتاوە دایكى منداڵان كەوتە دەستوبردو جوڵانەوە بە دروومان كردنو دەرزى لێدان بۆ ئەوەى بەڵكو پارسەنگى تەرازوو بە تەواوى دانەكەوێت، لەگەڵ ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاسەنگى دەڕۆیشت، ناچار كەوتمە بیركردنەوەى دانانى ستۆدیۆیەكى وێنەگرتن، بۆ ئەو مەبەستە دەست بەكاربووم، ئەم كارەم تاكە ڕێگا بوو بۆ ئەوەى خۆمى پێ بگرمەوە، بێگومان دانانى ستۆدیۆ پارەى دەویست بۆ كڕینى هەندێ كەلوپەلى پێویست، بۆ ئەم مەبەستە چوومە لاى یەكێ لە دۆستەكانم كە (حاجى كریم قاسم) بوو، ناوبراو وەك دۆستێكى دڵسۆز یارمەتى دام ئەوەندەى پارەم پێویست بوو لێم وەرگرت، ئەوجا بۆ كڕینى كەلوپەلەكانى ستۆدیۆ چوومە بەغداو ئەوەى پێویستم پێ بووكڕیم، لە دواى گەڕانەوەم یەكسەر دەست بەكار بووم، ماوەیەك كارم كرد هەرچەندە كارەكەش لاواز بوو، بەڵام پێیەوە دیار بوو بەرەو هەنگاوى باش دەڕوا، لە دواییدا واى لێ هات لە ماوەیەكى كورت پارەیەكى باشم هاتە دەستو پارەى (حاجى كریم)م دایەوەو پێویستیەكانى خۆشم تەواو ڕێك خست، بەڵام هەستم دەكرد خزمەكانم زۆریان پێ ناخۆش بوو من وێنەگرى بكەم، بەو بیانوەى ئەوەى گوایا وێنەگرى لە بنەماڵەى ئێمە ناوەشێتەوە!
بەو شێوەیە دەست بەكاربوومو ئیشى ستۆدیۆ بەرەو باشى هەنگاوى گەورەى دەهاوێشت، ڕۆژێك مام (میرۆ) هاتە لامو گوتى: (ئازیز زرار زۆرمان بەلاوە گرانە تۆ وێنەگرى بكەى!) گوتم: (وێنەگرى عەیب نیەو سوكایەتیش نیە، عەیب ئەوەیە چاوت لە دەستى خەڵك بێت، یا چاوت لەماڵى خەڵك بێت، خۆت باش دەزانى ژیان پێویستى بەكاركردن هەیە بۆ ئەوانەى دەتوانن كار بكەن)، زۆرهەوڵى دەدا ستۆدیۆكە دابخەم، بەڵام كە زانى چار نیە زۆر بەنا بەدڵى هەستاو ڕۆیشت، تا دەهات وەزعى ئابورى من بەرەو باشى دەڕۆیشت، كەچى ئاڵۆزىو ناڕێكى ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپە دەڕۆیشتو پەرەى دەسەند، ئەوكاتەش ناكۆكیەكانى نێوان پارتىو شیوعى لە ڕواندز لە سنور دەرچوو بوو، هەرچەندە ئەوكاتە شیوعیەكان بەهێزتر بوون، بەڵام دارو دەستە كۆنەپەرستەكانى دەوڵەت بەربەرەكانى شیوعیەكانیان دەكردو دژیان دەست بەكار بوون بۆ شلۆقىو تێكدانى ڕیزەكانى كۆمەڵ. لە كاتێكا جموجۆڵى ناڕەزایى ئاغاكان گەیشتە ڕادەى چەك هەڵگرتن لە دژى حكومەت پارتیەكانى ڕواندز كەوتنە هەڕەشەو گەف كردنو پڕوپاگەندەى دوور لە ڕاستى دژى شیوعیەكان، ئەگەرچى هەوڵێكى زۆریش درا بۆ پێك هاتنێك بۆ نەمانى ناكۆكیەكان، بەڵام لەبەر ئەوەى لێپرسراوانى ئەوكاتەى پارتى لە ڕواندز پیاوى دەوڵەت بوون نەك هى پارتى! لەبەرئەوە هەوڵدانەكە بێ ئەنجام بوو، بارى ناوچەش ڕووى لە ئاڵۆزىو پەشێوى زیاتر بوو. جوڵانەوەى سەرهەڵدراو لە ژێر سێبەرى ئاغاكان بوو دژ بە چاك كردنى یاساى كشتوكاڵى دەستیان دابووە چەك بە نیازى هەڵگیرسانى شەڕێكى ناڕەوا بۆ بەرژەوەندى خۆیان، بەو شێوەیە لە چەند شوێنێك شەڕ هەڵگیرساو دەستى پێ كرد، دەنگو باس گەیشت وبڵاوبوەوە كە مەلامستەفا لە بەغدا گەڕاوەتەوە بارزان بۆ ئەوەى سەرپەرشتى ئەو جوڵانەوەیە بكات.

ئەوكاتەدا عباس ئاغا ببوە یەكێك لە باوەڕ پێكراوانى مەلامستەفا لە هەمان كاتیش عباس ئاغا نزیكترین دۆستى سلێمان بەگ بوو وە زاواى (میرحمدامین)ی ئامۆزاى سلێمان بەگ بوو، لەوكاتانەدا چەكدارەكانى عباس ئاغا لە سنورى گوندەكانى ژێر چاودێرى ئێمە نزیك كەوتبونەوە كە بۆ ئێمە ئەوە كارێكى مەترسیدار بوو، بۆ ئەوەى لەگەڵ عباس ئاغا توشى ناتەبایى نەبین سلێمان بەگ رۆیشتە (زینى ئەستێرۆكان) بۆ گفتوگۆ لەسەر هەندێ كارى پێویست لەگەڵ كاك عباس ئاغا، هەر بۆ ئەوەى ناكۆكى نەكەوێتە نێوان خزمایەتیمان، لەوێ دانیشتبون زۆر بە ووردى كەوتبونە لێكۆڵینەوەى شتە گرنگەكان ئەوانەى پەیوەندیان بە هەردوولاوە هەبوو، لەو دیدارە باوكم گوتبوى: (ئەگەر ئەو جوڵانەوەیەى ئێوە بۆ كوردایەتى بێت من خۆم لە ئێوە زیاتر بە كورد دەزانم، ئەوەشم بە كردەوە نیشان داوە، لە ئێوەش زیاتر بە ئارەزوم كورد ڕزگار ببێت، بۆیە واى بەباش دەزانم بەناو گوندەكانى ئێمەدا تێپەڕ نەبن، هەركاتێ ئێوە گەیشتنە ڕواندز من هێزە چەكدارەكانى خۆم دەخەمە ژێر فەرمانى جوڵانەوەى ئازادیخوازى كورد بە نیازى دڵپاكى دەبینە سەربازى جوڵانەوەكە).

لەسەر ئەوە ڕێك كەوتبون ئەو لەشكرەى هەیانەو لە ژێر فەرمانى كاك عباس دایە لە ڕێگاى باڵەكایەتیەوە بڕۆنە ڕواندز هەركاتێ ئەوان گەیشتنە دەوروبەرى ڕواندز چەكدارەكانى سلێمان بەگ بڕۆنە ڕیزى پێشەوە، بەڵام لە دواى گەڕانەوەى سلێمان بەگ بۆ دەرگەڵە زۆرى پێ نەچوو چەكدارەكانى عباس ئاغا لە(دۆل ماونان) لە گوندەكانى بەرگركەو خانەقا دەستیان كردبووەگەفو هەڕەشە، جیا لەوەش وایان ڕاگەیاند بوو بە دەرگەڵەدا تێپەڕ دەبن بۆ سەر ڕواندز، ئەمەش وا دەگەێنێ كە بەرەو پەیمان شكاندن دەڕۆن، ئەمە باوكمى ئاڵۆز كردو هانیدا بڕواتە لاى كارمەندانى دەوڵەتو داواى چەك بكات، بەڵام پێش ئەوەى چەك وەربگرێت پرسى بە ڕێكخراوى حزبى شیوعى كرد لە ڕواندز لەبەر ئەوەى منداڵەكانى لەگەڵ حزبى ناوبراودا بوون. لە دواى ڕەزامەندى ئەوان ئەوجا داواى چەكى لە دەوڵەت كرد بۆ ئەم مەبەستە ڕۆیشتینەلاى قائمقام (عبدالێاحب غرباوى) لە ڕواندز پێى ڕاگەیاند كە هاتووە چەك وەربگرێت لەبەر ئەوەى چەكدارەكانى جوڵانەوە لە سنورى ئێمە نزیك كەوتونەتەوە، ئەو نزیك كەوتنەوەیە مەترسیە لەسەر ناوچەكە، بۆیە پێویستە چەكمان بدەنێ بۆ خۆپاراستن، قائمقام بە سلێمان بەگى گوت: (سلێمان بەگ پێش ماوەیەك پێمان گوتى وەرە چەك وەرگرە ڕازى نەبووى وا ئێستا خۆت هاتووى داواى چەك دەكەى!) سلێمان بەگ گوتى: (ئێستا هەست بە مەترسى دەكەین ئەوانەى چەكیان بە دەستەوەیە بە نیازى دەست درێژى نزیك كەوتونەتەوە لە سنورى ئەو گوندانەى لە ژێر دەستى ئێمە دان، منیش ناكۆكیم لەگەڵ مەلامستەفادا هەیە، لەبەر ئەوە باوەڕیم نیە بۆیە ئەگەر بۆ دەست درێژى بێن ناچارین ڕوو بە ڕوویان بوەستین، ئەوەیە هانى داوم بێم چەك وەرگرم بۆ پارێزگارى لە خۆم). قائمقام گوتى: (سلێمان بەگ بۆ وەرگرتنى چەك دەبێ بڕۆنە لاى ئەسعەد شێتنە ئەو لەگەڵ خۆتان بێنن ئەوكاتە ئێمە دەتوانین لە ڕێگاى ئەوەوە چەكتان پێ بدەین، چونكە بڕیارەكە بەم شێوەیەیە). لە جیاتى باوكم من وەڵامم دایەوەو گوتم: (جەنابى قائمقام وا دیارە ئێوە چەك نادەن بە چەك هەڵگر پێ دەچێت بە نیاز بن پیاو بۆ ئەسعەد كۆبكەنەوە، چونكە باوەڕیتان نیە چەك بە سلێمان بەگ بدەن ئەوە كۆسپ دەخەنە ڕێگاى وەرگرتنى چەك ئەگەر بەم شێوەیە بێت پێویست بەوە ناكات لە ڕێگاى یەكێكى ترەوە چەك بە ئێمە بدرێ ت، بۆیە ئێمە چەك وەرناگرین). قائمقام هـەستى كرد ئێمە ملكەچى كەس نینو ناچینە ژێر بارى كەسیشو بەو شێوەیە چەك وەربگرین گوتى: (بڕیارێكى وامان پێدراوە دەڵێت، ئەوەىلە ناوچەى ڕواندز چەكى پێ بدرێت دەبێ بە ڕەزامەندى ئەسعەد شێتنە بێت بۆیە ناتوانین بەبێ ناوبراو چەك بەكەس بدەین لە قەزاى ڕواندز).


لە دواى قسەكانى قائمقام بە باوكمم گوت: (دەزانى قائمقام دەڵێ چى؟ دەڵێت دەبى بڕۆنە لاى ئەسعەد شێتنە ئەو لەگەڵتان بێتو ڕازى بێت چەكتان پێ بدرێت. ئەگەر چەك وەرگرتن بەوشێوەیە بێت بەقسەى من دەكەن وەرمەگرن، دیارە دەیانەوێ بمانكەن بە چەك هەڵگرى ئەسعەد شێتنە، بەڵێن مەدەن بەو شێوەیە چەك وەربگرى لە ژێر چاودێرى یەكێك خاوەنى پێنج كەس نەبێت، دیارە بەنیازى ئەوەن لەسەر شانى ئێمە كەسانى بێ كەس بەدیار بخەنو بەرزیان بكەنەوە). عزیزى ئامۆزام قسەكانى منى پەسند كردو گوتى: (ئێمە ئامادەنین چەك لە دواى كەسێك هەڵبگرین كە شایەنى ئەوە نەبێت لە خۆمان زیاتر بێت).

لە ئەنجامى ئەو گفتوگۆیەى لەگەڵ قائمقام كرا پێم گوت: (مادام چەك وەرگرتن بەو شێوەیەو ئەو مەرجانەبێت كە ئێوە باستان كرد، كە مەرجى نەگونجاون چەك وەرناگرین) لاى قائمقام دەركەوتین ڕۆیشتینە ماڵى ئێمە كاتێك خەریكى نان خواردن بووین لە دەرگا درا دیاربوو پۆلیس بوون بە دواى ئێمە دا هاتبوون پێیان گوتین (قائمقام دەڵێت هەر ئێستا سلێمان بەگ بێتەوە لام).
ڕۆیشتینە لاى باوكم پێم گوت قائمقام پۆلیسى ناردون كە بڕۆینە لاى، گوتى: (با نان بخۆین دەچین) بە پۆلیسەكانم گوت: (ئێوە بڕۆن ئێمە وا دێین).
وا زاندرا لە دواى دەركەوتنى ئێمە قائمقام بە تەلەفۆن لەگەڵ متەسەریف (بەدرەدین على) قسەى كردبوو، گوتبووى سلێمان بەگ دەرگەڵەیى ڕازى نەبوو لە ژێر چاودێرى (ئەسعەد شێتنە) چەك وەربگرێتو ڕۆیشتەوە، هەر ئەودەمە (بەدرەدین على) پێى گۆتبوو هەرئێستا بنێرە بە دوایدا چەند چەكى پێ دەوێت بیدەنێ). كاتێك گەڕاینەوە لاى قائمقام ناوبراو گوتى: (لە دواى ئێوە تەلەفۆنم بۆ متەسەریف كرد پێم ڕاگەیاند سلێمان بەگ ڕازى نەبوو بەو مەرجە چەك وەربگرێت، متەسەریف پێمىگوت، بنێرە بە دوایداو چەكى پێ بدەن بەبێ مەرج بابە ئارەزووى ئەو بێت، ئینجا بفەرموو، بەڵام ئێستا تەنیا هەندێ تفەنگى فەرەنسیمان هەیە، ئەوان ببەن لە دواى دوو ڕۆژى تر وەرن ئەوەندەى پێتان دەوێت تفەنگى ئینگلیزى وەربگرن). بەوشێوەیە ئەو كاتە بیستوحەوت تفەنگى (فەرەنسی)مان وەرگرتن لەگەڵ فیشەك منیش لەگەڵ باوكمو عزیزى ئامۆزامو پیاوەكان ڕۆیشتینەوە بۆ حافیز، كەمپى ئیشغال لە حافیز بوو، عزەتى برام مراقیب بوو لە كەمپى ناوبراو كاتێك عزەت بیستى باوكم چەكى وەرگرتوە زۆرى پێ ناخۆش بوو چەك لە حكومەت وەرگیراوە، بەڵام نەیتوانى بەرامبەر باوكم قسە بكات، بێگومان عزەت ئەو كاتە شیوعى بوو پێى وابوو لەوانەیە شیوعیەكان ڕازى نەبن بە چەك وەرگرتن، نەیزانى بوو كە بەپرسى ئەوانو ڕەزامەندى ئەوان ئەو چەكە وەرگیراوە. لە حافیز من گەڕامەوە ڕواندز ئەوانیش ڕۆیشتنەوە بۆ دەرگەڵەو چەكەكانیان دابەش كردبوو بەسەر چەك هەڵگرەكان، دیارە چەك هەڵگرەكان وەك پێویست نێردرابوونە شوێنەكان بۆ نۆبەت گرتن.
دوا بەدواى ئەوە هاتبوونە ڕواندز كۆمەڵێك تفەنگى ئینگلیزیان وەرگرتبوون ئەوەى بە دیاركەوت چەك وەرگرتنى سلێمان بەگ ببوە هۆى پەست بوونى (ئەسعەد شێتنە)، هەر لەوكاتەوە دەستى كرد بە پیلانگێڕان ئەوەى بۆى بكرابایە دەیكرد دژ بە چەكدارەكانى سلێمان بەگ لەبەرئەوەى بەبێ پرسى ئەو چەكى پێ دراوە.
لەوكاتو ساتەش هێزێكى حكومەت پێك هاتبوو لە پۆلیسى گەڕۆكو جاش لە ڕواندز بەرەو باڵەكایەتى دەڕۆیشتن كاتێك گەیشتنە نزیك گوندى (ئۆمەراوە) چەكدارانى جوڵانەوە ڕێگایان لێ گرتن بە گژیەكدا چوون لە ئەنجامى ئەولێك دانەدا هێزەكانى حكومەت بە شكاوى گەڕانەوە هەتا بەرسیرینو بەرزێوە، بەپەرپووتى هەڵاتن بەرەو دواوە.
ڕۆژى دوایى بەیانى خەریكى دوكان كردنەوە بووم، پۆلیسێك هات گوتى: (قائمقام دەیەوێ بەپەلە بڕۆنە لاى) هەر ئەو دەمەڕۆیشتمە سەرا دیتم پۆلیس ئاڵۆز بوون ئۆتۆمبێلى مەفرەزە وەستا بوو پڕ لە پۆلیسى چەك بەدەست ئەو دەمەش قائمقامو(معاون نازم) دەركەوتن قائمقام بە ڕوو گرژى گوتى: (باوكت بەڵێن بە ئێمە دەدات كە سنورەكانى سەر بە ئێوەن تەقەى لێ نەكرێت كەچى دەڵێن یاخى بوەكان وا لە بن دەمى چەك بەدەستەكانى باوكت شەڕ لەگەڵ هێزى دەوڵەت دەكەن!).
گوتم: (وا بزانم خەرابیان تێ گەیاندوى دەتوانم بڵێم ئەو شوێنانەى سەر بەئێمەن هیچ شتێكى تێدا ڕوو نەداوە ئەو شوێنەى سەر بەئێمەوە نەبێت باوكم لێى بەر پرسیار نىیە). بۆ خۆىو (نازم) لە پێشەوەى ئۆتۆمبێلە وەستاوەكە سواربوون بەمنیشیان گوت سوار بە لە گەڵمان، لەگەڵ پۆلیسەكان سوار بووم لە ڕواندز بەرەو بەرسیرین، گەیشتینە بەرزێوە لەوێ كەمێك وەستاین دیاربوو فەوجێكى سوپا لەوێ دابەزى بوو، قائمقام ڕۆیشتە لاى ئامیر فوجەكە زۆرى پێ نەچوو گەڕایەوە، ڕۆیشتین بۆ بەرسیرین دیاربوو گوند چۆڵ بوو خەڵكەكە لەترسى فڕۆكەكان هەریەكەى بۆ لایەك سەرپەڕ بوبون، كەمێك لە چایخانە چۆڵەكە دانیشتین لە دواییدا بەرەو پردى (بن كێلان) ڕۆیشتین كاتێك گەیشتینە سەر پردەكە دیاربوو هێزێكى زۆرى پۆلیسەكانى گەڕۆكو جاشەكان لەو بەرو ئەو بەرى پردى ناوبراو پەرتو بڵاوى ناو چەقەڵە بەردەكان ببون ناوە ناوە تەقەیان دەكرد هیچیش دیار نەبوو نەش دەوێران زیاتر بڕۆنە پێش، ئەو ئۆتۆمبێلەى پێیان بوون ڕویان سوڕاندبوونەوە بۆ دواوە ئامادەبوون بۆهەڵاتن.

ئۆتۆمبێلەكەى ئێمەى تێدابووین لە پردەكە دەربازبوە ئەودیو، دیاربوو هەندێ ئەفسەرى هێزى پۆلیسەكان لەگەڵ ئەسعەد شێتنە وەستابوون، هەر قائمقام لە ئۆتۆمبێل دابەزىو ئەسعەد خۆى گەیاندێو پێى گوت: (بزانە تەقەى زۆر لەو شوێنەیە ئەوەى سەر بەسلێمان بەگیە، ئەوەى جێگاى باوەڕى ئێوەیە، ئەو چەكەى پێتان داوە بەو چەكە شەڕى هێزى حكومەت دەكەن، ئەوەیە باوەڕ پێكراوى ئێوەو (بەدرەدین بەگ) لە دواى قسەكانى ئەسعەد قائمقام لە منى پرسىو دەستى بۆ كێوى بن كێلان درێژ كردوگوتى: (ئەوە سەر بەئێوەیە؟).
منیش گوتم: (ئەو ڕووبارەى دەیبینى ئەو بەرى سەر بە هۆزى باڵەكە، ئەو بەرەى ڕێگاى پێدا دەڕوات هەتا دەگاتە حافیز سەر بە ئێمەوەیە، لەوێشەوە هەتا ئۆمەراوە سەر بە ئێمەیە، بەپێى ڕەوشتى هۆزایەتى ئەگەر ئەوان لە ڕوبار بپەڕنەوە بەرى لاى ئێمەو دارێك ببڕن تۆڵەیان لێ وەردەگیرێت، هى ئێمەش بەو شێوەیەیە).
قائمقام گوتى: (پێمان ڕاگەینراوە ئەو شوێنەى سەر بە ئێوەیە، وا یاخى بوەكان شەڕى تێدا دەكەنو ڕێگایان لە هێزى دەوڵەت گرتوە.
گوتم: (جەناب بفەرموون ئەو شوێنەى سەر بە ئێمەیە من دەكەومە پێشتان هەتا دەگەینە كێوى مامەڕوت، ئەگەر شتێك هەبوو ئێوە دەتوانن بڕیارى سزادانى من بدەن، بەڵام ئەگەر لەسنورى ئێمە هیچ نەبوو دەبى ئەو كەسە سزا بدرێت، ئەوەى بەدرۆ ئێوەى ئاگادار كردوە)..
من قسەكانم تەواو نەكردبوو ئەسعەد بە قائمقامى گوت: (كێ هەیە لەگەڵى بڕوات؟ لەبەر ئەوەى ڕێگایەكە جێگاى مەترسیە كەس لەگەڵى ناچیت). لەو كاتەدا (مستۆ مێرۆزى) لەوێ بوو بە دەنگ هات گوتى: (منى لەگەڵ دەڕۆم)، هەر زوو بانگى یەكێك لە برازایەكانى خۆى كرد گوتى: (ئامادەبن لەگەڵ ئەو پیاوە دەڕۆین بۆ هەر شوێنێك دەیەوێت).
هەر ئەو دەمەش یەكێك لە مفەوەزەكانى پۆلیس (فازل شهاب) خەڵكى هەولێر بوو لاوێكى چالاك بوو، مەردانە ئامادەیى خۆى پیشان داوگوتى: (من بە ئۆتۆمبێل لەگەڵیان دەڕۆم دوور لەوان لەسەر خۆ ئەگەر شتێك هەبوو زوو دەگەڕێمەوە ئاگادارتان دەكەم، فازل بەپەلە ڕۆیشتە لاى بەڕێوەبەرەكەى ئاگادارى كرد كە لەگەڵ ئێمە دێت بە ئۆتۆمبێلى پۆلیس، وام هەست كرد ئەو مفەوەزە جگە لە چالاكىو زیرەكى خۆى دیاربوو هەستى بەناپاكى هەڵوێستى ئەسعەد كردبوو دەربارەى ئێمە، ئەگەرچى ئەو پیاوە ئێمەى نەدەناسین.
لەوێ ئامادەبووین كەوتینە ڕێگاو ڕۆیشتین من تەنیا دەمانچەیەكى لامەى بچوكم پێ بوو، بەڵام پشت بەست بە پیاوەكانى مستۆ كەلەگەڵم بوون ووردە ووردە ڕۆیشتین (فازل)یش بە ئۆتۆمبێلەكەى بە دواماندا دەهات بەوشێوەیە هەر لە پردى بن كێلان هەتا گەیشتینە حافیز ڕۆیشتین بەبێ ئەوەى ڕووبەڕووى هیچ ببین. كاتێك گەیشتینە حافیز دیار بوو ئەو ناوە تەواو چۆڵ كرابوو لەترسى فرۆكەكان هەریەكەى بۆ لایەك ڕۆیشتبون ئاڵایەكى سپیان لەسەر خانوەكانى كەمپى ئیشغاڵ هەڵدابوو، كاتێك گەیشتینە حافیزو ڕووبەڕووى هیچ نەبووین (مفەوەز فازل) ڕۆیشت ئەوان ئاگادار بكات منیش ئەوچەكدارانەى مستۆ مێرۆزى لەگەلێ ناردبووم لەچەند شوێنێكى پێویستى دەوروبەرى حافیزم دانان هەتا ئەوان گەیشتنە حافیز، ئەوە بوو ئۆتۆمبێلەكانى هێزى پۆلیسەكانى گەڕۆك لە پێچى (گەرى كەندەسۆرێ) بەدیاركەوتنو گەیشتنە حافیز بێ ئەوەى هیچ ڕووبدات، پۆلیسەكان خەریك بوون شتومەكو كەلوپەلیان لە ئۆتۆمبێلەكان دەهێنایە خوارەوە لەوكاتەش بەڕێوەبەرى هێزى پۆلیسەكانو قائمقامو ئەسعەد شێتنەش گەیشتنە حافیز دیتیان دوونیایەكى هێمن و ئارام، بەڕێوەبەرى پۆلیسو قائمقام لەمن هاتنە پێشو زۆر بەگەرمى دەستیان خستە ناو دەستم، قائمقام گوتى: (ئەوەى ڕاستیە قسەكانى تۆ بەكردەوە ڕیسوا كردن بوو بۆ درۆزنەكان). وادیار بوو ئەسعەد لە قسەكانى قائمقام زۆر پەست بوو زیاد لە پێویست گەرم ببوو، یەكسەر فەرمانى بە پیاوەكانى دا بچن بۆ گوندى (ڕێزانۆك)و بسووتێنن بەو بیانوەى گوندى ناوبراو گوندى (جەلال بەگى میرحمدامین بەگ)ە ئەویش لەگەڵ یاخى بوەكاندایەو شەڕى دەوڵەت دەكات.
هەر زوو بەپەرچم دایەوەو گوتم: (ئەسعەد ئاغا چۆن ئەو گوندە دەسوتێنن؟ بۆچى دوێنێو پێرێتان نەدەسوتاند؟ پیاوم دەوێت بیسوتێنێت).
ئەسعەد زۆر بەتوندىو زویرى گوتى: (زۆر قسەمەكەو دەسوتێندرێت و نابى كۆڵیتێكى مریشكیشى تێدا بمێنێت).
پێم گوت: (سوتاندنى ئەو گوندە ئەوەندە ئاسان نىیە، لەكاتێكدا ئەو گوندە دەسوتێ كە كۆمەڵێك لاشە دەكەونە گۆڕێ) ئەسعەد لەقسەكانى من پەست بوو بە توڕەیى بەڕەشیدى كوڕى گوت: (بڕۆن ئەو گوندە بسوتێنن ئەوەى ناڕازیشە باشى بكوتن). ئەسعەد قسەى تەواوكردو من پڕباى كلاشینكۆفێك بوم هى ئەو پۆلیسانەى كەلوپەلیان لە ئۆتۆمبێلەكان دەهێنا خوارەوە زۆر بەگورجى سوارم كردو ڕوو لەوان وەستامو گووتم: (بالە شوێنى خۆى بجوڵێتەوە بزانە چیتان بەسەر دێت!) خەڵكێكى زۆر لەوێ وەستا بوون، هەریەك هەنگاو لە شوێنى خۆى بجولابوایە بێگومان تەقەم لێ دەكردن، ئــــەگەر تەقەم
لێكردبان زیاتر لە پەنجا كەس دەكوژران، بەڕێوەبەرى پۆلیسو قائمقامو ئەفسەرى پۆلیسەكانیش دەكەوتنە بەر، بەڵام قائمقامو بەڕێوەبەرى پۆلیس كە ئەمەیان بینى زوو بە زوو غاریان دا منیان گرتە باوەش كلاشینكۆفیان لێ وەرگرتمو زۆر بەتوندى لەگەڵ ئەسعەد كەوتنە قسەو ناچاریان كرد هەر ئەوكاتە حافیز بەجێ بهێڵیتو بڕواتەوە ڕواندز.
لە دواى ئەو مشتومڕە بانگى (حسێن مینە وسو)م كرد هەر ئەو دەمە بەپەلە بەڕێم كردبۆ دەرگەڵە بۆ ئەوەى باوكم بێتە حافیز بۆ دیدەنى بەڕێوەبەرى پۆلیسى گەڕۆكو قائمقام.
لە دواى ئەوەى ئەسعەدیان بەڕێ كردەوە دیتیان هیچ لە گۆڕێ نىیە بە درەنگەوە قائمقامو سەرۆكى پۆلیس ئامادەبوون بڕۆنەوە بۆ ڕواندز زۆریان هەوڵدا منیش لەگەڵیان بڕۆمەوە ڕواندز پێم گوتن: (ناردومە باوكم بێت دەترسم شەو بێت نەوەك لەگەڵ پۆلیسەكان توشى شتێك ببن، ئەوان ڕۆیبشتن كاتى ڕۆژئاوا بوو ڕەئیس عورەفا (مامە) كورد بوو لەگەڵ دوو سێ پۆلیس هاتنە لامو داوایان كرد ڕێگایان بدەم بڕۆن لەناو شیناییەكان هەندێ تەماتە بۆ خۆیان كۆبكەنەوە منیش ڕێگام پێدان، لە كاتێكا پۆلیسەكان بەپێش دەرگاى خانوەكانى ئیشغالدا تێپەڕ دەبن لەناو پەنجەرەى ژوورى ئەندازیاران گوێ بیستى دەنگێك دەبن، كاتێك نزیك دەكەونەوە دەبینن پۆلیسێك لەناو ژوورەكە بەندەو دەرگاى لەسەر داخراوە، پۆلیسەكە لەو پۆلیسانە بوو كە ئەوانەى دوو ڕۆژ پێش شەڕەكەى (ئۆمەراوە) لەناو (كوێلەكان) دابڕابوو مابوەوە، كاتێك لەگەڵ ملازم (على)كە كورد بوو خەڵكى مەنەدەلى بوو، لەبەر دەرگاى چایخانە دیمان كۆمەڵێك پۆلیس پۆلیسێكیان بەدەستەوەیەو بردیان بۆ لاى یاریدەدەرى بەرێوەبەرى پۆلیسەكان زۆرى نەخایاند ئەوەندەمان زانى دوو نۆبەتدارى كەمپى ئیشغال (حسنو مینە وسو)یان بردن بۆلاى یاریدەدەرى لێپرسراوى پۆلیسەكان،ناوبراو فەرمانى دابوو بەگرتنیان،هێنانیان لە كۆڵەگەى چایخانەیان بەستنەوەو گوتیان: (ئەو دوو كەسە هەر ئەم شەو تیرە باران دەكرێن!) بە قسەى پۆلیسى دۆزراوە گوایا ئەو دوو كەسە پۆلیسەكەیان بەند كردووەو چەكیان كردوە، كاتێك ئەمەم بیست ڕۆیشتمە لاى یاریدەدەرى پۆلیس پێم ڕاگەیاند كە نابێ دەست لەو دوو كەسە بدرێتو هەر شتێكی لەگەڵ ئەو دوو كەسە بكرێت نێوانمان تێك دەچێت، ئەوەى زاندرا ئەو پۆلیسە گووتبوى ئەو دوو كەسە منیان چەك كردوو بەندیان كردم وەك دیار بوو بەنیاز بوون كارەكە ئاڵۆز بكەن بە یاریدەدەرى پۆلیسەكانم گوت: (ڕێگا بدات لەگەڵ ملازم على بڕۆین دوو بەدوو لەگەڵ پۆلیسەكە بكەوینە لێكۆڵینەوە ئاخۆ ڕاستە ئەو دوو كەسەى گیراون ئەوان پۆلیسیان چەك كردووەو بەندیان كردووە؟! بۆیە بە پێویست دەزانم لێكۆڵینەوەیەكى ڕاستى لەگەڵ بكەین، ناوبراو ڕازى بوو منو ملازم على بــــڕۆین

لێكۆڵینەوەیەكى ترى لەگەڵ بكەین، شەو درەنگ بوو پۆلیسەكەمان بانگ كرد لەگەڵى كەوتینە لێكۆڵینەوە، دیار بوو پۆلیس پیرە پیاوێك بوو ناوى (عباس) بوو لە شیعەكانى نەجەف بوو لە سەرەتاوە زۆر بە وەستایى لەگەڵى دواین پێمان گوت: (تۆ پیاوێكى خاوەن ئیمانى دەبێ ڕاستى بڵێیتو سوێند بە ئیمانەكەت بخۆى كە درۆ ناكەى، ئێمە دەزانین كێ تفەنگى لە تۆ ستاندوەو ئەوان دێن لە پێش بەڕێوەبەر دەڵێن ئێمە تفەنگمان لەو پۆلیسە ستاندوە بۆئەوەى یاخى بوەكان نەیكوژن هەر لەبەر ئەوەش لەو ژوورە بەندمان كردووە كە دیار نەبێت تا هێزەكان دەگەڕێنەوە ئێرە، دەبێ ئەوەش بزانى ئێمە دەزانین چەكى تۆ لاى كێیە، بڵێ بە ئیمامى كازمو حسنو حسێن ڕاستى دەڵێم، پێمان بڵێ ئەو دوو نۆبەتدارە بوون ئەوانەى گیراون تفەنگیان لە تۆ ستاندووە؟ ئەگەر ڕاستت گوت ئەوكاتە باوەڕ دەكەین كە تۆ پیاوێكى ڕاست گۆى لەبەر ئەوە ئێمە دەزانین كارەكە چۆن بووە؟) بە قسەكانى ئێمە عباسى پۆلیس ئاڵۆز بوو گوتى: (ئەوانە نەبوون تفەنگیان لەمن ستاند هەندێ كەسى تر بون، بەڵام ئەوانیش دەزانن كێ بوون چەكى منیان برد). ئەوەى ڕاستیە ملازم على زۆر پەست بوو، پێى گوت: (سەگ كوڕى سەگ زۆرى نەمابوو ئەو دوو كەسە بێ تاوانە بە قسەى تۆ بكوژرێن كەچى دەركەوت تۆ درۆزنى لەبەرئەوەى ڕاستیت نەگوتووە دەبێ لە بەندیخانەدا بڕزیت)، ملازم على بە قینەوە دوو زەللەى لەو پۆلیسە دان كە من پێم ناخۆش بوو.
لە دواى ئەو لێكۆڵینەوەیە (حسنو مینە وسو) لە پیل بەستن ڕزگاریان بوو تا بەیانى كاتێ (سلێمان بەگ) دەگاتە حافیز ئەوكاتە ئازاد دەكرێن. ئەوشەوە لەوێ ماینەوە بەیانى پێش ڕۆژهەڵات چەكدارەكانى لەگەڵ باوكم دابون دەستە دەستە دەهاتنو دەگەیشتنە حافیز لە دواییدا باوكیشم گەیشتەجێ لەو دەمەشدا بەڕێوەبەرى هێزى پۆلیس گەیشتە حافیز، نابراو بەگەرمى بەخێرهاتنى چەكدارەكانى دەرگەڵەى كردو زۆر بەگەرمیش پێش وازى لە باوكم كردو دانیشتن لەگەڵ یەك كەوتنە قسەكردن، دیاربوو بەڕێوەبەر داواى لە سلێمان بەگ كرد كە چەكدارەكانى بڕۆن لەگەڵیان هەتا دەگەنە(ڕایات)، بەڵام سلێمان بەگ ڕازى نەبوو ئەوەیان بۆ بكەین پێى گوتن: (ئێمە هەتا كێوى مامەڕووت دەتوانین لەگەڵتان بێین لەوێ بەولاوە لەژێر چاودێرى ئێمەدا نیە لەبەر ئەوە بەڕاست نازانین سنوور ببەزێنین).
لە دەوروبەرى كاتژمێر دەى سەر لەبەیانى چەكدارەكان بەڕاسپاردەى باوكم لە پردى (ڕەزانۆك) پەڕینەوە بەسەركەوتنە بەرزاییەكانى (سەرگرد) و باسكو باسك ڕۆیشتن هەتا گەیشتنە گەروى (ئۆمەراوە) لەوێ چەند كەسێك بەڕێ كران بۆ سەركەوتنە سەر(مامەڕووت) كاتێك بەسەركەوتن لــە

بەرزایى چیاى مامەڕووت ئاگریان هەڵكرد، لەدواى هەڵكردنى ئاگر زۆرى نەخایاند فەوجێكى سوپاو ئەو هێزەى پۆلیسەكان لە حافیز بوون لە لۆفەكانى (ناوكێلەكان) بەدیاركەوتن بەرەو ناوچەى سەرەوە لە ڕێگادابوون دەڕۆیشتن، بێگومان ئەوكاتە قشڵەى پۆلیسەكانى ڕایات ئابڵۆقە درابوو، ئەو هێزە بەو نیازە دەڕۆیشتن بەڵكو بتوانن پۆلیسەكانى ئابڵۆقەدراو ڕزگار بكەن. پێش ئەوەى تاریك دابێت گەیشتنە گوندى (ڕێزانى مەلا برایم) ئێمەلە گەرووى ئۆمەراوە زیاتر نەڕۆیشتین.
ئەوەى جێگاى باس كردنە ئەوەیە من لە چەك هەڵگرەكان نەبووم، بەڵام وەك لەسەرەوە هاتوە بەناچارى توش ببوم لەگەڵیان مابومەوە، ئەوە بوو لەسەر داواى باوكم لەگەڵیان ڕۆیشتم هەتا گەرووى ئۆمەراوە، وەك دیاربوو هێزەكانى سوپاو پۆلیسو جاش تێپەڕ بوون بۆ ڕێزان، كە ئێوارە تاریك داهات ئامیر فوج (مقدم ئیسماعیل) ڕاسپاردەیەكى ناردبوو كە بڕۆمە لاى، ئەگەرچى زۆر درەنگ بوو چەند چەك دارێكم لەگەڵ هاتن ڕۆیشتمە (ڕێزان)، شەو درەنگ بوو گەیشتینە ناو گوند چووینە ماڵى (خەلیفە ێادق) شەو لەوێ ماینەوە بەیانى ڕۆیشتمە لاى (مقدم ئیسماعیل)، ناوبرا كورد بوو خەڵكى سلێمانى بوو، دیاربوو پیاوێكى ووشیارو ڕووخۆشو لەسەرخۆ بوو، ناوبراو داواى كرد لەگەڵیان بڕۆین هەتا هێزەكانیان دەگەنە ڕایات دیاربوو بەپەلە بوون زوو بگەنە قشڵەى ئابلوقەدراو، پێم گوت ئێمە ناتوانین بێین بۆ ڕایاتو هۆیەكەشم بۆ باسكرد كە لەبەرچى ناتوانین لەگەڵیان بڕۆین بۆ ڕایات، ئەو لەو هۆیانە گەیشت ئەوانەى كۆسپ بوون لە ڕێگاى چوونى ئێمە. ناوبراو زوو هەستى كردو تێ گەیشت لە دواییدا گوتى: (كەوا بێ تكام ئەوەیە ئەو شوێنانەى ئێوەى لێن ئەو دوو سێ ڕۆژە بەجێى مەهێڵنو چاودێرى ڕێگاكان بكەن تا ئاگادارتان دەكەینەوە)، لەوكاتەى لە چادرەكەى مقدم (ئیسماعیل) دەركەوتم دیاربوو (ئەسعەد شێتنە) لەسەر جادە دابەزىو دەهات بۆ لاى ئامیر فوج، پێم گوت: (كاكە ئەوا ئاغاتان هات با ئەو لەگەڵتان بێت بۆ ڕایات).
مقدم ئیسماعیل گوتى: (ئەگەر بەهیواى ئەو باین ئێستاش هەر لە بەرزێوەو حافیز بووین)، لە ڕێزان بە ئۆتۆمبێلێكى سوپایى گەڕاینەوە حافیز كاتێك گەیشتینە ئۆمەراوە لەسەر پردى (سۆر) دوو چەكدارم دابەزاندن، (وەسمان خلیلو حوسێن خدر) بۆ ئەوەى بڕۆنە سەر گەرووى ئۆمەراوە لاى ئەوكەسانەى لەوێ بوون، بۆ ئەوەى ئاگادرایان بكەن لەوێ بمینن شوێنى خۆیان بەجێ نەهێڵن تا ئاگادار دەكرێنەوە، ئەوە بوو(وەسمان بەگۆ) لەسەر داواى خۆى ڕۆیشت بۆ ئەوەى لەوێ بمێنێتەوە خۆى گوتى:(من دەمێنمەوە تا خەبەرمان بۆ دەنێرن)، پێش ئەوەى بەگۆ بڕوات پێم گوت:(لەوێ لەدورى ڕێگا لە شوێنێكى لاپەڕگە بێت خۆتان بپارێزن، نەچن یەخەى كەس بگرن لەوانەى بەڕێگادا دەڕۆن، كارتان بەكەس نەبێت مەگەر شەڕتان پێ بفرۆشن. نەچن ئەو خەڵكەى بەڕێگادا هاتوو چۆ دەكەن ڕێگایان لێ بگرنو ئەزیەتیان بدەن).
ئەوان ڕۆیشتن بۆ سەر گەرووى ئۆمەراوە ئێمەش بۆ حافیز، ئێوارەى هەمان ڕۆژ هەندێ چەكدارى تریشمان بۆ ناردن، ئەوانیش ئاگاداركران لەشوێنێك بن دوور لەڕێگا تەنیا ئەوشەوە لە حافیز مامەوە بەونیازەى بەیانى بگەڕێمەوە بۆ ڕواندز كەچى شەو درەنگ لاى بەیانى لە گەرووى ئۆمەراوە بوو بەتەقەو تەقەیەكى زۆر گەرم بوو بەپەلە ڕۆیشتین بۆ شوێنى تەقە، كاتێك گەیشتینە ئەوێ دیتمان (بەگۆ) كوژراوە یەكێكیش چەك كراوە ئەوانى تریش كەوتبونە شەڕ لەگەڵیان ئێمەش پێ ڕاگەیشتین، ئەوان زانى بوویان لە دەستى ئێمە دەرباز نابن ناچار ببون وەڵاخو كەلو پەلى پێیان بوو بەجێیان هێشتبوو بۆ ئەوەى خۆیان دەرباز بكەنو بڕۆن، ئەوكەلو پەلەى لێیان بەجێ مابوو، وەڵاخێكى باربەرو دەزگایەكى لاسلكىو ماتۆڕێكى شەحنى پاترىو جانتایەكو كۆمەڵێك ناس نامەى لەناودابون.
زۆر بەگورجى بەدوایاندا ڕۆیشتین، بەڵام ئەوان ڕێگاى خۆیان گۆڕى بوو، لەبەر چاو وون بوون، ئەگەرچى زوو ڕێگاو بازگەكان گیرابوون، بەڵام ئەوان پێش ڕێگاگرتن دەرباز ببوونو ڕۆیشتبونە وەرتێ.
لە كاتێكدا دەنگى تەقەى گەرووى ئۆمەراوە گەیشتۆتە گوندەكان خەڵكێكى زۆرى چەكدار هاتبوون، دەگەڕان بەدواى بكوژانى (بەگۆ) شەو گشت ڕێگایەكان كۆنترۆڵ كرابوون، لامان وابوو خۆیان لەناو دارستانەكان شاردۆتەوە، هەندێ چەكدارمان گەیشتبوونە زینى (ئەستێرۆكان)و دەوروبەرى وەرتێ، شەو من لەگەڵى (كەڵێتە) بووم هەر ئەو شەوە عزەتیش ڕۆیشتبوە زینى (ئەستێرۆكان) بەیانى زوو ئێمەش ڕۆیشینە وەرتێ، زۆر بەپەلە بەرەو(بیتوێنو ڕانیە) ڕۆیشتبوون. نیوەڕۆ لەوەرتێ دابەش بووین بەسەر ماڵەكاندا، منو خدرى عەوڵا بەگو چەند كەسێك لەماڵى حاجیەك بووین ئەو ماڵە نەخۆشێكیان هەبوو دایان پۆشى بوو، من زوو هەستم كرد ئەو نەخۆشە بە نەخۆش ناچێت لە بەر ئەوەى بێ دەنگ بوو نە دەجوڵایەوە، پێش ئەوەى بڕۆین زانیمان نەخۆشەكە پیرە پیاوێكى دەزگاى لاسلكى بوو دەرنەچووبوو بەجێیان هێشتبوو پێ یەكانى بووبوونە پۆرگو بریندا ببون نەیتوانى بوو زیاتر بڕوات!؟
پاش ئەو بەسەر هاتەى باس كراو گەڕاینەوە دەرگەڵە خەڵكەكە بڵاوەیان لێكرد، منیش گەڕامەوە ڕواندز ڕۆژى دووەم دواى گەڕانەوەم بۆ ڕواندز زانیم لەوكاتەى ئەسعەد شێتنە لە حافیز گەڕابوەوە یەكسەر ئەو مشتو مڕەى ڕوویدا بوو لە حافیز بە (على مەكتەبە)ى ڕاگەیاند بوو، عەلى یەكێك بوو لە ئەندامانى لیژنەى قەزاى ڕواندزى حزبى شیوعى، لە بەیەك گەیشتنێك لەگەڵ عەلى مەكتەبە دیار بوو بەڕوو گرژىو لالووتى بەمن دەڵێت: (كاكە ئەتۆ زۆر غەڵەتى بەرهەڵستى ئەسعەد ئاغا دەكەیت لەبەر ئێمەیە هیچت پێ ناڵێت ئەگینا ئەزیەتت دەدات!).
ئەوەى ڕاستیە زۆر لە قسەكانى عەلى پەست بومو پێم گوت: (دیارە ئەسعەد ئاغا شیوعیەو لەژێر چاودێرى ئێوەیە، بۆیە هیچى پێ نەگوتوم. ئازیز با لەسەر ئێوە نەبێت تۆشى لەگەڵ بە ئەوەى لە دەستتان دێت ڕامەوەستن، بۆ ئاگاداریت تۆ بەهەڵەدا چووى ئەسعەدى ئاغات بۆ هەندێ مل كەچ ئەسعەد ئاغایە، نەك بۆ ئێمە، ناوبراو باش ئێمە دەناسێت). زۆر بەتوڕەیى دەركەوتم، ناوبراو ئەوەندەى گوت: (كەیفى خۆتە من بۆ تۆمە).
گەڕامەوەو گووتم: (تكایە با بۆ منت نەبێت هەوڵ بدە با خەڵكى ڕواندز ئەزیەت نەداتو بیانویان پێ نەگرێت لەغەمى من دامەبەو بۆم مەپاڕێوە).
زیاتر لە ساڵێك ئەسعەدو منداڵەكانى ڕێگایان بە بەر دەرگاى ستۆدیۆى من دا بوو بەدرێژایى ئەوساڵەو زیاتریش، شتێكى وایان نیشان نەدا بڵێن بۆنى بێ ڕێزى پێوە دیار بێت، كەچى لەگەڵ خەڵكى ڕواندزیش لەوپەڕى بێ ڕێزىو ناپەسندىو بەدكارى دابوون، ڕۆژ نەبوو خەڵكانێك ئەزیەت نەدەن. ئەوەى دیاربوو لە ڕواندز ئەسعەد شێتنەو دەستو پێوەندەكانى ببوونە باش جەندرمەى ئەوشارە.
ڕۆژ لە دواى ڕۆژ پەشێوىو ئاڵۆزى زیاتر پەرەى دەسەند، خەڵك هەستیان بەمەترسى دەكرد چى لەلایەن كار بەدەستانى دەوڵەتەوە، ئەوانەى لە ژێرەوە لە دژى حكومەت بوون چ لەلایەن كەسانى دەركەوتو لەژێر بەرگى كوردایەتى خۆیان داپۆشى بوو گوایا كورد پەروەرن، بەڵام ناسران كە كێنو كردەوەكانیان چین.
هەروەك لە سەرەوە نووسراوە باوكم لەگەڵ عەباس ئاغا ڕێك كەوت بوو كە چەكدارەكانى ئەوان بە لاى ئێمەدا نێن كە دەڕۆن بۆ ڕوانــدز، بەڵام بە دیاركەوت ئەو پەیمانى شكاندو پێشێلى كرد، ئـــەوەى زاندرا كە هەندێ لە خزمەكانى ئێمە چووبوونە ژێر باڵى (عەباس ئاغا) و ڕازیان كردبوو كە پەیمانەكە بشكێنێو بە دەرگەڵەدا تێپەڕن بۆ ڕواندز، وایان دیاركردبوو كە (سلێمان بەگ) كەسى لەگەڵ نیەو كەسى لەگەڵ ناڕوات، هەركاتێ لەشكر گەیشتە (دەرگەڵە) ناوبراو بەناچارى یان دەڕوات یان سەر شۆڕ دەكات، وا دیاركەوت عەباس ئاغا بەقسەى ئەوان لەبەڵێنەكانى كە بە باوكمى دابوون پاش گەز بووبوەوە، ئەوەبوو لە كۆتایى ساڵى (1961) تاكو سەرەتاى ساڵى (1962) عەباس ئاغا بە لەشكرێكى زۆرەوە لە ڕێگاى (وەرتێ) دۆڵى شەهیدانەوە بەرەو گوندەكانى سەر بەئێمەوە (بەردگرتكەو خانەقاو ناوخەرابو كەلێتە) هاتن بەو نیازەوە بێن بۆ دەرگەڵە، كاتێك دیتیان پشتیان لێ گیراوەو ژمارەیەكى زۆرى چەكدار لە گوندى دەرگەڵە كۆبونەتەوە، ئاگادارى عەباس ئاغاش كرابوو ئەگەر زیاتر بێنە پێش شەڕێكى خوێناوى ڕوو دەدات، ئۆباڵى ئەو شەڕەش دەكەوێتە ئەستۆى ئەوان. لەگەڵ ئەوەش ڕانەوەستان، لەگوندى خانەقا دەست درێژیان كردە سەر چەكدارەكانى ئێمەو دوو چەكداریان چەك كردبوون، ئەو زیاد ڕۆیشتنە بوە ئاڵۆزیەكى ترسناكو مەترسیدارو بۆنى شەڕى پێوە دیار بوو.

نامەى مەلامستەفا بۆ عزیز محمد سكرتێرى حزبى شیوعى عێراق
لەشەڕو پێكداچونى بارزانىو حكومەت دەنگو باس هەبوو حكومەت هێزێكى زۆرى بەڕێ كردبووە سەر بارزان بۆ لێدانى هێزى بەرگرى بارزانى، ئەو هێزە بارزانى خۆى سەرپەرشتى دەكرد، لەوكاتانەشدا ڕاگەیەندرا كە (محمد خالد)ى برازاىو كوڕى شێخ ئەحمەد چەكى لە حكومەت وەرگرتوە، چەك وەرگرتنى (محمد خالد)و بەڕێ كردنى هێزێكى زۆرى سوپاو جاش (مەلامستەفا)ى تەنگاو كردبوو، ئەو ئاڵۆزیو تەنگاویە واى لێكردبوو نامەیەك ئاراستەى (عزیز محمد) بكات لە ڕێگاى (حوسێنى حمدئاغا)ى مێرگەسۆرى، ناوبراو نامەكەى بەیەكێ لە ئامۆزایەكانى خۆى (عبداللە سوڵتان ئاغا) دەنێرێتە ڕواندز بۆ ئەوەى رێكخراوى حزب ئەو نامەیە بۆ (عزیز محمد) بنێرێت، ئەوەى نامەى پێ ناردرابوو وا تێگەیەندرا بووكە نامەكە بداتە زرارى سلێمان بەگ، ئەوەى سەیرە هەڵگرى نامە من ناناسێت منیش ئەو ناناسم، ئێوارەیەكى درەنگ لە دوكانى (حاجى كریم قاسم) دانیشتبوم لەودەمەدا پیاوێك هاتە بەردەرگاى دوكان زۆر بەووردى سەیرى منى دەكرد منیش لەوێ هەستام ڕۆیشتمە مەخزەنى (ئەسعەدى حاجى پەرى) پیاوەكە بەدوامدا هات، هەر جێگایەكى بۆى دەچوم ئەویش بە دوامدا دەهات، ئەوكاتە تەواو گەیشتمە ئەو باوەڕە كە ئەو كەسە كارێكى لەگەڵ من هەیە، بەڵام دیار نەبوو ئاخۆ ئەوكەسە چى دەوێت؟! هەستم كرد ئەوكەسە چاودێرى من دەكات بەڕاستم زانى بڕۆمەوە ماڵ، كاتێك هەستام بڕۆم بە قاڵدرمەكاندا ڕۆیشتمە خوارەوە سەیرم كرد ئەوە بە دوامدا دێت تەواو بۆم دەركەوت ئەو پیاوە نیازى باش نیە، كاتێك لە قالدرمەكان دەرباز بووم لامدا كۆڵانێكو دەمدیت ئەویش بەپەلە بەدوامدا دێت ئیتر زانیم خۆڕایى نیە ئەوجا بیرم كردەوەو گوتم تا ئەو دەستى نەوەشاندوە بامن دەستى خۆم پێش بخەم، دەمانچەكەم سواركرد، هات بگاتە لام یەكسەر پێم گوت: كابرا بوەستەو دەستت هەڵبڕە ئەگینا دەتكوژم. لەگەڵ دەنگدانى من پیاوەكە یەكسەر دەستەكانى بەرز كردنەوەو گوتى: (كاك زرار من پیاو خراپ نیم ناردراوم بۆ لاى تۆ من ئامۆزاى فاخیرم)، لەودەمەشدا دوو چەكدارى ئێمە هاتنە خوارو پێم گوتن: (ئەو پیاوە ببەن بۆلاى خلیل برازاى حمدئاغا ئەگەر بیناسێت بەجێى بێڵن، ئەگەر نەشى ناسى بیهێنەوە بۆماڵ بۆئەوەى بزانین ئەو پیاوە چى دەوێت ؟) خلیل ئەوكاتە قوتابى بوو لە دواناوەندى ڕواندز، كابرایان برد بۆلاى خلیل زۆرى پێ نەچوو چەكدارەكان
هاتنەوە لام گوتیان خلیل ئەو پیاوەى ناسىو گوتى: (ئێوە بڕۆن خۆم دەیهێنمو دێم ئەوكاتە دەزانى ئەو پیاوە كێیەو بۆچى هاتووە!) كاتێك خلیل هات پیاوەكەى لەگەڵدا بوو، دەرچوو (عبداللەى براى خلیل)ە ناوى بە (چەپایف) دەبردرێتو شیوعیە لە ڕێكخراوى مێرگەسۆر، ناردبوویان ئەو نامەیەى (مەلامستەفا) بۆ(عزیز محمد)ى ناردبوو بگەیەنێو پێیان گوتبوو دەبێ نامەكە بدەیتە دەستى زرار، ئەویش هەوڵى دابوو گواییا بەنەهێنى لەگەڵ من قسە بكات منیش ئەوم نەدەناسى، ئەویش بەشێوەیەكى گومان بۆم هات زۆرى نەمابوو بیكوژم، چونكە من بە بەردەوامى خۆم دەپاراست لە نەیارانو دوژمنان, ئەو نامەیەى عبداللە هێنابوى بۆ (عزیز محمد) بەڕێ ى بكەین نامەیەكى (حوسێن)ى لەگەڵدا بوو بۆ منى نوسیبوو، داواى كردبوو نامە ناردراوەكە بەپەلە بنێرم بۆ هەولێر بەڵكو ئەوانیش زوو بیگەیننە جێگاى خۆى، بۆیە پێویستە پەلەى لێ بكرێت. بێگومان ئەو شەوەمان بۆ ڕێكنەكەوت نامەكە ڕەوانە بكەین لەبەرئەوەى شەو ڕێگا نەدەدرا ئۆتۆمبێل بڕۆن بۆ هەولێر، بەیانى زوو شوفێرى تایبەتیمان (مستەفا ئارەب) بەڕێ كردو نامەكەى برد بۆ شوێنى دیاریكراو لە هەولێر.

چاوپێكەوتنى مامەند مەسیح شێروانى لە جندیان
لە هاوینى (1962) بەڕێككەوت ڕۆژێك لەسەر ئاوى جوندیان چاوم بە (مامەند شێروانى) كەوت چەند چەكدارێكى لەگەڵدا بوون، لە گەڕانەوەم لام دایەكاولۆك لاى باوكم باسى ئەو چاوپێكەوتنەى (مامند)م بۆ گێڕایەوە، گوتم زۆر بە گلەییە، حەقیەتى دەبوا سەردانێكمان بكردبایە، وا دیارە منداڵەكانى لە موێڵ بەندن. باوكم گوتى: (مامند ئەوەندەى بڵێیت پیاوێكى مەردو ئازایە، بەڵام بۆ حـاڵـى خـۆى نـەزانـە، دەبـێ بـڕۆم سەردانى بكەمو یارمەتیشى بدەم بۆ بەردانى منداڵەكانىو پێویستیەكانیشى بەپێى توانا بۆ دابین بكەم، وا بەدیاركەوت لە دواى دوو سێ ڕۆژ باوكم ڕۆیشتبوە لاى مامند لە نزیك سەروچاوەى ئاوى جوندیان، لەو بەیەك گەیشتنە (سلێمان بەگ) بەڵێنى پێدا بوو لەگەڵ خۆى بیبات بۆ هەولێر بۆ لاى متەسەریف (بەدرەدین عەلى) بەڵكو چارەیەك بۆ منداڵەكانى بدۆزێتەوە لە بەندیخانە ئازاد بكـرێن.


لە دواى گەڕانەوەم لە هەولێر دواى چەند ڕۆژێك قائمقام ناردى بەدوامدا كاتێ ڕۆیشتمەلاى پێى گوتم: (چەند ئامۆژگاریەكم هەیە دەمەوێت پێت بڵێم بە مەرجێك نابێ دڵڕەنجاوبى، چونكە تۆم خۆش دەوێو مرۆڤێكى تێگەیشتوى بۆیە پێم خۆشە لەمەودوا لە قسەى باوكتو برات دەرنەچىو خۆت دوور مەگرە لێیان بۆ تۆ وا دەخوازێت بەقسەم بكە). بەڕاستى ئەو ئامۆژگاریەى قائمقامم بەلاوە زۆر سەیر بوو پیاوێكى حكومەتو بەڕەگەز عەرەب ئەوەندە لە غەمى من دابێت كە هیچ پەیوەندیەكى بە منەوە نەبووەو یەكێكیش نیم لە چەكدارەكانیان، ئەوەى هەستم كرد ئەو پیاوە شتێكى دەزانى نەشى دەویست ڕاستەوخۆ پێم بڵێت! یان ڕاسپێردراو بوو!
ناوچەى ڕواندز بە شێوەیەكى گشتى ئاڵۆزىو پەشێوى تێكەوتبوو چەكدارەكانى باوكم پاسەوانى دەروبەرى ڕواندز بوونو مەترسیش لە دۆڵى ئاكۆیان پەیدا ببوو، ئێوارەیەك لە دوكان خەریكى كاركردن بووم هیچ ئاگام لەدەرەوە نەبوو، هەر ئەوەندەم زانى دوو چەكدارى باوكم لە دوكان هاتنە ژورێو زۆر تەنگاوو پەشۆكاو بوونو گوتیان: (كاك زرار شەڕێكى زۆر گەرمە لە گەروى بێجانێ لەگەڵ عزەتى)، كە ئەمەم بیست بەپەلە دەركەوتمو گوێم ڕاگرت بەگوێرەى تەقە شەڕێكى زۆر گەرم بوو، بەڕاستى تەنگاو بووم هەرئەوكاتە لەوێ ئەو چەكدارانەم بردنو ڕۆیشتم بۆ گەردە گەرد لەوێش دوو سێ چەكدارى تر پەیدا بون كۆمەڵێك چەكدار كۆبوینەوەو بەپەلە بەرەو سەروچاوەى (مێگر) ڕۆیشتین كە ئێوارە داهات دیار بوو چەكدارەكانى عزەت دەگەڕانەوە لەوانمان زانى كەوا شەڕێكى دوورە تەقە لەگەڵ چەكدارەكانى (كوردۆى نورى باویل ئاغا)كراوە. ئەوكاتە (كوردۆ)ش بۆ مەرامى خۆى چوو بوە دەرەوە.
ڕۆیشتنمان زۆر گرنگ بوو بە هۆى ئەو تەقەى گەرووى بێجان زانیمان ماڵى (سعید بەگ)ى ئاڵانى لە (بانەزیوك) لە پشتى ڕواندز ڕەشماڵیان هەڵداون، كاتێك ئەوەمان زانى هەڵكەوت بوو ڕۆژى دووەم لەگەڵ باوكمو كۆمەڵێك پیاو ڕۆیشتینە ماڵى ئەو كەسەى لە كۆنەوە ناكۆكیمان لەگەڵى هەبوو، باوكمان لە سەردەمى حوكمڕانى توركەكان (عوسمانلى) باوكى (سعید بەگ)ى كوشتبوو، ئەو نێوان ناخۆشیە هەرمابوو، وەك لە سەرەوە نوسراوە لەوكاتەى دەگەڕاینەوە بەرەو نیشتیمان لەڕێگا لەم ڕوەوە لەگەڵ باوكم دوابووم بۆ ئەوەى ئەو ناكۆكیانەى هەبوون نەهێڵین، ئەوە یەكێك بوو لە مەرامەكانمان كە بڕیارمان لەسەر دابووكە نێوان ناخۆشیەكان نەمێنن، ئەو دەمەش هەڵێكى لە بار هەڵكەوت بوو چوینە ماڵى (سەعید بەگ) بۆ نەهێشتنى ئەوناكۆكیە.
كاتێك ڕۆیشتینە ماڵى ناوبراو، ئەوەى هەست دەكرا (سەعید بەگ) زۆرخۆش حاڵ بوو بەو چونەى ئێمە بۆ ماڵى ئەو، پێشوازیەكى زۆر گەرمى لێكردینو ڕێزێكى زۆریان گرتین لەكاتى قسەكردن دیاربوو (سەعید بەگ) بەدڵێكى پاكەوە گوتى: (بە هاتنتان زۆر خۆشحاڵ بووم، بێ گومان ئەوەى ڕابردوو ڕۆیشت ناگەڕێتەوەو نابێ بە دوایدا بچین، سەردەمى ڕابردوو سەردەمێكى تاریك بوو بۆیە توشى ئەو جۆرە كارەساتانە دەبووین، وا ئێستاش پێیەوە ماندوین، بەڵام انشا الله ئێمە ڕوو لەكارى ناڕەوا ناكەینو براى یەكترین ئەوەى ڕۆیشت بابڕوا نەگەڕێتەوە).
باوكم سەرەتا گوتى: (ئێمە دان بەوتاوانەدا دەنێین كە لەكاتى خۆى كردومە، بەڵام وەك خۆت گوتت سەردەمێكى تاریكو نەزانى بوو ئەوەى ئێستا دەزانم ئەوكات بمزانیبایە بەو كارە ناڕێكە هەڵ نەدەستام، زۆریش سوپاسى ئەو هەستە بەرزەى ئێوە دەكەین كەنیشانتان دا بەرامبەرمان)......
قسەكانى بابم جێگاى ڕەزامەندى (سەعید بەگ)و منداڵەكانى بوو لە دواى ئەو بەیەك گەیشتنە لەناو بردنى ئەو ناكۆكیە درێژەى هەرمابوو، بەخۆشى هەردوو لا كۆتایى هات، شەو لەگەڵ باوكم گەڕاینەوە ڕواندز، بەڵام زۆربەى زۆرى چەكدارەكان لە دەوروبەرى سەروچاوەى ئاوى (مێگر)و(بانەزیووك) مانەوە لەسەر داواى قائمقامو مدیرى پۆلیس.
لەو دەمانەشدا بوو سەربازى سەنگەرەكانى سەر بەرزاییەكانى (زینى تەلانى ماویلیان)، ئەوانەى كەوتبونە نزیك (گۆمەویان) بە پشتیوانى جاشەكان ڕۆیشتبون بەو نیازەى گوایا بەسەر بكەونە سەركێوى (ڕووەڵە)، بەڵام بەشكاوى گەڕابونەوەو كوشتارێكى زۆریشیان دابوو كۆمەڵێك لەلاشەى كوژراوەكانیشیان بەجێ مابوون، ئەو شەڕەش لەگەڵ چەكدارەكانى(محمود كاوانى)كرابوو، بۆ ڕۆژى دووەم سوپاییەكان بە خۆشىو نەخۆشى (مەلاعلى) میراجیانیان بەڕێ كردە شوێنى شەڕەكە بەو ئومێدەى ئەو پیاوە مەلایەو دەنگى لەگەڵ ناكەن بۆ ئەوەى لەگەڵیان بدوێت لاشەى كوژراوەكان بدەنەوە، كەچى (مەلاعلى) یان گرتبوو بەڕێ كرابووە حافیز لاى (محمود كاوانى) ئــەویش بـەزەیـــى
بەمەلاى بێ تاواندا نەهاتبوو ! لەوێ كوشتبوىو لاشەكەشى فڕێدابوو! باڵندە گۆشت خۆرەكان خواردبویان، بەو شێوەیە مەلاى خاوەن ماڵو منداڵ لە ژیان بێ بەش كرا!!.
لەو سەینوبەینەدا ڕۆژێك ڕۆیشتمە ماڵى باوكم لە كاولۆك بینیم (كریم خان) وا لاى عزەت دانیشتووە هەرچاوى بەمن كەوت گوتى: (خوارزا بدون تعلیق وا منیش بە پەشیمانى گەڕامەوە). لە وەڵامەكەى پێم گوت: (خاڵ تۆ بەسەفەر چووبوى بەخێربێیتەوە!) وادیار بوو ئامادەبوان لەگەڵ عزەت بەنیاز بوون بۆ لایەك بڕۆن بۆ بەرەكانى شەڕ، دوایى زاندرا كەوا سەنگەرێكى سوپاییەكان لە كێوى (سیرین) لەلایەن چەكدارەكان ئابڵۆقە درابوو، ماوەى یەك دوو ڕۆژ بوو سوپا هەوڵى دابوو نەیان توانیبوو بیانگەنێ بۆیە زۆر تەنگاو ببون، داویان لە عزەت كردبوو بۆ ڕزگار كردنیان، كاتى عزەتو چەكدارەكانى ئامادەبوون بڕۆن (كەریم خان) كە تازە گەڕابۆوە، ئەویش دەیویست بەشدارى تێدا بكات بۆ گێڕانەوەى باوەڕى، بەخۆىو دوو سێ چەكدارى كە لەگەڵى بوون لەگەڵ چەكدارەكانى دەرگەڵە ڕۆیشتن بۆ دەرباز كردنى سەربازە ئابَڵۆقە دراوەكان، هیچ شكى تێدا نیە بەشداربوونى (كەریم خان) لەم چالاكیە بۆ ئەوەبوو ببێتەوە جێگاى باوەڕى كارگێڕانى سوپایىو قائمقام، لەو دەستو بردە بە دیاركەوت چەكدارەكانى سلێمان بەگ توانیان سەربازە ئابڵۆقە دراوەكان ڕزگار بكەنو بەسەر كەوتویى بگەڕێنەوە لەكاتى گەڕانەوەیان لە دورەوە تەقەیان لێكراو گوللەیەك بە (مستەفا حسێن) كەوتبوو كوژرا، ئەو چالاكیە بە سودى (كەریم خان) تەواو بوو ڕێگاى بۆ ناوبراو خۆش كرد لە وێوە ببێتەوە جێگاى باوەڕى دەوڵەت، هەر بۆ ئەم مەرامەشى ڕۆیشتبوە دەرەوە، ئەوكاتە باو بوو ئەوەى چوبوایە دەرەوە كە دەگەڕایەوە حكومەت زیاتر پارەى پێدەدا، چەكدارەكانى دەرگەڵە ناویان ڕۆیشتبوو بە ئازاو چالاك، هەر شوێنێكى ڕوویان تێ دەكرد بە سەركەوتویى دەگەڕانەوە، لەبەر ئەوە ببونە جێگاى باوەڕى دەوڵەت، بەڵام زۆربەى چەكدارەكان بەگلەیى و گازەندە بوون لە عزەت بە شێوەیەكى تایبەتى ئەوانەى ماڵو منداڵیان لە گوندەكان مابۆوە، دەهاتنە لاى من گلەییان لە عزەت دەكردو دەیان گوت: (ئەویش وەك سەرۆك جاشەكانى تر فێربوە ئەوشتەى بەناوى ئێمە دێت وەرى دەگرێتو لێمان دەشارێتەوەو نامان داتێ، شەرمیش دەكەین بە باوكى بڵێین بۆیێ داوا لە تۆ دەكەین ئەگەر پێى بڵێى). ئەوەى ڕاستى بێت ئەو دەنگە ناڕێكە كارێكى زیانبەخش بوو بۆ بەرژەوەندى باوكمو عزەتیش بۆیەمن بەنیازێكى پاكەوە بۆئەوەى عزەتیش نەكەوێتە كۆزى بێ ڕێزانو ناوى هەر بەپاكى بمێنێتەوە ناچاربووم هەندێ شتى بخەمەڕوو بەڵكو سودى لێ وەربگرێتو دەنگى ناڕەزایى چەكدارەكانمان نەگاتە گوێى نەیارانمانو ناومان ناشیرین بێت، من بە ئەمانەتەوە خواستى ناڕەزامەندیم پێ ڕاگەیاند، بــەڵام بەداخەوە ئەو شتەى من پێم ڕاگەیاند دیار بوو زۆرى پێ ناخۆش بوو واى بۆ چووبوو من پێم ناخۆشە وحەزناكەم ئەو دەستەڵاتدار بێت، هەڵبەتە ئەو بیرو بۆچونەى ئەو زۆر لەڕاستیەوە دوور بوو بە پێچەوانەوە ئەوەى من دەمویست ئەوە بوو كە ناوبانگى زیاتر بەرز بێتەوە لەناو جەماوەرو كۆمەڵگاو دۆستو برادەران، بەڵام بەداخەوە لە دواییدا ئاشكرا بوو واى زانیبوو من چاوم بڕیوەتە سەروەتو داهاتى ئەو كەلەمەشیان دیسان هەڵەیەكى گەورەى كردبوو، لەبەرئەوەى ئەو دەسكەوتەى ئەو پێى خۆشحاڵ بوو من قەت چاوم لەوەنەبوە لەسەر ڕەنجى كەس بژیم، چونكە ژیانى من زۆر لەژیانى ئەو ئاسودە تر وخۆشتر بوو، كە وابێت دەبێ بە هیواى چى بووبم؟ برا ئەو ها دڵى ڕەنجابێتو لالوت بێت!.
ڕۆژ بەڕۆژ پەشێوىو ئاڵۆزى زیاتر پەرەى دەستاندو ناسازى ڕەچاو دەكرا لەو دەمانەدا هەستم كرد كە چاودێرێم دەكرێت زیاتر لە پێشان، چاودێریەكە بە شێوەیەكى مەترسیدارتر بوو، خۆشم هەستم بەوە كردبوو كەوا نیازیان باش نیە، ئەوەبوو معاون ئەمن ناردى بەدوامدا، معاون ئەمنى ئەوكاتى ڕواندز ناوى (شوكر) بوو. پیاوێكى توركمانى قین لە دڵ بوو زۆریش نەزان بوو ئەوەندەى بڵێى پڕو پوچو بێ ڕێز بوو. كە چومەلاى پرسى (تۆ زرار سلێمانى؟) گوتم: (بەڵێ من زرار سلێمانم، فەرموو چیت دەوێ). وا دیاربوو ئەو معاونە تازە هاتبوە ڕواندز، نەشارەزا بوو ئەوەندەش گێل بوو هەركەگەیشتبوە ڕواندز دەستى كردبوو بە ئەزیەت دانو ڕاونانى خەڵك بەتایبەتى شیوعیەكان، چەند كەسى بانگ كردبوونو بەندى كردبوون وا پێ دەچوو بەرامبەر بەمنیش ئەو هەڵوێستە وەربگرێت، چونكە كە چوومەلاى بەو ئەمنەى لەلاى بوو بە توركى بە (سید محمد)ى گوت دەرگایەكە قایم بكە واى زانى من توركى نازانم، كە ئەمەى گوت هەر زوو پێم گوت: (پێت دەڵێم یەك ووشەى ناڕێكو ناتەرز بكەیت لێت ڕازى نابم ئەوجا كەیفى خۆت و خۆشت بەرپرس دەبى، لەو مشومڕە دابوین ڕەئیس عورەفا خیرى بە ژووركەوت دیتى من ئاڵۆزم و وەستاوم بە توڕەیى بە توركى بە معاونەكەى گوت: (ئەوە چ دەكەى؟ خۆ ئەو پیاوەت عاجز نەكردوە؟ دەزانى ئەوە كێ یە؟ باوكى ئەو پیاوە تۆو قائمقامەكەت دەپارێزێت لە ڕواندز)، لەو كاتەدا من دەركەوتمو ڕۆیشتمە لاى قائمقامو پێم گوت: (دیارە معاون ئەمنەكەتان منداڵە و لە هیچ نازانێت گێلەو لە هیچ تێ ناگات، زۆر نەزانە و ئەوە ئەمن نیە، بەڵكو دژى ئەمن و ئاسایشە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت خەڵكێكى زۆر دەنێرێتە دەرەوە و كۆسپێكى ترسناكتان بۆ دروست دەكات، بۆیە دەبێ ئاگاداربن).
ئەوەى ڕاستى بێت لەگەڵ قسەكانى من قائمقام زۆر توڕە بوو ناردى بەدواى معاون ئەمنەكەو ناوبراو هاتە لاى قائمقامو پێى گوت: (ئەوە چیت كردوە؟ لە خۆتەوە یەخەى ئەوكەسانە دەگریت كەنایان ناسیت، دەزانى ئەوە كێیە یەخەت گرتوە؟ ئەوە كوڕى سلێمان بەگە، باوەڕ پێكراوى متەسەریفە ئەگەر بزانى ئەوكارەى تۆ كردوتە هیچ گومانى تێدا نیە لە ڕواندز جێگات نابێتەوە،) معاون شوكر بە سەر شۆڕى ڕۆیشتە دەرەوە، زۆریشى نەخایان لەڕواندز گواسترایەوە.
تەواو هەست دەكرا عزەت دڵ نیگەران بوە لەو قسانەى لەگەڵم كردبوون، كە زانیم ئەوهایە خۆم كێشایەوەو كەمتر دەڕۆیشتمە لایان، بێ گومان باوكم ئەوەى نەدەزانى كەساردى لە نێوان منو عزەتدا هەیە لە دواى ئەوساردیە بەشى زۆرى كاتم لەدوكانەكەم بەسەر دەبردو تەنها خەریكى كاركردن بووم، ئەوەى پێم ناخۆش بوو چەكدارەكان بەبەردەوامى هاتو چۆى دوكانەكەمیان دەكرد،
باوكم مامندى بردبوە هەولێر بۆ لاى (بەدرەدین على) متەسەریف، ئەویش بەڵێنى پێدا بوو كەهاوكاریان بكات بۆ بەردانى منداڵەكانى، لەدواى ئەوە مامند زۆر لە سلێمان بەگ نزیك ببوەوە، سلێمان بەگیش زوو زوو دەچوە سەردانى مامندو یارمەتیشى دەدا.

كارەساتێكى دڵ تەزێن:
بەیانیەك كاتژمێر یازدە لە دوكانەكەم خەریكى كاركردن بووم لەناكاو (شێرزاد)ى برا بچوكمان زۆر بەئاڵۆزى هاتە لام بەچاوى پڕ لە فرمێسكەوە گوتى: (بابم ناردومى ئۆتۆمبێلێك بگریت بۆ هەولێر بەخۆشت لەگەڵى بێیت بڕۆیتە هەولێر لەگەڵ قسەكانیشى دەستى كرد بەگریان!) بەگریانى ئەو منداڵە تەواو پەشۆكام هەوڵمدا بزانم چى بوەو بۆچى دەگریێت، هیچ قسەى نەكرد. لەدواییدا گوتى: (باو بریندارە، شەوى ڕابردو لە ڕوەڵە بریندار بوەو مامند شێروانیش كوژراوە تەرمیشى لەوێ ماوەتەوە ژنىو (سعید میرخانى) برازاى چوون بەڵكە تەرمەكە بێننەوە!) لەگەڵ قسەكانى(شێرزاد) بەپەلە دوكانم داخستو شێرزادم نارد ئۆتۆمبێلێك بێنێت، بەخۆشم چوومەوە ماڵ خۆم ئامادەبكەم، كە ئۆتۆمبێل هات ڕۆیشتینە ماڵى باوكم لە قوتابخانەى كاولۆكان، كاتێك گەیشتینە ئەوەێ دیاربوو دكتۆرى سوپا لەلاى بوو، هەر منداڵەكان چاویان بەئێمە كەوت دەستیان كرد بە گریان كاتێ دكتۆر ئەمەى بینى، گوتى(پێیان بڵێن با نەگریێن هیچ نیە برینەكە جێگاى مەترسى نیە، بەڵام حەز دەكەم بڕواتە هەولێر لێرە (ئیشاعە)مان نیە دەترسم نەوەك ساچمەیەك لەناو برینەكەى دا مابێتەوە لە دواییدا ئەزیەتى بدات، لەبەر ئەوە بە پێویستى دەزانم بچێت بۆ هەولێر لە ئیشاعە دیاردەبێت برینەكە چۆنەو چى پێویستە).
لە دواى دەركەوتنى دكتۆر، لەگەڵ باوكم كەوتمە قسە كردنو گوتم: (ئەوەچى بوو؟ ئە تۆچیت لەشەڕ دا بوو چۆن بەخۆت دەچیتە سەرى ڕوەڵە؟) گوتى: (دوێنى نا پێرێ چەكدارەكانمان هێڕشێكى تریان كردەوە سەرى ڕوەڵەى پیاوەكانى عەباسیان دەركردنو ویستیان بگەڕێنەوە كەچى فەرماندەى سوپا داواى كرد لەوى بمێنینەوە هەتا سوپا دەڕواتە شوێنى ئەوان، لەوكاتەش من چووبومە لاى مامند لە گەرووى پشتى ماویلیان، عزەت هاتبوە خوارەوە نەگەڕایەوە، منو مامندیش بەسەر كەوتینە سەرەوە گوتمان شەو لەوێ دەبین كە عزەت گەڕایەوە ئێمەش دەگەڕێینەوە، شەو ڕاكشا كاتێك حەرەسەكانى پێشەوە ئاگاداریان كردین كەوا هەستێكى زۆر لە خوارەرەوە هەیە وا دیارە بەسەر دەكەون، مامند هەستاو چووە لایان، منیش لەلاى ئامێرى لاسلكى لە گۆڕەپانێك بووینو هیچ بەردیشى لێ نەبوون، زۆرى نەخایاند لە گشت لایەكەوە بوو بە تەقەو هێڕشێكى توندیان بۆ هێناین یەكەم جار شكان بەرەو دواوە گەڕانەوە، جارى دووەم هێرشیان هێنایەوە دیاربوو ئاگرى تفەنگى هەردوولا تێكەڵاوى یەكتربون، شەڕەكە زۆر دژوار بوو ئەوەندەم زانى لێمدرا دەستم لەكار كەوت، ئەوانەى لاى من بوون كەوتنە شەڕ، منیان برد بۆ پەنایەك دیاربوو ئەوانى پێشەوە جێگاى خۆیان بەردابوو شەڕى گران كەوتە ئەو شوێنەى منى لێ بووم، لەو كاتە تەنگانەدا باش بوو خدرى عەوڵا بەگو ئەوانەى لەگەڵى بوون گەیشتنە لام، ئەوان كەوتنە شەڕ كردن هەتا منیان دەرباز كردم بۆ ئەو دیوى گۆمەویان لەوێ بەولاوە ئاگام لە هیچ نەما، دیارە خدرو ئەوانەى لەگەڵى بوون منیان گەیاندبووە نزیك سەنگەرێكى سوپا لە گۆمەویان كاتێك بە درەنگەوە وشیار بوومەوە پێیان گوتم مامەند كوژراوە؟) ئەوەى جێگاى لێكۆڵینەوەیە گەڕانەوەى چەكدارەكانى عباس ئاغا بوو كە جارى یەكەم گەڕانەوە بۆ دەرگەڵە بە یارمەتى(كریم خان)و خەڵكى خۆجێیىو شارەزاو بێ باكى باوكم توانیبویان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان، جارەكانى تریش كە دەردەكران چەكدارەكانى سلێمان بەگ دەگەڕانەوە كە دەیان زانى ئەوان ڕۆیشتوونو لەوێ نەماون ئەوكاتە دەگەڕانەوە، دوواجاریش مەلامستەفا بارزانى ناردنى بەسەرپەرشتى (حاجى بێرۆخى)، بەومەرجەى ئەگەر هەمووشیان بكوژرێن دەبێ ڕووەڵە هەروەربگرنەوە لەبەرئەوەى ڕووەڵەكلیلى دەروازەى باڵەكایەتیە، بۆیە دەبێ ئەو كلیلەش لە دەستى خۆماندا بێت.
تا ئادەبووین بوو بەكاتژمێر دوازدەى نیوەڕۆو لە كاولۆك دەركەوتین بەرەو هەولێر، ئەوانەى لەگەڵى چووین منو(حمد خۆشكانىو سەلاحى برامو حسن ئەحمد سەرانەیى) بووین، باوكم زۆر بەپەرۆش بوو بۆ مامەندو وەزعى خۆشى ئاڵۆز ببوو، كە گەیشتینە بازگەى شەقڵاوە ئینزباتێكى پۆلیس ڕاى گرتین قەلەمو كاغەزى بەدەستەوە بوو پرسى: (بۆكوێ دەچن؟) شوفێرەكە پێى گوت (دەچینە هەولێر)، سوڕایەوە لایەكەى ترو لە باوكمى پرسى ناوت، گوتى: (سلێمان بەگ،) دیسان پرسى : (كارو پیشەت؟) گوتى: (جاش پۆلیس).
پۆلیسەكە زۆر توڕە بوو گوتى: (چۆن ئەو قسەیە دەكەیت، توخوا بنوسم جاش پۆلیس!) باوكم پێى گوت: (بێ ڕێز ئەدى ئەو هەموو قایشو قروشەى پێمانەوەیە نابینى؟) پۆلیسەكە بە توڕەیى دەرگاى ئۆتۆمبێلەكەى پێوەداو پرتەو بۆڵەیەكى لێهات، باوكم گوتى: (وەرنە خوارێ باشى بكوتن!) پۆلیس كە زانى لێى دەدرێت بەغاردان ڕۆیشتەوە ژورەكەىو دەرگاى داخستو پیاوەكان گەڕانەوە. پۆلیسێكى هیچو پوچو زۆر لە خۆڕازى.
كاتێك گەیشتینە هەولێر لەسەر ڕاسپاردەى باوكم تەلەفۆنم بۆ (بەدرەدین على)كرد ناوبراو گوتى: (ئێوارە وەرنە لام لەماڵ چاوەڕێتان دەكەم)، ئێوارە لەكاتى دیاریكراو ڕۆیشتینە ماڵىو پێشوازیەكى زۆر گەرمى لێ كردین، باوكمى دیت بە باسك هەڵبەستراوى گوتى: (سلێمان بەگ تۆ غەدرت كردوە بەخۆت چووى بۆ شەڕ، ئەوە كارى تۆ نەبوو، الحمداللە كۆمەڵێك كوڕت هەیە هەموشیان بە توانان با ئەوان بچنو نۆرەى ئەوان بێت)، دواتر ڕووى لەمن كردو گوتى: (مامۆستا زرار دیارە هاوڕێكانت ڕازى نەبوون بگەڕێیتەوە وەزیفە، لەبەرئەوەش بروسكەت مۆر نەكردبوو، چونكە شیوعیەكان دژى برسكە لێدانن)! لەوەڵامدا گوتم: (نەخێر جەنابت داوات كرد منیش چەك هەڵبگرم وەك ئەوانى تر ئەوە بەلاى منەوە زۆر گرانە من كە خوێندەوارم تواناى ئەوەم هەیە لە بوارێكى ترەوە خزمەتى گەلو نیشتمان بكەم، بەلامەوە شەرمە، لەدواى ئەوەندە ساڵانە بگەڕێمەوە سەر چەك هەڵگرتن). لەدواى قسەكانم سەیرى دەم وچاوى بەدرەدینم كرد گرژ ببوو، هیچ قسەشى نەكرد، لەوكاتەدا بوو تەلەفۆنى بۆكراو گوتى: (نعم)، دیار بوو هەردەیگوت (ئى)... لە دواییدا گوتى (كەى هاتۆتەوە، تەنیایە؟) تەلەفۆنەكەى داناو گوتى: (ئەوا كاكە سوریش نادیمەن گەڕاوەتەوەو خۆى تەسلیم كردۆتەوە)، كەمێك وەستا بەبێ دەنگ زەردەخەنەیەكى بەڕودا هات لەوكاتەدا دەنگى ئۆتۆمبێلێك هات دیاربوو بەڕێوەبەرى پۆلیسى گشتى هەولێر بوو(حەسەن ئەفەندى) لە دەرگا بەژووركەوت سڵاوێكى سوپایى كردو گوتى: (بەگم ڕێگا بدەن بێم بۆلاتان)؟ گوتى: (بفـەرمـوون وەرن)، ئـەوەنـدەمـان بیـنى (حسن ئـەفـەنـدى) دەرگـاى كـــردەوە لەگەڵ (كـاكــەســور) هـاتـنە ژورەوە كـۆمـەلێـك دانیـشتـبوون، كاكەسورى ناسیاو ئەوەندە مشاوەشو ئاڵۆز بوو كاتێك دانیشت بە دیاركەوت (بەدرەدین على) ئەوەندە ڕووى پێ نەدا، كاتێك بینى ئێمە بەرامبەرى دانیشتوین ئەوجا هەستا گوتى: (بمبورن ئێوەم نەدیت) ئەوجا چاكوچۆنى لەگەڵ كردین. دواى ماوەیەك بەدرەدین بە كاكەسورى گوت: (بەیانى لەكاتى دەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرى پۆلیس وەرنە لام)، ئەوان ڕۆیشتنو بەدرەدین گوتى: (پێش ماوەیەك كاكە سور گوتبوى دەبێ هەولێر بگرم، وا دیارە هاتوە ئەو بەڵێنە جێ بەجێ بكات)! ڕۆژى دوایى سەر لە بەیانى ڕۆیشتینە نەخۆشخانە زۆر بە ووردى سەیرى برینەكەیان كرد، بە دیاركەوت هیچ ساچمەى تێدا نەماوەو جێگاى مەترسى نەبوو بۆیە پێویستى بەهیچ نەبوو، دوو ڕۆژ لە هەولێر ماینەوە ئینجا گەڕاینەوە، ناوە ناوە دەچووم سەرم لە باوكم دەدا لە كاولۆك زۆر جار لەگەڵ چەكدارەكان دەكەوتمە گفتوگۆ، ئەو چەكدارانەى چەكیان پێ بوو زۆربەیان پەروەردە كراوى حزبى شیوعى بوون، عزەتیش یەكێك بوو لەوان، لە كۆبوونەوەیەكى لیژنەى قەزاى ڕواندزى حزبى شیوعى دا، یەكێك لە ئەندامەكانى لیژنە مامۆستا(محمد على) گازەندەى لە چەكدارەكانى عزەت كرد كە بە قسەى (شمس الدین بەگ) هەڵیان كوتاوەتە سەر پیاوێكى ڕواندزى، بێ گومان ئەوكاتەش من لێپرسراوى قەزا بووم. ناچار بووم بۆ ئەوەى ئەو دەنگە ناسازە پەرە نەسێنێو بڵاو نەبێتەوە لەو بارەیەوە لەگەڵ (عزیزى ئامۆزامانو حمدامینىمام فقێ)، باسى ئەو گیرو گرفتەم كردو بۆم دیار كردن ئەو ناڕەزاییەى كۆمەڵانى خەڵك دەبێتە هۆى تێكدانى ئەو هەموو ناوبانگەى هەمانەو پێشێل كردنى تەواوى ئەو سەركەوتنانەى كە بەدەستەوە هاتوون، ئەوە لەلایەك لەلایەكى ترەوە دەبێتە ئاڵۆزىو تێكدانى ڕیزەكانى چەكدارەكان، بێ گومان ئەوەش شكانە بۆ ئەو ڕێزەى هەمانە لەناو كۆمەڵگا. عزیزو حمدامین، ئەوانیش ڕوێكى چەكدارەكان بوون بەڵێنیاندا لەگەڵ عزەت دابنیشن، لەم ڕوەوە بكەونە باسو لێكۆڵینەوە لەگەڵى. ئەوكاتەش ڕۆژگار ڕو لە ناڕێكىو ئاڵۆزى بوو ڕۆژ بەڕۆژ وەزع بەرەو خراپى دەڕۆیشتو چاوەڕوانى مەترسى لێ دەكرا دیاربوو كارمەندانى حكومەت زۆربەى زۆریان ڕوو لە خراپەكارىو دژى دەسەڵاتى (عبدالكریم) بوونو بەئاشكرا پشتى پیاو خراپانیان دەگرت، بەشێوەیەكى تایبەت تێكدەرەكان هاندەربوون لە دژى شیوعیەكانو جوڵانەوە پێشكەوتن خوازیەكەى شۆڕشى چواردەى گەلاوێژ، لەوكاتەش زۆربەى زۆرى جەماوەر پاڵ پشتو لایەنگرى شیوعیەكان بوون، لەو دەمانەشدا لە ڕواندز پڕو پاگەندەیەكى پڕو پوچو ناڕێك بڵاو كرایەوە بەناوى پارتى گوایا ڕواندز دەگرنو شیوعیەكان نایەڵنو ژنەكانیان دابەش دەكەن لەگەڵ كۆمەڵێك قسەى بێ ڕێزو ناوێچویىو نالێوەشاوە. بێ گومان شیوعیەكانیش بەو پڕو پاگەندە ئاڵۆز بوو بوون بۆ بەرگرى لە خۆیان هیچ كەس لە ماڵى خۆى نەدەخەوت، زۆر بە وشیارى نۆبەتیان لە خۆیان دەگرت بەتایبەتى شەوان بەگشتى لەماڵەكانیان دەردەكەوتنو دەڕۆیشتنە شوێنێكى نادیارو لەبۆسە دادەنیشتن ماوەیەكى درێژ بەوشێوەیە دەژیان تا كودەتا پوچەڵەكەى 14ى ڕەمەزانى ڕەش ڕوویدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە